کە لە ١١ی ئازاری ١٩٩١ دا خەڵکی هەولێر ڕاپەڕین

بۆ مێژوو: لە ١١ی ئازاری ١٩٩١ دا خەڵکی هەولێر لە دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس ڕاپەرین و هەولێر ڕزگار کرا. لە هەر گەڕەکێکدا خەڵک قارەمانانە لە دامودەزگاکانی ڕژێم هاتنەدەست و زوو دەستیان بەسەردا گرتن.

ئێمە لە مەنتکاوە بووین و بەشداریمان لە ڕاپەرینەکەدا کرد، بەڵام بێ چەک بووین بۆیە نەمانتوانی ڕاستەوخۆ بەشداریی شەڕ بکەین، کە ئەوسا زۆرم پێ ناخۆش بوو. بەبێ چەک لەگەڵ حەشاماتی خەڵکەکە تا بنکەی پۆلیسی مەنتکاوە چووین کە لەسەر جادەی کەرکوک بوو. هەندێ ویستیان بسووڕێنەوە لای دەرگەی سەرەکی مەرکەزەکە کە لەسەر جادە سەرەکیەکە بوو، دەستڕێژێک تەقە لە خەڵکەکە کرا. ئیدی هەموو خۆمان دا پەنا دیواری مەرکەزەکە. هەر ئەوە بوو و زۆری نەبرد پۆلیسەکان چۆلیان کرد و هەڵاتن. کە چووینە ژوورەوە هەندێ خەڵک دەستیان بە بردنی کەلوپەلەکانی بنکەی پۆلیس کرد. ئیدی لەبەر بێ چەکی نەمانتوانی زیاتر بچینە پێش. چەند چەکدارێکیشمان لە ناو هەبوو، بەڵام ئەو بنکەیە بێ شەڕ گیرا.

مەنزوومەی ئیستیخبارات لەوبەری جادەکە لە خوارتر بوو و شەڕ لەوێ گەرم بوو. تا نزیکی دەمژمێر 2 ی دوای نیوەڕۆ بەرگری کرد پاشان گیرا… گوتیان هەندێ جاشی زێباری لە مەنزوومە بوون بەرگری تووندیان کردبوو. دواتر خۆیان دایە دەست، گیران و بە کۆڵانەکانی مەنتکاوەدا بردنیان. بیستم خەڵک قسەی پێ گوتبوون و جوێنیان پێدابوون. قەرەباڵغیەکم لە دووریی سەد مەترێک دیت گۆتیان ئەوە جاشە زێباریەکانن. بۆخۆم ئەوەم راستەوخۆ نەدیت. ژمارەیەکی زۆر کە دەیان کەس دەبوون سەر بە مەنزومەی ئیستخبارات بوون گیران و گولەبارانکران. دوای کۆتایی شەڕەکە و گیرانی بنکەکانی ڕژێم لەلایەن خەڵکەکەوە، پاشان رەنگە دەمژمێری 3 یا 4 دەبوو لەگەڵ هەندێ برادەر لەوانە کۆچکردوو سەید مەغدید چووین تەرمی کوژراوەکانمان لە مەنزوومەی ئیستیخبارات دیت، ژمارەیەکی زۆر بە بەرگی کەسکی تۆخی سەربازیی کەوتبوون، لە تەنیشت یەک و هەندێکیان کەوتبوونە سەر یەک، دیاربوو هەموو بەیەکەوە گولەباران کرابوون.

ئەوەی ڕاپەڕی خەڵکی ئاسایی بوون، زۆر لەو خەڵکە ڕاکردووی سەربازی یا کۆنە پێشمەرگە بوون، ئەندامانی رێکخستنی حزبەکان بوون، هەموویان لە رژێمی دڕندەی بەعس زۆر کۆردار بوون.

جاشەکان دژی خەڵک نەوەستان و چاوەڕوانی ئەوەش نەدەکرا دژی خەڵک بووەستن، هەندێک لە جاشەکان وەکو چەکدار هاوکاری خەڵکیان کرد. گوتیان پێشمەرگەش هاتینە، ئەمن هیچ پێشمەرگەیەکم بەچاوی خۆم لەو بەرەیەدا نەدیت.

گوتیان لە بەرەی کوردستانیەوە نامە بۆ سەرۆک جاشەکان نێردرابوو کە هاوکاری بکەن. ئەو نامەیە گوایە لەگەڵ لێبووردنی سەرۆکجاشەکان لەلایەن بەرەی کوردستانیەوە نێردراوە. لە ڕووی تاکتیکی سەربازییەوە ئەو نامەیە باش بوو، بەڵام ئەو نامەیە نەشبایە پێموانییە جاشەکان دژی خەڵکی ڕاپەڕیو بوەستابان. وەکو جاشە ئاساییەکانیش خەلکی ئەو کۆمەڵگە و وڵاتە بوون. سەرۆکجاشە تاوانبارەکانی لێ دەرچێ، جاشەکان زۆربەیان ڕاکردووی سەربازیی یا کۆنە پێشمەرگە بوون، وە دژی ڕژێم بوون. لەڕاستیدا نامەی بەرەی کوردستانی یا بەرپرس و سەرۆکی حزبەکان بۆ سەرۆک جاشەکان بەر لە هەر شتێک بۆ بەرژەوەندی حزبەکان خۆیان بوو، وەکو پاشان بۆ خەڵک دەرکەوت.

لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا ڕژێمی بەعس لە شکستدابوو و سوپاکەی لە شەڕی کوێتدا تێکشکێندرا بوو، سەرانی بەعس لە ئاست هێزی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی هیچیان لە مستدا نەبوو. خەڵک ترسیان تەواو شکابوو، کاربەدەستانی رژێم ڕووخابوون، لە خوارووی عێراقدا ڕاپەڕین چەند هەفتەیەک بوو هەبوو…

بەکورتی خەڵک ڕاپەڕی و ڕژێمیان راماڵی، وە پشتگیری چەکداریی و مەعنەوی پێشمەرگە ڕۆلی هەبوو.

لەم رۆژەدا لە شاری هەولێردا خەڵک بێسلەمینەوە ئامادەی قوربانیدان بوون و بە خوێنی دەیان کەس شار ئازاد کرا. ئەوسا خەڵک لە پێناوی ڕزگارییدا ئامادەبوون گیانی خۆیان ببەخشن.

بەداخەوە حوکم نەبووە هی گەل، ئاواتەکانی خەڵک و ئازادیخوازانی کۆمەڵگەش کرانە قوربانیی بەرژەوەندییە نانیشتیمانیەکانی سەرۆک و حزبە خێڵەکی و نەخۆشەکان.

تێبینی: ئەو تێکستە کە دوو ساڵ پێشتر بڵاومکردەوە بە کەمێ ڕاستکردنەوە و دەستکاری دووبارە لە یادەکەدا دامنایەوە.

شاخەوان

١١/٣/٢٠٢٣