حەمیدە فەندی بەشداری لە هێرشەکەی سەر دەڤەری هەڵەبجە کرد

ەموو ئەو هێزانەی پێشمەرگە کە لەهێرشەکەدا بەشداریان کردووە بەرپرسیارییان کەم یا زۆر دەکەوێتە ئەستۆ، پاساو پاکانە چارەسەری برینەکان ناکەن، باشترە هەریکە ئەگەر لە دادگاش نەبێت دان بەو بەرپرسیارییە بنێت کە کەوتۆتە ئەستۆی و بۆ مێژوو دانپێنانەکە تۆمار بکات.

حەمیدەفەندی: لە کۆمەڵگەیەکدا کە تاوانباران جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ناتواندرێ چاوەڕوانی دادوەری بکرێت، ئەوان لە مێژووی خۆیاندا هەرچی تاوانێکیان ئەنجام دابێت یا بە بەرژەوەندی گەلی دەبەستنەوە یا مێژوودەشێوێنن و خۆیانی بەشێوەیەک لەشێوەکان بۆ ماوەیەک لێ دەربازدەکەن. تاوان کۆن دەبێ بەڵام لەبیرناکرێت. تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە و لەناوبردنی بەهەزاران کەس لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢١ ی مارسی ١٩٨٨ دا و دواتر، کۆمەڵێ فاکتەری سەربەخۆ و هاندەری هەبوو.

جگەلەوەی ڕژێمی بەعس نیازی لەناوبردنی خەڵکی کوردستانی هەبوو، لە هۆکار و بیانو بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵکوژیەکانی دەگەڕا، هێرشی هێزەکانی پیشمەرگە و پاسدار بۆسەر دەڤەرەکە فاکتەری گونجاوی هاندەر بوو بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەرەکی ئەویش لەناوبردنی بەهەزاران کەس لە ماوەیەکی خێرا و کورتدا و بەستانەوەی بە جەنگی ئێراق و ئێران.

هەموو ئەو هێزانەی پێشمەرگە کە لەهێرشەکەدا بەشداریان کردووە بەرپرسیارییان کەم یا زۆر دەکەوێتە ئەستۆ، پاساو پاکانە چارەسەری برینەکان ناکەن، باشترە هەریکە ئەگەر لە دادگاش نەبێت دان بەو بەرپرسیارییە بنێت کە کەوتۆتە ئەستۆی و بۆ مێژوو دانپێنانەکە تۆمار بکات.

حەمیدە فەندی یەکێکە لەسەرکردە سەربازیەکان کە لەبری نالە هەورامی سەرپەرشتی هێزەکانی پارتی لە بەرەی سیروان و خورماڵدا لەگەڵ پاسداراندا کردووە. لەو بەرەیەدا کیمیابارانی خەڵک کراوە و خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی ١٠٠ پێشمەرگەی کۆمەڵە و ڕزگاری لە ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی ئێران لەو بەرەیەدا لەناوچوون.

حەمیدە فەندی بێبەری نییە لەو تاوانانەی لەو بەرەیدا ئەنجام دران، دیارە تەنها لێکۆڵینەوەی ورد و دادگای ڕەوا دەتوانێ چەندایەتی بەرپرسیاریی ئەو لەو دەڤەرەدا بخاتەڕوو.

حەمیدە فەندی لە دیدارێکدا دەڵێت ئێمە ڕێگەمان لەخەڵک نەگرت بڕوات، وە ئەگەر لەهەڵەبجە باین نەماندەهێشت خەڵک وای بەسەربێت. ئەگەر ئەوان ڕێگەیان لە ڕۆیشتی خەڵک نەگرتبێت بێگومان کاری باشیان کردووە و بە باش بۆی دەنووسرێت، گوتنەکەی دیکەی سەبارەت بە هەڵەبجە سوودی نییە چونکە ئەوان لەوێ نەبوون، بۆیە دەتوانن چیان پێخۆشە ئەوە بیڵێن. بەڵام ئەوە لە بەرپرسیاریی ئەو لە بەشداریی لە هێرشەکەدا پاکی ناکاتەوە.

حەمیدە فەندی بەرپرسێکی کۆنی پارتییە و گوتن لە تاوانی کۆمەڵکوژی لەکاتی ڕاوەدوونانی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکرات لە دەڤەری شنۆ و شوێنی دیکە لە سەرەتای هەشتاکاندا دەکرێت، کە بێگومان تاوانی زۆر ئەوسا ئەنجام دران. ئەوسا پارتی پێش پاسدار کەوتبوو و دژی حزبی دیموکرات شەڕی دەکرد. ئێمە نازانین ئەو چەند لە کۆمەڵکوژی منداڵانی خوێندگەیەک یا تاوانی دیکەدا بەرپرسیاریی هەیە، بەڵام دووکەڵ بێ هۆکار بەرزنابێتەوە و هیوادارم ڕۆژێ بێت تیشکی زیاتر بخرێتەسەر تاوانەکانی ئەوسا.

بێگومان سەرانی حزبەکان بەرپرسی یەکەمن لە بەشداریی هێزەکانیان لە هێرشی هاوبەشی پاسدار و پێشمەرگە بۆسەر هەڵەبجە، بەڵام ئەو سەرکردانەش کە بەشداریی ڕاستەوخۆیان کردووە بەرپرسیارییان کەم یا زۆر لە ئەستۆدایە.

پرۆسەی ئاشتبوونەوە و بنیاتنانی کۆمەڵگەی دروست بنچینەلەسەر هەنگاوە دادوەری و مرۆڤدۆستەکان دەگرێت. نکۆڵیکردن دووبارەبوونەوە دەهێنێتەبەرهەم، بەڵام دانپێنان و گەیشتن بەدادوەریی ڕەوا ڕێگە لە دووبارەبوونەوە و خراپتربوون دەگرێت. بۆیە دانپێنانی بەرپرسان بە بەشداریان لە تاوانەکەدا و داوای لێبووردن لە خەڵکی قوربانی هەنگاوی گرنگی هەنگاوە دروستە دادوەریەکانی دیکەن کە دوای ئەوە دەبێ هەڵبندرێن، بەڵام بەداخەوە ئەوەش ناکەن.

شاخەوان قادر شۆڕش

١٨/٢/٢٠٢٣