گێڕانەوەیەک بۆ مێژوو لەیادی کۆماری کوردستاندا

مەلا مستەفا نامەی بۆ “وەسی، پارێزگاری هەولێر و قایمقامی زێبار” نووسی، لەنامەکەیدا نووسیبووی “من و ئەو جەماعەتەی لەگەڵم دایە خۆمان دەدەینەدەست بە مەرجێک حکومەت لێمان بگەڕێ لە گوندەکانی خۆمان دابنیشین، دەوڵەت چیمان بۆ دابنێ وادەکەین”.

گێڕانەوەیەک بۆ مێژوو لەیادی کۆماری کوردستاندا:

دوای تێکچوونی کۆماری کوردستان لە مهاباد، کۆچکردوو مەلا مستەفا بارزانی و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ماوەیەک دەمێننەوە و هەوڵی چارەسەرێک بۆ چارەنووسی خۆیان دەدەن، دوای مانەوەیان بۆ ماوەیەک لە دەوروبەری مانگی ٤ی ١٩٤٧ خۆی و بارزانیەکانی کەلەگەڵیدا بوون دەگەڕێنەوە ناوچەکانی دەوروبەری بارزان…

قادر شۆڕش لە بیرەوەریەکانی خۆیدا ئەوهای دەگێڕێتەوە و دەنووسێت:

هەندێک لە بارزانیەکان لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی و چەند ئەفسەرێک خۆیان دایەوە دەست ڕژێمی عێراق، بەڵام مەلا مستەفا بەخۆی و نزیکەی ٤٠٠ کەسێ لەسەر سنوورەکانی بندەستی تورکیا و عێراق لە هەرێمی زێتێ و پێندرو کۆبوونەوە.

مەلا مستەفا نامەی بۆ “وەسی، پارێزگاری هەولێر و قایمقامی زێبار” نووسی، لەنامەکەیدا نووسیبووی “من و ئەو جەماعەتەی لەگەڵم دایە خۆمان دەدەینەدەست بە مەرجێک حکومەت لێمان بگەڕێ لە گوندەکانی خۆمان دابنیشین، دەوڵەت چیمان بۆ دابنێ وادەکەین”.

مەلا مستەفا دووجار نووسراوی وای بۆ ڕژێم نووسی، وەڵامی حکومەت ئەوەبوو “وەرن خۆتان بەدەستەوە بدەن و میری لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکات و هەر یەکێکتان بەپێی ئەو تاوانەی یاسا دەیخاتەسەری دادگایی دەکرێت و حوکم دەدرێت”.

ئەوەبوو مەلا مستەفا شەوێک بەخۆی و ئەوانەی لەگەڵیدا بوون ڕۆیشتن بۆ ناو سنوورەکانی تورکیا و ئێران. چەند شەووڕۆژێک بەناو چیا بەرزو سەختەکانی کوردستاندا بەڕێگاوەبوون، لەگەڵ ئەوەی لەگەڵ سوپاکانی تورکیا و ئێران تووشی گەلێک شەڕبوون، هەروەها برسیەتی و سەرما و ماندووبوون بەرێشانی کردبوون، توانیان ئەو ڕێگا دوورە ببڕن و خۆیان بگەیەننە ناو وڵاتی یەکێتی سۆڤیەت.

مەلا مستەفا … کە نووسراوەکانی بۆ کاربەدەستانی عێراق دەنووسی، بۆ قایمقامی زێباری دەنووسی، ئەویش نامەکانی کە بۆ “وەسی و پارێزگاری هەولێر هاتبوون” بە مندا دەنارد بۆ هەولێر. قایمقام وایدەزانی من بۆ میری لەهەموو کەس دڵسۆزترم، کەچی بەپێچەوانەوە لەناو ساعی و پۆلیسەکانی ئەو ناوە تەنها من هەبووم کەوا پارتی بووم و لە دژی ڕژێمی پادشایەتی کارم دەکرد.

ئەو بارزانیانەی کە لەگەڵ شێخ ئەحمەد خۆیاندایەوە دەست ڕژێمی عێراق، بۆ ماوەیەک لەدەشتی دیانە بە ماڵ و منداڵەوە لەناو سیم کران، زۆری نەبرد ڕژێم چوار ئەفسەری لەسێدارەدا ئەوانیش: ١. عیزەت عەبدولعەزیز ٢. مستەفا خۆشناو ٣. محەمەد قودسی ٤. خەیڕوڵا عەبدولکەریم بوون. هەندێک ئەفسەرو هەندێک لەبارزانیەکان ٢٠ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا، ماڵ و منداڵەکانیشیان لەگەڵ هەندێک پیرە پیاو بەڕەڵاکران، بێئەوەی هیچ شتێكیان بدرێتێ، هەرچەندە هەوڵیش بۆ ئەو مەبەستە درا، بەڵام بێ ئەنجام بوو.

ئەو ژن و منداڵەی بارزانیەکان هاتن بۆ هەولێر، پارتی ئەمەی بە هەل زانی و هەستا بە سازدانی خۆپیشاندانێکی گەورە بەبەشداری ماڵ و منداڵی بارزانیەکان. لەڕێزی پێشەوەی خۆپیشاندانەوە ژنە بارزانیەکان ئەو نانەیان لەسەر دەست دانابوو کە ڕۆژانە دەیانخوارد، نانەکەش بریتی بوو لە ئاردی جۆو گیا کە کرابوو بە ئەستورک. خۆپیشاندانەکە بەو شێوەیە بەرەو سەرای میری ڕۆیشت، ئەو نانە بۆ پارێزگارو بەڕێوەبەری پۆلیس بردرا، بەڵام بێسوود بوو و ڕژێم بە هیچ چارەسەرێ هەڵنەستا.

ئێمەش کە بەڕێکخستنی خۆپیشاندانەکە هەڵسابووین، ئەو ڕۆژە ئەوەندەی لەتواناماندابوو ناڕەزاییمان دژی ڕژێم پیشاندا. پاشان بڵاوەمان لێکردو دەستمانکرد بە دابەشکردنی ماڵە ئاوارە بارزانیەکان بەسەر ئەندام و دۆستانی پارتی لە گوندەکانی دەوروبەری هەولێر. ئەوەی شایانی باسە ئاغاکانی دزەیی زۆر مەردانە لەو گرفتە هاتنەپێش و ئەو خەڵکەیان بۆ گوندەکانیان بردو یارمەتیاندان، وە خەڵکی گوندەکانیان ئامۆژگاریکرد کەوا یارمەتی ئەو خەڵکە ئاوارەیە بدەن و ئاگاداریان بن.

سەرچاوە: قادر شۆڕش، چل ساڵ خەبات و تێکۆشان ل.٢٣.

22-1-2023