تەنیایی کوردی ناچارکرد رێگە بەهێزەکانی ڕژێمی سوریا بۆ عەفرین بدەن

تورکیا، روسیا، ئێران و سوریا بوونی ئەمەریکا بەمەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانیان دەبینن، بۆنمونە بەردەوام بە هەوڵی پارچەکردنی سوریا لە ڕیگەی کوردەوە تۆمەتباری دەکەن. ئەمەریکا نکۆڵی لەوە دەکات و بەڵام نەیشاردۆتەوە کە کێشەی سوریا دەبێ بە بەشداری هەموو لایەنەکان بێت و بە نەمانی ئەسەد کۆتایی بێت. ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ بوونی خۆبەرێوەبەری کورداندا نییە. ئاشکرایە کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان نایانەوێ کورد ببێتە خاوەنی خۆبەرێوەبەری ناوچەیی لە سوریادا.

تەنیایی کوردی ناچارکرد رێگە بەهێزەکانی ڕژێمی سوریا بۆ عەفرین بدەن[i]

21-2-1018

پێشتر روسیا هەولیدا هێزەکانی سوریا بێنە عەفرین و کۆنترۆلی سنور و پۆستە گرنگەکانی عەفرین بکەن، بەڵام لەلایەن کوردەوە رەتکرایەوە. ئێستا لەژێر گوشاری هێرشەکانی تورکیا رێگە بە هێزەکانی سوریا درا بێنە سنورەکە.

کانتۆنی عەفرین چواردەوری گیراوە، رۆژهەڵات و رۆژئاوای باکوری کانتۆنەکە تورکیا و ئیسلامیەکانی سەربەتورکیان، لە ڕۆژهەلاتی خواروو ئیسلامی و سوپای سوریا ئازادی سەر بە تورکیان، لە خواروو سوپای ڕژێمی سوریا هەن، لە رۆژئاوای خواروو ئیسلامیەکانن. بەمجۆرە کانتۆنی عەفرین لەهیچ سنورێکەوە پەیوەندی بە بەشەکانی دیکەی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا نییە.

کورد لە عەفریندا تەنیا بوو و لە دژی هێرشی نارەوای تورکیا هیچ هێزێک هاوکاری نەکردن. ئەمەریکا تاکە هێز بوو کە کوردەکان ئومێدیان پێی هەبوو، ئەویش بێدەنگی نواند و تورکیای نەوەستاند. ئەوەش دەریدەخات کەوا ئەمەریکا تورکیای لە کورد لا گرنگترە و ئامادەش نەبوو خۆی توشی کێشەی زیاتر لەگەڵ تورکیا بکات. هەروەها دەریخست کە ئەمەریکا دژی کەوتنی عەفرین نەبوو.

لەپەیوەندیە نێونەتەوەییەکاندا، هەمیشە ئەندامانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کە وڵاتە سەربەخۆکانن گرنگی یەکلاکەرەوەیان لە کێشەکاندا هەیە. کەمینەی بێوڵات هەمیشە پەراوێزخراون، تەنها لە باری زۆر تایبەتدا دەکرێ ڕەچاوی بەرژەوەندی کەمینە بکرێت، ئەگەرنا هەروابووە.

سوریا و ئێران بە بوونی خۆبەرێوەبەری کوردان دڵخۆش نین و بێگومان هەوڵی نەهێشتنی دەدەن. روسیا لایەنگری رژێمی سوریایە و کێشەیەکەی لەوەدا نییە.

تورکیا، روسیا، ئێران و سوریا بوونی ئەمەریکا بەمەترسی لەسەر بەرژەوەندیەکانیان دەبینن، بۆنمونە بەردەوام بە هەوڵی پارچەکردنی سوریا لە ڕیگەی کوردەوە تۆمەتباری دەکەن. ئەمەریکا نکۆڵی لەوە دەکات و بەڵام نەیشاردۆتەوە کە کێشەی سوریا دەبێ بە بەشداری هەموو لایەنەکان بێت و بە نەمانی ئەسەد کۆتایی بێت. ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ بوونی خۆبەرێوەبەری کورداندا نییە. ئاشکرایە کە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان نایانەوێ کورد ببێتە خاوەنی خۆبەرێوەبەری ناوچەیی لە سوریادا.

تورکیا هەموو هەوڵیک دەدات دەسەڵاتی کوردی نەمێنێ یا لانیکەم هەرێمی عەفرین لە دەست کوردان دەربێنێ و دەسەڵاتی کوردی لە رۆژهەلاتی روباری فورات نەپەڕیتەوە. دیارە نایەوێ بەوەش بوەستێ.

ئەو ڕێکەوتنەی نێوان کورد و سوریا بە دڵی تورکیا نییە، چونکە تورکیا چاوەروانی دەکرد خۆی عەفرین داگیرکا و رادەستی ئیسلامی و سوپای سوریای ئازادی کا، وەکو پێگە و کارتێک دژی کورد و ئەسەد بەکاریبهنێنێ. تورکیا ئەوەی بۆ نەچووەسەر. بەڵام لەلایەکیتر هێرشی تورکیا بووە هۆی لاوازکردنی کورد لە عەفرین، چون هاتنی سوپای سوریا بۆ سنورەکان لاوازبوونی کوردە لە عەفرین و کێشە دروستبوونە بۆ کورد و پلانی ستراتیژیانەی داهاتووی. لەبیرمان نەچیت پلانی ڕژێمی ئەسەد ئەوەیە هەموو سوریا بخاتەوە ژێرچنگی خۆی.

ئەمەریکا پشتی لەکوردە هاوپەیمانەکانی کرد، ناچاریکردن لەگەڵ ئەو هێزە ریکەون کە ئەمەریکا حەز بە چارەی ناکات و داوای لاچوونی دەکات. ئەوەش بۆ ئەمەریکا گۆڕانکاریەکی باش نییە و لاوازی ئەمەریکا لە هاوکێشەی سوریادا پێشان دەدات. لاوازبوونی کوردەکان لە عەفرین و بەهێزبوونی سوریا لە هاوکێشەکەدا لەبەرژەوەندی ستراتیژی سەربازی و رامیاری ئەمەریکادا نییە. بێدەنگی ئەمەریکا بەرامبەر بە هێرشی تورکیا رێگەی بۆ نەیارانی ئەمەریکا خۆش کرد کە سوود لە بارەکە وەرگرن دیارە لسەر حسابی کوردان. ئەوەش سەرکەوتوویی سیاسەتی ئەمەریکا لە سوریادا وێنە ناکات

 

 


[i] دیارە ئەو هەوڵەی کوردەکان سەرکەوتوو نەبوو، چونکە روسیا لەگەڵ تورکیا رێکەوتبوو و ڕیگەیدا تورکیا ئەفرین داگیربکات و تورکیا بگاتە ئامانجی ستراتیژی خۆی دوای ٥٨ ڕۆژ هێرش و تۆپبارانی کورد لە ئەفرین.