تاوانی گەلکوژیی ئەرمەنەکان لەلایەن تورکە ناسیونالیستانە ڕەگەزپەرستەکانەو

ئەم تاوانە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی ئەفسەرە تورکە رەگەزپەرستەکانی سەر بە کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن (جمعیەی ئیتیحاد و تەرەقی)، “سێ پادشاکە” ئەنجام درا. مەبەست لە سێ پادشاکە هەر سێ سەرکردەی تاوانبار جەمال و تەلعەت و ئەنوەرە. ئەوانە کە سەر بە ئایدۆلۆژیایێکی ناسیونالیستی ڕەگەزپەرست بوون حوکمی پاشماوەی ئیمپراتۆری عوسمانیان لە ساڵی 1913 تا 1918 گرتە دەست.

ئەفسەرە تورکە ناسیونالیستە ڕەگەزپەرستەکان لە ساڵی ١٩١٥ دا سیستەماتیکیانە پلانی لەناوبردنی گەلی ئەرمەنیان پیادە و جێبەجێکرد. ئەندامانی سەربە کەمینەی ئەرمەن لە هەموو ناوچەکانی ژێردەستی تورکەکاندا کە ئێستا بە تورکیا ناسراوە بڕیاری گرتن و دواتر لەناوبردنیان بۆ دەرکرا. خەڵکە ئەرمەنەکە بەکۆمەڵ دەستگیرکران و لەژێرناوی ڕاگواستن بۆ شوێنی نادیار نێردران و شونبزر کران. بە پێی دەکومێنتەکان زۆرینەی ئەرمەنەکان گەیەندرانە ناوچەی سەرێ کانی، رەققە و بەتایبەتی دێرلزوری ئێستای سوریا و بەکۆمەڵ لەنێو بردران. کوشتنی بەکۆمەڵ، تیرۆر و ئازاردان، دەستدرێژی بۆ سەر کچ و ژنەکان، ڕاگواستنی منداڵەکان و زۆر جۆری دیکەی تاوان بە مەبەستی لەناوبردنی ئەرمەنیەکان لە لایەن تورکە فاشیستەکانەوە ئەنجام دران. وەکو دەگوترێت ژمارەی قوربانیان لە نێوان ٨٠٠ هەزار و ١.٥ ملیۆن و نیوێک بووە. تاوانەکە بووە هۆی نەمانی کەمینەی ئەرمەن لە تورکیادا.

ئەم تاوانە لە ژێر سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆرانەی ئەفسەرە تورکە رەگەزپەرستەکانی سەر بە کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن (جمعیەی ئیتیحاد و تەرەقی)، “سێ پادشاکە” ئەنجام درا. مەبەست لە سێ پادشاکە هەر سێ سەرکردەی تاوانبار جەمال و تەلعەت و ئەنوەرە. ئەوانە کە سەر بە ئایدۆلۆژیایێکی ناسیونالیستی ڕەگەزپەرست بوون حوکمی پاشماوەی ئیمپراتۆری عوسمانیان لە ساڵی 1913 تا 1918 گرتە دەست. بۆیە دەوڵەت یا پاشماوەی ئیمپراتۆری عوسمانی وەکو یەکەیەکی سیاسی و جوگرافی بەرپرسیار بوو لە تاوانەکەدا، بەڵام حکومەتی دوای ئەوان تاوانەکەی تەنها خستە ئۆباڵی سەرکردەکانی “کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن” و پاشماوەی ئیمپراتۆری عوسمانی لێ بێ بەری کرد. لەوساوە تورکە ڕەگەزپەرستەکان نکۆڵی لە بوونی تاوان دەکەن و دەڵێن ئەوەی ڕووی داوە لە ئەنجامی شەڕ بووە و پێویست بووە.

دەسەڵاتی عوسمانیی دوای ئەوان دانی بە کوشتارەکە دانا و لە دادگایەکی تایبەتی سەربازییدا سزای مردنی بەسەر 18 کەسدا سەپاند یا لە بزرییدا دەرکرد. لەوانە جەمال و تەلعەت و ئەوەر لەگەڵدا بوون. تەنها سێ کەس لە سێدارەدران و ئەوانیتر هەمووی هەڵاتن. دوای رێککەوتنی سیڤەر کە رووبەرێکی دیاری بە ئەرمێنیا دابوو، تورکەکان دژی رێککەوتنەکە بوون، وە تورکەکان وەکو کردارێکی پێویست سەیری کوشتاری بەکۆمەڵی ئەرمەنەکانیان دەکرد و دادگاکەش کۆتایی پێ هێندرا.

بەڵام سێ پادشا تاوانبارەکە لە سزای کوشتن ڕزگاریان نەبوو، وەکو رێکخراوی تۆڵەی ئەرمەنەکان لە ژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی نەمەسیس” بە دوایانەوە بوون.

تەلعەت پاشا کە سەرۆکی کۆمیتەی یەکێتی و پێشکەوتن بوو و سەرۆک وەزیران بوو لە کاتی جەنگی جیهانی یەکەمدا، کە دادگای عوسمانی سزای مردنی بۆ دەردەکات ڕادەکات بۆ ئەڵمانیا. لەوێوە پشتگیری لە شەڕی سەربەخۆیی مستەفا کەمال دەکرد. ئێستاش وەکو یەکێ لە سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی تورکیا سەیری دەکرێت و دەیان شوێنی بەنێو کراوە.

تەلعەت پاشا لەلایەن گەنجێکی ئەرمەنەوە لە بەرلین لە مارسی ١٩٢١ دا کوژرا، ئەو گەنجە لە بەرلین تەلعەت دەدۆزێتەوە و دەمانچەکەی لەسەر سەری دادەنێ و دەڵێ “ئەوە لە تۆڵەی لەناوچوونی بنەماڵەکەم”! ئەوسا ئەو گەنجە لەسەر ئەم کوشتنە درایە دادگا، بەڵام دادوەر ئازادی کرد و لێی خۆش بوو.

لەسالی 1918دا جەمال پاشای رەگەزپەرست لەگەل حەوت لە سەرکردەکانی کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن ڕادەکات و دەچێتە ئەڵمانیا. دادگایەکی عوسمانی لە کۆمەلکوژی کۆمەلێک عەرەبی سەر بە عوسمانیی تاوانباری دەکات و سزای مردنی لە بزرییدا بۆ دەردەکات. لە ساڵی 1920 دا دەچێتە ئاسیای ناوەڕاست و وەکو راوێژکاری سەربازی لە سوپای پادشایی ئەفغانی کار دەکات. لە هاوینی 1921دا بەهۆی دانوستانێک دەچێتە تەبلیسی پایتەختی جۆرجیا و لەوێ لایەن ئەرمەنەکانەوە دەکوژرێت.

ئەنوەر پاشای رەگەزپەرست کە ناکۆکی لەگەڵ مستەفا کەمالی رەگەزپەرست هەبوو، بڕوای بەهێزیی بە بیروباوەڕی پان-تورکیزم هەبوو. دەچێتە مۆسکۆ و سەرنجی سەرانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ خۆی ڕادەکێشێت، دوای ئەوە لە لایەن لینینەوە بۆ ئاسیای ناوەراست دەنێردرێت بە مەبەستی سەرکوتکردنی گروپە یاخییە تورکی زمانەکانی ئاسیای ناوەڕاست. زۆر نابا ئەنوەر پاشا پەیوەندی بە گروپە یاخییەکانەوە دەکات، گروپە یاخییەکان کۆدەکاتەوە و دەبێتە سەرۆکیان. خەبات بۆ بیری پان-تورکی دەکات و دژی سوپای سووری سۆڤیەت چەندین شەڕ دەکات. لە جەژنی قورباندا لە 4ی ئابی ساڵی 1922دا لە نزیک “دوشەنبە”ی پایەتەختی تاجیکستاندا خۆی و هێزێکی 30 کەسی دەکەونە بۆسەی سوپای سوور کە کەسێکی ئەرمەنی سەرپەرشتی کردووە، 25 کەس لە چەکدارەکانی دەکوژرێن و ئەنوەر پاشا دەرباز دەبێت و ڕادەکات، بەڵام دوای چوار رۆژ فەرماندە ئەرمەنەکە دەیدۆزێتەوە و دەیکوژێت.

لە ساڵی 1996 دا پاشماوەی تەرمەکەی ئەنوەر دەهێنرێتەوە ئەستەنبۆل و لە گۆڕستانی مەنومێنتی ڕزگاریدا دەنێژرێت. گۆڕێکی تایبەتی بۆ دروست دەکرێت.

بەبێ گوێدانە رابردووی هەرێمەکە و چۆنیەتی پەیوەندی نێوان کورد و ئەرمەن، ئەو کوردە جاشانەی کە لە لەشکری حەمیدی دابوون و پاشان لە ژێر حوکمی نوێدا بەشداریان لە تاوانەکەدا کرد، یا کوردەکانی سەر بە دەسەڵاتی تورک بوون و بەشداری تاوانەکەیان کرد، هەموویان تاوانبارن، هیچ پاساو و پاکانەیەک بۆ ئەوانە رەوا نییە.

بەپێی سەرچاوەیەک زیاتر لە ٦٠٠ هەزار ئەرمەنی لە تاوانی گەلکوژییەکە رزگاریان بوو، ئەوانە لە لایەن کوردانی دەرسیم و ناوچەکانی دیکە هاوکاری کران و دەربازکران. کوردە شۆڕشگێڕەکان کە خەباتیان بۆ سەربەخۆیی خۆیان دەکرد رۆڵی گرنگیان لە رزگارکردنی ئەرمەنەکان گێڕا.

گومان لەوەدا نییە کە ئەو تاوانەی دژ بە ئەرمەنەکان کرا تاوانی گەلکوژییە، ئەوانەی لەژێر هەرناوێک بەهەر بیانوێک ئەم بابەتە پەراوێز دەکەن یا نکۆڵی لێ دەکەن پاڵشتی لایەنی تاوانبار دەکەن..

تێبینی: لە ساتوئانی شەڕی دروستکردنی تورکیا گەلانی ئاشوری، چەرکەس، یۆنانی، کوردە ئێزدی و کوردە عەلەویەکان و دواتر نەتەوەی کورد بەگشتی هەموو بوونە قوربانیی سیاسەتی گەلکوژکارانەی تورکە ڕەگەزپەرستەکان. لێرەدا تەنها ئاماژە بە تاوانی لەناوبردنی ئەرمەنەکان کراوە چونکە یادی تاوانەکەیە. تورکە ناسیونالیستە ڕەگەزپەرستەکان بەدوای هەموو گروپە ئایینی و نەتەوەییە غەیرە تورکەکانەوە بوون و کوردی لێ دەرچێ ئەوانیتریان نەهێشت. ژمارەی ئەو کوردانەی بەدەستی تورکەکان کوژراوان سێ دەیەی دوای دروستکردنی تورکیا ژمارەیان لە ملیۆنێک زیاترە بەپێی هەندێ سەرچاوە. ژمارەکە دەکرێ زۆرتر یا کەمتر بێت، کە پێویستی بەلێکۆڵینەوەی ورد هەیە.

 

شاخەوان قادر شۆڕش

٢٤/٤/٢٠٢٣

 

سەرچاوە

Armenian Genocide

https://en.m.wikipedia.org/wiki/Armenian_genocide

Talaat Pasha

https://en.m.wikipedia.org/wiki/Talaat_Pasha

Djemal Pasha

https://en.m.wikipedia.org/wiki/Djemal_Pasha

Enver Pasha

https://en.m.wikipedia.org/wiki/Enver_Pasha