داعش و مەترسیەکانی

ئەگەر هێزەکانی باشوری کوردستان بتوانن ناوچە دابڕاوەکان کۆنترۆڵ بکەن و لە هێرشی تیرۆریستە ئیسلامیەکانی داعش بیانپارێزن، ئەوە بێگومان دەکرێ بۆ گەراندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان کارتێکی بەهێز بێت. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو ناوچانە بکەونە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش، دەکرێ زیانی کوشندە بە بەرژەوەندیەکانی کوردستان و چارەنووسی ئەو ناوچانە بەتایبەتی بگەیەنێت.

داعش و مەترسیەکانی

سەرەتا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین کە خراپتر بوونی بارودۆخی ناوخۆیی ئێراق و دوورکەوتنەوەی زیاتر و زیاتری نەتەوە و گروپە سەرەکیەکان لەیەکتر ئاماژە بە پرۆسەی ناسەرکەوتووی دروستکردنەوەی ستاتی ئێراق دەکەن، ئەو پرۆسەیەی کە بنچینەی لەسەر کۆڵەکە نارەواکانی کۆن داڕشتڕایەوە، ئەو کۆڵەکە نارەوایانەی کە لەلایەن کۆلۆنیالیزمەوە ئێراقی لەسەر دروستکرا. 

هەموو ئەو تیئۆریانەی کە دەڵین داعش لەلایەن ئەمەریکاوە دروستکراوە، دەچنەخانەی گومانگەرایی کە لە جیهانی وڵاتانی عەرەبیدا هەڕمێنی زۆری هەیە، چونکە لەمبارەیەوە بەڵگەیەکی زیندوو بەدەستەوە نییە. ناسەقامگیری ئێراق لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا نییە و ئەمەریکا هەموو هەوڵیکی دا و دەدات پرۆژەی دەستێوەردان و دروستکردنەوەی ئێراق وەکو نمونەیەکی سەرکەوتوو پیشان بدات. کێشەی ئەمەریکا و ئەوانەی ئێراقیان بەیەکەوە نایەوە ئەوەبوو ئەوان بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان هەنگاویان ناو و گوێیان لە هیوا و ئاواتی خەڵکەکە نەگرت، وە نەیانویست لە مێژووی رابردووی خوێناوی ئێراق بەجدی بڕوانن.

تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچە دەستیان خستۆتە ناو ئێراق و کاریگەریان لەسەر رۆژەڤی ئێراقدا هەیە. بەهێزبوونی بەپەلەی ئیسلامیستە توندرەوەکان لە بۆشایی ناوەڕاستی ئێراقی سوننەدا، جگە لە دەستی دەرەکی وڵاتانی ناوچە ئاماژە بە بەو بۆشاییە گەورەیە دەکەن کە پرۆسەی ناسەرکەوتووی دروستکردنەوەی ئێراق دروستی کردووە. زۆر لە خەڵکی ناوچەکە دژی دەسەڵاتی شیعەن و هەروەها ئارەزووی دەسەلاتی کوردەکان لە سەروو ناکەن. خەلکی ناوچەکە جۆرێک لە تێگەیشتنیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا هەیە، بۆیە داعش ئەو ناوچانەی کردۆتە قەڵای خۆی و تێیدا رۆژ لە دوای رۆژ گەشە دەکات. هەرێمی سوننەکان هەمیشە لەژێر کاری تیرۆر و تەقینەوەدا ناڵاندوویەتی و هەرێمێکی نائارامە. داڕمانی موسل لە بەرامبەر چەند هەزار چەکدارێکی میلیتسدا بەڵگەی نەبوونی بڕوا و متمانەیە بە دەسەڵاتی بەغدا، هەروەها پەرتەوازەیی لایەنە عەرەبییە سوننەکانە لە ناوچەکەدا. جگەلەوەی کە سوپای ئێراق بەگشتی لەژێر گەندەڵیدا دەناڵێنێ و کێشەی زۆری هەیە.

هەلسوکەوتەکانی دەسەڵاتی نوری مالیکی لە موچەبڕینەوە، تا لاوازی نواندن لە ئاست تیرۆریستە ئیسلامیەکانی داعش جێگەی گومانن و ئاماژە بەنیازپاکی مالیکی ناکەن. هەروەکو داعش جگەلەوەی دەیەوێ هەرێمی سوننە داگیر بکات و بیکاتە پێگەی خۆی بەشیوەیەکی دیار هێرشەکانی دژی کوردن چ لە رۆژئاوا یا ناوچە سنوریەکانی باشوری کوردستان. هێرش و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆسەر کورد لە بەرژەوەندی داگیرکەرانی کوردستاندایە و بەئەگەری زۆر دەچێتە خانەی ئەو هەوڵانەی بۆ نابووتکردنی ئەو ئازادییەی رۆژئاوا و باشوری کوردستان خراونەتەگەڕ.

لەباری ئێستادا هەموو ناوچە کوردنشینە دابڕاوەکانی کوردستان راستەوخۆ لە مەترسیدان و ئەگەری پێشێلکاری تووندی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵکوژی و رەشەکوژی هەیە. ناوچە سنوریەکانی کوردستان لە مەترسیدان و شاری کەرکوک مەترسی گەورەی لەسەردایە. پاراستنی گیانی خەڵکی ئەو ناوچانە ئەرکی لە پێشی بێئەملاوئەولای دەسەڵاتی بەغدا و کوردییە. دیارە دەسەڵاتی بەغدا جێگەی باوەڕ نییە، بۆیە ئەرکی سەرشانی دەسەڵاتی کوردییە کە پلان و ستراتیژی تۆکمەی بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە هەبێت و چاوەرێی بەغدا نەکات. جگەلەوەی دەبێ ستراتیژی سەربازیی تۆکمە و بەهێز بۆ بەرگری لە کوردستان هەبێت و بۆ خراپترین بار خۆیان ئامادە بکەن.

پێویستە دەسەڵاتی کوردی بە چاوی رەخنەوە سەیری هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەی کوردی بکات و زیادەرۆیی لە هەلسەنگاندنی هێزەکانی خۆیدا وەکو هێزێکی تۆکمە و خاوەن دیسیپلین و بەهێز و لە شکان نەهاتوو نەکات. هەروەکو هێزە کوردیەکان لە گەندەڵی و کێشە سەربازیەکان بەدەر نین. هێزە کوردیەکان لەژێر چەتری حیزبدان و تائێستا سوپای مۆدێرنی نیشتیمانی نین. ئەگەر داعش هێزێکی میلیتس نەبوایە ئەوا دەسەڵاتی کوردی لە راستیدا کێشەی زۆری دەبوو.

مەترسیەکانی سەر کوردستان پەیوەندی بە هەموو خەلکی کوردستانەوە هەیە، بۆیە پێویستە هەموو ناکۆکی و جیاوازییەک بەلاوەبندرێت و کار لەسەر ستراتیژی بەرگری بەرفراوان بکرێت. پێویستە دەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ناکۆکیەکانیان بەلاوە بنێن، هاوکاری یەکتر بکەن و کوردستانیانە بیر لە بەرگری لە نیشتیمان بکەنەوە. پێوستە سوود لە ئەزموونی سەرکەوتووی بەرگری رۆژئاوا وەربگیرێت، هەروەکو دەکرێ لە باشوری کوردستاندا بەکاربهێندرێت.

ئەگەر هێزەکانی باشوری کوردستان بتوانن ناوچە دابڕاوەکان کۆنترۆڵ بکەن و لە هێرشی تیرۆریستە ئیسلامیەکانی داعش بیانپارێزن، ئەوە بێگومان دەکرێ بۆ گەراندنەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان کارتێکی بەهێز بێت. بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو ناوچانە بکەونە ژێر چنگی تیرۆریستانی داعش، دەکرێ زیانی کوشندە بە بەرژەوەندیەکانی کوردستان و چارەنووسی ئەو ناوچانە بەتایبەتی بگەیەنێت.

لە کۆتاییدا پێویستە دەسەلاتی کوردی بێ مەرج بەدوای داواکانی مالیکی یا سەرکردە سوننەکانی ناو دەسەڵات نەکەون و نەچنە ناو قوڵایی خاکی سوننە، پێویستە مەرجیان بۆ هەر هەنگاوێکیان هەبێت. پێویستە مەرجەکانی کورد لەبەرڕۆشنایی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستاندا بێت.

شاخەوان شۆڕش

10-6-2014