میت فەرهاد تەکینەر (بۆتان) لە باشوری کوردستاندا دەگرن و دەیبەن

لەسایەی ئیپۆکی شەرمەزاریدا: میتی تورکیا ئەندامی پەکەکە فەرهاد تەکینەر (بۆتان) لە باشوری کوردستاندا گرتووە و بردوویەتی بۆ تورکیا. بەپێی رۆژنامەی دەیلی سەباحی تورکی کە لە خوارەوە لینکەکەم داناوە. گوتن هەیە کە فەرهاد تەنها لایەنگری پەکەکە بووە و ئەندامی پەکەکە نییە. رۆژنامە تورکیەکانی سەر بە دەسەڵات هەمیشە ڕاستیەکان دەشێوێنن و دژی کوردن.

ئەوەش بوون و چاڵاکی دەزگای هەواڵگری تورکی میت ڕاشکاوانە لە باشوری کوردستاندا دەسەڵمێنێت. بوونی میت لە باشوردا پێشێلی سەروەری ولاتە، شکاندنی شکۆی کوردستانە، ژێرپێخستنی سەروەری و بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردە، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە. هاوکاریکردنی میت پەسندکردن و ملکەچییە بۆ هەموو دەستدرێژی و پێشێلکارییەکان. جگەلەوەی ناپاکیە لە خەبات و بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد.

دەزگاکانی هەوالگری میت و ئیتلاعات و هەروەها رێکخراوەکانی دیکەی سەر بە رژێمی تورکیا و ئێران لە باشوری کوردستاندا چاڵاکن، لەهەردوو دەڤەری کەسک و زەردا بڕیاردەرن و دەتوانن ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆن بگرن و بە ئیسراحەتی خۆیان بە بازگەکاندا بیانبەن، بۆیە ئەوەی ئەوان دەیکەن ڕفاندن نییە، چونکە پێویستیان بە ڕفاندنی نهێنی نییە. ئایا تائێستا کەس بیستوویەتی کەوا هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی یا هەولێر رێگەیان لە ڕفاندنی کەسێک گرتبێ و لەچنگی میت یا ئیتلاعات دەریانهێنابێ؟ جگەلەوەی هەردوولا دژی پەکەکە و هاوسۆزەکانی ئاراستەی ئۆجەلانن. هەردوولا دژی تەڤگەری ئازادین. پارتی لەلایەن خۆیەوە زۆر چاڵاکە ناوە ناوە خەلکی سەر بە تەڤگەر دەگرێ. ئاشکرابوونی ئەندامەتی پەکەکە یەکسانە بە گیران. یەکێتی جگە لە داخستنی بارەگاکانی تەڤگەر تەنانەت دژی پەخشی فیلمی رەخنەگریش دەوەستێتەوە و ڕێگەی دەگرێ. پارتی لەسەر کوشتنی ئەفسەری میت خەلک دەگرێ و لە دادگا عەجایەبەکانی خۆی سزای مردنیان بەسەردا دەسەپێنێ. چیبکەن فەقیرانە لەسەریانە هاوکاری ئێران و تورکیای دۆستیان بکەن.