گەندەڵ و ناپاک و تاوانبار بۆ دادگا و زبڵدانی مێژوو

ئەگەر ئەو تێگەیشتنە تێکەڵی مۆڕالی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی توێژی هۆشیاری کۆمەڵگە ببێت و بەکردەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان پراکتیزەبکرێت ئەوجا چ لە دادگا یا دەرەوەی دادگا لەرێگەی دیکەوە بێت، کۆمەلگە و مرۆڤەکانی لە زۆر نسکۆ و کەوتن، پێشێلکاری و بەلاڕێدابردنی هەنوکەیی و داهاتوودا دەپارێزرێن.   

گەندەڵ و ناپاک و تاوانبار بۆ دادگا و زبڵدانی مێژوو

گەندەڵ کە کردارەکەی بەپێی یاسا دەچێتەخانەی تاوان، دەبێ بدرێتە داگا و سزای رەوای خۆی وەرگرێت.

ناپاک کە کردارەکەی بەپێی یاسا دەچێتەخانەی تاوان، دەبێ بدرێتە دادگا و سزای رەوای خۆی وەرگرێت.

تاوانبار هەرجۆرێکی تاوانی ئەنجام دابێت، دەبێ بدرێتە دادگا و سزای رەوای خۆی وەرگرێت.

جگەلە سزای دادوەرانە، دەبێ کەسانی گەندەڵ و ناپاک یا تاوانبار لە دەسەڵات دوورخرێنەوە. لای کۆمەڵگە هوشیار و پێشکەوتووەکان، ئەو پێشێلکاریانە دانوستانیان لەسەر نییە.

ئەوەی لێرەدا داواکراوە دەربڕینی رق و کینە نییە و مەبەست تۆڵەسەندنەوە نییە، بەڵکو داوایەکی دادوەرانەیە و گرنگن بۆ بوونی دادوەری لە کۆمەڵگەدا. لە جیهانی ئازاد و دیموکراسیدا لەو دیدەوە دەڕواندرێتە گەندەڵی، ناپاکی و تاوان. بەپێچەوانەوە پاکانە و پاساوهێنانەوە بەشێوەیێ لە شێوەکان پشتگیری کەسانی تاوانبارە، پشتگوێخستنی پرۆسەی دادوەرییە و دروستکردنی مەترسیە لەسەر دووبارەبوونەوەی پێشێلکاریەکان.

دیارە لێرەدا مەبەستمان لە تاوان ئەو پێشێلکاریانەیە وەکو دزی و چەتەیی، گەندەڵی بەهەموو جۆرەکانیەوە، دەستدرێژی، ئازاردان و چەوساندنەوە بەهەموو جۆرەکانیەوە، گرتن و بەکۆیلەکردنی مرۆڤ، تیرۆر و کوشتن، داگیرکردن، هاوکاری دوژمنان دژی خاک و خەڵکی وڵات بەهەر شیوە و ڕێگەیەک بێت هتد. کە بەپێی رێککەوتنامە نێونەتەوەیی و جیهانیەکان بەتاوان دادەندرێن. تاوان کۆن دەبێ، بەڵام وون نابێ. تاوان لەهەر شوێنێک یا سەردەمێک ڕووبدات هەر تاوانە. دادگاییکردنی تاوانبار لەسەر تاوانێکی کوشندەی کۆن رەوایی تەواوی بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان هەیە. بۆنمونە جووەکان ٧٠ ساڵ دوای روودانی تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست بەدوای تاوانبارانەوەن و دەیانگرن و دەیاندەنە دادگا.

لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا و بەم دواییە سەبارەت بە ناکۆکی لایەنەکان بۆنمونە سەبارەت بە تەنگژە و قەیرانی رامیاری ئێستای کوردستان، زۆرجار ئەوە بیستراوە و گوتراوە کەوا فڵانە بەرپرس لە فڵان بەرپرس تاوانبارترە، یا فڵان لەچاو فڵان بە سەد ئاو شۆردرایتەوە، یا ئەگەر فڵان پێشێلکاریشی ئەنجام دابێت و تاوانباریش بێت، کەس لەو دڵسۆزتر نییە! هەرچەندە بە بەڵگە دەتواندرێ تاوان و پێشێلکاری کەسێک بسەڵمێندرێت، کەچی لایەنگرانیان فرمێسکی وەفاداریان بۆ هەڵدەڕێژن و بە پاکی و توانای بێهاوتای ئەو کەسەدا هەڵدەدەن! گومان لەوەدا نییە کە ئەو گوتنانە خۆهەڵخەڵەتاندنە، هەڵاتنە لە راستیەکان و پشتگیریکردنە لە پیشێلکاریەکان. ئەو جۆرە گوتنە زیاتر لەلایەن کەسانێکەوە دەکرێن کە بیرکردنەوەیان کاریگەری جۆرە تێڕوانینێکی بەسەرەوەیە یا کۆیلەی بیروباوەڕێکن و ناتوانن ئازادانە و بێلایەنانە بیربکەنەوە. ئەگەر بزانین لێردا گوتن لەسەر گەندەڵی بێسنور، تاوانی گەورە و ناپاکی نەتەوەیی دەکرێت، سەرسوڕمان وحەپەسانێکی گەورە داماندەگرێت، بەجۆرێک کە تووشی نائومێدی و رەشبینیمان دەکات.

هەرکەسێک یەکێ لەو تاوانانەی بەجۆرێ لە جۆرەکان ئەنجامدا یا هاوکاری و پشتگیری ئەو پێشێلکاریانەی کرد جگەلەوەی سزای لەسەرە، دەبێ لە دەسەڵات و شوێنەکانی بڕیاردان دوورخرێتەوە. واتە نابێ بەهیچ شێویەک لە دەسەڵات و شوێنەکانی بڕیاردان نزیک بکرێتەوە. ئەوە رێگەی دادوەرانەی باوەرپێکراو و دانپێندراوە کە لە ولاتە ئازاد و پیشکەوتووەکاندا پیادە دەکرێت. ئەوە پرۆسەیەکی ڕەوای دادوەرییە کە بۆ راگرتنی یاسا و دادوەری لەکۆمەڵگەدا پێویستە.

بەراوردکردن لەنێوان کەسانی تاوانبار و گشتگیریکردنی تاوان، وە هەوڵدان بۆ دەربازکردنیان لە پرۆسەی دادوەری رەوادا یا رەواکردنی پشتگیریکردنیان، ئەو کەسانە لە تاوانەکانیان بەتاڵ ناکاتەوە. دادگایینەکردنی تاوانبار یا لەئەگەری نەبوونی دادگا و دەسەڵاتی دادوەردا تاوانبار لە تاوانەکانی پاک ناکاتەوە. هەر تاوانبارێک بەپێی کردارەکانی تاوانبارە. بەراوردکردن دەکرێ بەپێی لێکۆڵینەوە لە چەندایەتی و چۆنایەتی تاوانەکان سەبارەت بە کەسەکان بکرێت، ئەوجا سەیر بکرێت کێ تاوانی زیاتری ئەنجامداوە و جۆری تاوانەکان چین و قورسایی تاوانەکانی لەکوێ خۆیان دەدۆزنەوە. ئاساییە کە تاوانبارێک تاوانی زۆرتری یا کەمتری لەیەکیتر ئەنجام دابێت، بەڵام واتای ئەوە نییە کە ئەوەی تاوانی کەمتر ئەنجامداوە بێتاوانە و شایانی لێخۆشبوونە.

لە وڵاتانی پێشکەوتوودا کەسانی سیاسی و بەرپرسان بەبێ گوێدانە پلەوپایەیان تەنانەت لەسەر خێرا هاژوتن یا بەکارهێنانی پارەی گشتی بۆ چێشتخانە بۆ ژەمێک نانخواردن لەدەسەڵات دووردەخرێنەوە. بۆنمونە وەزیری پێشووی هاتوچۆی دانیمارک یاکۆب بوکستی Jacob Buskti کە جێگری کۆمیسیۆنی دڵنیایی هاتوچۆ بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە رێگەدا تڕومبێلەکەی بە خێرایی ١٧٣ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەرۆیی، کە دەبوایە ١١٠ بروات، بۆیە جگەلە سزای پێشێلکاریەکەی، داوای لێبوردنی کرد و بێ یەکودوو دەستی لەکارەکەی وەکو جێگری کۆمیسیۆنی دڵنیایی هاتوچۆ کێشایەوە. ئەگەر خۆی وازی نەهێنابا ئەوا بێ یەکودوو دەردەکرا، هەروەکو پارت و کۆمەڵگە ئاسایی چاوەڕوانی ئەو کاردانەوەیە دەکەن. چونکە ئەوان پێیانوایە کەسی بەرپرسیار دەبێ لە ئاستی پرەنسیپەکانی دەستپاکیدا بێت و ئەگەر پیشێلکاری ئەنجامدا، جگە لە سزاکەی ئەو کەسە متمانە و باوەڕی پارت و خەڵک لەدەست دەدات، بۆیە ناتواندرێ چیتر متمانەی پێبکرێت و بۆی نییە درێژە بە پۆستەکەی بدات. واتە ئەوان لەئاست پێشێلکاری و گەندەلیدا ئەوپەری ئاگادارن و پشوو تەنگن. هەروەها مەترسی ناخەنە سەر بەرژەوەندیەکانی خەڵک لەبەر خاتر و کەسایەتی ئەو کەسە یا وابەستەیی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو کەسە. چاوپۆشیکردن و تێپەراندن لەبەرخاتری فڵانە کەس و پارت یا دەسەڵات، رێگەدانە بە پێشێلکاری و پێشێلکاری دیکەی بەرفراوانتر.

ئەگەر ئەو تێگەیشتنە تێکەڵی مۆڕالی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتی توێژی هۆشیاری کۆمەڵگە ببێت و بەکردەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان پراکتیزەبکرێت ئەوجا چ لە دادگا یا دەرەوەی دادگا لەرێگەی دیکەوە بێت، کۆمەلگە و مرۆڤەکانی لە زۆر نسکۆ و کەوتن، پێشێلکاری و بەلاڕێدابردنی هەنوکەیی و داهاتوودا دەپارێزرێن.   

بەکورتی هەر کەسێک یا بەرپرسێک لەهەر ئاستێکدا بێت کە پێشێلکاری ئەنجامدا، جگە لە سزادانی، نابێ بەهیچ جۆرێک رێگەی بدرێت توخنی دەسەڵات و شوێنەکانی بڕیاردان بکەوێتەوە. نابێ بەهیچ جۆرێک چارەنوسی خەڵک بخرێتەوە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی کەسێک کە پێشێلکاری ئەنجام داوە و جێگەی متمانە نییە.

ئەو پرەنسیپە دادوەرییە بۆ کۆمەڵگە وەکو ئایدیالێک وایە، ئەگەر ئامانجی گەیشتن بە دادوەری و رەوایی هەبێت، دەبێ هەوڵی شێلگیرانە بۆ بەدیهێنانی بدرێت.

شاخەوان شۆڕش

15-1-2016