دادە ئامین دایکە مەزنەکە

داپیرم لۆخۆی دەست بە کاری نەخش کردن، پاقڵاوە دروستکردن و نان کردن دەکات و بژێوی ژیانی خۆی و کیژۆرەکەی پێک دێنی. قەت موحتاجی دەستی کەس نابی.

دادە ئامین دایکە مەزنەکە: ساری 1990 سارەکی خۆش نەبوو، پێنج شەش مانگەک دەبوو چووبووینە ئەو خانییەی کە لە گەڕەکی زانکۆ لەگەر وەستا پشتیوانیی برام دروستمان کرد. ئەوەبوو زۆری نەبرد پشتیوان گیرا، ئەو پێشمەرگانەی دوای ئەنفال هاتنەوە وردە وردە زۆریان گیران، پشتیوانیش گیرا و زۆر بێ ئومێد بووین و هەر بەتەمای نەبووین. بەگشتی بارودۆخەکە زۆر نالەبار و نائارام بوو، تارمایی گەلکوژکارانەی ڕژێم بەسەر هەموو خەرکیەوە دیاربوو. خەرک نەیاندەزانی چارەنووسیان بە چ دەگا و چمان بەسەر دێ.

رۆژی 20 ی مانگی سێ بوو، ئەو ڕۆژە داپیرم ئامین (داکی داکم) دوا چرکەکانی ژیانی دەژمارد و ئەمەش چاوەڕێی ئاوابوونی ئەو ئەستێرەیە بووین.

داپیرە ئامین (دەوروبەری بە دادە ئامین گاسیان دەکرد) ژنێکی لەسەر، خۆڕاگر، خاوەن بڕیار و دەست ڕەنگین، لە بنەماڵەیەکی خانەدانی قەراتی هەولێرێ بوو، چشتی ناحەقی قبووڵ نەدەکرد. کە چووە ژیانی خێزانداریی، بەختی باش نەبوو و لەگەر باپیرم دانوویان پێکەوە نەدەکورا، لە غافرەتی باپیرم ژنی بەسەردا دەینی، ئەویش قبوری ناکا و دۆ و دۆشاوی تێکەر دەکا، فازیلی کوڕی بەجێ دەهێری، ئیدی دەڕوا و ناچیتەوە کن باپیرم. لەو رۆژیەوە بەتەنێ دەژی، ئەوکاتی دوو گیان دەبی، کە داکمی بووە بە تەنیا بووە، هەر بە تەنێ داکم بە خێو دەکا و گەورەی دەکا، لەگەر ئەوەی برایەکانی زەنگین و دەورەمەند بوون بەرێ ئەو نەدەچیتە کن ئەوان و لە کنیان بژی، نە داوای یارمەتیشیان لێ دەکا. دیارە برایەکانیشی لەبەر ژیانی خۆیان بەریان بەو تاقە خوشکەیان نەبووە! داپیرم لۆخۆی دەست بە کاری نەخش کردن، پاقڵاوە دروستکردن و نان کردن دەکات و بژێوی ژیانی خۆی و کیژۆرەکەی پێک دێنی. قەت موحتاجی دەستی کەس نابی. وەکی چیا لە پشتی داکم دەوەستی و ئاگاداری دەبی. کە داکم خێزان پێک دەینی و دەچتە ناو ژیانی هاوژینی، ئەو لە یارمەتی و هیمەتی خۆی بێ بەشی ناکا. لە عارد کڕین، خانوو دروستکردن، جلک و بەرگ کڕین، نان و زەخیرە کڕین، هەرچی بەدەستی کەتبا دەی هینا و دەیدا داکم. وەکی داکەکی زۆر درسۆز لە حەفت ئاسمانان با نانەکی لۆ کچەکەی هەر پەیدا دەکرد. بابم لەبەر حزبایەتی هێندە ئاگای لە مار و منداری نەبوو، وەکی هەندێ دەیانگۆ ئەو چووبووە چیای و کوردی ڕزگار دەکرد. ئەمە و داکم هەر بە تەنێ بووین. داپیرە دەیزانی تاقە کچەکەی پێویستی بە یارمەتییە، لەبەر هەندێ ئەو هەمیشە چاوی هەر لێی بوو.

داکم دەرێ، “ئەو هەموو شتی لۆ من دەکرد، هەرچی بم ویستبا لۆمی دەکڕی، جلوبەرگ هەمووی ئەو بوو، زەخیرە ئەو بوو، نوردیە نانی دروست دەکرد و لە ناو پەڕۆ نانەکی دەکرد و لەسەر سەری دادەنا و لۆمی دەهینا”.

بەکورتی هاوکاری و یارمەتییەکانی داپیرە ئامین لە پەنجایەکانەوە تا ناوەڕاستی هەشتایەکان بەردەوام بوو تا ئەو رۆژەی جەڵتە لێیدا و شەکەتی کرد، ئەوە ساری 87 بوو.

ئەو ساری بوو سەرداری مام یونسی لەگەر تەحسینە شەل وان گیانیانیان بەختکرد، داپیرم سەرداری زۆر خۆش دەویست و زۆری غەم خوارد، داکم دەرێ لە پاشی وی ئەو کەت. سارەکی بەدیۆم بوو.

داپیرە ئامین قەت لە ئیشان ماندی نەدەبوو، هەمیشە حەزی دەکرد چشتەکی بکا. ئاشقی باخچە و کەسکایی و گوڵ و گوڵزار بوو، دژی فڕێدانی دڕک و زڕگیای ناو باخچەش بوو، دەیگۆ “گەلە جوانە دەستی لێ مەدەن!

داپیرە ئامین هەرگیز چاوی لە پاداشت نەبوو، سادە و شاناز و وەکی پۆرای بەهێز بوو. لە جیهانێک دەژییا ئەمە ئاقرمان پێ نەدەشکا. تێگەیشتن لەو کەسایەتییە بەهێزە لە توانای مەدا نەبوو.

داپیرە ئامین بڕوای بە نوێژ و ئەو چشتانە نەبوو، کە باس دەهاتە گۆڕێ، دەستی برند دەکرد و تەماشای ئاسمانی دەکرد دوو سێ جوونی تەڕی دەدا و دەیگۆ “لۆ کێی بکەم!” لۆ ئەو….! خۆشیم لەو دونیایەی گەلە دیت؟! ئەوی دیشم ناوێ!”

ئەو وەکی هەر قەراتییەکی زمانی تورکمانی باش دەزانی و کوردیەکەی وەکو کوردی کۆنە هەولێریەکان بوو. هەندێ نوکتەی خۆشی هەیە، ئێستاش زۆر جاران هەر بەوانەوە یادی دەکەینەوە.

لە سەرەتای بەهاری ساڵی 1982 بوو بەسەردان هاتبووە گوندی سماقولی و هەفتەیەک لە کنمان بوو. یەک لەو رۆژانە میوانمان زۆر بوو و ژۆری میوانان پڕ بوو لە پێشمەرگە، گیانبەختکردووان مامۆستا سەلاح و بێکەس کۆمەرەک کادیر و پێشمەرگەی دی لەوێ بوون، هەمووی خەریکی قسە و باس و موناقەشەی سیاسی و شتیوا بوون، کەس ئاگای لە کەس نەبوو. لەبەر دوکەری جغارەش کەست بە تەواوی نەدەدیت و دەرگەش پێوەدرابوو، هێشتا سەرما مابوو. لە دەرێ داپیرم لە بەر دەرکەکەی درهەمەکی دەبینیتەوە، لە هیکڕا دەرکەی دەکاتەوە و درهەمەکەشی بە دوو پەنجان بەرز دەکاتەوە، ئەوانەی ژۆرێ هەموو تێکڕا بێدەنگ و کڕ دەبن، هەست ڕا دەگرن بزانن داپیرم چی دەوێ. داپیرم بە زاری هەولێریانەی خۆی دەرێ “کێ ئەو درهەمەی لێ بەر بووە!؟ کە ئەوها بەو شێوەیە دەیرێ، ژۆرەکە دەتەقیتەوە و هەموو لە شریقەی پێکەنینێی دەدەن.

داپیرە ئامین یەکێکە لەو مرۆڤە گەورانەی هەرگیز لە بیری ناکەم.

ئەمە (خوشک و براکان) هەموو قەرداری وینە.

جێگەی شانازیمانی داپیرە ئازا و دڵسۆزەکەم

هەمیشە لە بیرمانی ئەی مرۆڤە مەزن و سەر بەرزەکە

 

شاخەوان

٢٠/٣/٢٠٢٣