کۆچی دوایی سەرۆکی پێشووی دانیمارک و دۆستی کورد ئەنکە یۆرگنسن

لە ساڵی ١٩٩١ دا سەردانی لەیلا زانا لە زینداندا دەکات و دەگێرێتەوە: “کە چوومە زیندان ژنێکی لاواز و گچکەم بینی، لە ژورێکی روناکی شەو و ڕۆژدا و لەژێر چاودێری بەردەوامی تووندا، پەنجەرەیکی بچوک بە بڵندی پێنج مەتر لە ژورەکەدا هەبوو. کە دیتمی دەستی بە گریان کرد. منیش لە باوەشم کرد. پاشان لەماوەی دوو کاتژمێردا گوزارشتی چەوساندنەوە و زۆرداری تورکیای بۆ کردین… دەزانن ئەو ژنە لەسەر چی گیرابوو!؟

کۆچی دوایی سەرۆکی پێشووی دانیمارک و دۆستی کورد

ئەنکە یۆرگنسن  دۆستی کورد و خەباتگێری چەپ و سەرۆکی پێشووی دانیمارک

 Anker Henrik Jørgensen (13. juli 1922 – 20. marts 2016)  ئەمرۆ لە کەنیسای گروندڤی لە کۆپنهاگن بەخاک دەسپێردرێت

ئەنکە یۆرگنسن لە پێنج سالیەوە بێ دایک و باوک دەبێ و لای پوری گەورە دەبێت، تەنها خوێندنی سەرەتایی خوێند و دەستی بە کرێکاری کرد. لەکاتی شەری جیهانی دووەمدا سەرپەرشتی رێکخراوێکی بەرهەلستکاری کردوە و دژی داگیرکەرە ئەڵمانەکان خەباتی کردوە. لە ساڵی ١٩٦٤ بووە ئەندامی پەرلەمان، لە ساڵی ١٩٧٢ تا ١٩٨٧ سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات بووە، لە ساڵی ١٩٧٢ تا ساڵی ١٩٨٢ سەرۆکی وەزیرانی دانیمارک بووە.

ئەنکە یۆرگنسن بە سادەیی و ساکاری، وە سەرسەختی لە سەر داواکانی ناسراوە. خەباتی سەرسەختی بۆ بەرەوپێشچوونی سیستەمی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە کردووە و جێ پەنجەی دیارە.

لە ساڵی ١٩٩١ دا سەردانی لەیلا زانا لە زینداندا دەکات و دەگێرێتەوە: “کە چوومە زیندان ژنێکی لاواز و گچکەم بینی، لە ژورێکی روناکی شەو و ڕۆژدا و لەژێر چاودێری بەردەوامی تووندا، پەنجەرەیکی بچوک بە بڵندی پێنج مەتر لە ژورەکەدا هەبوو. کە دیتمی دەستی بە گریان کرد. منیش لە باوەشم کرد. پاشان لەماوەی دوو کاتژمێردا گوزارشتی چەوساندنەوە و زۆرداری تورکیای بۆ کردین… دەزانن ئەو ژنە لەسەر چی گیرابوو!؟ ئەندامی پەرلەمان بوو و بە تورکی دەدوا، بەڵام جارێکیان ئاماژەی بە دێرە شیعرێکی کوردی کردووە بە زمانی خۆی زمانی کوردی. لەسەر ئەوە بە تاوانی “ناپاکی باڵا” تاوانبار کراوە! دەزانن چەند ساڵ زیندانی کراوە!؟ باش گوێ بگرن! ١٥ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە! چۆن دەکرێ وڵاتێک ئەندامێکی هەڵبژێردراوی خۆی بەو شیوەیە لێبکات؟ کە چوومە دەرەوە، زۆر توڕە بووم و چوومە لای سەرۆکی زیندان و پێمگوت “ئەگەر لەیلا زانا بەرنەدەن، هەوڵدەدەم تورکیا لە ناتۆ دەرکەن”!. ئەنکە یۆرگنسن دوای ئەوە کار لەسەر کەیسەکە دەکات و هەوڵی ئازادکردنی لەیلا زانا لە زینداندا دەدات.

هەروەها لە کاتی سەردانی سەرۆکی وەزیرانی رابردووی تورکیا “بولند ئەجەوید” بۆ دانیمارک کە خۆی بە دۆستی ئەنکە یۆرگنسن داناوە، بانگی ئەنکە دەکات بەشداری بۆنەکە ببێت. ئەنکە لە بۆنەکەدا رەخنە لە ئەجەوید و تورکیا لەسەر مافی مرۆڤ و کوردان دەگرێت. ئەنکە بە ئەجەوید دەڵی: “دەبوایە لەو چەوساندنەوەیە بگەیت، خۆ تۆ ٣ جار زیندانی کراوی؟!” ئەجەوید تورە دەبێت و بۆنەکە جێدەهێڵیت.

ئەنکە یۆرگنسن بروای بە بەرزکردنەوە نەبووە، پێش کۆچی دوایی لەلایەن هەندێ گوتن لەوە کراوە چ نازناوێکی بۆ دابنێن بۆ کەسێک کە لە مێژووی دانیمارکدا زۆر دیارە، هەندێ گوتویانە وەکو باوکی وڵات سەیر بکرێت. ئەو لەسەر ئەو بابەتە دەڵێ “نەخێر ئەوە گونجاو نییە، تەنها ئەوەندە بەسە خەڵک بڵێن ئەنکە باش بوو، ئەوە بۆ من بەسە”.

ئەنکە بروای بە ژیانی دوای مردن نەبووە و پێیوابووە دوای مردن چاوەڕوانی شەوێکی ڕەش دەکات. دەیگوت “ئەگەر ئەو هەموو خەڵکە زیندووببنەوە لە کوێ جێیاندەبێتەوە!”

شاخەوان شۆڕش

٢/٤/٢٠١٦

سەرچاوەکان

Forfatter: Anker troede på en sort nat efter døden

http://nyheder.tv2.dk/…/2016-04-02-forfatter-anker-troede-p…

http://www.dr.dk/…/video-anker-joergensen-skal-bisaettes-ve…

https://da.wikipedia.org/wiki/Anker_J%C3%B8rgensen Anker Henrik