بیرەوەریی و ئەگەرەکانی تەواوەتی لە گێڕانەوەدا

لەڕووی مێژووییەوە بیرەوەریی کە وەکو لقێکی ئەدەبی سەیری دەکرێت بە دینی کریستیانی دەبەسترێتەوە و دەگوترێت یەکەم بیرەوەری کتێبی دانپێنانە، کە لەلایەن قەشەی کرستیان ئۆگوستین  Augustin(یا ئۆغستینۆس کە بەزمانی عەرەبیش هەیە) لەنێوان ساڵانی ٣٩٧-٣٩٨ پاش زایین نووسراوەتەوە.  دوای ئەوە گێڕانەوە ئایینییەکان نووسراونەتەوە و نووسینیان لەسەرکراوە. لەهاتنی سەردەمی ڕۆشنگەریدا لەگەڵ گەشەسەندنی بیروهزری سیکولاریدا لەبارێکدا توێژێک لە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە گرنگی بە هۆشمەندیی مرۆڤ دەدەن و ڕەخنە لە تێگەیشتنە دۆگمی و ئایینییەکان دەگرن، لە قاوغی کۆنەپارێزیی و ناهۆشمەندی چەقگرتوو دەردەچن، کەلەلایەن خۆیەوە کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی کەسەکان لە گێڕانەوەی ڕابردوودا دەنوێنێت….

بیرەوەریی و ئەگەرەکانی تەواوەتی لە گێڕانەوەدا

نووسینەوەی بیرەوەریی لە سێ دەیەی ڕابردوودا شوێنێکی تایبەتی لە کتێبخانەی کوردیدا لە کوردستاندا بۆخۆی گڕداوە، وە بیرەوەریی پێشمەرگە دێرینەکان و کەسایەتییە سیاسیەکان بەتایبەتی توانیوویانە سەرنجی خەڵک ڕابکێشن، وەکو ڕابردووی گەلی کورد تەژییە لە تراژیدیا و بەسەرهاتی جەرگبڕ، کە بەجۆری جیاواز و بەنیوەچڵی بیستراون یا بەشارەاوەیی ماونەتەوە و خەڵک تامەزرۆی زانینیانن. لەبەر گرنگی ئەم لقەی ئەدەبی سیاسی بەپێویستم زانی هەروەستیەک لەسەر ئەم چەمکەی “بیرەوەریی” و ئەگەرەکانی تەواوەتی لە گێڕانەوەدا بکەم.

بیرکەوتنەوە پێویستی بە ژیاندنەوە هەیە تاکو ببێت بە بیرەوەریی، دەکرێ کەسێک ڕابردووی لەبیر بێت و بەوردی لەبیری بێت ڕووداوێک چۆن بووە، فڵان چی گوتووە و چی کراوە، ئەگەر ڕووداوەکە زیندوونەکرێتەوە ئەوجا چ لەڕێگەی نووسینەوە یا گێڕانەوەی زارەکیەوە بێت، ئەوا ئەم بیرکەوتنەوەیە زیندووناکرێتەوە و نابێتە بیرەوەریی.  لەمبارەدا بیرەوەریی لەخودی کەسدا بەزگماکی سەردەنێتەوە و هەرگیز نادرکێندرێت. وەکو کۆمەڵناسی ناودار سۆوەن کیەکەگۆ Søren Kierkegaard پێیوایە دەکرێ ڕووداوێک زۆر بەوردی لەبیرمان بێت بێئەوەی بیگێڕینەوە. بۆیە ئەو “بیرکەوتنەوە” و “بیرەوەیی” بەڕوونی لەیەکتر جیادەکاتەوە.

بیرەوەریی خود Biography یا مێژووی ژیان؟ لە بەرایی مێژووی سەرهەڵدانی بیروهزری ئایینییدا گێرانەوە بیستراون و پشتاوپشتیان پێکراوە، هەندێ نووسراویش هەن کە گوزارشت لە ژیانی پێغەمبەرەکان دەکەن، بۆنمونە وەکو گوزارشتی ژیانی عیسا لە ئینجیلدا.  بیرەوەریی خود دواتر هاتووە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی پاش زایین کە ئەویش وەکو دەگوترێت کتێبی دانپێنانەکەی ئۆگستینە. دیارە جیاوازی هەیە لەنێوان بیرەوەریی و مێژووی ژیاندا، چون بیرەوەریی پەیوەندییە لەنێوان یاداشتکەر و بابەتدا، هەرچی مێژووی ژیانە پەیوەندییە لەنێوان یاداشتکەر و نووسەردا. نووسینی مێژووی ژیانی کەسێک لەزۆربەی بارەکاندا لەلایەن نووسەرێکەوە یاداشت دەکرێت. مێژووی ژیانی کەسێک لە دیدێکی کۆکەرەوەی هاوبەشی تەواودا دەنووسرێتەوە. بەڵام دەکرێ بیرەوەری خود تەنها جەخت لەسەر چەند قۆناغێکی ژیانی کەس بکاتەوە و لێی بدوێت. هەردوو جۆر بێگومان گرنگیان هەیە، بەڵام بیرەوەری خود کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسەکە خۆی دەنووسرێتەوە زانیاری و بەسەرهاتەکان ڕاستەوخۆ دەگەیەنێت.  باش یا خراپ کەسەکە خۆی لێی بەرپرسیارە. ئەگەر نووسەرێک مێژووی ژیانی کەسێک بنووسێتەوە، ئەگەری بارگاویبوونی مێژووی ژیانی کەسەکە بەبیروهزری نووسەرەوە هەیە. دیارە دەکرێ هەوڵی شێواندنی بەسەرهاتەکان لەهەردوو جۆردا بەئاگایانە یا بێئاگایانە هەبن. وەکو کتێبە ئایینی و مێژوویەکان مشتوومڕ و دیباتی زۆریان لەمبارەیەوە دروستکردووە.

بیرەوەریی خود دەکرێ بە جۆری جیاواز بخرێتەڕوو یا سوودی لێوەربگیرێت، بەجۆرێک لەنێوان نووسین لەشێوازی ڕۆمانەوە تاکو ئامۆژگاری، ڕێپیشاندانی ڕێچکەی ژیان یا بەدەکومێنتکردنی ڕووداودا جووڵە بکات. لە نووسینەوەی بیرەوەرییدا نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی دەقەکە گرنگیی بەچ لایەنێکی ژیان یا بە چ بوارێک دەدات. لایەنە ئەدەبی و کەلتوریەکان، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەکان، ئایینیەکان یا مێژوویی و سیاسیەکان، هەر بوارێک لەم بوارانە دەکرێ گرنگی تایبەتیان پێبدرێت. هەروەها نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی چ ڕۆڵێک بەخۆی دەدات، ئایا نیازی ئەوەیە ڕۆڵی خۆی لە ڕووداوەکاندا بخاتەڕوو، یا ئەزموونی ژیانی خۆی لە بۆتەی گێڕانەوەیەکی ئامۆژگاریئامێزدا بخاتەڕوو، یا ڕاستییەکان لە سەردەمێکی دیاریکراودا بخاتەڕوو، یا گوزارشتێکی ئەدەبیانەی بەسەرهاتەکانە بێئەوەی هێندە جەخت لەسەر خاڵە ورووژێنەرەکان و دیباتئامێزەکان بکاتەوە، وەکو نووسینی بیرەوەریی بەگوزارشتی پەخشاناویی و زمانی پاراوەوە بێگومان سەرنجڕاکێشە و خوێندنەوەی بۆ گەلێ لە خوێنەران بەچێژە. دەکرێ لای نووسەر گرنگبێت لە خود و تێپەرینی کەسایەتی خود وەکو پرۆسەیەک بەقۆناغە جیاجیاکاندا لەدیدێکی دەرونی تایبەتەوە قووڵبێتەوە و بدوێت، لەلایەنی ئەزموون و تاقیکردنەوە ئینتیم (تایبەت و کەسیی)  intimate و کەسییەکانەوە قووڵبێتەوە، کە تیایدا دانپێنان و پەشیمانی، خۆشەویستی و کردارە تایبەتە ئینتیمەکان، کێشە دەروونیەکان دەکرێ گرنگیان پێبدرێت، وەکو بۆنمونە قووڵبوونەوەی فەیلەسوف و کۆمەڵناس ڕۆسۆ Rousseau کە بەجۆرێکی بێهاوتا لەسەردەمی خۆی لە بابەت و کێشە دەروونی و کەسییەکان لەبەرڕۆشنایی ئازادیی سروشتی مرۆڤ لەسایەی مەرج و سنورەکانی ئایین و کۆمەڵگەدا قووڵدەبێتەوە، بەجۆرێک کەوا تا ئەمڕۆ جێگەی سەرنجی شارەزایانە. ئەگەر نووسینەوەی بیرەوەریی جەخت لەسەر ژیانی تایبەتی کەس و بابەتە ئینتیم و دەروونی و کەسییەکان بکاتەوە، لەمبارەدا بیرەوەریی گێرانەیەکی کەسیی تایبەتە لە جیهانی تایبەتی خوددا، گرنگی بە ئەزموونی خود لەژیاندا دەدات کە تەنها ئەو کەسە خۆی لێیان ئاگادارە و بۆ خوێنەریان یاداشت دەکات. نووسەر خۆی سەرپشکە لەوەی تاچەند لە نهێنی ژیانی تایبەتی خۆی قووڵدەبێتەوە و یاداشتیان دەکات. بەڵام ئەگەر مەبەست لە نووسینی بیرەوەریی خستنەڕووی ڕاستیەکان سەبارەت بە ڕووداوەکانی نێو کۆمەڵگە بێت، ئەوا مەرج و داواکارییەکان زیاترن.  لەمبارەدا دەکرێ نووسەر هەوڵی جۆرێک لە بەدەکومێنتکردنی ڕووداوەکان بدات، ئەوەش مەرجەکانی بێلایەنی لە گوزارشتدا لەدیدی جیاوازەوە دەخوازێ کە کاریکی ئاسان نییە. بۆنمونە خوێندنەوەی بیرەوەریەک یا چەند بیرەوەریەک یەکسان نییە بە زانینی ڕاستیەکانی ڕابردوو وەکو خۆی.  تێگەیشتن لە ڕاستییەکان کارێکی سەختە، چونکە لەناکۆکیەکاندا مرۆڤەکان دەکرێ تێگەیشتنی جیاوازیان لەسەر ڕووداوێک کە خۆیان ڕاستەوخۆ بەشداریان تێدا کردووە، هەبێت.

بوونی بیرەوەریی یا مێژووی ژیان بێگومان گرنگە چونکە بەردەوامی ژیان پێویستی بەگەڕانەوە بۆ دواوە هەیە، گرێکوێرە کۆمەڵایەتیەکان لە گەلێ باردا دەگەڕێنەوە دواوە بۆ دەستکەوتنی وەڵامی ئارێشەکان. زانینی ڕاستییەکان هەمیشە بە جۆرێک لە دەستکەوتنی وەڵامی هەندێ پرسیاری بێوەڵام دەبیندرێن، دەکرێ وەکو هەنگاوی بەرەوپێشەوەچوون ببیندرێن و وەکو داینەمۆی بەردەوامیی خۆیان بنوێنن. بەڵام ئەگەر بەچاوی ڕەخنە سەیری بیرەوەری و مێژووی ژیان بکەین دەکرێ بیرەوەری یا مێژووی ژیانی کەسایەتیەکی ناودار شێواندنی ڕاستیەکان بن و لەبارێکدا گەیاندنی گێرانەوەکان نادروست بن. پەیدابوونی گرنگیی و واتاداریی ئارەزوو و بەرژەوەندییەکان گرنگبوونی گێڕانەوەیان وەپێشخستووە، وە لەگەڵ دەرکەوتنی نووسینەوەی بیرەوەریەکانەوە دیاردەی بەکارهێنانی گێڕانەوە بەپێی ئارەزوو و بەرژەوەندیەکان کەم یا زۆر هەبووە.  لەکۆندا لەزۆربەی بارەکاندا گێرانەوەکان لەلایەن کەسانی خاوەن دەسەڵات یا دەسەڵاتی سەرکەتوو و براوەوە بووە، بۆیە گێرانەوەکان بەپێی ئارەزووکانی دەسەڵاتدار یا لەبەرژەوەندیی لایەنی باڵادەستدا نووسراونەتەوە یا هەڵبەستراون.  بێگومان زاڵیی ئەم جۆرە نووسینەوە و گێرانەوەیە کاریگەریی لەسەر ڕەوتی ژیانی کۆمەڵگەدا هەبووە، بەهەمانشێوە کاریگەریی لەسەر جۆری تێگەیشتنمان بۆ مێژوو و ڕووداوەکان نواندووە.  ڕەوتی دژ بە گێڕانەوە زاڵ و باوەکان لەشێوی جۆراوجۆر سەریان هەڵداوە بۆنمونە دامەزارندنی لێکسیکۆنی ئەلتەرناتیڤ لەلایەن گروپێکی چەپەوە لەبەرئەوەیە کەوا ئەوان پێیانوایە دەبێ کۆمەڵگە لەم گێرانەوە ساختە و نادروستە دوورکەوێتەوە کە لەبەرژەوەندی لایەنی براوە، یا دەسەڵاتداران و سەرمایەداری نووسراونەتەوە، بۆیە پێویستە گێڕانەوە دروست و ڕەخنەگرەکان لەشوێنیاندا دابندرێن. پێویستە سەرنجی ئەوە بدەین کە ئەگەر شێواندنی ڕاستیی ڕووداو و بەسەرهاتەکان لە بیرەوەرییدا یەکسەرە بن، لە مێژووی ژیاندا دووسەرەن، وەکو لە بیرەوەریی خوددا نووسەر ڕاستەوخۆ گێڕانەوەکە دەگەیەنێت، ئەگەر هەڵبەستن و شێواندن لە گێڕانەوەکەدا هەبێت ڕاستەوخۆ لەلایەن نووسەرەوە ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە مێژووی ژیانی کەسێکدا کە ڕووداو و بەسەرهاتەکان بۆ نووسەرێک دەگێڕێتەوە، ئەگەر کەسەکە بەمەبەست یا بێ مەبەست بەسەرهاتێک بشێوێنێ، ئەوا دەکرێ لەلایەن نووسەریشەوە بەشێوەیەک لەشێوەکان شێواندن و هەڵبەستن ڕووبدات. هەروەها ئەگەر لە نووسینەوەی مێژووی ژیاندا پشت بەسەرچاوەی لایەنگر و سۆزدارانە ببەسترێت، بەهەمانشێوە ئەگەری شێواندن و هەڵبەستن زۆرن.

لەلایەکیتر پێویستە ئاگاداری ئەو ڕاستیە بین کەوا ڕووداوەکان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا بیرکەوتنەوەیان سەختتر دەبێت، وردەکارییەکان گرنگیان کەمتر دەبێت، وە زیاتر چەقی بابەت بەگرنگیی دەمێننەوە کە تەمەنی ئەویش پەیوەستداردەبێ بە توانای ئەوانەی دەیگێڕنەوە یا دەکرێ بیگێڕنەوە.  بیرەوەری لەمبارەدا وەکو بەردێکی گڵسپی وایە کە لەگەڵ بارانی ساڵاندا دادەڕووشێت، وردە وردە توانا و ڕەنگ و ڕوخساری دەگۆرێت. بۆیە گێڕانەوە جگەلە شێواندنی بەمەبەست، سروشتیانە بەرەوڕووی کێشەی بیرچوونەوەش دەبێتەوە.

لەڕووی مێژووییەوە بیرەوەریی کە وەکو لقێکی ئەدەبی سەیری دەکرێت بە دینی کریستیانی دەبەسترێتەوە و دەگوترێت یەکەم بیرەوەری کتێبی دانپێنانە، کە لەلایەن قەشەی کرستیان ئۆگوستین  Augustin(یا ئۆغستینۆس کە بەزمانی عەرەبیش هەیە) لەنێوان ساڵانی ٣٩٧-٣٩٨ پاش زایین نووسراوەتەوە.  دوای ئەوە گێڕانەوە ئایینییەکان نووسراونەتەوە و نووسینیان لەسەرکراوە. لەهاتنی سەردەمی ڕۆشنگەریدا لەگەڵ گەشەسەندنی بیروهزری سیکولاریدا لەبارێکدا توێژێک لە ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە گرنگی بە هۆشمەندیی مرۆڤ دەدەن و ڕەخنە لە تێگەیشتنە دۆگمی و ئایینییەکان دەگرن، لە قاوغی کۆنەپارێزیی و ناهۆشمەندی چەقگرتوو دەردەچن، کەلەلایەن خۆیەوە کاریگەری لەسەر تێگەیشتنی کەسەکان لە گێڕانەوەی ڕابردوودا دەنوێنێت. بەمشێوەیە بیرەوەریی دەچێتە ئاستێکی دیکە، مرۆڤ لە قاوغە داخراوە دینییەکە دەردەچێت و سەبارەت بە خۆی دەدوێت، ئەوەش لە بیرەوەریی هونەرمەندی پەیکەرتاش بینڤینوتۆ سیلینی Benvenuto Cellini لە نێوان ساڵانی ١٥٥٨ – ١٥٦٦ دا دەبیندرێت. بەمشێوەیە هۆریزۆنتی گێڕانەوە وردە وردە فراوانتر دەبێت. فەیلەسوفی سویسری- فەرەنسی ناسراو جان جاک ڕۆسۆ Rousseau   لە کتێبی دانپێناندا کە لەساڵی ١٧٦٤-١٧٧٠ دا نووسراوەتەوە، لەوێدا مرۆڤ وەکو پرۆسە دەبیندرێت، لەهەستی کەسی قووڵ دەبێتەوە، ڕەخنەدەگرێت و سنورەکان دەبەزینێت، بەمشێوەیە لقی ئەدەبیی بیرەوەریی خود دەباتە ئاستێکی بەرفراوانتر. بیرەوەیی گرنگیی لە کۆمەڵگەدا هەبووە لەگەڵ ئەوەی تووشی پاشەکشەش بووە.  بیرەوەریی کەسەکان لەگەلێ باردا وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی مێژوویی سەیریان کراوە، چونکە وەڵامی هەندێ پرسیاریان لابووە، هەروەها وەکو سەرچاوەیەکی گرنگی ڕابردوو خۆیان نواندووە.  هەروەها بیرەوەریی لە سەدەی ١٩دا بەتایبەتی بەرەورووی ڕەخنەی تاوتوێکراو بۆتەوە، بۆنمونە لەلایەن فەیلەسوفی دەرونناس فرۆید  Freudو دیدی دەرونناسیی فرۆیدیانەوە کەوتۆتە بەر ڕەخنە. لەدیدی فرۆیدەوە مرۆڤ توانای ناسینی خۆی نییە و گومانی لەمبارەیەوە لەتوانای مرۆڤ هەیە. هەروەها لەدیدی مارکسیانەوە بیرەوەریی خود ڕەخنەی لێگیراوە، کەپێیوایە جۆرێک لە ئاگایی ساختە دەگرێتەخۆی، واتە ئەوەی دەگێڕدرێتەوە بەئاگایانە ساختەی تێدا دەکرێت. بێگومان ئەوە سەبارەت بە گێڕانەوە مێژووییەکان ڕەخنەیەکی دروستە، چونکە شێواندن هەبووە و گێڕانەوەش بەهاهەڵگرە. دیارە گێرانەوە بە گێڕانەوە دەگۆڕێ و کێشەی ئاگایی ساختەش ڕێژەییە. هەروەها ستروکتورالیستەکان Structuralism ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە بیرەوەریی خود وەکو دروستکراو (فیکشن fiction) سەیر دەکەن. وەکو لای ئەوان لەپشتی هەر دەربڕینێک کۆمەڵێک سیستەمی سنوردار هەیە یا دەربڕینی شاراوە هەن، کە لەوێوە و لە ناوەوە لە کرانەوەی گوتنە نادەربڕاوەکاندا دانپێنانی دروست هەن.  سەرەڕای ئەم ڕەخنانە و دروستییان سەبارەت بە بیرەوەریی خود و مێژووی ژیان، بەهۆی پێشکەوتن لە میتۆدەکانی بیرەوەریی و گێرانەوەدا، لەوانە باشتربوونی رەتمی زمان و پێشکەشکردنی زارەکی، وە گرنگیی ئەو لقە گرنگە بۆ مرۆڤەکانی کۆمەڵگە، بیرەوەریی خود توانیویەتی گرنگی خۆی لە کۆمەڵگەدا بپارێزێت.

لەدیدی دۆرتە بێرنتسنەوە Dorthe Berntsen کە پرۆفیسۆر  و دەرونناسە بیرەوەریی تەنها بیرکەوتنەوە نییە، بەڵکو بیرکەوتنەوە و ژیاندنەوەی بەسەرهاتی کەسییە لە بۆتەی کۆنتێکستێکی مێژووی ژیاندا. ئەو پێیوایە تایبەتمەندیی گرنگی بیرەوەیی ژیاندنەوەیە، کە ڕووداوێک دەگێڕینەوە، رووداوەکە لە هۆشماندا دەژیێنینەوە. بەبەراورد لەگەڵ جۆرەکانی بیرکەوتنەوە، بیرەوەیی تێوەگڵانی هەستە کە گەشت لە کاتدا دەگرێتە خۆی.  هەروەها لەڕوانگەیەکی دیکەدا بیرەوەری توانایەکی تایبەتە کەوا دەکات بەرەو دواوە بگەڕێینەوە و لەڕابردوو بڕوانین. ئێمە لە کاتێکدا بەرەو پێش دەڕۆین و ڕووداوەکان لەدوای خۆماندا جێدەهێلێن و دەبنە ڕابردوو، بیرەوەری لەمبارەدا بەپێی توێژەری کەنەدی ئیندەل تەلڤینگ Endel Tulving وەکو بارێکی تایبەتی هۆشداریی مەنتالی مرۆڤ وایە کە بەسەر ڕەوتی بەرەوپێشچووی نەگۆڕی کاتدا زاڵ دەبێت.  

گەڕانەوەی مرۆڤ بۆ دواوە و هەوڵدان بۆ ژیاندنەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی سەردەمانی زوو، دەخوازێ مرۆڤ لە ژینگەی بارگاوی و بەهاهەڵگری ئێستایدا لە باری پێگەیووییدا کۆچێکی پێچەوانەیی خێرا بەرەودواوە بکات و لە ڕووداوەکانی ڕابردوو بەپێی توانای بیرکەوتنەوەی بڕوانێت. ئەو کەسە دەمێکە لە سەردەمی زوودا بەرەو سەرووی تەمەنی ژیان ڕۆیشتووە، ئەو مرۆڤە چیتر نە ئەو کەسایەتیەیە و نە خاوەنی هەمان بیرکردنەوەی ئەو سەردەمەیە یا دەکرێ بڵێین زۆر لە بیرکردنەوەکان و لێکدانەوەکانی سەردەمی پێشووی جێهێشتووە. بەڵام ئایا مرۆڤ توانای هەیە هەموو تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی ئێستا وەکو جلێک دابکەنێت و فڕێیاندا، بگەڕێتەوە دواوە و هەمان جلی ئەوسا بکاتەوەبەر و بەهەمان بیرکردنەوەی بێئاگا و سنورداری ئەوسا بدوێ و سەیرکات؟ بیروهزری گەشەسەندوو و پێگەیشتووی مرۆڤ دەتوانێ هەوڵدات لەژینگەی ئێستای دەرچێت، بچێتەنێو چوارچێوەی ژینگەی بەسەرچووی ڕابردوو و هەوڵدات بەدیدی ئەوساوە سەیرکات و بگێڕێتەوە، کێشەکە ئەوەیە ئەو خودەی ئێستا ئەو خودەی ئەوسا نییە، بەڵکو خودێکە بەئەزموونەکاندا تێپەڕیووە و ئامانجەکان دەناسێت.  لەلایەکیتر تاچەند دڵنیایی لە جۆری تێگەیشتن و بیرکردنەوەی ئەوسا هەیە؟ دڵنیایی تەواو سەختە بەدڵنیاییەوە هەبێت. وەکو بیرکەوتنەوەی تەواو بەهەمانشێوە سەختە. جگەلەوە بەناچاری دەبێ دەست بەهۆنینەوەی لایەنە ناڕوونەکان بکات کە هەرگیز ناتوانێ دڵنیایی بێخەوش لەبارەیانەوە بداتەدەست. چونکە سەختە بتوانین ڕووداوەکانمان بەتەواوی لەبیر بێت و بەتەواویی لەبیرمان بێت ئەوسا کتومت چۆنمان بیرکردۆتەوە. دۆرتە بێنتسن پێیوایە ژیاندنەوەی ڕووداوێک واتای ئەوە ناگەیەنێ کە ئێمە ڕووداوەکانی ڕابردوومان وەکو خۆی تەواو لەبیرە.  لەگەڵ بار و ئاستی چۆنایەتی ژیاندنەوەشدا بیرەوەریی تاڕادەیەکی زۆر بەیەکەوەنان و دروستکردنەوەیە reconstruction کە بارگاوییە بە باری ئێستامان و لێکدانەوەکانمان کە ئێمە ئەمڕۆ دەیخەینەسەر ڕابردوو.

وەکو بەپێی ئەزموونەکانی ژیان دەردەکەوێت، هەندێک ڕووداو هەن بەئاگایانە یا بێئاگایانە لەبیرناکرێن، دەکرێ تامکردنی یەکەمجاری خواردنێک بێت، یا کڕینی شتێک بێت، مردنی کەسێک بێت وە هتد. لەنێو ئەو ڕووداوانەی لەیاددەمێننەوە ئەو ڕووداوانەن کە چارەنووسسازن و لەبیرکردنیان سەختە، بەتایبەتی ڕووداوێک کە واتای گرنگی بۆ ژیانی کەس و کۆمەڵگە هەیە، بۆنمونە تاوانی کوشتنی کەس یا کۆمەڵکوژی. لەو جۆرە ڕووداوانەدا لایەنە گرنگەکان واتە چەقی بابەتەکە کە واتای گرنگیان هەیە لەبیرکردنیان بۆ دیتەران یا کەسانی بەشدار یا تێوەگڵاوان سەختە کە بەئەگەری زۆر لەبیروهزری کەسەکاندا بەزیندوویی دەمێننەوە، بەڵام وردەکاریەکان یا ئەو لایەنانەی کە کەمتر گرنگن دەکرێ لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا لەبیربکرێن. 

لەلایەک بیرکەوتنەوەی ڕووداوەکان بە کەس بۆ کەس دەگۆڕێت، لەلایەکیتر تا ڕووداو کۆنتر بێت بیرکەوتنەوەی سەختتر دەبێت. بەڵام لەهەر بارێکدابێت بیرکەوتنەوەی ڕووداوێک وەکو کۆکردنەوەی پەزڵەکان puzzle یا پارچەکانی کۆی ڕووداوێک وایە بەپێی توانای بیرکەوتنەوە و گێڕانەوەی کەس بەندە.  هەروەها چوارچێوە و تخوبەکانی ڕووداو، بزێو و ناجێگیرن بەجۆرێك کە نووسەر دیاریان دەکات.  کۆکردنەوەی پەزڵەکانی ڕووداوی کۆن سەختن. بێگومان مرۆڤ هەیە بیری تیژە و ڕووداوەکانی ڕابردووی باش لەبیرە، بەڵام هەیە بەپێچەوانەوە توانای بیرکەوتنەوەی لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا تووشی زیان بووە و توانای بیرکەوتنەوەی لاواز بووە. لەباشترین باری بیرکەوتنەوەدا هەندێ لەپەزڵەکان تەواو ڕوون نین، کە دەکرێ واتایەکی زۆریان بۆ چەقی خودی ڕووداوەکە نەبێت، بەڵام دەشکرێ گرنگیی دیاریان هەبێت. گرنگە بزانین کە بزریی زانیاریی گرنگ دەتوانن ئەنجامی ڕووداوێک و تێگەیشتن لە ڕووداوەکان بگۆڕن، ئەوەش دەکرێ بەمەبەست و لەڕێگەی شێواندنی گێڕانەوە بێت یا لەبێئاگایی و نەبوونی زانیارییەوە بێت.  هۆکارەکە هەرچی بێت گێڕانەوە لەمبارەدا ناتەواوە. لەلایەکیتر هەرچەندە ناڕوونی لە بیرکەوتنەوەدا هەبێت، ئەگەرەکانی لێککشانی سنور و تخوبی ڕووداو هەروەها شێواندن و هەڵبەستن زیاترن.  بەیەکەوەنانی چیرۆکی بەسەرهاتەکانی ڕابردوو، وەستایی و شارەزایی گەرەکە، لەهەمان کاتدا توانای گێڕانەوە لە چوارچێوەیەکدا کە لە واقیعی ڕووداوەکە بچێت کە بە مۆڕالی بەرز و هۆشیارییەوە بەندە، گرنگیی یەکلاکەرەوەی لەسەرکەوتوویی بیرەوەرییدا هەیە. ڕەوانبێژیی و پاراوی زمان لەگێڕانەوەدا گرنگە بەڵام واتای دروستیی و دەستپاکیی لە گێڕانەوەی ڕووداودا ناگەیەنن، چونکە دەکرێ لەپەنای ڕەوانبێژییەکەدا کۆمەڵێ پەزڵی دروستکراو و هەڵبەستراو هەبن، دەکرێ لادان و شێواندن هەبن. گێڕانەوەیەکی ئاسایی بێ دەربڕینی پاراو و و چەمکی ڕازاوە بەڵام دروست، لە گێڕانەوەیەکی ڕازاوە و ڕەوانی شێوێندراو زۆر باشتر و گرنگترە.  چونکە گێرانەوە دروستەکە دەتوانێ ڕاستیی ڕووداوەکە بە بەمۆڕالێکی بەرزەوە بە خوێنەر و کۆمەڵگە بگەیەنێت، چون گێڕانەوەی دروست ڕووداوەکانی ڕابردوو بەدروستی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازێتەوە.

لەم ڕوونکردەوەی سەرەوەدا باشتر بۆمان درەدەکەوێ کەوا بیرەوەریی گێرانەوەیەکە سەپگێگتیڤە subjective  واتە هەڵگری بەها و تێگەیشتنە کەسییەکانە، چونکە ئەو کەسە خۆی لەناو ڕووداوەکاندایە و ئەو بەسەرهاتەکان بەپێی هەست، دیتن، زانین و تێگەیشتنی خۆی دەگێڕێتەوە. ئەو کەسە بەشێکە لە ڕووداوەکان واتە جیا و بێلایەن نییە لە ڕووداوەکان و دیدێک نییە جیا لە جیهانی ڕووداوەکە. بۆیە ئۆپژێکتیڤی  objective بەواتای “ئازادبوون لە بەهاکان” واتە ئازادبوون لەبیروهزری خود ئەستەمە و ناکرێ. واتە هەوڵدان بەگەیشتن بە ئۆپژێکتیڤی بەمجۆرە هەوڵدان بۆ ئازادکردنی خود لەهەست و بەهاکان واتە ئازادکردن لە هەست، هزر و لێکدانەوە بەپێی دید و بۆچوونەکان، کە لانیکەم دەخوازێ خود لەچوارچێوەی بوونی خۆیدا دەربچێت و خۆی خاڵیکات لە هەست، ئارەزوو، هزر و تێگەشتنەکان، وەکو کەسێک لەدەرەوەی ڕووداودا کە وەکو کەرستە یا ئۆپژێکت سەیری یەکەکان، مرۆڤ و بوون و دەوروبەر بکات، ناکرێ و ئەگەرێکی ناڕیالیستانەیە.  دیارە هەست، حەز و ئارەزوو، زانین، لێکدانەوە و خوێندنەوەکان، پەروەردە و پێگەیشتنی مرۆڤ بنچینەلەسەر ڕاوبۆچوون و بیر و هزری بەهاهەڵگر لەدیدی جیاجیاوە دەگرن، کە تێگەیشتن و لێکدانەوەکانی خود بۆ ژیان و دەوروبەر پێکدەهێنن. کەمرۆڤ گوێ دەگرێت گوێ لە دیدوبۆچوون لە گێڕانەوەیەکی بەهاهەڵگر دەگرێت، کە سەیر دەکات، سەیری مرۆڤەکان لە دید و گۆشەنیگایەکدا دەکات کە لانیکەم بە بەلایەنێکی تێگەیشتنێکەوە بەندە، کە دەخوێنێتەوە لەزۆربەی بارەکاندا گوزارشت، یا ڕوونکردنەوە یا گێڕانەوەیەک دەخوێنێتەوە کە هەڵگری لانیکەم بەهای تێگەیشتنێکی زاڵ یا کۆی کۆمەڵێک تێگەیشتنە. وەکو لەزۆربەی نووسینەوەی بیرەوەریەکاندا نووسەر لای گرنگە ئەوە گوزارشتکات کەخۆی دیویەتی و تێیگەیشتووە، چونکە لای گرنگە پەیامی ئەزموونی ژیانی لەڕووانگەی خۆیەوە بە خوێنەر بگەیەنێت.

لەدیدێکی دیکەوە ئۆپژێکتیڤی لە گوتن یا دەربڕیندا بەواتای “بێلایەنیی و گوزارشتی بێلایەنانە”، لەمبارەدا گوتن و دەربڕین لەبارێکدا بێلایەنە ئەگەر وابەستەی بار، مۆرک، ئارەزوو و ئامانجی ئەو کەسە نەبێت کە خاوەنی گوتنە. بێلایەنی دەخوازێ کە کەسەکە و گوتنەکەی لەگەڵ ڕاستییدا تەبابێت و سەربەخۆ بێت لە بارە لایەنگیرەکانی خود. دەربڕینی بێلایەن دانپێنانێکە کە تاڕادەیەکی زۆر تەبایە لەگەڵ بارە ڕاستییەکە، بەپێچەوانەوە گوتن و دەربڕینی لایەنگیر لە بارێک دەدوێ کەوا چۆن ئەم کەسە خۆی دەیەوێ بارەکە ببینێت و وە خوێنەریش بۆ ئەم لایە دەبات کە خۆی گەرەکیەتی. بەڵام لەبارێکدا کە گێڕانەوەی بیرەوەریی پەیوەندی بە کەسەکە خۆی هەیە، ڕاگرتنی زمانی تەرازووی ئەم بێلایەنییە سەختە. بێگومان بیرەوەریی دەتوانێ سەبارەت بە ڕاستییەکانی ڕابردوو بدوێت، بەڵام سەختە بتوانێ ڕووداوەکە بە هەموو زانیارییەکانیەوە کتومت بگێڕێتەوە، بۆنمونە لەبەر کۆنبوون و سەختی بیرکەوتنەوە و نەبوونی زانیاری تەواو. چونکە گێرانەوە لە بیرەوەرییدا تەنها دیدێکە و زۆر دیدی دیکە هەن بزرن یا لانیکەم لەم بیرەوەرییەدا دەستناکەون بۆنمونە لەبیرکراون. بۆنمونە ئەگەر تەنها یەک بیرەوەریی یا مێژووی ژیانی کەسێک سەبارەت بە سەردەمێکی دیاریکراو لە شوێنێکی دیاریکراودا هەبن، دەکرێ گێڕانەوەیەکی سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئێمە نازانین ئەم گێڕانەوەیە چەند لە حەقیقەت یا ڕاستیی ڕووداوەکان نزیکە و تاچەند زانیاریی گرنگ لە گێڕانەوەکەدا بزرن. جگەلەوەی ئەگەرەکانی شێواندن و هەڵبەستنیش کراوەن.  ئەگەر لەدیدی ڕاشیونالیزمی ڕەخنەگرانەی  critical rationalism فەیلەسوفی نەماساوی کارل پۆپەرەوە Karl Popper  سەیری چەمکی بێلایەنی لە گێڕانەوەدا بکەین (بەئاگادراییمان لەوەی ئێمە گوتن لە بابەتێکی سەپگێکتیڤ واتە بەهاهەڵگر هەروەها نۆرماتیڤ دەکەین)، دەکرێ بێلایەنی لەگێڕانەوەدا لەڕێگەی گێڕانەوەی دیکەدا لە دیدی جیاوازەوە کە پشتڕاستکردنەوە دەگرێتەخۆی گوازرشتێکی هۆشمەندانە و دروست بسەڵمێندرێت. ئەگەر لەگێڕانەوەی ڕووداوێکدا، چەند گوزارشتێک لە دیدی جیاوازدا ئاماژە بە هەمان ناوەڕۆک و ئەنجام بکەن، دەکرێ بڵێین گێڕانەوەکە دروستە و جێگەی پشت پێبەستنە.  ئەوەی لەم دیدەوە دەکەوێتە ئەستۆی نووسەر سەبارەت بە گێڕانەوەی ڕووداوێک ئەوەیە، ئەو لەلایەن خۆیەوە ئەوە بگێڕێتەوە کە خۆی دیویەتی، شتێ نەڵێت نەیدیتبێ یا ڕووینەدابێت. بۆیە بێگومان نووسەر دەتوانێ هەوڵدات ڕابردوو وەکو خۆی بنووسێتەوە لەبارێکدا کە خۆی وابەستەی مەرجەکانی بێلایەنی بکات.  واتە نووسەر لەبارێکدا بێت کە سەربەخۆبێت لە هەست و ئارەزووی خود، سەربەخۆبێت لە باوەڕ و بەرژەوەندیەکان، جگەلە گێڕانەوەی ڕاستیەکان وەکوخۆی هیچ بەرژەوەندییەکی کەسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسی نەبێت.  هەوڵدان بۆگەیشتن بە تەواوەتی وەکوخۆیی نووسەر دەخاتەسەر ڕێچکەیەکی دروست کە وادەکات گێرانەوە پابەندی دەزووی سووری مەرجەکانی بێلایەنی بێت و لێی دوورنەکەوێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە سەبارەت بە بیرەوەریی یا بیرەوەریی سیاسی و کەی بیرەوەریی ئامانجی گونجاو لە بابەتیبوون و بێلایەنی دەپێکێ، دەکرێ نووسینەوەی بیرەوەریی ئەوکاتە تەواو لوتکەی تەواوەتی بپێکێ، ئەگەر ڕووداوەکان وەکو خۆی و بەپەرێزێکی خاوێن، بە مۆڕالێکی ڕاستگۆیانە و ڕشکاوانە بنووسرێنەوە.  لەدیدێکدا کە ئایدیالی بێلایەنی ئامانجە، نووسەر لەمبارەدا گرنگیی بەڕاستیی یا حەقیقەتی ڕووداوەکان دەدات و هەوڵی خۆئازادکردن دەدات لە بیروباوەڕ و ئارەزوو و ئامانج، بەمشێوەیە هەڵە و کەتن و چەوتییەکانی خۆی بە کراوەیی بەپێی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە ئەگەرچی لەکۆمەڵگەدا یا لە گرووپی خۆیدا ناپەسند بن یا جۆرێک لە گەمارۆ و سزا بگرنەخۆیان، هەروەها نووسەر لەهەمان دیدەوە هەوڵدەدات بڕوانێتە دەوروبەری، باش و خراپی خۆی و ئەوانیتر دەڵێت، لەسەر خۆی و ئەوانیتر باز نادات، چۆنی دیتییە وا دەگێڕێتەوە. بەڵام گێڕانەوە لە بەسەرهاتی خود لەباشترین باری بێلایەنیشدا بێبەری نییە لەبەهاکانی خود، چونکە لەبیرەوەرییدا ڕابردوو کەم یا زۆر بەپێی دیدی بەهاهەڵگری یاداشتکەرەوە زیندوودەکرێتەوە و ژیانی دەخرێتەوەبەر.

دەکرێ لەکاتی نووسینەوەی بیرەوەرییدا ڕووداوی مێژوویی واهەبن گەڕانەوەی نووسەر بۆ دواوە پێویست بکەن، نووسەر گێڕانەوەی ڕووداوەکە یا بەسەرهاتەکە لەزاری کەسانی دیکەوە یا لە مێژووی چاپکراودا بگێڕێتەوە. ئەگەر دەرخستنی ڕاستیی ڕووداو مەبەست بێت لەمبارەدا نووسەر ناچارە هەوڵی بەدەستهێنانی زانیاری دروست و باوەڕپێکراو بدات. ئەگەر مێژووی چاپکراو بێت، دەبێ گرنگی بەبێلایەنی سەرچاوە بدات و بەچاوی ڕەخنەوە سەیری سەرچاوەکان بکات.  نووسین لە جۆری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەگەر تەواو بن باشترین سەرچاوەن. هەرچی بیرەوەریی و ژیانی کەسە، بەهاهەڵگرن، بۆیە دەبێ بەچاوی ڕەخنەوە سەیریان بکرێت. ئەگەر گێڕانەوەی ڕووداوێک بێت کە نووسەر خۆی لە ناو ڕووداوەکەدا نەبووبێت و لەخانەی کەسی سێیەمدا بێت، پێویستە لەزاری کەسی یەکەم واتە ئەوانەوە بیانگێرێتەوە کە خۆیان بەشدار بووین. پێویستە گرنگی بە دروستی و ڕاستگۆیی و گەیشتن بە ڕاستیی بدات. گێرانەوەی کەسی دووەم، کەسێک کە خۆی لە کەسی یەکەمەوە ڕاستەوخۆ بیستوویەتی گرنگی دووبارە هەیە، بەڵام دەبێ بەچاوی ڕەخنە وەربگیرێت. پێویستە نووسەر پەنا بۆ گوتن و دیدە جیاوازەکان لەسەر ڕووداوەکاندا ببات تاکو بتوانێت وێنەیەکی گونجاو لەسەر ڕووداوەکاندا بداتە دەست وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆیکرد.  چونکە دەکرێ گێڕانەوەکان بەهۆی بەرژەوەندییە جیاوازەکان جودا و دژبەیەک بن. بەئەگەری زۆر دەکرێ باشترین گێڕانەوە لەلایەن ئەو کەسە بەشدارانەی کە هیچ بەرژەوەندیەکیان نییە و ڕاستگۆییان لاگرنگە بەدەست بهێندرێت.  لەمبارەدا لەکاتیکدا نووسەر هەوڵی گەیشتن بەڕاستیی ڕووداوەکان لە دیدی جیاوازەوە دەدات، جۆرێکە لە بەدەکومێنتکردنی ڕووداوێک کە ئەویش گێڕانەوەی بێلایەنە لە دیدی جیاوازەوە سەبارەت بە ڕووداوێک. لەم بەشانەدا بیرەوەریی وەکو دەقێکی دەکومێنتاریی وایە، کە بێلایەنی لە نووسەر دەخوازن و نووسەر هەوڵدەدات بێلایەنانە تیشک بخاتەسەر ڕووداوێک. وەکو دەقی دەکومێنتاریی ئەوە دەخاتەڕوو کە کەسانی بەشداربوو دیویانە یا دەیگێڕنەوە لە دیدی جیاوازەوە، وە نووسراو و دەکومێنتەکان دەخاتەڕوو، کە مەرج نییە کردنەوەی هەموو گرێکوێرەکان بن.

هەندێ لایەنی دیکە کە لەبیرەوەرییدا گرنگیان هەیە و گێڕانەوە بەهێزدەکەن، وەکو سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن هەوڵدانە بۆ کۆنکریتیبوون لە گێڕانەوەی بابەت یا ڕووداوی تایبەتدا، گرنگە دوورکەوتنەوە لەڕووداو بەوریاییەوە ئەنجام بدرێت و گەڕانەوە بۆ گێڕانەوە ئاسان و بێگرێ بێت. واتە لەمبارانەی نووسەر ناچارە لە بابەتێکی پەیوەستدار بدوێت و بگەڕێتەوە دواوە یا پێش ڕووداو بکەوێت، گەڕانەوەی بۆ چەقی بابەتەکە ڕێکخراوانە و بێگرێ بێت، بەجۆرێک خوێنەر تووشی سەرلێشێوان و بەلاڕێدابردن نەکات.

لەگێڕانەوەی ڕووداودا کە پەیوەندی بە مێژووی سیاسیەوە یا کۆمەڵگەوە هەیە، نووسینی ناوی کەسەکان و شوێنەکان، ژمارەی تەواو و ڕێککەوتەکان گرنگن، کە گێڕانەوە بەهێز دەکەن، وە خوێنەر دەتوانێ وێنەیەکی گونجاوتر سەبارەت بە ڕووداوەکە لەلایەنی قەوارە و کات و شوێنەوە بێنێتەبەرچاو. بێگومان ئەوە کارێکی ئاسان نییە و بێکێشە نییە، لەبارێکدا ناوهێنانی کەسەکان دەکرێ کێشە بهێننەئاراوە. لەبارێکدا نووسەر لەبەر هەر هۆکارێک لەسەر ناوەکان بازدات، ئەوا بێگومان خوێنەر لەلایەنێکی گرنگ بێبەش دەکات، جگەلەوەی وەکو پەنادانی ڕاستییەکان دەکرێ سەیری بکرێت. ئەوەش بیرەوەریی لاواز دەکات.

وەکو سەرچاوەکان ئاماژەی بۆدەکەن لە نووسینەوەی بیرەوەرییدا گرنگە هەڵبژاردنی چۆنایەتی هەبن و درێژدادڕی بێ ناوەڕۆک و کردار بەلاوە بندرێت. لە بیرەوەری خوددا دروستە گرنگی بەو لایەنانە بدرێت کە لە ژیانی کەسدا واتای گرنگیان هەیە، دەکرێ خۆشی و ناخۆشی بن، دانپێنانی تاڵ بن یا شانازی بن. لە نووسینەوەی بیرەوەریدا سەرەتا و کۆتایی هەیە، نووسەر بە پێی دەزووێکی سوور هەنگاو بەرەو سەروو دەنێت و رەحەت دەچێتەپێش، بەمجۆرە وەکو نووسینەوەی ڕۆمان وایە، بەڵام ڕۆمان نییە و وەکو گوترا دەکرێ لەمیانەی گێڕانەوەکاندا هەوڵی بەدەکومێنتکردنیش هەبێت. ڕۆیشتنی پێبەپێ و گرتنی ڕێچکەی دیار پێویستن کەوادەکەن خوێنەر بزانێ لە کوێیە و سەری لێ نەشێوێت. دیارە نووسەر هەیە پابەندی ئەو بارە نابێ یاری لەگەڵ کات و گێرانەوەکان دەکات، ناڕوونی لە تێکستدا درووست دەکات دیارە بەمەبەستی سەرنجڕاکێشان و دروستکردنی کتوپڕیی، لەمبارەدا بیرەوەریی تاڕادەیەک هەندێ لە تایبەتمەندیەکانی ڕۆمان دەگرێتەخۆی. هەروەها وەکو سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کەوا گرنگە نووسەر هەوڵ بدات شێوازی تایبەت بەخۆی بەدەستبهێنێ و هەیبێ، خۆی جیاکاتەوە لە شێوازی نووسەرانی دیکە، هەوڵدات لەڕێگەی گوزارشتی هەست، ڕەنگ و دەنگ گیان بەبەر وشەکاندا بکات و سەرنجی خوێنەر رابکێشێ. لەکوردەوارییدا بەکارهێنانی وشە و چەمکی تایبەت، دەستەواژە و گۆتە و دەربڕینی ناوچەیی، پەند و قسەی نەستەق لە شوێنی پێویستدا هتد، هەمووی دەکرێ شێوازی تایبەت دروستکەن و گێڕانەوە بەچێژ و سەرنجڕاکێش بکەن.

بەکورتی نووسینەوەی بیرەوەریی بۆ سەدەکانی دوای زایین دەگەڕێتەوە، لەگەڵ تێپەڕبوونی ئیپۆکەکاندا گەشەیکردووە و هۆریزۆنتی بەرفراوانتر بووە. لەسەردەمی ڕۆشنگەرییدا گەشەی چۆنایەتی بەخۆیەوەی بینی، بەڵام کەوتەبەر ڕەخنەی بابەتیانەی تاوتوێکراو، چون بیرەوەریی بەهاهەڵگرە و دیدی کەسێک بڵاودەکاتەوە کە دەکرێ لەگەڵ ڕاستیی و دروستیی ڕووداودا تەبا نەبێت، هەروەها توانای لەگەیاندنی واقیعی ڕووداوەکاندا سنوردارە. بەڵام بیرەوەریی واتای خۆی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە هەرچۆنیبێ پاراست.  لەدیدی سەردەمیانەی ئێستاماندا نووسەر خۆی بڕیاردەرەلەوەی چ ڕۆڵێک بەخۆی دەدات، هەروەها گرنگیی تایبەت بە چ بوارێکی ژیان دەدات. بێگومان بیرەوەریی خود یا مێژووی ژیان بۆ ئاشناکردنمان بەڕابردوو گرنگن، وەکو وەڵامی گەلێ پرسیاری بێوەڵاممان دەکرێ دەستکەوێت و جۆرێک لە بەیەکگەیشتنەوە لەنێوان ئێستا و ڕابردوو لە هەست و هزرماندا بەدەستبهێنین. دەکرێ تەبایی یا ناتەبایی لەگەڵ گێڕانەوەکانی بیرەوەرییدا هەبن، هەروەها ئاساییە گێرانەوە هەموو زانیاریەکان نەگرێتەخۆی.  لەگەڵ ئەوەی نووسەر خۆی بڕیاردەرە لەوەی چۆن دەیەوێ ڕووداوەکان بۆ خوێنەر یاداشت بکات، مەرج و داواکاریی تەواوەتی لە گێڕانەوەی بێلایەندا هەن، چونکە لەلایەن خوێنەرەوە چاوەڕوانی ڕاستگۆیی و دروستیی لە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکان لە نووسەر دەکرێت. گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ڕابردوو، زیندکردنەوەی بەسەرهاتەکانی ڕابردووە، وە بەپێی دید و تێگەیشتنی ئێستامان ژیانی دەخەینەوە بەر. بۆیە بێلایەنی لە گێڕانەوەدا بەواتای هەوڵدان لە خۆدەربازکردن لە هەست، بار و مۆرک و بەرژەوەندییەکان لە گەیاندنی گێڕانەوەدا سەختە. بیرکەوتنەوەی ڕووداوەکانی ڕابردوو هەمیشە بەرەوڕووی چەند بەربەستێک دەبنەوە وەکو تەمەنی بەسەرچووی ڕووداو، لەبیرکردنی هەندێ یا کۆمەڵێ لە پەزڵەکانی ڕووداو، بێئاگایی لەبەشێک یا هەندێک لە لایەنەکانی ڕووداو، نەبوونی زانیاریی تەواو، هەروەها ئەگەرەکانی شێواندنی بەئاگا یا بێئاگا کراوەن.  ئەگەر گێڕانەوە نەتواندرێت بسەڵمێندرێت، واتە گوزارشتی ڕووداو لەلایەن کەسانی دیکەوە پەنجە نەخەنەسەر هەمان ناوەڕۆک و ئەنجام، ئەوا ئێمە نازانین گێڕانەوەکە تاچەند لە حەقیقەت و ڕاستیی ڕووداوەکانەوە نزیکە یا دوورە.  وەکو گێڕانەوە مێژووییەکان کە لەسەردەمێکی تایبەت دەدوێن و تاکوتەنهان دەچنە ئەم چوارچێوەیە. لەمێژووی نوێدا سەڵماندنی بوون و ئەنجامی ڕووداوەکان پێویستیان بەجۆرێک لەپشتڕاستکردنەوە هەیە، تاکو بتواندرێ پشتیان پێبەسترێت. دیارە بەهۆی زۆربوونی گێرانەوە لەبۆتەی بیرەوەریی یا مێژووی ژیاندا، بەیەکچواندن و بەراوردکردنی دەقەکان سەبارەت بە ئەگەری بوون و ڕاستیی ڕووداوەکان ئاسانترە وەک لە پێشوو.

شاخەوان شۆڕش

١١/٣/٢٠٢١

سەرچاوەکان:

Bøger_Kunst (artsentertainment.cc)

selvbiografi | lex.dk – Den Store Danske

Erindring – Betydning og hvordan man skriver en erindring (dagens.dk)

objektivitet | lex.dk – Den Store Danske

En guide til erindringen (videnskab.dk)

Leksikon for det 21. århundrede

Hvad er kritisk rationalisme? (videnskab.dk)

Dokumentar | Grundbog til medier i dansk (systime.dk)

Dokumentarfilm – Wikipedia, den frie encyklopædi