دەستدرێژیکردنی بەکۆمەڵ بۆسەر کچێکی ١٦ ساڵەی ئاوارە دەرهاویشتەی کۆمەڵگەی کۆنەپارێز و پاشکەوتووە

قوربانیانی دەستدرێژی سیکسی هەر قوربانیی دەستی کەسی تاوانکەر نین، بەڵکو قوربانی دەستی کۆمەڵگەی داخراویشن، کەجگە لە بەرهەمهێنانی ئەو ژینگە ترسناکەی ئەوانی تێدا دەژین و ئاستی مەترسیەکانی دەستدرێژی بەرز دەکاتەوە، لە دوای روودانی تاوانەکەش هەمووسات و  رۆژێکیان لێ تاڵ دەکات، لەمافەکانیان بی بەشیان دەکات و لەژێر ئازاری دەرونیدا دەژین.

ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان پێویستیان بە هاوکاری و پشتگیری هەمەلایەنە هەیە، ئەو هاوکاری و پشتگیرییە جگە لە مسۆگەرکردنی شوێنی حەوانەوە و دابینکردنی خواردنی رۆژانەیان و ئاگاداربوون لە باری تەندروستیان، بریتییە لە هاوکارییە کۆمەڵایەتیەکان و وەرگرتنیان لە کۆمەڵگەی کوردیدا بەچاوی رێز و خۆشەویستیەوە. چیرۆکی نەگەتیڤ لەسەر ئاوارەکانی رۆژئاوا زۆر دەگوترێن، بەڵام هیچ بیانو و پاساوێک نییە کە تیگەیشتن و لێکدانەوەی چەوت لەسەر کوردە ئاوارەکانی رۆژئاوا رەوا بکات. جگەلەوە لەسەر دەسەڵاتی کوردییە کە رێگە لە بوونی تاوان یا کاری خراپە لەناویاندا بگرێت. ئەوانیش مرۆڤن و دەکرێ هەڵە بکەن. پێویستە سەیری ئاوارەکان وەکو کەسوکاری خۆمان بکەین، ئامێز بۆ منداڵەکانیان بکاینەوە و لەپەروەردەو پێگەیاندنیان یارمەتیان بدەین.

دەستدرێژی بۆسەر ئەو کچە تازەلاوە ١٦ ساڵە لە هەولێر، دەستدرێژییە بۆسەر یەکێ لە ئەندامانی کۆمەڵگەی کوردی بەدڕندانەترین و بێبەزەییانەترین شێوە. خۆشبەختانە ئەوانەی کە بەتاوانەکە هەڵساون گیراون، کە دەبێ سزای رەوا بدرێن. من بڕوام بە یاسا و سزاکانی ئێراقی نییە، کە لەکوردستاندا پیادەدەکرێن، چونکە پڕن لە کەموکوڕی. هیوادارم سزاکە بەجۆرێک بێت کە جگە لە زیندانیکردن، قەرەبووی زیانە مادی و کۆمەڵایەتیەکانی کەسی قوربانی بکاتەوە. دیارە کێشەکە هەر ئەوە نییە و ئەو سزایەش کە بۆ تاوانباران دەبڕێتەوە چارەسەری ئەو جۆرە تاوانە ناکات.

دیارە ئەو گێڕانەوە نەگەتیڤانەی لەسەر کوردە ئاوارەکانی رۆژئاوا هەن، کاردانەوەی خراپ و نەگەتیڤ لەلایەن ئەندامانی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ئاوارەکان دروست دەکەن. کردەوەی خراپی کەسێک لە ئاوارەکان هەرگیز ئاوێنەی چۆنیەتی خەڵکی لێقەوماوی رۆژئاوا نییە و بێویژدانییە گشتگیرانە تێگەیشتێنیکی نادروست و نەگەتیڤ لەسەر ئەوان دروستکرێت. بەئەگەری زۆر تێگەیشتنی نەگەتیڤ لەسەر کچان و ژنانی رۆژئاوا هاندەری تاوانە دژ بە ئاوارەکانی رۆژئاوا. ئەو تاوانەی روویدا تەنها نمونەیەکە کە ئاشکرا بووە.

کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی بەرەوپاشەوەچوونی و کۆنەپارێزبوونی لە دوو سێ دەیەی رابردوودا، بووەتە کۆمەڵگەیەکی داخراوی دژە ئازادی و کرانەوە. لە کۆمەڵگەی کۆنەپارێزی کوردیدا ئازادی ژن زۆر سنوردارە، ئازادی خۆشەویستی و دۆستگیری وەکو ئازادی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە بوونی نییە. لەو جۆرە کۆمەڵگە موسوڵمانە کۆنەپارێزانەدا پیاوسالاری زاڵە و پیاو وەکو ژن ناکەوێتەبەر چەپەڵۆکی کۆمەڵگە. پیاو لە زۆر کار و کردەوە ئەوجا نهێنی یا نیمچە نهێنی یا ئاشکرا دەستی تارادەیەک واڵایە و مەترسی نە کوشتن یا ئابرووچوونی نییە.  ئەوە بۆ کچان و ژنان وانییە و ڕێک پێچەوانەیە. بۆیە لەو کۆمەڵگەیەدا کچان و ژنان لەبەردەم مەترسیدان و دەکرێ هەڵەیەکی بچوک ژیانیان تێک بدات. بۆیە دەبێ هەمیشە ئاگاداری خۆیان بن، بەوریایەوە بجولێنەوە، کۆمەڵی ماف و هەنگاو لەخۆیان قەدەغە بکەن. ئەوان هەمیشە ترسی دەستدرێژی سێکسی یا جۆرەکانی دیکەی دەستدرێژیان هەیە، ئەوان لە کۆمەڵگەیەدا دەژین جیهانێکی ترسناکە لە دەستدرێژی و تاوانکاری لەبەرامبەریاندا. لەسەر بوختانێک، پێکەنینێک بەرووی توخمی بەرامبەرەکەی، یا چوونەدەر، یا گوێڕایەل نەبوونی برا و باوک، یا هەر هەلسوکەوتێک کە بەدڵی پیاوی خێزان نەبێت، دەکرێ سزای تووند بدرێن یا لەناوببردرێن. بۆنمونە ساڵانە بەسەدان کچ و ژن لەژێر ناوی خۆسوتاندن یا کوشتنی راستەوخۆ دەبنە قوربانی ئەو سیستەمە سەقەتە کۆنەپارێزە کۆمەڵایەتییەی کە لە باشوری کوردستاندا خۆی سەپاندۆتە سەر کۆمەڵگە. 

دەستدرێژی لە کۆمەڵگە داخراوەکان و نائازادەکاندا رێژەیان بەئەگەری زۆر بەرزە، بەڵام ئامارێکی دروست لەمبارەیەوە نییە. کۆمەڵگەی باشوری کوردستان یەکێکە لەو کۆمەڵگانە. جگەلەوەی کەم کچ یا ژن هەیە تاوانی دەستدرێژی کە دژیان ئەنجامدراوە ئاشکرا بکات یا بگەیەنێتە پۆلیس. چونکە ئەو کچە یا ژنە قوربانییە دەکەوێتە بەردەم کۆمەڵێ گەماڕۆ و مەترسی کەلایەن ئەندامانی خێزان و کۆمەڵگەوە بەرەوروویان دەکرێنەوە. ئەو قوربانیانە نایانەوێ لەدوای تاوانەکەی کە دژیان کراوە ژیانیان بخەنە مەترسی، دۆزەخ بۆخۆیان دروست بکەن و هەموو رۆژێک بە نامۆیی و نائومێدی بەسەر بەرن. هەروەها ئەو کەسانە بەهەمان شێوە نایانەوێ کێشە و کارەسات بۆ ئەندامانی خێزانەکەیان دروست بکەن. کیشە دەرونیەکان و ئازارەکانیان لە هەناویاندا بێ بوونی هیچ تروسکاییەک پەنگ دەخۆنەوە. ئەو قوربانیانە قوربانیی کۆمەڵگەی داخراو و پاشکەوتوون، ڕزگارکردنی ئەو قوربانیانە دەخوازێ کە کۆمەڵگە سەرتاپای هەڵتەکێندرێ و مۆدێرن بکرێت، ئەگەرنا دەبێ قوربانیان بەدەم نارەوایەکانەوە بتڵێنەوە و لەگەڵ خۆیاندا نهێنی و حەزەکانیان ببەنەژێر گڵ.

لێرەدا باشە ئاماژە بە نمونەیەک بکەین. لە کۆنفرانسی حەفتەمی شارەزایانی تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید) لە سەرایڤۆ لەساڵی ٢٠٠٧ دا بەشداربووم، دیارە دەستدرێژی سیکسی بۆسەر کچ و ژنان یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی تاوانی گەلکوژییە. لە کاتی ئەنجامدانی تاوانی گەلکوژی دژی بۆسنیەکان لە سەرەتای نەوەتەکاندا بەسەدان و هەزاران  لە کچان و ژنانی بۆسنە دەستدرێژی سیکسیان لەلایەن تاوانبارە سربەکانەوە کرایەسەر. لەو کۆنفرانسەدا ژمارەیەک لەو قوربانیانە ئامادەبوون، ئەو چەند ژنەی من بینیمن زۆر ئازایانە دەهاتنەسەر شانۆ بەرامبەر بە ئامادەبووان تاوانی دەستدرێژیەکانیان دەگێرایەوە و گوتنیان لەسەر کاردانەوە و کێشە و دەرئەنجامە دەرونیەکانیان دەکرد. من لەوێ کچان و ژنانی قوربانی کوردم بیر کەوتەوە، بۆیە خۆم بۆ نەگیرا و لە هۆڵەکە چوومەدەر. ئەگەر کۆمەڵگەی بۆسنە کراوە نەبایە، داخراو و کۆنەپارێز بایە، ئەو قوربانیانەش نەیان دەتوانی کارسات و تاوانەکە بەو راکشاوییە بگێرنەوە، بەمجۆرە کۆمەڵگە بەشێکی گرنگی لە بەسەرهاتی تاوانەکانی گەلکوژی لەکیس دەچوو و لێی بێئاگا دەبوو. 

ئێمە وەکو کورد ئەو لایەنەی تاوان و تراژیدیای تاوانی گەلکوژی ئەنفالمان بەداخراوی و شاراوەیی ماوەتەوە، ئەو گێرانەوانەی کەهەن زۆر کەمترن لەوەی کە روویانداوە. جگەلەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەرپرسیارە بەرامبەر بەوەی کە هیچ یەکێک لەو قوربانیانە ناتوانن تاوانەکە بگێرنەوە، سەربردەی خۆیان ئاشکراکەن و گوزارشت لە ئازارەکانیان بکەن. ئەوەم بۆیە گێڕایەوە، بۆئەوەی ترسناکی و بەرپرسیاریی کۆمەڵگەی داخراو بۆ سەر قوربانیانی ئەو جۆرە تاوانە پیشان بدەم. قوربانیانی دەستدرێژی سیکسی هەر قوربانیی دەستی کەسی تاوانکەر نین، بەڵکو قوربانی دەستی کۆمەڵگەی داخراویشن، کەجگە لە بەرهەمهێنانی ئەو ژینگە ترسناکەی ئەوانی تێدا دەژین و ئاستی مەترسیەکانی دەستدرێژی بەرز دەکاتەوە، لە دوای روودانی تاوانەکەش هەمووسات و  رۆژێکیان لێ تاڵ دەکات، لەمافەکانیان بی بەشیان دەکات و لەژێر ئازاری دەرونیدا دەژین.

بۆیە دەکرێ ئەو راستیە دووپاتکەینەوە کە داخراوی و دواکەوتوویی کۆمەڵگە، کۆنەپارێزی و ناراشیونالی کۆمەڵگەی کوردییە وایکردووە کە چیرۆکی دڵتەزێنی دوعاکان بنیان نایە و لە زیادبووندان.

شاخەوان شۆڕش

9-1-2014