ئازادی باشوری کوردستان دوای کۆڕەو هات کە بووەهۆی بڕیاری 688 ی یوئێن

هەر ساتێک ئەمەریکا دەستبەرداری هەرێم بێت، هەرێم خۆی ناگرێت و دەکەوێت. بۆیە مانەوەی هەرێم لەبەر پاڵەوانیی سەرانی پارتی و یەکێتی نییە.

ئازادی باشوری کوردستان دوای کۆڕەو هات کە بووەهۆی بڕیاری 688 ی یوئێن و هەرێمی نەفڕین دروستکرا. هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا بەسەرپەرشتی ئەمەریکا کە سەدامیان ڕووخاند, ئەوان هۆکاری بوون. باشوری کوردستان دەرفەتێکی زێڕینی دەستکەوت، خاک و سامان خرایە بەردەستی هەردوو حزبی سەرەکی و ئەوانیتر.

دوای 32 ساڵ لەجیاتی دروستکردنی دەسەڵاتی نیشتیمانی و هێزی بەرگری نیشتیمانی و سیستەمی دیموکراسی و سەربەخۆیی دادوەری، سەرانی پارتی و یەکێتی لە نێو بازنەی ململانێی جەلالی و مەلایی دەخولێنەوە و جلەویشیان لەمستی هێزی شیعە و سونە دایە.

شەڕی ناوخۆ، 31ی ئاب، 3ی ئاب، 16ی ئۆکتۆبەر، قەرزداریی دەیان ملیارد و بڵاوبوونەوەی کۆنەپەرستی ئیسلامی، سەرکوتکردنی ئازادی، حوکمی مافیایی و میلیشیایی و هتد. بەرهەمی ئەو دوو حزبەن، بۆیە بەر لە داگیرکەران ئەو دوو حزبە دوژمنی بەرژەوەندیەکانی کوردستانن.

بێگومان ئەگەر لە ماوەی 32 ساڵدا نەتوانن بەڕێوەبەریەکی سەربەخۆ و سەرکەوتوو دروستکەن و سەر بە ئێران و تورکیاش بن، چارەنووسی هەرێم لە مەترسیدا دەبێت. هەر ساتێک ئەمەریکا دەستبەرداری هەرێم بێت، هەرێم خۆی ناگرێت و دەکەوێت. بۆیە مانەوەی هەرێم لەبەر پاڵەوانیی سەرانی پارتی و یەکێتی نییە.

جگەلە دەرکردنی هێزی داگیرکەر ڕاپەڕینی بەهاری 1991 بۆ دروستکردنی ناسیۆن، بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتیانە بوو لە دەستبەسەری بۆ ئازادی و لە سیستەمی نادیموکراسی بۆ سیستەمی دیموکراسی. ئێمەمان هەر بەوەش نەدەوەستاین خەونمان بە “یەکسانی و کراوەییش” دەبینی. ئەوە خەونی خەلکی باشوری کوردستان بوو کە سەدان هەزار مرۆڤی بۆ کردە قوربانی.

بەڵام بەداخەوە ئەوەی خەڵک چاوەڕوانی دەکرد ڕووی نەدا، خەلکی ڕاپەڕیو داگیرکەری بێگانەیان دەرکرد، دەسەڵاتی دیسپۆتیانەی خۆماڵیان هێنایە سەر تەخت. بنیاتنانی ناسیۆن کرایە قوربانیی سیندرۆمی دووبەرەکی و جڵەوی درایە دەست سەرانی تورک و عەجەم. برەودان بە سەرمایەداری و ئۆلگارشیزمی فیودالانە لەژێر سایەی سیستەمی کلیپتۆکراسیانەدا خۆی سەپاند. دزین و بەهەدەردانی سامانی سروشتی و داهاتی گەل لەژێر ناوی جیاجیادا و بەیاساکردنی گەندەڵی، پەنادان و بەرزکردنەوەی تاوانباران، سەرکوتکردنی ئازادی و کرانەوە، خنکاندنی یەکسانی، راکێشکردنی گەل بۆ کۆنەپارێزیی ئیسلامی، بەعەرەبکردنی کوردستان و هتد. ئەو دەرەنجامانەن کە بێئومێدیی گورچکبڕ دەچێنن.

فەیلەسوفی ئینگلیز جۆن لۆک (1632-1704) دەڵێ ئەرکی دەسەڵاتە ئازادی و یەکسانی و سەروەری مرۆڤەکان بپارێزێت. ئەگەر دەسەڵات ئەوەی نەکرد و لایدا، مافی خەڵکە لە دەوڵەت یاخی بن و دەسەڵاتی دیکتاتۆر لادەن.

چارەسەر: دەست لە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی بنەماڵە و حزب هەڵگرن، دروستکردنی دەسەڵاتی ڕەوای پلورالی نیشتیمانی بێ حزبی چەکدار، دەستوری مۆدێرن، پەرلەمانی بەهێز، سەربەخۆیی دادگا، سوپای نیشتیمانی دوور لەدەستی حزب، هەلبژاردنی ئازاد و دوور لە ترس و گەمارۆی حزب. رێککەوتن لەگەل بەغدا و دوورکەوتنەوە لە ئێران و تورکیا.

شاخەوان قادر شۆڕش

١٩/٢/٢٠٢٣