بەڵێ” یەکی سەیر، “گەماڕۆی پاسیڤ” ی کوردستان و سکەنداڵی “پرەنسیپی ڕێکەوتن”

ئەو وتارە لە ئاکامی پەسندکردنی دەستوری ئێراقی لە ٢٠٠٥ دا نوسراوە: دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان جگەلەوەی لایەنگرانە لە بنچینەیاساکە دوان، هەڕەشەیان لەخەڵک کرد و ناوناتۆرەیان بۆ دژەکان دروستکرد. ئەوەش خۆی لەخۆیدا بڕوانەبوونە بە “ئازادی بیروباوەڕ”، کە خۆیان ڕۆژانە بانگاشەی بۆ دەکەن. بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، وەزیری ڕۆشنبیری بەڕێوەبەرایەتیەکەی سلێمانی (فەتاح زاخۆیی) لەسەر کارەکەی دەرکراوە، چونکە ناوبراو بە “نا” دەنگی داوە. ئەوەش دیسان پشتگیری ئەوەی سەرەوە دەکات.

“بەڵێ” یەکی سەیر، “گەماڕۆی پاسیڤ” ی کوردستان و سکەنداڵی “پرەنسیپی ڕێکەوتن

بنچینەیاسای ئێراق لەلایەن زۆرینەی ئێراقیەکانەوە پەسندکرا”، ئەوە سەردێری گەلێ لە میدیاکان بوو. بەگوێرەی هەواڵەکان 78 لەسەدای خەڵک بە بەڵێ دەنگیان داوە و 21 لەسەداش بە نا دەنگیان داوە. ئەوانەی بەشداری گشتپرسیەکەیان کردووە 63 لەسەدای سەرجەمی دەنگدەرانیان پێکهێناوە . ئەو ڕیفەراندەمە لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بە سەرکەوتوو داندراوە.

ئەگەر بەچاوێکی ڕەخنەگرانە بڕوانینە ئەو گشتپرسیە و ئەنجامەکەی ئەوا دەکرێ لە چەندین لایەنەوە خاڵی لاواز و نەگەتیڤ کە بنکۆری ئەو ئەنجامە دەکەن بدۆزینەوە.

بنچینەیاساکە بە هەفتەیەک بەر لە گشتپرسیەکە چاپ و بڵاوکرایەوە، پاش چاپکردنی چەندخاڵێکی بڕیاری هەموارکردنی درا و ناشزانرێ ئاکامەکەی چۆن دەبێت.

ئەو بنچینەیاسایە کە بە دەیان خاڵ و بڕگەی گرنگ دەگرێتە خۆی، چۆن توانرا لە ماوەی هەفتەیەکدا بۆ خەڵک ڕوونکرێتەوە؟ لەهەر وڵاتێکی دیموکراسیدا (کە خەڵکەکەی گەلێکیان خوێندەوار و هوشیارن) ئەو کارە پێویستی بە یەک تا شەش مانگ هەیە. ئەو کارە جگە لە کۆڕ و کۆبوونەوەی کەناڵەکان، دەبێ گەڕەک بە گەڕەک و دێ بە دێ و شار بە شار لە کۆبوونەوەی تایبەتدا بۆ خەڵک ڕوونکرێتەوە. لەو پرۆسەیەشدا دەبێ لایەنی “ئا” و “نا” وەکویەک بەشدار بن. ئەگەر ئەو پرۆسەیە ئەوها بەڕێوەچوو، ئەوجا ئەگەری ئەوە هەیە کەوا خەڵک تاڕادەیەکی گونجاو لە یاسا و بڕیارەکانی ناو دەکومێنتەکە گەیشتبن.

ئەوەی کە کرا جگەلەوەی لایەنگرانە و تەنها لایەنی بەڵێ بوون ڕێگایان پێدرابوو، بەڵکو زۆر کەم بوو و بەهیچ شێوەیەک نەیتوانی لەو ماوە کورتە یەک هەفتەییەدا بەئەرکی خۆی هەڵبستێت. نەک لە ئێراق لە پێشکەوتوترین وڵاتیش لە ماوەی یەک هەفتەدا ئەو کارە ناکرێت. جگەلەوەی کاری ڕوونکردنەوەکە ئاستێکی زۆر نزمی هەبوو و زۆر لەئاستی پێویست دوور بوو، دەستکاری دەکومێنتەکەش هاتە گۆڕێ و هەندێ خاڵ چارەنوسیان دیار نییە. ئەوە کاری ڕوونکردنەوە ئاڵۆزتر دەکات ئەگەر کاتی ڕوونکردنەوە زۆریش بێت، بەڵام ئەگەر کات تەنها یەک هەفتە بێت، بەکورتی دەبێ دەستی لێ بشۆی. بەم شێوەیە ئەوانەی بەشداریان کرد، زۆریان لە ڕاستیدا لە ناوەڕۆکی دەکومێنتەکە نەگیشتبوون و بەپێی داخوازی پارتەکان یا دەسەڵاتداران دەنگیان دا.

دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان جگەلەوەی لایەنگرانە لە بنچینەیاساکە دوان، هەڕەشەیان لەخەڵک کرد و ناوناتۆرەیان بۆ دژەکان دروستکرد. ئەوەش خۆی لەخۆیدا بڕوانەبوونە بە “ئازادی بیروباوەڕ”، کە خۆیان ڕۆژانە بانگاشەی بۆ دەکەن. بەگوێرەی هەندێ سەرچاوە، وەزیری ڕۆشنبیری بەڕێوەبەرایەتیەکەی سلێمانی (فەتاح زاخۆیی) لەسەر کارەکەی دەرکراوە، چونکە ناوبراو بە “نا” دەنگی داوە. ئەوەش دیسان پشتگیری ئەوەی سەرەوە دەکات.

ڕێژەی بەشداری لە ناوچەی شیعەکاندا زۆربووە و زۆرینەی ڕاشکاو یا نزیکەی هەموویان بە بەڵێ دەنگیان داوە. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوان بنچینەیاساکەیان زۆر بەدڵە. بەو واتایە ئەوان دەستکەوتی باش لە بنچینەیاساکەدا دەبینن و بۆنمونە ئایینی ئیسلام بە دڵی ئەوان کراوەتە بنچینەی یاسادانان و زۆرترین دەسەڵاتیش چاوەڕوانیانە.

لەکوردستان بەپێی کەناڵ و ڕاگەیاندنەکانی پارتە دەسەڵات بەدەستەکان، خەڵکێکی زۆر بەشداریان لە گشتپرسیەکەدا کرد و بە بەڵێ دەنگیان دا. دیارە بەگوێرەی ئەنجامی ڕاگەیەندراو، نزیکەی هەر هەمووی بە “بەڵێ” دەنگی داوە. بەڵام ئەوەی لەو گشتپرسیەدا لە کوردستان ڕوویدا لەڕاستیدا ئەوە نییە کە دەسەڵاتداران گوتیان. بەپێی هەندێ سەرچاوە و گەلێ لە بەشدارانی ڕیفەراندەمەکە، خەڵکێکی کەم بەشداری دەنگدانیان کرد. هەندێ دەڵێن 15 لەسەدا، هەندێ دەڵێن 35 لەسەدا ئامادەی دەنگدانەکە بوون. بەکورتی ڕێژەی بەشداران کەم بووە، بەڵام کە چاودێریەکی بێلایەن و دەستپاک نەبووە و بڕواش بە ڕاگەیاندنی یەکێتی و پارتی ناتوانرێ بکرێت، بۆیە زانینی ڕێژەی ڕاستەقینەی بەشداران لە کوردستاندا زۆر سەختە. بەڵام کە ڕێژەی بەشداربوان گەیاندراوەتە نزیکەی 70 لەسەدا، ئەوە واپێدەچێت ساختەکراوە و وەکو زۆر لە بەشداران ئاماژەیان پێداوە، “زۆر فۆرمی دەنگدان لەلایەن خەڵکی دیکەوە پڕکراونەتەوە”. ئاستی گەورەیی ئەو ساختەیە هەرگیز نازانرێت، لەکاتێکدا کەس غەمی ئاشکراکردنی ئەو ساختەکاریەی نییە، هەروەها دەسەڵاتداران ئارەزووی کارێکی ئەوها ناکەن. ئەو ساختەکردنە لە دەنگەکاندا، دەبێتەهۆی بردنەوەی “بەڵێ” ی دەسەڵاتدارانی کوردستان، بەڵام ئەوە بێگومان سەپاندنی مەبەستێکی دیاریکراوە، بەو واتایە خەڵک لە ژێر بارێکی ئازاد دا بەئەگەری زۆر لەگەڵی تەبا نەدەبوون. لەڕاستیدا ئەوە کارێکی زۆر خراپە و یاریکردنە بە چارەنوسی گەل

جێگای گرنگی پێدانە، زۆر لە خەڵکی کوردستان وەکو بڵێی گەماڕۆی گشتپرسیەکەیان کرد. دیارە دەکرێ هۆی ئەو “یاخیبوونە پاسیڤە” گەڵێ هۆکاری هەبووبێت. بەڵام بەئەگەری زۆر زۆرینەی خەڵکەکە لەبەر ئەوە نەچوونە دەنگدان، چونکە گلەییان لە گوزەران و ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، لە گەندەڵی و ساختەکاری دەسەڵاتداران بێزارن. خەڵکی کوردستان لەبەرئەوەی گوزەرانیان خراپە، ئاو و ئەلەتریکیان نییە، نەوت و بەنزینیان نییە، کەچی لەهەمان کاتدا دەبینن بەرپرسانی ناو پارتەکان و دەسەڵاتداران لە هیچیان کەم نییە، هایلایف دەژین و شەق لەپارە هەڵدەدەن، بۆیە ئامادە نەبوون دەنگ بدەن. خەڵک دەبینن لە هەموو لایەک و ئاستێکدا هەر واستەیە و گەندەڵیە و ساختەکاریە. ئەگەر خەڵک سەر بە پارتی دەسەڵاتدار نەبن یان بەشێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ دەسەڵاتداران نەبن، گەماڕۆیان لەسەرە و دەبێ دەستی ئەم و ئەو ماچ بکەن تالە شوێنێ کارێکیان دەست دەکەوێت یا پێداویستیەکی ژیانیان جێبەجێ دەکەن. بەکورتی خەڵک گەماڕۆی گشتپرسیەکەیان کرد، چونکە سەرەتاییترین پێداویستی ژیانی ڕۆژانەیان تا ئێستا ئەوە بۆ 14 ساڵ دەچێت جێبەجێ نەکراوە. ئەو دەسەڵاتە کوردیە 14 ساڵە نەیتوانیوە سەرەتاییترین پێداویستی ژیانیان بۆ دابین بکات، ئیتر ئەوان دەنگ بۆ چی ئەوان و بەرژەوەندی ئەوان بدەن!

وەکو بڵاوکرایەوە 21 لەسەدای بەشداران بە “نا” دەنگیان داوە، ئەو ژمارەیە بە ئەگەر زۆری نزیکەی هەمووی عارەبی سوننەن. ناوچەکانی عارەبی سوننە کە هەواری بەعسیەکانە هەموویان دژی بنچینەیاساکە وەستان. لەو ناوچانەی دیکەش کە هەن، زۆربەیان دەنگیان بە “نا” داوە. شایانی گوتنە، ئاماژە بە بوونی دیاردەی ساختەکاری لە ناوچە تێکەڵەکانی بۆنمونە وەکو شاری موسڵ دەکرێت. ئەوە چەندی ڕاستە، پێویستی بە لێپێچانەوە هەیە.

ئەو ڕەتکردنەوەیەی عارەبی سوننە، بنکۆرکردنی ڕاستەوخۆی بیرۆکەی “یەکێتی ئارەزوومەندانەی ئێراقی پلورال و فیدرالە”. چۆن یەکگرتنی ستاتێک ئارەزوومەندانەیە کە بەشێکی گرنگی خەڵکەکەی دژی بوەستن؟ چۆن دەکرێت بنچینەیاسایەک بەسەر بەشێکی گرنگی وڵاتێکدا بسەپێندرێت و بانگاشەی ئازادی و یەکسانیش بکرێت؟ چۆن دەکرێ ئەو ستاتە دروستکرێ و بە خۆڕاگری بمینێتەوە؟ ئەوەی لێرەدا دەیبینین، ئاماژەیەکی ڕاشکاوە بە پێکهاتەی ناگونجاوی ستاتی بە زۆر ڕاگیراوی ئێراق. لە ڕاستیدا لەو بارەدا بەردەوامی لەسەر سەپاندنی بیرۆکەی ئێراقی یەکگرتووی فیدرال، زیاتر لە کات بەفیڕۆدان دەچێت.

وەکو دەیبینین بە پێی “پرەنسیپی زۆرینە” گروپێکی ئێتنی ژێرپێ خراوە. ئەگەر ئێراق تاڕادەیەک لە یەک جۆرە نەتەوە و ئایین پێکباهاتایە، ئەوسا دەکرا پرەنسیپی زۆرینە بە سانایی پیادە بکرێت. بەڵام ئاشکرایە ئێراق سێ گروپی سەرەکی بەزۆر تێخراوە و هەر یەکەیان بەرژەوەندی تایبەت بەخۆی هەیە. لە ڕابردوودا ئەوانە دژی یەک بوون و مێژوویەکی خوێناویان لە نێواندا هەیە. بەکارهێنانی پرەنسیپی زۆرینە کە بەئەگەری زۆر پەڕاوێزکردنی گروپێکی دیاریکراو لە گەلێ باردا دروست دەکات، لە ستاتێکی وەکو ئێراقدا ئەنجامەکەی بەدڵی دلسۆزانی “ئێراقی فرەیی و یەکسانی” نابێت. بەمشێوەیە دەکرێ وڵاتەکە پارچە بکات، ئەوەش ئەنجامێکە ئەگەری ڕوودانی زۆرە.

شایانی گوتنە ئەوەی بەسەر سوننە هێنرا، دەکرا بەسەر کوردیش بهێندرێت، بەهەمان شێوە گونجاوە لە داهاتوودا بەسەر کورد بهێندرێت. کورد و سوننە هەردولایان بە قەوارە لە بەرامبەر شیعەدا کەمینەن، هەر یەکەیان لە بەرامبەر دوانەکەی دیکەدا کەمینەن. کورد باری لە سوننە قورسترە، چونکە سوننە و شیعە هەردولایان عارەبن و دەکرێ لە ڕوویەکی ناسیونالیستانەوە دژی کورد هاوپەیمانی ببەستن. کورد وەکو کەمینە بەرامبەر بە پرەنسیپی زۆرینە هەستیارە و پەڕاوێزکردنی ئاسانە. ئاشکرایە سوننە و شیعە هەردولایان حەز بە بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کورد ناکەن و دژی جیابوونەوەی کوردستانن. بۆنمونە گریمان، ئەگەر لە داهاتوودا کوردستان دژی بڕیارێکی چارەنوسساز وەستا، بەڵام نەتوانێ پێشی پێ بگرێت، لەو بارەدا کوردستان چی دەکات؟ ملی کەچ دەکات؟ یاخی دەبێت؟  دەکرێ هەندێ ڕێگا هەبن، بەڵام دەکرێ ڕێگایەکی ئەوتۆش ئەوسا لەبەردەمدا نەبێت، دیارە لەو بارەدا هیچ ڕێگایەک بێ کێشە نابێت.

خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ و سەرنج ڕاکێش لەو گشتپرسیەدا بەکردەوە دەرکەوت، ئەویش ژێرکەوتنی “پرەنسیپی ڕێکەوتن” (تەوافق) ـە. دەرکەوت پرەنسیپی ڕێکەوتن نەیتوانی چارەسەری کێشەکانی پرەنسیپی زۆرینە بکات. ئەوەش هۆکەی ئەوەیە، پرەنسیپی ڕێکەوتن تەنها لە ستاتێکدا دەکرێ گونجاو بێت، ئەگەر ئەو ستاتە ئارەزوومەندانە لەلایەن گروپە جیاوازەکان خۆیان دروست کرابێت. ئەگەر ئەو گروپە ئێتنی و نەتەوەییانە بەرژەوەندیەکانیان لەیەکتر نزیک بن و دژ بە یەکتر نەبن. واتە خاڵ و ئیلیمێنتی هاوبەش لە نێوانیاندا لە خاڵ و ئیلیمێنتی تاک زیاتر بن و بە هێزتربن، بەمجۆرە ئەو گروپانە بەیەکەوەبوونیان بە پێویست بزانن. واتە کۆمەڵێ هۆکار و پێداویستی وادەکات ئەوان خۆیان لەیەکتر نزیک ببنەوە و بەمشێوەیە بۆئەوەی باشتر بتوانن بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن یەکدەگرن.

بەواتایەکی دیکە لە وڵاتێکدا کە گروپە ئەتنی و ناسیونالەکان ناکۆک و دژبەیەکن و بە فشاری هێزی دەرەکی کۆکراونەتەوە “پرەنسیپی ڕێکەوتن” ناتوانێ چارەسەری کێشەکانی “پرەنسیپی زۆرینە” بکات. ئەوەی لە ئێراقدا لە گشتپرسیەکە ڕوویدا ئاماژە بەو ڕاستیە دەکات.

بەکورتی دروستکردنەوەی ئێراق لەسەر ئەو بنچینەیە، دروستکردنەوەیەکە ناتوانێ چارەسەری کێشە ئێتنی و نەتەوەییە لەمێژینە ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە بکات. ئەوەی ئێستا دەکرێ، دیسان نکۆڵیکردنی ڕاستیەکانە، ئەوجارەیان بەشێوەیەکی دیکە. چارەنوسی ئێراق “زوو یا درەنگ” پارچە بوونە، ئەوەش نە بە دڵسۆزانی بیرۆکەی ئێراقی “یەکگرتوو و دیموکراسی”، نە بە داگیرکەرانی کوردستان، نە بە عەمرو موسا و عارەبە شۆڤینیەکانی دیکە ڕادەگیرێت.

Iraq voters back new constitution Last Updated: Tuesday, 25 October 2005, 18:21 GMT 19:21 UK

http://news.bbc.co.uk/2/hi/middle_east/4374822.stm

 

شاخەوان شۆڕش

 25.10.2005