مەنزیلە خان گیانت شاد و کۆچت بەخێر

بەهاری ساڵی 1981 دا مەنزیلە خان لەگەڵ منداڵە جوان و وردیلانەکانی کۆسرەت، دلیجان، دلیمان، نیشتیمان، کوردستان و نازەنین دێنە گوندی نازەنین. ئەوسا ئێمەش ئاوارە بووین و لە گوندی نازەنین لە قەدپاڵی ئاوەگرد لە سەرووی خانووەکانی تر لە خانووێک دابووین، کە بەڕاستی لەبیرم نەماوە هی کاکە سوار بوو یان حەمە خورشید نازنم.

بەداخەوە ئەمڕۆ هەواڵی کۆچیدوایی مەنزیلە خانم پێگەیشت و زۆر خەمباری کردم.

مەنزیلە خان خێزانی کۆچکردوو و تێکۆشەری ماندوونەناس مامۆستا سەلام گۆمەشینیە. مەنزیلە خان بەهۆی خەباتی سیاسی و چاڵاکیەکانی مامۆستا سەلام گۆمەشینی هەمیشە ئاوارە و دەربەدەر بوون چ لە کاتی خەباتی چەکداری ئەیلولدا چ لە سەردەمی خەباتی چەکداری دوای هەرەسی ١٩٧٥. ئەوان زوو لە کۆتایی ساڵی 1979 دا تووشی ئاوارەیی دەربەدەری دەبنەوە. مەنزیلە خان وەکو دایکێکی دڵسۆز و تێکۆشەرێکی ڕێگەی ڕزگاریی بە خۆیی و کۆشێ منداڵەوە هەر جارەی لە گوند و دەڤەرێکی کوردستان دەگیرسێنەوە، ترسی مەفرەزەی جاش و کۆپتەر و هاتنی سوپای بەعس، سەرما و برسیەتی و نەبوونی ناتوانن چۆک بە ئەو و منداڵە جوان و وردیلانەکانی دابدەن. چۆن مامۆستا سەلام لە خەبات ماندوو نەدەبوو و دڵسۆزانە بۆ مافەکانی گەلی کوردستان تێدەکۆشا، مەنزیلەت خانیش هەلگری کۆمەڵی حەسرەت و حەز و ئارەزووەکانی خۆی و منداڵە بێنازەکانی بوو و بەهیوای ژیانێکی سەربەرزانە و بەختەوەر دڵی خۆی و منداڵەکانی دەدایەوە و ئازار و سەختیەکانی ڕۆژانەی تێدەپەڕاند.

لەبەهاری ساڵی 1981 دا مەنزیلە خان لەگەڵ منداڵە جوان و وردیلانەکانی کۆسرەت، دلیجان، دلیمان، نیشتیمان، کوردستان و نازەنین دێنە گوندی نازەنین. ئەوسا ئێمەش ئاوارە بووین و لە گوندی نازەنین لە قەدپاڵی ئاوەگرد لە سەرووی خانووەکانی تر لە خانووێک دابووین، کە بەڕاستی لەبیرم نەماوە هی کاکە سوار بوو یان حەمە خورشید نازنم. خانووەکە دوو ژووری بچوک و هەیوانێک بوو و هیچی لێ نەبوو، ئەوەبوو لە باران و سەرمای سەرەتای بەهار دەیپاراستین. ئێمە لە ژوورێک بووین و مەنزیلە خان و منداڵە جوان و وردیلانەکانی لە ژوورەکەیتر. ئەوان پێنچ کەس و ئێمە حەوت کەس، وەکو یەک خێزان خواردنمان بەیەکەوە بوو هەرچەندە هیچی ئەوهامان نەبوو. باش بوو ئەوسا پەلکە مێو پێراگەیشتبوو و زوو زووە یاپراغمان بە ناسکەمێوی بەهارێ چادەکرد. مەنزیلەت خان هەمیشە لەسەرخۆ و دەم بە پێکەنین بوو، لەگەڵ ژیانی خوشکم هەرچۆنێک با شتێکیان بۆ منداڵەکان پێکدەهێنا. ئەگەر هەڵە نەبم ئەوان دوای نزیکەی دوو مانگێک ڕۆیشتن و چوون بۆ دۆڵەتوو کە ئەوسا سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیستی کوردستانی لێ بوو. ئێمە هەر لە نازەنین ماینەوە.

دوای ئەوە ئەوان ماوەیەک لەوێ ماوەیەک لە دەڤەری بارزان و دواتر شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران بە ئاوارەیی دەگوزەرێنن تاکو ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١.

مەنزیلە خان و مامۆستا سەلام خێزانەکەیان وەکو خێزانێکی تێکۆشەر و ماندوونەناس خۆشەویستی هەموو لایەک بوون. کەسێ گومانی لە پاکی و دڵسۆزی ئەوان نەبوو.

بەداخەوە مامۆستا سەلام بەهۆی نەخۆشی زوو ماڵئاوایی لێکردین، بەداخەوە مەنزیلە خانیش چیتر نەیتوانی بەرگەی تەنهایی بگرێت و بۆلای مامۆستا سەلام کۆچی یەکجاری کرد و بەئارامی بۆ دواجار لێی خەوت.

ئای کە کۆچی ئەو مرۆڤە جوانانە چەند ئازار بەخشن، بەڵام ئەوە سروشتی ژیانە و چارەیەکمان نییە، هەموومان بۆ سروشت دەگەڕێینەوە.

پرسە و سەرخۆشی خۆم و خێزانەکەمان دەگەیەنم بە کاکە کۆسرەت و دلیجان، نیشتیمان، کوردستان، شۆڕش، هێرش و ئەوانیتر کە بەداوای لێبوردنەوە ناویانم لەبیرنەماوە.

گیانی شاد بێت و ئارامی و تەمەن درێژی بۆ ئێوەی خۆشەویست و هەموو لایەکتان. هاوبەشی غەمتانین.

شاخەوان قادر شۆڕش

١٤/١/٢٠٢٣