گەمەی ریالپۆلیتیک و چارەنوسی کوردان

یاری زلهێزەکان هەمیشە ریالیستانەیە و باکی بە گەلانی ژێردەستە نییە، بۆ زلهێزەکان تاکە مۆرالێک لە ریالپۆلیتیکدا هەبێت ئەوەیە چۆن دەتوانن بگەنە ئامانجەکانی خۆیان و پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانیان بکەن. ئەگەر مافی گەلێکی بێوڵات یا کەمینەیەک لەگەل بەرژەوەندی ئەوان تەبابێت، دەکرێ ململانێکە بەسوود بۆ ئەو گەلە بشکێتەوە، ئەگەرنا ئەوان ڕزگارکەری گەلان نین و ناشبن.

گەمەی ریالپۆلیتیک و چارەنوسی کوردان

31-3-2018

بارگرژی لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهاندا گەیشتۆتە ئاستێکی مەترسیدار. لەپشتی دەرگە داخراوەکاندا چ بڕیارێک دەدرێت نازانین. رۆژئاوا و روسیا دژی یەک هەنگاو دەنێن، دیپلۆماتەکانی یەکتر دەردەکەن. رۆژئاوا دەمێکە لە پوتین پڕە و لە دابڕینی کریماوە لە ٢٠١٤ وە گرژی تەواو هەیە. تورکیا کە هەموو دەزانن هاوکاریکەری داعش بووە و هاوکاری ئیسلامیەکان دژی کورد دەکات ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەیاندۆتە ئاستێکی ترسناک. دەستێوەردانی ئێران لە ئێراق و سوریا رۆژئاوای هەراسان کردووە، وە ئێران هەرەشەیە لەسەر هاوپەیمانانی رۆژئاوا لە هەرێمەکە. روسیا تورکیا بۆ لاوازکردنی ئەمەریکا لە سوریادا بەکاردەهێنێت. ئەمەریکا هەوڵی زۆر دەدات تورکیا وەکو هاوپەیمان بهێلێتەوە، بەڵام هەڵپە و پەلهاویشتنی ئەردۆگان بۆی هەیە بارەکە بەلایەکیتردا ببات. ئەمەریکا دەڵێ لە سوریا دەکشێینەوە و فەرەنسا هەوڵی ناوبژیوانی نێوان تورکیا و کورد دەدات. دەگوترێت هێزی فەرەنسا دێنە شوێنی هێزە ئەمەریکایەکان. ئەمەریکا دەروا؟ فەرەنسا دێت؟ ئایا ترەمپ دەستبەرداری رۆلی سەرکردایەتی ئەمەریکا لە ئاستی جیهاندا دەبێت و هێزەکان دەکشێنێتەوە و گوێش بە دەرئەنجامەکان نادات؟ یا چ بڕیارێک لەنێوان ئەندامانی ناتۆ و رۆژئاوا دراوە روون نییە.

یاری زلهێزەکان هەمیشە ریالیستانەیە و باکی بە گەلانی ژێردەستە نییە، بۆ زلهێزەکان تاکە مۆرالێک لە ریالپۆلیتیکدا هەبێت ئەوەیە چۆن دەتوانن بگەنە ئامانجەکانی خۆیان و پارێزگاری لە بەرژەوەندیەکانیان بکەن. ئەگەر مافی گەلێکی بێوڵات یا کەمینەیەک لەگەل بەرژەوەندی ئەوان تەبابێت، دەکرێ ململانێکە بەسوود بۆ ئەو گەلە بشکێتەوە، ئەگەرنا ئەوان ڕزگارکەری گەلان نین و ناشبن. وەکو کیسنجەر لە شوێنێکدا دەڵێ “نابێ کاری خێرخوازی ببێتەهۆی شێواندنی ئامانجە شاردراوەکان”.

یاری زلهێزەکان هەرچی بێت، لەسەر گەلی کورد پێویستە بڕوای بە دۆزەکەی هەبێت و یەکگرتووانە و هوشیارانە خەبات بۆ ئازادی گەل و نیشتیمان بکات. سەڵماندنی بوون وەکو ناسیۆنێکی هوشیار و یەکگرتوو فاکتەری یەکلاکەرەوەی سەرکەوتنی گەلی کوردە.

شاخەوان سۆرش