ڕیفەراندەم لەبەرچی و بۆ چی و دەبوایە چی بکات؟

سەیر لەوەدابوو هەڵوێستی نوێنەری بزوتنەوەی ڕیفەراندەم لە بەغدا ڕێک بەجۆرێ بوو کە یەکێتی و پارتی ئارەزوویان بوو. بەڵێ 1.700.000 ئیمزا کۆکرایەوە و بۆ بەغدا بردرا و درایە هاوپەیمانان و “ئەنجومەنی حوکم” و لەوێش گوترا ئەم ئیمزایانە بۆ سەربەخۆیی کۆنەکراونەتەوە! بەرپرسی پارتەکانیش کە لەوێدا لەگەرمەی گفتوگۆدا بوون وەکو کارتی گوشار بەکاریان هێناو بەقەد پووشکەیەکیش ڕێزیان بۆ ئیمزاکانی خەڵکی کوردستان دانەنا.

ڕیفەراندەم لەبەرچی و بۆ چی و دەبوایە چی بکات؟

شاخەوان شۆڕش، دانیمارک  25.5.2004

باناگاشەکردن بۆ ڕیفەراندەم کۆنترە لەخودی دروستبوونی بزوتنەوەی ڕیفەراندەم، دیارە مەبەستم ئەو بانگ و هەوڵانەیە کە بۆ دیاریکردنی چارەنووس و سەربەخۆیی نەتەوەیی دران. لەدوای ڕوخانی ڕژێمی داگیرکەری بەعس، گۆڕانکارییەکان پێداوێستی بەڕیالیزەکردنی ڕیفەراندەمیان لە باشووری کوردستاندا زیاتر هێنایە پێشەوە. لەبیرمان نەچێت هەندێ فاکتەر کە پشتگیری مافی چارەنووس و ڕیفەراندەم بۆ نەتەوەیەکی ژێردەست دەکەن، بەر لە ڕوخانی بەعسیش لەلایەنی یاسایی و تیۆریەوە هەر هەبووین. پرەنسیپەکانی مەڕ مافی چارەنووسی گەلان لە چارتەر و بڕیارەکانی یوئێن و ڕێکەوتنە نێونەتەوەییەکان کە لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوو دەرکراون، ڕاشکاوانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن.

لەگەڵ ڕوخانی بەعس، ستاتی عێراق هەڵوەشایەوە و وەکو قەوارەیەکی ڕامیاری بوونی نەما. ئەمە و گۆڕانەکانی دیکە کە پەیوەستدار بە یا هاوتەریبی ئەو ڕووداوە بوون بوونەهۆی دروستکردنی یا بەهێزکردنی لایەنە پراکتیکی و ڕیالیستیەکەی سازدانی ڕیفەراندەم. ئەو فاکتەرانەی کەدیارن ئەوانە بوون: 1. لەگەڵ ڕووخانی سەدام، عێراق هەڵوەشایەوە و تاڕادەیەکی دیار بارودۆخێکی وەک سەرەتای دروستبوونی ئەو ستاتە لە سەرەتای بیستەکان هێنایە ئاراوە، بەمجۆرە پرسیاری سەربەخۆی کورد و ڕەوایی و ناڕەوایی لکاندنی باشووری بە عێراق زندووکردەوە. 2. عێراق وەک یوگوسلاڤیای کۆن و سۆڤیەتی کۆن هەڵوەشایەوە و نەتەوەی کورد لەباشوور هەمان ئەو دەرفەتەی هاتەبەردەم کە بۆ نەتەوەکانی ناو ئەو وڵاتە هەڵوەشێنراوانە دروست بوو. 3. کوردستان وەک وڵاتاتێکی کۆلۆنیکراو لەژێردەستی دەسەڵاتی کۆلۆنیالیستی عێراق دەربازی بوو، بەمجۆرە ڕەوایەتی دیارکردنی چارەنووسی کوردی دروستکرد. وەکو ئەو ڕەوایەتیەی درایە گەلانی کۆلۆنیکراو لەگەل هەڵوەشانەوەی کۆلۆنیالیزم لەدوای جەنگی جیهانی دوو. (دیارە دەسەڵاتە کوردیەکان و زۆری دیکەش، کوردستان بەکۆلۆنی نازانن). 4. زۆربەی باشووری کوردستان لە 91 بەدواوە تاڕادەیەکی زۆر لەعێراق ترازابوو و ئەمە ستاتوسێکی تاڕادەیەکی زۆر سەربەخۆی بۆ کورد لەم پارچەیە دروست کردبوو (لەگەڵ ئەوەی هەردوو دەسەڵاتی کوردی هەولێر (بەتایبەتی) و سلێمانی بەردەوام هەوڵی لکاندنەوەی کوردستانیان بە عێراق دەدا و هەمیشە خۆیان بەبەشێک لەعێراق زانیوە). 5. هاتنی ئەمەریکا و بوونی بە هاوپەیمانی کورد، بەمجۆرە گۆڕانی هاوسەنگی هێز لەناوچەکەدا بەجۆرێ کە بۆ کورد پۆزەتیڤ بوو و لەهەمان کاتدا لاوازکردنی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان بوو، بەمجۆرە ڕەواندنەوەی مەترسی دەستێوەردانی ئەوانە لە باشووری کوردستان. 6. توانای ئابووری باشووری کوردستان و بوژانەوەی کوردستان (لەگەڵ ئەوەی کە سێ گەماڕۆی لەلایەن یوئێن (بۆ سەر هەموو عێراق باشووریش لەگەڵیدا) و سەدام و وڵاتانی داگیرکەر خرابووە سەری، جگە لە ووردە گەماڕۆ ناوخۆییە کوردیەکان). دەوڵەمەندی باشوور فاکتەرێکی ڕاشکاوە. 7. دیاردە ئەرێتیەکانی سیستەمی نوێی جیهانی بەسەرپەشتی ئەمەریکا کە بانگاشەیان بۆ دەکرێت و تاڕادەیەکی دیار لەشوێن و هەلومەرجی تایبەتدا ڕوویانداوە، لەوانە: یەکەم، گرنگیدانی زیاتر بە مافەکانی مرۆڤ. دووم، ئامادەیی شکاندنی پرەنسیپی سەروەری ستات لەکات و بارودۆخی بوونی پاکتاوی ڕەگەزی و ژینۆساید و هەڵسان بەکاری دەستێوەردان. سێیەم، پشتگیری گەلان و ڕێزگرتنی گەلانی ژێردەستە لەدیارکردنی چارەنوسیاندا. چوارەم، بانگاشەی دیموکراتیزەکردن و بەرزڕاگرتنی چەمکەکانی ماف و ئازادی مرۆڤ.  ئەو فاکتەرانە تەواوکەری فاکتەرە یاسایی و تیۆریەکان بوون کە لەزووێکەوە هەن. واتە زەمینەی پراکتیزەکردن و بەڕیالیزەکردنی سازدانی ڕیفەراندۆم بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی باشوور لەلایەنی یاسایی، تیۆری و پراکتیکیەوە هاتنە ئاراوە. دیارە بەڕیالیزەکردنی خەونی سەربەخۆیی کوردستان نەهەروا ئاسانە و نە بێ کێشەیە، بەڵام ئەوەی مابووەوە بە کورد خۆیەوە پەیوەستداربوو و دەکەوتە سەر زیرەکی و هوشیاری کورد خۆی کە چەند دەتوانێ سوود لەم دەرفەتە دەگمەنە وەبگرێت. وەک د. بورهان گۆتەنی “کورد هەنگاوی زۆری ناوەو لەژێر لوتکەدایە، هەنگاوێکمان ماوە و بەهەوڵ و تەکانێکی دیکە دەگەینە لوتکە”.                                                       دیارە نەتەوەی کورد لەئاستی ئەو دەرفەتەدا نەبوو و کورد وەک هەرجارێ یەکگرتوو نەبوو. نە لەناو خۆیان یەکگرتوون و نە بۆ خەباتیان بۆ سازدانی ڕیفەراندەم بۆ دیارکردنی چارەنووس یا ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئامادە و یەکگرتوو بوون.  ئەمەش هۆکەی و بەرسیاریەتەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ سەرانی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار دەگەڕێتەوە. ئەوان لەلایەک کورد و باشووری کوردستانیان کردۆتە دووپارچە و دابەشیان کردووە، لەلایەکی دیکە ئەوان بۆ دروستکردنەوەی عێراق هەوڵ دەدەن، کورد بە عێراقی دەکەن و لەگەڵ سەربەخۆیی کورستان نین یا ئەوان ئەمە بەهەنگاوێکی ڕیالیستانە نازانن (گومان لەوەدایە ئەوان ئەوەیان لە هەڵسەنگاندنێکی لۆژیکیانەوە وەرگرتبێت، لەڕاستیدا ئەو هەڵوێستەی ئەوان بەگەلێ فاکتەری دیکە پەیوەستدارە کە لێرەدا جێگای لێدوانیان نابێتەوە).  بازۆری لۆ کەمی نەرێین، بەکورتی هاتنەکایەی ئەو دەرفەتە زێڕینە و هەڵوێستی عێراقچیانەی پارتی و یەکێتی بوو کەوایکرد ڕۆشنبیرانی کورد لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان بەدروستکردنی بزووتنەوەی ڕیفەراندەم هەستن و هەوڵی بەڕیالیزەکردنی دیارکردنی چارەنووس لە ڕێگای ڕیفەراندەمەوە بدەن. لای هەموان ئاشکرایە دروشمی بزوتنەوەکە ئەوەبوو، کەوا خەڵکی باشووری کوردستان مافی خۆیانە لەڕێگای ڕیفەراندەمەوە بڕیار لەسەر چارەنووس واتە سەربەخۆیی خۆیان بدەن. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق لە لەسەرەتای بیستەکاندا، بەبێ پرس و ڕەزامەندی خەڵکی کوردستان بوو و ناڕەوا بوو، بۆیە نابێ ئەم کارە ناڕەوایە دووبارە بکرێتەوە. جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە ئەنجامی لکاندنی باشوور بە عێراق کارەسات و پاکتاو و ژینۆساید بوو بۆ کورد، بۆیە نابێ ئەو تاونکاریانە درێژەیان ببێ و کورد ناتوانێ لەگەڵ نەتەوەیەک کە ژینۆساید و ئەنفالی کردووە بژیت.

بزووتنەوەی ڕیفەراندەم دروست بوو، بەڵام دروست بوونێکی نەخۆشانە. لەبەر ئەو هۆیانە: 1. لەسلێمانی سەری هەڵدا و لاسەنگیەکی لەسەر ئاستی کوردستان لەسەرەتاوە دروست کرد. چونکە بزوتنەوەکە بەو شێوەیەی کە سەریهەڵدا کەوتە داوی ناوچەگەرێتی دوو دەسەڵاتەکەی یەکێتی و پارتی. پارتی سەرەتا دژایەتی کرد و پاشان بە دڕدۆنگیەوە پەسندی کرد. ئێستاشی لەگەڵدابێ ئەو لاسەنگیە هەرگیز ڕاستنەکرایەوە و واشپێناچێ ئەمە ڕووبدات لەکاتێکدا مۆمی بزوتنەوەکە لەکزبوون دایە. 2. هەر لەسەرەتاوە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار سەرەتا یەکێتی و پاشان پارتی هەوڵیاندا کەسانی سەربەخۆیان و لایەنگرانیان بخەنە ناو بزوتنەوەکە، تاکو بتوانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاری بێنن، کەنترۆلی بکەن و سنوریی بۆ دابنێن. بەهۆی بوونی دوو فاکتەر کارەکەی ئەوان ئاسان بوو، یەکەم: بانگاشەی بزوتنەوەکە سەبارەت بە بوونی مافی هەموو مرۆڤێکی کورد بەبەشداری لە بزوتنەوەکەدا چونکە ئەو پرۆسەیە بە چارەنووسی هەموو کەسێکی کوردستان پەیوەستدارە. دیارە ئەمە ڕەوایە و گونجاوە، بەڵام ئێمە لەکوێین و پێکهاتەی ناوچەکەمان چۆنە؟ ئەمە دەرگای بۆ کەسانی سەر بەو دوو پارتە زلهێزە کردەوە، لەژێرناوی ئەوەی هەرکەسێک وەکو کورد نەک ڕەنگ بۆی هەیە بەشداری بکات. تەمەنی ساوای بزوتنەوەکە ئەوەی سەڵماند کەوا مرۆڤی کورد نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێ بەرژەوەندی پارت و نەتەوەکەی لەیەکتر جیابکاتەوە. ئەوە دیارکەوت کەوا مرۆڤی کورد هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی سەربەخۆیانە بیربکاتەوە و بتوانێ سەربەخۆ بڕیار بدات. دیارە ئەمە بەهیچ جۆرێک جێگای سەرسوڕمان نییە.  بەکورتی بوونی لایەنگر و کەسانی سەر بەو دوو پارتە بەو مێنتالەی ئێستایان هۆکارێکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەخۆی شەلکردنی بزوتنەوەکە بوو.  ئەمە فاکتەرێکە بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم بەم شێوەیەی ئێستای و لەم پێکهاتەیەی ئەمڕۆی کوردستان ناتوانێ چارەی بکات و بەسەریدا زاڵ بێت. دووەم: کەسانی سەرەکی دەستەی دەستپێشخەر لەکوردستاندا، زۆرینەیان یا سەر بەو دوو پارتەن یا لەلایەن ئەو دوو پارتەوە یارمەتی ژیانیان دەدرێت. بەمشێوەیە سەربەستی و ئازادی ئەو کەسانە سنوردارە و ئەوانە ناتوانن هەنگاوێ بنێن یا هەڵوێستێ وەگرن کە بەجۆرێ لە جۆرەکان بۆ دوو پارتەکە ناپەسند بێت. ئەگەر وابکەن نانیان دەبڕێ و گوزەرانیان لێ تێکدەچێت! بەپێچەوانەوە ئەوانە ناتوانن ڕەچاوی ئەو یارمەتیەی ئەو دوو پارتە نەکەن، بەمجۆرە ئەوان بەئاگا و بێئاگا وادەکەن و هەوڵ دەدەن ئاراستەی ڕامیاری بزوتنەوەکە لە ئاراستەی ڕامیاری دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە نزیک بکەنەوە، لەخراپترین باردا وەکو کارتێکی تاکتیکی بۆ ئەوان بەکاری بێنن. دیارە کەسانێ هەن ڕاستەوخۆ بۆ ئەوە هاتوون. بۆنمونە نەکردنی خۆپیشاندان لە 21ی فەبریوەریدا و داننان بە بوونی عێراق و بانگاشەی ئەوەی کە ئیمزا بۆ سەربەخۆیی کۆ نەکراوەتەوە بەڵگەی بوونی ئەو دیاردەیەن. یا دوورکەوتنەوەی بزوتنەوەکە لە مەبەست و ئامانجی سەرەکی خۆی و خۆ خەریکردنی بە کێشەی دیکە کە غەمی یەکێتی و پارتین، دیسان هێما بۆ بوونی ئەو فاکتەرە دەکەن. 3. سەرکەوتنی بزوتنەوەکە و بەڕیالیزەکردنی بزوتنەوەکە ڕاستەوخۆ بە بوونی پشتگیریەکی سەرتاسەری خەڵکی کوردستانەوە پەیوەستدارە. ئەو فاکتەرە کاتێک دێتەدی ئەگەر زۆرینەی یا هەرچی پارتی ڕامیاری کوردستان هەیە و زۆرینەی ڕاشکاو یا هەرچی خەڵکی کوردستان هەیە لەپشتی ئەم بزووتنەوەیە بووەستن و ئامانجی بزوتنەوەکە کە بڕیاردان لەسەر سەربەخۆییە، ئامانجی ڕاستەوخۆی ئەوان بێت. دیارە ئەمە لە باشوور وانییە و وەک گوترا دوو زلهێزەکە ئامانجی دیکەیان هەیە. واتە بزوتنەوەی ڕیفەراندەم، بزوتنەوەیەکە شێوەی ڕێکخراوێکی گراسڕووتی  سنورداری وەرگرت و کێشەکەی کێشەی خەڵکێکی بەشێک لە خەڵکی کوردستانە. واتە بزوتنەوەکە پشتگیریەکی سەرتاسەری نییە. بەمجۆرە گرنگترین فاکتەری سەرکەوتنی بزووتنەوەکە لەئارادا نییە و دروستیش نەبوو. ئەمە وادەکات بزوتنەوەکە، نە لە ئاستی کوردستاندا و نە لەئاستی ناوچەکە و جیهاندا بتوانێ قورسایی پێویست پەیدا بکات یا وەکو پێویست گوێی بۆ بگیرێت. ڕێکخراوێکی جیهانی وەکو نەتەوەیەکگرتووەکان یا زلهێزێکی وەکو ئەمەریکا سەیری بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم وەکو ڕێکخراوێکی توانا سنوردار و بەشێکی خەڵکی کوردستان دەکەن. بەمجۆرە ئەوان ئەگەر ئیمزای دوو ملیۆن کەسیشیان بۆ بچێت، قورسایی پێویستی بۆ دانانێن، لەکاتێکدا دەبینن دەسەڵاتدارانی کورد بەهیچ جۆرێ پشتگیری هەنگاوێکی ئەوها ناکەن (ئەو ئیمزایانە بەپشتگیری یەکێتی و پارتی کۆکرانەوە، لەمەشدا بەئەگەری زۆر مەبەستی خۆیان هەبوو و لەکاتێکی دیاریکراودا بوو، بۆیە ڕێگایان پێنەگرت). لەکاتێکدا دەبینن دەسەڵاتدارانی کورد خۆیان بەعێراقی دەزانن و هەوڵی پاراستنی یەکێتی خاکی عێراق دەدەن. بەکورتی بۆ ئەوان ئاساییە ببینن کەوا خەڵکێک بە پۆلیتیکی یەکێتی و پارتی ڕازی نییە یا لەگەڵ دروستکردنەوەی عێراقدا نییە، چونکە ئەمە لەهەر سیستەمێکی دیموکراسیانەی ئازادا جێگای دەبێتەوە و خەڵک ئازادە چۆن بیردەکاتەوە. 4. خەڵکی کوردستان پەروەردەی کەلتورێکی سەربەخۆخواز نین. مرۆڤی کورد لە باشوور زیاتر لە نیو سەدەیە بە کەلتوری ئۆتۆنۆمی پەروەردە دەکرێت و نیو سەدەیە پارتە دەسەڵاتدارەکانی کورد ناگونجاویی و نابەجێی سەربەخۆخوازی لە مێشکی خەڵک دەپەستن. ئەم کەلتورە ڕامیاریە کەلتورێکە مافی سنوردار و ژمارە دوویی پێ چارەسەرەی گونجاوە. ئەم کەلتوورە خۆگونجاندنی هەڵبژاردووە و ئامادە نییە داگیرکەر ڕەتکاتەوە. ئەم کەلتوورە سەرداری داگیرکەری لاپەسندە و نەتەوەی باڵادەست بە گەورە و لەشکان نەهاتوو سەیر دەکات. ئەم کەلتورە کار بۆ پاراستنی یەکێتی خاکێک دەکات کە بەسەریدا سەپێندراوە هتد.. بەکورتی مرۆڤی کورد لەباشوور پەروەردەی ئەو کەلتورەیە، ئەوە وادەکات مێنتال و سایکۆلۆژیایەکی لادروست بێت کە ئەو جۆرەبیرکردنەوەیە ئاوێتەی خۆی دەکات. ئەمە وادەکات ئەم خاڵانە ناوەندی گۆشەنیگای ئەو بۆ دەوروبەر بێت. بەمجۆرە نەتوانێ هەروا بەئاسانی دەستبەرداری ئەم جۆرە تێگەیشتن و بیرکردنەوەیە ببێت و ئەگەر بەهۆیەک لە هۆیەکان دووریشکەوتەوە ئەوا بەئاسانی و هەر کاتێ هێمایەکی تێگەیشتنە دێرینەکەی بینی بگەڕێتەوە. بۆیە تاکەکانی ناو بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم خەڵکێکن پەروەردەی ئەم کەلتورە نەزۆکەن. هەوڵی دەرچوونیان لەژێر کاریگەری ئەم کەلتورە ئاسان نییە و زۆر سەخت دەبێ کاتێ ببینن کە “دەمڕاستانی” کورد ئامادەنین وازی لێبێنن و شەڕ لەپێناویدا دەکەن. بۆیە زۆر لە کەسەکانی ناو بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم وەکو پێویست سەربەخۆخواز نین و گیرۆدەی پەروەردەی ڕابردوون، ئەوە بۆتەهۆی لاوازیان لە تێگەیشتن و لێکدانەوەی کوردستانی بوونیاندا و بەمجۆرە لاوازی و ڕاڕاییان لە هەڵوێستەکانیاندا.  بەکورتی لەگەڵ هەبوونی ئەم ئەگەر و فاکتەرە نەگەتیڤانە، بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم هەر دروست بوو، چونکە پێداویستی بزوتنەوەیەکی ئاوا و خۆیابوونی فاکتەرە پۆزەتیڤەکان زۆر زاڵ بوون.

هەموو یا زۆربەی نامیلکە و وتارەکانی سەرەتای بانگەوازەکە و دەستپێکردن جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە کەوا نابێ بەبێ پرسی خەڵکی کوردستان، چارەنوس و ئاییندەی کوردستان دیاربکرێت. واتە نابێ و ناڕەوایە بەبێ پرسی خەڵکی کوردستان  و بەبێ ئازادکردنی خەڵک لەبڕیاری سەربەخۆییاندا، کوردستان جارێکی دیکە بە عێراق بلکێنرێتەوە. بەمشێوەیە دروشم و ئامانجی بزوتنەوەکە ئەوەبوو کە، “خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە، خۆیان لەڕێگای ڕیفەراندۆمەوە بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن”. ئەوە ناوک و گەوهەری دروستبوونی بزوتنەوەکەیە و پرەنسیپی بنچینەیی و سەرەکی بزوتنەوەکەیە، بزوتنەوەکە میکانیزمێکە بۆ بەڕیالیزەکردنی ئەو پرەنسیپ و ئامانجە. هەر ئەوەشە ڕەوایەتی دەداتە بوونی بزوتنەوەکە. هەربۆیەش پێویستە کار و هەنگاو و هەڵوێستەکانی بزوتنەوەکە، لەلایەک لەسەر ئەم بنچینەیە بێت، لەلایەکی دیکە بۆ مەبەستی دیکە نەبێت. واتە بزوتنەوەی ڕیفەراندەم وەکو بزوتنەوەیەکی جەماوەری هەڵگری یەک بابەتە و بۆ ئەم بەڕیالیزەکردنی یەک ئامانج کاردەکات. بۆیە خۆ خەریککردن بە بابەتی وەک یەکگرتنەوەی دوو بەڕێوەبەرایەتیەکە، چەسپاندنی مافی چارەنووس لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا، هەوڵی گەڕانەوەی ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان بۆ سەر کوردستان و هتد، هەمووی سنوری پرەنسیپی بنچینەیی بزوتنەوەکە دەبەزێنن و واتا و ڕەنگی دیکە بە بزوتنەوەکە دەبەخشن. ڕاستە ئەو خاڵانە غەمی هەموو کوردێکن و بزوتنەوەی ڕیفەراندەم بۆی هەیە و باشە پشتگیریان بکات، بەڵام ئەوانە کار و ئەرکی سەرەکی بزوتنەوەکە نین. ئاشکرایە بەشێوە و هەوڵی جودا ئەو خاڵانە هەمووی لەلایەن هەردوو دەسەڵاتەکە و پارت و ڕێکخراوەکانی دیکە بانگاشەی هەوڵیان بۆ دەکرێت و ئەوان بەئەرکی خۆیانیان دەزانن. دیارە هەر لەگەڵ کۆبوونەوەکەی هەولێر کە لە 2003.12.25 بەسترا ئەم سنورە بەزێندرا و لەوێدا دان بە ئەنجومەنی حوکم و بوونی عێراقی ئاییندە دانرا و داوا دەکات مافی چارەنوس لەدەستوری عێراقدا بچەسپێندرێت. ئەمە یەکەم هەنگاوی شکاندنی پرەنسیپی بنچینەی بزوتنەوەکە و لەهەمان کاتدا خۆ نزیکردنەوە لە هەردوو دەسەڵاتەکە بوو، بەمجۆرە گومانی خستە سەر هەنگاوەکانی بزوتنەوەکە. ئەوە شکاندن و لادان بوو چونکە، بزوتنەوەکە لەسەر ئەو بنچینەیە دروست بوو کە دان بە لکاندنەوەی باشوور بە عێراق بەبێ بوونی گشتپرسی لەسەر چارەنوس دانانێ و بەڕەوای نازانێ. بەمجۆرە یەکێتی خاکی عێراق بەپیرۆز نازانێ و هەر هەوڵێکیش بۆ ئەمە بەخراپ دادەنێ. لادان بوو چونکە مەبەستی بزوتنەوەکە ئەوەبوو بەرلەوەی عێراق دروستکرێتەوە پرس بەخەڵکی کوردستان لە دیارکردنی چارنوسیدا بکرێت، کەچی ئەوان لەکۆبوونەوەکەدا دان بە دروستبوونەوەی عێراق و یەکێتی خاکەکەیدا دەنێن و ئەوەیان پەسندە بەبێ پرسی خەڵک، کوردستان بە عێراق بلکێنرێتەوە، بۆیەش داوا دەکەن مافی چارەنوس لەدەستوری عێراقدا بسەپێنن، ئەو عێراقەی ئەوان بەهەند هەڵناگرێ و دەکرێنەوە بەشێک لێی. ئەگەرنا ئەوان باسی کام عێراق دەکەن کە نییە و دواڕۆژی ناڕوونە! ئەی ئەوان نەیانگوت لکاندنەوەی کوردستان بەعێراق بەبێ پرسی خەڵک لەسەر چارەنوس ناڕەوایە! ئەوە ئەگەر  ئێمە بزوتنەوەکە بە بزوتنەوەیەکی کوردستانی ناوزەد بکەین، وەکو زۆر لەوانەی دەرەوەی کوردستان وای تێگەیشتن. دیارە ئەگەر بزوتنەوەکە لەسەرەتاوە ئەوەی ڕاگەیاندایە کە وەک ڕێکخراوێکی ڕامیاری هەڵگری کۆمەڵێ بەرژەوەندیە و بۆ کۆمەڵێ ئەرک و ئامانج (وەک بۆ نمونە چەسپاندنی مافی چارەنوس لەدەستوری عێراقدا) کار دەکات و دەیەوێ بەمەبەستی بەدیهێنانی ئامانجەکانی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ لە دروستکردنەوەی عێراقدا و لەسەر مێزی گفتوگۆکان بەشدار بێت، ئەوە شتێکی دیکە و بابەتێکی دیکە بوو. شایانی گوتنە دواتر لادان و دوورکەوتنەوە لە پرەنسیپی سەرەکی و بنچینەیی بزوتنەوەکە هەر بەوەندەش نەوەستا.

هەرچۆنی بێت خەڵک بەپەرۆشەوە لەدەوری بزوتنەوەکە کۆبووەوە و هەڵمەتی ئیمزا کۆکردنەوە دەستی پێکرد. یەکێتی و پارتی زۆر کاریان بە بوونی ئەم ئیمزایانە لەو کاتە دیاریکراوەدا هەبوو، ئەوان لەگەرمەی گفتوگۆدا بوون و هەوڵی چەسپاندنی مافی فیدرالیان لە چوارچێوەی عێراقدا دەدا و بوونی ئەم ئیمزایانە کارتێکی گوشاری چاک بوو بۆ بەدیهێنانی هەوڵەکانیان. واتە ئەوان وەکو کارتێکی تاکتیکی بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم و ئیمزاکانیان بۆ خۆیان بەکار هێنا. هەر بۆیەش ئەوان پشتگیری ئیمزا کۆکردنەوەکەیان کرد و یارمەتی بزوتنەوەکەیان دا. خۆزگە بیان توانیبا سوودی لێوەرگرن! سەیر لەوەدابوو هەڵوێستی نوێنەری بزوتنەوەی ڕیفەراندەم لە بەغدا ڕێک بەجۆرێ بوو کە یەکێتی و پارتی ئارەزوویان بوو. بەڵێ 1.700.000 ئیمزا کۆکرایەوە و بۆ بەغدا بردرا و درایە هاوپەیمانان و “ئەنجومەنی حوکم” و لەوێش گوترا ئەم ئیمزایانە بۆ سەربەخۆیی کۆنەکراونەتەوە! بەرپرسی پارتەکانیش کە لەوێدا لەگەرمەی گفتوگۆدا بوون وەکو کارتی گوشار بەکاریان هێناو بەقەد پووشکەیەکیش ڕێزیان بۆ ئیمزاکانی خەڵکی کوردستان دانەنا. چونکە ئەگەر ئەوان ڕێزی هەڵوێستی خەڵکیان بگرتایە، بەغدایان بەجێدەهێشت و دەیانگوت خەڵکی کوردستان دەیەوێ دەنگدان لەسەر سەربەخۆیی خۆی بکات و ئێمەش وەک نوێنەری ئەو خەلًَکە بۆمان نییە لاری لەبڕیاری ئەوان بکەین. لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستە نەرێتیەی دوو پارتەکە، بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم نقەی نەکرد! بۆ بیکردایە؟! ئەدی ئەوان وەکو نوێنەری دڵسۆزی دوو پارتەکە نەدوان! گرنگە ئەوە بگوترێت کەوا بوونی 1.700.000 ئیمزا بەبێ یەکودوو ڕەنگ لە هەڵوێستی ڕاستەوخۆی هەموو خەڵکی باشووری کوردستان دەداتەوە و لاری لەم ڕاستیە ناتوانرێ بکرێت. گرنگی و قورسایی ئەم هەموو ئیمزایانە باشتر دەردەکەوێت گەر سەیری بۆ نمونە ڕاپرسیەک  لەئەمەریکا بکەین. لە وڵاتێکی وەکو ئەمەریکا بۆ زانینی هەڵوێستی خەڵکی ئەمەریکا سەبارەت بە بابەتێک، پرسیار لە چەند هەزار کەسێک یا دەپازدە هەزار کەسێک دەکرێت، پاشان ئەنجامەکەی واتە هەڵوێستی خەڵکەکە گشتگیرانە بۆ هەموو خەڵکی ئەمەریکا کە زیاتر لە دووسەد ملیۆنە بەکار دەهێنرێت.  بۆیە ئەم ئیمزایانە و ئەوانەی هەندەران کە زیاتر لە 47.000 هەزار بوون، هەڵوێستی ڕاشکاوی خەڵکی  باشووری کوردستان لەناوەوە و دەرەوە بوون و تێکڕا یا زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لکاندنی باشووریان بە عێراق بە بێ ڕیفەراندۆم لەسەر چارەنوس ڕەتکردەوە. وەکو گوترا ئەم هەموو ئیمزایە نەیتوانی مووی سەری پەرپرسانی یەکێتی و پارتی ببزوێنێ و لە دروستکردنەوەی عێراق و مۆرکردنی دەستوری کاتی عێراق ساردیان کاتەوە!

دەستوری یا یاسای کاتی مۆرکرا و لە دەستورەکەدا نەخشەی گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق و دروستکردنەوەی عێراق داڕێژراوە و جەخت لەسەر پیرۆزی یەکێتی خاکی عێراق بەکوردستانیشەوە دەکرێتەوە. لە یاسا کاتیەکەدا بە ڕەزامەندی و دەستپێشخەری دەسەڵاتدارانی کورد مافەکانی کورد پاشەکشەیان پێکراوە. سەرەڕای ئەوە ئەوەی دەسەڵاتدارانی کورد داوایان کرد بۆیان نەهاتەدی و نەچووە سەر. لەیاسا کاتیەکەدا خاڵ هەیە کارەساتە بۆ کورد. خاڵ هەیە بەڕشکاوی نکۆڵی لە کوردستانی بوونی کەرکوک دەکات. خاڵ هەیە پشتگیری لە هەنگاوەکانی پێشووی بەعس و بەعەرەبکردن دەکات. بەووشەیەکیش ناوی تاوانی ژینۆسایدی ئەنفال باس نەکراوە و چەمکی ئەنفال و بەعەرەبکردن لەیاساکەدا نەهاتووە. کەچی دەسەڵاتدارانی کورد یاسا کاتیەکەیان بەدڵخۆشیەوە ئیمزاکرد و پێیان وابوو سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە! بەڵام کەی ئەوان سەرکەوتوو نەبووین!

بالەوەگەڕێین و بێنەوە لای بزوتنەوەی ڕیفەراندەم. ئەم هەنگاوی مۆرکردنی یاسا کاتیە کە بۆ دروستکردنەوە و گەڕانەوەی سەروەری عێراق کرا، گوێی نەدایە بالۆرەی مافی چارەنوسەکەی بزوتنەوەی ڕیفەراندەم و بەڕاشکاوی دەیەوێ بەبێ پرسکردن و ڕێزگرتنی خەڵکی باشووری کوردستان، کوردستان بە عێراق بلکێنێتەوە. ئەمە ڕێک بەپێچەوانەی ئامانجی بزوتنەوەی ڕیفەراندۆمە. دیارە ئەمە هەنگاوێکە هەر بەتەنیا عەرەبەکان و ئەمەریکاییەکان لێی بەرپرس نین، بەڵکو دەسەڵاتدارانی کوردیش لەم بەرپرسیاریەتە و تاوانە بەشدارن. لەمبارەدا و لەکاتێکدا ڕێز لەهەڵوێستی خەڵکی ناگیردرێ و پرسی لە لکاندنەوەی کوردستان بە عێراق پێ ناکرێت، تەنها ئەوە بۆ بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم دەمێنێتەوە کەوا هەڵوێست بنوێنێ و دژی ئەم هەنگاوە بوەستێتەوە. کەچی بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم نەک هەر بێدەنگ و بێهەڵوێست بوو، بەڵکو تێبینی هەندێ لە دەمڕاستەکانی لەسەر یاسا کاتیەکە، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ تێبینیەکانی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی نەبوو! ڕێک یەکێتی و پارتی چۆنیان دەخواست ئەوانیش بەم شێوەیە دوان! لەڕاستیدا نەک بەتەنها هەڵوێست دەربڕین بەڵکو دەبوایە بزوتنەوەی ڕیفەراندۆم کوردستان بە مارش و خۆپیشاندانی ناڕەزایی بهەژێنێ و جیهان لەم تاوانە ئاگادار بکاتەوە. بەڵام دەنگ لەبەرد هات لەبزوتنەوەی ڕیفەراندەم لەکوردستان نەهات (دیارە لەئەوروپا هەندێ کۆمیتە بەجیا و بەتەنیا هەڵوێستیان پیشاندا)، بەڵام ئەوانیش نەیاتوانی یەکگرتووانە و بەیەکەوە وەکوبزوتنەوەی ڕیفەراندەم لە هەندەران هەڵوێستێکی یەکگرتوانە پیشان بدەن، ئەمەش چونکە نەخۆشیەکەی کوردستان هەندەرانیشی گرتۆتەوە.

ئێستا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاتی گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق بەمجۆرە لکاندنەوەی باشوور بە فەرمی بەعێراق نزیک دەبێتەوە و ڕۆژانە باسی دەکرێت. 30 ژون (حوزەیران) ڕەشترین ڕۆژە بۆ باشووری کوردستان، چونکە ئەو سەربەخۆییە دیفاکتۆیەی باشوور هەیبوو، لەم ڕۆژەدا بەفەرمی و بەهاوکاری دەسەڵاتدارانی کورد لەگۆڕ دەنرێت. ئەو ڕۆژەیە کە سەروەری بەفەرمی بۆ عێراق دەگەڕێتەوە و باشوور دەکرێتەوە بەشێک لەعێراقی عەرەبی. ئەو ڕۆژەیە کە ڕەوایەتی دەداتەوە بەغدا سەرداری باشووری کوردستان بێت. ئەو ڕۆژەیە کەکوردستان تووشی چارەنوسێکی نادیار دەکاتەوە. ئەو ڕۆژەیە کەچارەسەری کێشەی کورد خۆی لێگێل دەکرێ و بەنیوەچڵی بەجێدەهێڵدرێت  و هتد.. ئەرکی سەرشان و لەپێشی بزوتنەوەی ڕیفەراندەم ئەوەیە کە دژی ئەم لکاندنەوەیەی کوردستان بەبێ پرسی خەڵک لەسەر چارەنوس بوەستێتەوە و ڕۆژانە خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەشارەکانی کوردستان بەتایبەتی و هەندەران بەگشتی بەرپا بکات و ڕیسوای ئەم هەنگاوە ناڕەوایە بکات. بەهەموو جیهان ڕابگەیەنێ کەوا خەڵکی باشووری کوردستان، لکاندنەوەی کوردستان بە عێراق، بەبێ ڕیفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ڕەتدەکەنەوە. چونکە بزوتنەوەکە بۆ ئەوە دروست بوو بەر بەو مەترسیە بگرێت، بەڵام ئەوە بەچرقەی نیوڕانێ و لەسەر پشتی کورد ئەم کارە ناڕەوایە ئەجام دەدرێت. کەچی ئەوەی دەیبینین نەک هەر بێهەڵوێستیە، بەڵکو ئێستا بزوتنەوەی ڕیفەراندەم خەریکە یەکگرتنەوەی دوو میرنشینەکەی خستۆتە سەرووی لیستی ئەگێندای خۆی و بەئەرکی لەپێشی ئێستای دەزانێ! ئەوە لەکۆبوونەوەکەی 4ی مایدا جەختی لەسەر کرایەوە. ئەوە دیسان ڕێک ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی دەیخوازن، ئەمە جگەلەوەی دوورکەوتنەوەیە لەپرەنسیپ و ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەکە. کەس دژی یەکگرتنەوەی دوو میرنشینەکەی بارزانی و تاڵەبانی نییە، بەڵام ئەمە کاری بزوتنەوەی ڕیفەراندەم نییە. کاری بزوتنەوەی ڕیفەراندەم وەکو گوترا، بەڕیالیزەکردنی ڕیفەراندەمە لەسەر مافی چارەنوس بۆ خەڵکی باشووری کوردستان. کار و ئەرکی بزوتنەوەی ڕیفەراندەم ئەوەیە بەڕووی هەر هەنگاوێک کە ڕێز بۆ خەڵکی کوردستان دانانێ و پشتگوێی گشتپرسی لەسەر چارەنوس دەکات، ببێتەوە و ڕیسوای بکات. ئەم هەنگاوەی بزوتنەوەی ڕیفەراندەم لە کوردستان جێگای گومان لێکردنە. بۆ؟ یەکەم، دوورخستنەوەی بزوتنەوەکە لەئەرکی سەرەکی و سەرشانی لەم قۆناغە ناسکەدا کەتێیدا پرۆسەی گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق و دروستکردنەوەی عێراق ڕوو دەدات. وەکو گوترا سازکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی ئەم دروستکردنەوەیە. بەڵام لەکاتێکدا بزوتنەوەکە بە ئەرکێکی دیکەی دوور لە پرەنسیپەکەی خۆیەوە خەریکە، ئەوا بەری بە کاری سەرەکی خۆی نامێنێ و ئەو کارە دەکات کە یەکێتی و پارتی گەرەکیانە. دووەم، دوورخستنەوەی بزوتنەوەی ڕیفەراندەم لەهەر هەنگاوێکی کوردستانیانە، کە دەکرێ ببێتەهۆی هەراسان کردنی دوو زلهێزەکە یا ناتەبابێ لەگەڵ پۆلیتیکی عێراقچیانەی ئەوان، بەجۆرێ کەببێتەهۆی لەقکردنی هەڵوێستی عێراقچیانەی ئەوان بەرامبەر بە ناوچەکە و جیهان. بەواتایەکی دیکە بەرگرتن بە لەقککردنی ستاتوسی دووزلهێزەکە وەک نوێنەری کوردان. سێیەم، بەکارهێنانی تونای میللی ئەو بزوتنەوەیە بۆ چارەسەری یەکێ لەکێشە گەورەکانی دوو دەسەڵاتەکە. ئەمەش لەلایەن کەسانی وابەستەی دوو زلهێزەکە کە لەناو بزوتنەوەکەدان، ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ هەوڵی بۆ دەدرێت. گریمان ئەو هەنگاوەی بزوتنەوەی ڕیفەراندەم لەلایەن کەسانی دووپارتەکەوە نە ڕاستەوخۆ یا ناڕستەوخۆ پلان نەکراوە. ئایا ئەم کارە گونجاوە؟ یەکەم، ئەمە کاری ئەو بزوتنەوەیە نییە و ئەو بزوتنەوەیە بۆ ئەم مەبەستە دروست نەبووە. ڕاستە یەکگرتوویی کوردستان فاکتەرێکی گرنگە و لەبەرژەوەندی گشتدایە، بەڵام بزوتنەوەی ڕیفەراندەم تەنها بۆی هەیە پشتگیری هەنگاوێکی ئەوها بکات نەک بیکاتە ئەرکی لەپێشی خۆی. چونکە بزوتنەوە ئەرکی گرنگ و ناکایی لەبەردەمە و 30 ژون لەبەر لوتی وەستاوە. دووەم، بەچی پێوانە و هۆشمەندیەک بزوتنەوەی ڕیفەراندەم پێیوایە، ئەو دەتوانێ ئەو دوو میرنشینە یەکخاتەوە؟! ئەو دوو بەرەبابە کەی گوێیان بەهەڵوێستی خەڵک داوە، ئەوانە هەمیشە چیان ویستووە وایان کردووە. هیچ مرۆڤێکی کوردستان نەما داوای یەکگرتنەوەی ئەو دوو دەسەڵاتە نەکات و تکای ئەوەیان لێنەکات، کەچی ئەوان گیز لەباری خۆیان دەژمێرن و لەخۆیان بترازێ گێ نادەنە کەس. ژنان، نووسەران و پیاوماقولان نەما هەوڵی ئەوە نەدەن و چی نەما نەکرێت، کەچی ئەوان نەبایان دیووە و نەباران! سەرانی ئەو دوو پارتە چەندین جار بەکردەوە و بەڕاشکاوی دەریانخستووە و سەڵماندویانە ئەوان بەرژەوەندی و کورسی و دەسەڵاتی خۆیان بەبابی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان ناگۆڕنەوە و ئامادەبوون لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتیاندا کوردستان لەخوێن بگەوزێنن. باشترین بەڵگەی زیندووی ئێستا بۆ ئەمە، دابەشکردنی کوردستان (کوشندەترین خەنجەری ژاراوی لەپشتی کورد و کێشەکەی) و لاملیانە لەیەکخستنەوەی. کەچی ئێستا بزوتنەوەی ڕیفەراندەم پێیوایە داری موسای پێیە و ئەو دەتوانێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکات! پێیوایە “سەرۆک و ڕابەر” گێ لەو دەگرن! ئەوە ئەگەر کارێکی پلانکراو نەبێت، تەنها دوورکەوتنەوەیە لەئەرکی سەرەکی و لەپێشی بزوتنەوەکە و خۆ لەخشتەبردنە و چیترنا.

بەکورتی لەئەنجامی ئەمەی سەرەوەدا دەتوانین بڵێین، بزوتنەوەی ڕیفەراندەم بەتایبەتی لەکوردستاندا لەژێر کەنترۆلی دوو دەسەڵاتەکە دایە و ئەوان پێویستیان پێی هەبێ پفی تێدەکەن، یارمەتی دەدەن و تەلەڤیزیۆنی بۆ دەکەنەوە، هەرکاتێکیش کاریان پێی نەما یا لەبەرژەوەندیان نەبوو، ڕێگای سازکردنی خۆپیشاندانی پێدەگرن، کاری خۆیانی پێ دەسپێرن و پڕۆگرامەتەلەڤیزیۆنیەکەی ناهێلن. ئەوەی وایکردووە کە بزوتنەوەی ڕیفەراندەم وەک دەستکەلای ئەو دوو زلهێزە بەکاربێت یا ئاسانکاری بۆ ئەو کارە بکات، ئەوەیە زۆر لەکەسەکانی ناو بزوتنەوەکە و کەسانی هەڵسوڕێنەری بزوتنەوەکە بەتایبەتی لەکوردستاندا یا کەسانی سەر بەو دوو پارتەن یا کەسانێکن بژێوی ژیانیان لای یەکێتی و پارتیە و نایانەوێ نانبڕ بکرێن. بۆیە بزوتنەوەکە ناتوانێ سەربەخۆ بێ و بەمجۆرە پێ لەسەر پرەنسیپ و ئامانجی سەرەکی خۆی دابگرێت و بەڕووی هەنگاوی دژانە بوەستێتەوە. هەربۆیەشە ئەو بزوتنەوەیە لاواز و بێهەڵوێستە، بەمجۆرە لەئاستی پەیام و ئەرکەکانیدا نییە. دیارە ئەگەر بزوتنەوەی ڕیفەراندەم سەربەخۆ و لەئاستی پرەنسیپ و ئەرکی مێژوویی خۆی بوایە، دەبوایە بێهەڵوێستی بەرپرسان بەرامبەر بە نزیکەی دوو ملیۆن ئیمزای خەڵکی کوردستان ڕیسوا بکات. مۆرکردنی دەستوری کاتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردەوە ڕیسوا بکات. دەبوایە گەڕاندنەوەی سەرداری عێراق بۆسەر کوردستان ڕیسوا بکات. دەبوایە 30 حوزەیران ڕیسوا بکات. ئەرکی لەپێش و سەرشانی بوو کەوا لکاندنەوەی باشووری کوردستان بەعێراق بەبێ پرسی خەڵکی کوردستان ڕیسوا بکات و ڕۆژانە ڕێپێوان و خۆپیشاندان سازبکات و بەهەموو جیهان ڕابگەیەنێ کەوا خەڵکی باشووری کوردستان، لکاندنەوەی کوردستان بە عێراق، بەبێ ڕیفەراندۆم لەسەر سەربەخۆیی ڕەتدەکەنەوە.