مشتێک لە خەرواری سەربردەکانی دایکم

ماڵمان پڕی پۆلیس و ئەمن بوو” گۆتیان “کا قادر؟” ئەمنیش گۆتم “قادر لێرە نییە”.

لە ساڵی ١٩٦٢ بابم لێپرساوی کرێکاران بوو و لەگەڵ برادەرەکانی بەنهێنی سەرگەرمی کاری کوردایەتی بوون، بەر لەنەورۆزی ساڵی ١٩٦٢ لەماڵەکەی خۆیدا لەگەڕەکی تەعجیل خەریکی چاپکردنی هەندێ نووسراوی حزبی بوو لەوانە بەیاننامەی نەورۆز. ئەوسا ئامێرێکی گەورەی ڕۆنیۆ کە هی حیزب بوو بەنهێنی هێنابوویە ماڵەوە و چاپی نووسراو و بڵاوکراوەکانی پارتی پێدەکرد. لەپشت سندوقی نوێنان چاڵێکی لێدابوو کە کارەکانی تەواو دەکرد ڕۆنیۆکەی لەوێدا دادەنا و سەری بەخۆڵ و بە بەڕەیەک دادەپۆشت و دەیشاردەوە.

دەڵێ ڕۆژێکیان خەریکی چاپکردنی هەندێ نووسراو بووم، لەناکاو یەحیای برام هاتەوە گوتی “وا پۆلیس و ئەمن لە کۆڵانەکەی ئێمە جموجۆڵیانە، لەوانەیە بەسەرمان دابدەن بۆ گرتنت! هەستە واز لەم کارەی بەردەستت بێنە، ڕۆنیۆکەش باش بشارەوە با لێرە نەگیرێیت و منداڵەکانیشمان هەموو بەند بکرێن!”.

ئەویش بەپەلە ئەو نووسراوانەی چاپی کردبوو لە پەڕۆیەکیان لوول دەدا و دەیانبا لە ژوورێکی سەربانەکەیان دەیانشارێتەوە، ڕۆنیۆکەش دەباتە ناو قۆرتەکەی ژوورەکەی خۆیان، بەڵام پێڕاناگات سەری بەباشی داپۆشێت، کاتێ پۆلیس و ئەمنەکان دەگەنە دەرگە و لە دەرگاکە دەدەن. ئەو لەگەڵ یەحیای برای بە سەرباندا ڕادەکەن.

دایکم کە ئەویش ئەندامی ڕێکخستن بوو و زۆر جاران تایپ و چەکی حزبی لەشوێنێکەوە بۆ شوێنیکیتر دەگواستەوە دەگێڕێتەوە و دەڵێ، “کە ئەوان ڕۆیشتن بەپەلە سەر ڕۆنیۆیەکەم داپۆشت بەڵام کە بەسەری دادەچووی دەنگی قرپە قرپ و دنگە دنگی ڕۆنیۆکە بەئاشکرا دەهات و دەتزانی شتێک لەوێ شاردرایتەوە”. دەڵێ “زۆر نیگەران بووم و گوتم خوایە چ بکەم هەر بێنە ئێرە دەیبیننەوە و هەموومان دەگرن”. دەڵێ، “ماڵمان پڕی پۆلیس و ئەمن بوو” گۆتیان “کا قادر؟” ئەمنیش گۆتم “قادر لێرە نییە”. چوونە سەربان خەریکی ژۆرەکەی سەربانێ بوون، باش بوو دەرکەکە قفل بوو، پێم گۆتن “ئەو ژۆرە هی پیرێژنەکیە و مانگێ جارەک دێتەوە، لۆیێ دەرکەی قفل دایە”… چەندی هەوڵیاندا نەیانتانی بیکەنەوە و لێیگەڕان… ئەوجا هاتنە ژۆرەکەی مە ئەمنیش پێش ئەوەی ئەوان بگەنە لای ڕۆنیۆیەکە، پاڵەکم بە نوینەکانی سەر سندوقەکەی وەنا و هاویشتمە سەر جێی ڕۆنیۆیەکە پێم گۆتن “فەرموون تەماشای ناو نوینەکانیش کەن، حەزدەکەن نوینەکانیشمان ببەن، هەموو ڕۆژێ دێن و ماڵمان تەحەری دەکەن! چتان لێمان دەوێ؟!” کە ئەوەیان دیت باش بوو چوونە دەرێ و هەندەک لە حەوشەی مانەوە پاشان ڕۆیشتن…

گێڕانەوەی سولحیە محمەد خدر خێزانی قادر شۆڕش

٢٢/٧/٢٠٢٢