بەرەی شیعە و سوننە: “قەرسەقوڵ بەکەرتک بی هەردووکی بەنەعلەت بی”!

بەرژەوەندی کورد هەرگیز لەگەل بەرەی ئیسلامی کۆنەپارێز و پێشێلکار نییە، ئەوجا چ شیعە یا سوننە. هەردوو بەرە دژی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستانن و گەرەکیانە کورد بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکار بهێنن. پێویستە کورد بەهەموو شێوەیەک خۆی لە بەرەی سوننە یا شیعە بپارێزێت.

بەرەی شیعە و سوننە، “قەرسەقوڵ بەکەرتک بی هەردووکی بەنەعلەت بی”!

“سعودیای خودانی تیرۆر هاوپەیمانی ئیسلامی دژ بە تیرۆر ڕادەگەیەنێ”! سعودیا یەکێکە لەو وڵاتە ئیسلامییە دەوڵەمەندانەی کەنداو کە بەشیکی زۆری داهاتی نەتەویی بۆ پشتگیری تیرۆر و دەستوردان لە وڵاتانی جیهان لەژێر ناوی ئیسلامدا تەرخانکردووە. واتە پشتگیری ڕێکخراوە سەلەفیەکان و میانڕەوەکانی جیهان دەکات، مزگەوت و خوێندگەی ئیسلامی لە وڵاتان دروست دەکات، هەموویشی بەمەبەستی ئیسلامیزەکردن و لانیکەم کۆنەپارێزکردن.

لەهاوپەیمانیەکەدا ٣٤ وڵات هەن لەوانە تورکیا شوێنی دیارە. وڵاتانی بەرەی سوننە لە هاوپەیمانیەکدا کۆبوونەتەوە و بەیەکەوە بەهیوای گەیشتنن بە ئامانجەکانیان. شایانی گوتنە تورکیا و سعودیە و قەتەر و ولاتانی دیکە، هەروەها دەوڵەمەندە سوننەکانی تورکیا و وڵاتانی کەنداو بە ئاشکرا و نهێنی پاڵپشتی سەرەکی رێکخراوی تیرۆرستی ئیسلامی داعش بووین.

ئەوانەی لەو هاوپەیمانیەدا کۆبوونەتەوە، مەبەستیان لە خەبات دژی تیرۆر ئەوە نییە کە ئێمە مانان بیری لێدەکەینەوە، ئەوان بیر لە پاراستنی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵاتانی ئیسلامی دەکەنەوە و دژی خەباتی ئازادی و رزگاری گەلانی ژێردەستەی وڵاتانی موسوڵمان بەئەگەری زۆر دەوەستنەوە. بۆنمونە دژی خەباتی کوردانی باکوری کوردستان دەوەستنەوە و هەموو هاوکاریەک پێشکەشی تورکیا دەکەن.

دیارە رژێمی ئیسلامی شیعەی ئێران کە جەمسەرێکی دیکەی پشتگیری و هاوکاری گروپە سەلەفی و میانڕەوەکانی جیهانە، ئەویش لەلایەن خۆیەوە درێغی لە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی و ئیسلامیزەکردن بە ڕیگەی تایبەت بە خۆی نەکردووە. ئێران هاوکاری و یارمەتی زۆر لە رێکخراوە تیرۆریستەکانی جیهان دەدات، هەروەها دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان وەردەدات، مزگەوت و خوێندگە لە وڵاتان لەژێرناوی کاری خێرخوازیدا دروست دەکات، ئێرانیش هەوڵی ئیسلامیزەکردن و کۆنەپارێزکردن دەدات.

ئاشکرایە ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو بەخەستی دەستیان خستۆتە ناو کاروباری ناوخۆی کوردستان و ئێراق. یاری بە چارەنوسی رامیاری و ئابوری خەلک دەکەن. بەداخەوە دەبوایە کوردستان بەهەمووشێوەیەک دژی دەستێوەردانی ئەو وڵاتانە بوەستێتەوە و کار بۆ پاراستنی سەربەخۆیی سیاسی خۆی بکات.

بەرژەوەندی کورد هەرگیز لەگەل بەرەی ئیسلامی کۆنەپارێز و پێشێلکار نییە، ئەوجا چ شیعە یا سوننە. هەردوو بەرە دژی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستانن و گەرەکیانە کورد بۆ مەبەستەکانی خۆیان بەکار بهێنن. پێویستە کورد بەهەموو شێوەیەک خۆی لە بەرەی سوننە یا شیعە بپارێزێت. پیویستە کوردان دژی دەستێوەردانی هێزەکانی سەر بەو بەرانە لە کوردستان بوەستنەوە. تەبایی و یەکگرتوویی و ڕێککەوتنی ناوخۆیی کورد دەتوانێ کورد لەنیوان ئەو دوو بەرداشەدا ڕزگار بکات.

شاخەوان شۆڕش

2015-12-15