١٦ ی ئۆکتۆبەر یەکێ لە لوتکەکانی ئیپۆکی شەرمەزاری ( ١٩٦٤-٢٠١٩)

ئەوان دەیانتوانی دوای ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەغدا لە ڕاگەیاندنێکی کراوەدا بەخەڵک بڵێن “کە رێکەوتووین و دەکشێینەوە، چونکە بەری ئێراق و ئێرانمان پێ ناگیرێ و نامانەوێ گوند و شارەکان وێران بن و خەڵک بەکۆمەڵ بکوژرێن”. بۆیە ناپاکی ئەوەبوو کە یەکێتی و پارتی لەیکتر بەفێل بوون و هەریەک بۆمەبەستێک کاری دەکرد کە لێرشدا خەڵک باجەکەیاندا. بێگومان هەر ڕێکەوتنێک بۆ بەرژەوەندی تایبەت لەگەڵ بەغدا کرابووبێت ناپاکی بوو لەخەڵک کرا.

١٦ ی ئۆکتۆبەر یەکێ لە لوتکەکانی ئیپۆکی شەرمەزاری ( ١٩٦٤-٢٠١٩)

لە گێژاوی بێهەڵوێستی و بێ پلانیدا سەرانی یەکێتی و پارتی لە ئەنجامی سەرنەکەوتنی ریفەراندۆم پێشتر لە رۆژی ١٥ ی مانگدا لە هاوینەهەواری دوکاندا ڕیکەوتنیان لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا کرد کەوا بکشێنەوە و خاڵەکانی سنور رادەستی بەغدا بکەنەوە. بەرلەوە سەرانی یەکێتی و پارتی چیان لەگەڵ بەغدا مۆرکردووە هەرخۆیان دەزانن. هەر ئەوڕۆژە لە باشوردا لەبەر دژایەتی یەکتر سەرۆکێک یا بەرپرسێک نەبوو بێت و بە ئاشکرا بەیانێک دەرکا و ئەو رێکەوتنە بەخەڵک بڵێت، وەکو ئەوەی ژەنەڕال مەزلوم عەبدی کردی. خەڵک نیگەران و پشتگوێخراو نەیاندەزانی بە چی باوەڕکەن. لە ١٦ ی ئۆکتۆبەردا میلیشیای حەشدی شیعە و سوپای ئێراق بەپاڵپشتی ئێران هاتن و هێرشیان کردسەر ئەو هێز و پێشمەرگە و خەڵکەی کە ئاگاداری هیچ نەبوون یا جێهێلدرابوون. لەهەندێ شوێن پێشمەرگە و خەڵک بێ پشتیوان مانەوە و کۆمەڵکوژکران، یا خوا نەیکوشتن و دەربازبوون. لەهەندێ لە ناوچەکان کشانەوە ڕوویدا و شەڕ بەرپا نەبوو. سەیرەکە لەوەدابوو لەکاتی داگیرکردنی کەرکوکدا کەناڵی ڕوودا و میدیای سەر بە بەرەی زەرد هانی شەڕیان لەکەرکوکدا دەدا و بەدرۆ پڕوپاگەندەی هاتنی هێزی دەرەکیان دەکرد، لە بەرەی کەسکیش کشانەوە بوو.

ڕێکەوتن ئەگەر کرابوو بۆ شەڕ بەرپابوو!؟ چۆن مسۆگەری پاراستی خەڵکی دووزخورماتوو و کەرکوک و ناوچەکانی دیکە نەکرا بوو؟ لەبەرچی لە شێراوە و بەرەی دیکە بووە شەڕ؟

 

پاشان کەوتنە ناوزراندنی یەکتر و یەکتر تاوانبارکردن بە ناپاکی. ئەو ئاژاوە و ناپاکیەی ڕوویدا لە راستیدا رەنگدانەوەی هەڵدانەوەی رووی راستەقینەی دەسەڵاتی دووبەرەیی خێلەکیانەی باشور بوو. دەرئەنجامی ئەو گەندەڵی، نایەکگرتوویی و پەرتەوەازەییە بوو کە بەر لە ریفەراندۆم هەبوو. ئەوە ئەنجامی سیاسەت بە مەنتالی خێلگەرایی و بەرژەوەندخوازی مافیاگەرایی بوو. یەکێ وێلی ئاغای تورکیا بوو و پارەی زەبەلاحی نەوت مەستی کردبوو، یەکێ وێلی ئاغای ئێران بوو و پشکداری لە داهاتی نەوت گێژی کردبوو و سەر و قاچی خۆی وونکردبوو.

 

بەپێی رێکەوتنی دەستوری و ڕێکەوتنەکانی دیکە بە ئاگاداری ئەمەریکا دەبوایە هێزەکانی سەربە هەردوو حزب بکشێنەوە شوێنەکانی بەر لە هاتنی داعش. ئەوەیان دەزانی و ڕایاننەدەگەیاند. کە ریفەراندۆم کرا ئەو هاوکێشەیە دەگۆڕا ئەگەر توانای بەرگری و پشتگیری ئەمەریکا هەبوایە. هێزە کوردیەکان توانای سوپای ئێراقیان نەبوو و نەیاندەتوانی ئەو شوێنانە بپارێزن وە تەنها کاتێک دەیانتوانی ئەگەر ئەمەریکا پشتگیری کردبان، کە بەپێچەوانەوە ئەمەریکا لەکورد توڕەبوون چونکە گوێیان لەوان نەگرت. لەراستیدا ئەگەر کورد یەکگرتووش بان بێ پشتگیری ئەمەریکا نەیاندەتوانی ئەو شوێنانە بپارێزن. چونکە کورد دەولەت نییە و هێزی ولاتانی داگیرکەری نییە. باری ئێستای رۆژئاڤا باشترین نمونەیە.

 

بەکورتی ئەوان دەیانتوانی دوای ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەغدا لە ڕاگەیاندنێکی کراوەدا بەخەڵک بڵێن “کە رێکەوتووین و دەکشێینەوە، چونکە بەری ئێراق و ئێرانمان پێ ناگیرێ و نامانەوێ گوند و شارەکان وێران بن و خەڵک بەکۆمەڵ بکوژرێن”. بۆیە ناپاکی ئەوەبوو کە یەکێتی و پارتی لەیکتر بەفێل بوون و هەریەک بۆمەبەستێک کاری دەکرد کە لێرشدا خەڵک باجەکەیاندا. بێگومان هەر ڕێکەوتنێک بۆ بەرژەوەندی تایبەت لەگەڵ بەغدا کرابووبێت ناپاکی بوو لەخەڵک کرا. لەگەڵ ئێران و تورکیا بەهەمان شێوە. کشانەوە لە ناچاریدا و لەئەنجامی رێکەوتنێکی سەربازیدا ناپاکی نییە، ناپاکی ئەوەیە کە ریکەوتن بکەیت و بە خەڵک نەڵێیت و خەڵک بکەیتە قوربانی بەرژەوەندی تایبەتی حزب، وەکو ئەوان کردیان و بەخەڵکیان نەگوت. ئەوەبوو بەسەدان کەس بوونە قوربانی، خەڵکی دووزخوراماتوو مالیان سوتێندرا و هەندێکیان کۆمەڵکوژکران، بەهەزاران ئاوارەبوون.

 

تێبینی: ئیپۆکی شەرمەزاری مەبەست لە سەردەمی مەلایی- جەلالیە کە لە ساڵی ١٩٦٤ ـەوە دەستپێدەکات و تائێستا بەردەوامە. ئەو دوو بەرەیە لەپێناوی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیاندا بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردیان ژێرپێخستووە و کۆسپی گەورەن لەبەردەم هەنگاوەکانی گەیشتن بە ناسیۆن بوون.

 

شاخەوان شۆڕش

١٦-١٠-٢٠١٩