هەلەبجە و هێرۆشیما لەبەراوردێکدا

لەیادی تاوانی کیمیابارانی هەلەبجەدا:
ئەو نوسینەی خوارەوە چەند لاپەرەیەکی لێکۆڵینەوەیەکە کە سەبارەت بە تاوانی گەلکوژی هەلەبجە لەبەردەستمدایە و هیوادارم بەمزووانە تەواوی بکەم..

هێرشی سەر شاری هەلەبجە بەپێی کوشندەیی و وێرانکاری، بە قەوارە و زیان زۆر بچوکترە لەو هێرشەی کرایەسەر شاری هێرۆشیما، لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکەی سەر هێرۆشیما وەکو تاوانی جەنگ سەیری دەکرێت نەک تاوانی گەلکوژی. بۆئەوەی لە هۆکاری ئەو جودایە بگەین گونجاوە سەیری جیاوازیەکان لەنێوان ئەو دوو تاوان و کۆمەڵکوژیەدا بکەین.

هەلەبجە و هێرۆشیما لەبەراوردێکدا
ئەگەر کیمیابارانی هەڵەبجە بەشێکی جیانەکراوەی شەڕی نێوان ئێران و ئێراق بووایە، یا ئەگەر تاوانی کیمیابارانی هەلەبجە بە تەنها روویدایە و شاڵاوەکانی ئەنفال لە ئارادا نەبوونایە، بەئەگەری زۆر تاوانەکە وەکو تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتی دادەندرا، سەڵماندنی وەکو تاوانی گەلکوژی ئەستەم دەبوو، چونکە لەئەگەری بوونی هەندێ لە تاوانکاریەکان وەکو هێرشکردنی کیمیایی بەمەبەستی لەناوبردن، کوشتاری بێجیاوازی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی شار، یا زیانگەیاندنی فیزیکی و دەرونی کوشندە کە لە تاوانی گەلکوژیشدا هەن، بەبێ بوونی بەڵگەی گرنگی تایبەتی بەشی لەناوچوو بۆ گشت نەتەوەی کورد، بەجۆرێ کە مەترسی لەسەر بوونیان دروست بکات، یا بەبێ بوونی بەڵگەی وابەستەیی بە پرۆسەیەکی بەرفراوانتری لەناوبردنی نەتەوەی ئامانجکراو و قوربانی، سەختە بتوانێ بوونی تاوانی گەلکوژی بسەڵمێنێت. ئەگەرچی لە هێرشەکەدا بەهەزاران کەس لەناوچوون یا بەر کیمیاباران کەوتن و تووشی برین و نەخۆشی درێژخایەن بوون، گەورەیی و دڕندەیی تاوان لەهەموو قەوارە و بارێکدا یەکسان نییە بە بوون و ڕوودانی تاوانی گەلکوژی. دیارە ئەگەر تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەتەنها بوایە، هۆکار و فاکتەرەکانیش، بەو شێوەیە نەدەبوون کە هەبوون.

بۆنمونە ئەگەر سەیری لەناوبردنی خەڵکی شاری ‌هەلەبجە لە رووی چەمکی بەش لە لایەنی چەندایەتیەوە واتە ژمارەی لەناوچووان لە ئاست ژمارەی تێکرای دانیشتوانی شارەکە بکەین، ئەگەر بزانین بەپێی ئاماری ١٩٧٧ ژمارەی دانیشتوانی هەلەبجە بە ٩٢ هەزار نوسراوە، ئەگەر وای بخەملێنن ژمارەی دانیشتوانی شار ئەوسا لە ساڵی ١٩٨٨ دا ٩٠ تا ١٠٠ هەزار کەس بووە ئەوا ژمارەی لەناوچووان کەمترە لە یەک لەسەر دەی ژمارەی تێکڕای دانیشتوانەکە. ژمارەی برینداران بە سوک و سەختەوە دەکرێ یەک یا دوو لەسەر دەی ژمارەی دانیشتوان بێت. گومان لەوەدا نییە کە ژمارەی بەهەزارانی قوربانیان بە کوژراو و بریندارانەوە کە بەشێکیان بە مسۆگەری لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا گیانیان لەدەستداوە، مەترسیان لەسەر بوونی خەڵکی شارەکە بەڕوونی دروستکردووە. بەڵام قەوارەی لەناوچووان هێندە گەورە و کوشندە نەبووە کە بوونی خەڵکەکە لە شارەکەدا شەل بکات و لە کەناری نەمان نزیکیان کاتەوە. بەهەمان شێوە کاریگەری لەسەر بوون و مانی نەتەوەی کورد زۆر سنورداربووە. ئەوە ئەگەر تەنها سەیری ژمارەی قوربانیان بکەین و سەرنج بدەینە ئاستی کاریگەری نەمانی پێنج تا دە هەزار کەس لەسەر ئەگەری مان و بوونی تەواوی نەتەوەی کورد. هەندێ لە یاساناسەکان زۆر گرنگی بە فاکتەری چەندایەتی دەدەن و گەورەیی قەوارەی قوربانیان واتای یەکلاکەرەوەی لای ئەوان هەیە، وەکو تۆتالیستەکان، کە پێیانوایە ئەگەر زۆرینەی ڕەهای گروپە یا خەڵکە ئامانجکراوەکە لەناونەچن ئەوا ئەو تاوانە ناچێتە خانەی تاوانی گەلکوژی، بۆیە سەیر نییە کە لەو ڕوانگەیەوە تاوانی کیمیابارانی هەلەبجە یا تاوانی هێرشەکانی ئەنفال بەتاوانی هەڵەبجەشەوە لە دیدی تۆتالیستەکانەوە ناچنە خانەی تاوانی گەلکوژی.

گرنگە سەرنجی ئەوە بدەین، کەوا بەکۆمەڵکوشتنی بەهەزاران کەس بە شێوەیەکی دڕندانە، راستەوخۆ واتای تاوانی گەلکوژی ناگەیەنێت. بۆیە گونجاوە لێرەدا بەراوردێک لەگەڵ کۆمەڵکوژیە ئەتۆمیە مێژوویەکەی شاری هێرۆشیمای یاپان کە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا روویدا بکەین. شاری هێرۆشیما لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمدا لە رێکەوتی ٦ ئۆگۆستی ١٩٤٥ لەلایەن فرۆکە جەنگیەکانی ئەمەریکاوە بەچەکی ئەتۆمی هێرشی کرایەسەر شارەکە و وێرانکرا. ٦٦ هەزارکەس راستەوخۆ کوژران و ٦٩ هەزاریش بریندار بوون. کۆی ژمارەی کوژراو و بریندار ١٣٥ هەزارکەس بوو کە ئەوسا زیاتر لە نیوەی کۆی دانیشتوانی شارەکە بووە کە ئەوسا ٢٥٥ هەزار کەس بووە. سێ رۆژ دوای ئەوە هێرشی ئەتۆمی لە رێکەوتی ٩ ئۆگۆستی ١٩٤٥ کرایەسەر شاری ناگاساکی و ئەو شارەش وێران کرا و ٣٩ هەزار کەس کوژران و ٢٥ هەزار کەسیش بریندار بوون. کۆی ژمارەی کوژراو و بریندار ٦٤ هەزار کەس بووە لە کۆی ژمارەی دانیشتوانی ناگاساکی کە ١٩٥ هەزار کەس بووە ئەوسا.

هێرشی سەر شاری هەلەبجە بەپێی کوشندەیی و وێرانکاری، بە قەوارە و زیان زۆر بچوکترە لەو هێرشەی کرایەسەر شاری هێرۆشیما، لەگەڵ ئەوەشدا هێرشەکەی سەر هێرۆشیما وەکو تاوانی جەنگ سەیری دەکرێت نەک تاوانی گەلکوژی. بۆئەوەی لە هۆکاری ئەو جودایە بگەین گونجاوە سەیری جیاوازیەکان لەنێوان ئەو دوو تاوان و کۆمەڵکوژیەدا بکەین.

فاکت و جیاوازیەکان:
هێرۆشیما
• خەڵکی سڤیلی بێ تاوان بەکۆمەڵ لەنێوبردران، لەنێو قوربانیاندا هێزی سەر بە سوپای یاپانیش هەبوون.
• هێرشەکە هێرشی ئەتۆمی بوو و لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا ژمارەی کوژراوان …. بوو و ژمارەی برینداران … بوو.
• هیرۆشیما شارێک نەبوو لە بەرەی جەنگدا بێت یا نزیک لە بەرەی جەنگدا بێت و لەبارێکدا بێت کە جموجۆڵ و پێکدادانی سەربازی پیشتر تێدابووبێ. شاری هیرۆشیما دوور بوو لە بەرەکانی جەنگ. شارەکە شارێکی وڵاتی یاپان بوو کە لە شەڕدا دوژمنی ئەمەریکا بوو. دیارە شارەکە وەکو هەر شارێکی دیکەی یاپان لەمەترسیدا بوو، چونکە یاپان لە کۆتایی جەنگدا لەبەردەم داگیرکردندا بوو و هەڕەشەی داگیرکردنی بەروونی لەسەر بوو.
• هێرۆشیما لەلایەن وڵاتێکی دوژمنەوە کە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بوو هێرشی کرایەسەر.
• هێرشە ئەتۆمیەکە بەمەبەستی لەناوبردن و وێرانکردن بوو، مەبەست کوشتاری زۆرترین ژمارەی خەڵک بوو لە شارەکەدا بە بێبەزیانەترین شێوە.
• ئەگەرچی مەبەستی ئاشکرای هێرشە ئەتۆمیەکە وێرانکردنی تەواو و لەناوبردنی سەدان هەزار مرۆڤ بوو، مەبەستی بنچینەیی و سەرەکی ئەمەریکا چۆکدادان بوو بە یاپان، نەک لەناوبردنی تەواوی گەلی یاپان.
• کاتێ گەلی یاپان خۆیان دایە دەست، هەوڵی لەناوبردنیان نەدرا، خەڵکی هێرۆشیما ئەوانی رزگاریان ببوو چیتر بەرەوڕووی میتۆدە رێکخراو و پلانبۆدادراوەکانی لەناوبردن نەبوونەوە. کە یاپان خۆی دایە دەست جەنگ تەواو بوو و گەلی یاپان بەپارێزراوی مایەوە.
• دەکومێنتی نوسراو نییە کە بڕیاری لەناوبردنی گەلی یاپان بسەڵمێنێت، بەهەمان شێوە کوشتاری سیستەماتیکیانە بەمەبەستی لەناوبردنی گەلی یاپان روویان نەداوە و ناتواندرێ بسەڵمێندرێت.
• هێرشەکە لەبەر جودایی رەگەز یا ئایین یا نەتەوە نەبوو. هێرشەکە دەرهاویشتەی جەنگی جیهانی بوو و بەشێکی جیانەکراوەی درێژەی جەنگەکەیە. مەبەستیش لە هێرشەکەدا گەیشتن بە ئامانجێکی سەربازی بوو.

هەلەبجە
• خەڵکی سڤیل بە کۆمەڵ لەنێوبردران، هێزی سوپای ئێران یا پێشمەرگە (تاکوتەرا نەبێ) لە ناو قوربانیاندا نەبوون.
• هەلەبجە لە سنوری ئێران نزیکە، شارێکی دوژمن نەبوو و دانیشتوانەکەی سەربە وڵاتی ئێراق خۆی بوون.
• هێرشی کیمیایی سەر هەلەبجە لەلایەن وڵاتی دوژمنەوە نەبوو، بەڵکو لەلایەن ستاتی ئێراق خۆی بوو و کرایە سەر دانیشتوانی خۆی.
• خەڵکی هەلەبجە سەر بە لایەنی دوژمن نەبوون و لەناوبردنیان واتایەکی جەنگیی بۆ ئێران وەکو وڵاتی دوژمن نەبوو، هەروەکو هەلەبجە شارێکی ئێران نەبوو و گرنگیەکی نەتەوەیی بۆ ئێران نەبوو، وەکو هێرۆشیما و دانیشتوانەکەی بۆ یاپان هەیبوو.
• دەکومێنتی بریاری لەناوبردنی کوردان لە ناوچە قەدەغەکراوەکاندا بە نوسراو بەر لە هێرشەکە هەیە و لەلایەن سەرکردایەتی ئێراقەوە نوسراوە و دەرکراوە.
• کوشتاری سیستەماتیکیانە و پلان بۆداندراو ڕوویاندا، ئەوانەی لە هێرشەکەدا رزگاریان بوو و رایانکرد، هەوڵی لەناوبردنیان درا. ئەوانەی لە رۆژ و هەفتە و مانگەکانی دواتر خۆیان دایەدەست جا بەپێی لێبوردن یا بێ لێبووردن هەموویان گیران و هەمان هەلسوکەوتیان لەگەڵ کرا کە لەگەڵ خەڵکی گوندە گەماڕۆلەسەر و تەریککراوەکاندا کرا، وەکو ناپاک و خۆفرۆش سەیریان کرا، لەوانە گەلێکیان لەنێوبردران. واتە پرۆسەی لەناوبردنەکە دوای هێرشەکە بە چەندین مانگ بەردەوام بوو.
• جودایی نەتەوەیی گرنگی یەکلاکەرەوەی لە هێرشەکەدا هەبوو، هێرشی سەر خەڵکی هەلەبجە لەبەر کورد بوونیان بوو، هەروەکو ئێراق زۆرینەی ڕەهای عەرەبە و دەسەڵاتدارانیش عەرەبن. دەسەڵاتدارانی ئێراق سەیری کوردەکانیان وەکو ناپاک و بەکرێگیراو کردووە و لەناوبردنیان بە پێویست زانیووە. دیارە ئێراق بڕیاری لەناوبردنی کوردەکانی دابوو و خەریکی جێبەجێکردنی پرۆسەی لەناوبردنەکەبوو کە هێرشەکە ڕوویدا.

وەکو لەو بەراوردەی سەرەوەدا دەردەکەوێ، جیاوازی دیار و گەورە لە نێوان ئەو دوو تاوانی کۆمەڵکوژیەدا هەیە، ئەوەی پێکچواندنیان گونجاو دەکا یەکەم ئەوەیە کە خەڵکی سڤیلی شارێک بەکۆمەڵ بەچەکی کوشندەی نائاسایی لەلایەن لایەنی هێرشبەرەوە لەناودەبردرێن. دووەم مەبەست لە هێرشەکەدا کوشتن و لەناوبردنی زۆرترین ژمارەی دانیشتوان بووە. بەڵام مەبەستی سەرەکی و بنچینەیی لە هیرشەکاندا جیاوازی گرنگیان لەگەڵ یەکتردا هەیە. هەر ئەوەشە جۆری تاوانەکان لە رووی یاساییەوە دەخاتە دوو خانەی جیاوازی تاوانەوە. لەکاتێکدا ئەمەریکا مەبەستی لەو هێرشە دڕندانەیە گوشارخستنەسەر پادشای یاپان بووە کە ناچاری خۆبەدەستەوەدانی بکات و کۆتایی بە جەنگ بهێندرێت، هەرچی دەسەڵاتی بەعسی ئێراقیە مەبەستی لەهێرشەکەدا لەناوبردنی بەشێکی نەتەوەی کورد لە ناوچەیەکی گرنگی سنوریدا بوو و بەمجۆرە ئاسانکردن و رێگەخۆشکردن بۆ هەنگاوەکانی دواتری لەناوبردنی کوردان کە بە خەستی بەردەوام بوون. دوای هێرشی هێرۆشیما و ناکازاکی یاپان خۆی دایە دەست و جەنگ کۆتایی هات، خەڵکی یاپانیش بەرەورووی لەناوبردن نەبوونەوە و نەخرانە ژێر گەماڕۆ و پلانی داهاتووی لەناوبردن. بەڵام سەبارەت بە هەلەبجە دوای کیمیابارانەکە پرۆسەی لەناوبردن کۆتایی نەهات، پلانی سیستەماتیکیانەی لەناوبردن بەردەوام بوو و درێژەی پێدرا. دیارە خاڵی هەرە گرنگی جیاواز لەنێوان ئەو دوو تاوانەدا کە سەبارەت بە لایەنی تاوانکارەوە هەیە ئەوەیە، کە ئەمەریکا هێرشی کردەسەر شارێکی دوژمن و خەڵکی سەربەو وڵاتە دوژمنە، هەرچی ئێراقە هێرشی کردە سەر شارێکی خۆی و دانیشتوانی خۆی، کۆمەڵکوژی لە بەشێکی دانیشتوانی ئێراق خۆی کرد. هەر ئەوەشە تاوانەکە دەباتە چوارچێوەیەکی دیکەی تەواو جیاواز لە تاوانی کلاسیکیانەی جەنگ. لێرەدا دەردەکەوێ کە کوشندەیی و گەورەیی تاوان راستەوخۆ یەکسان نییە بە بوونی تاوانی گەلکوژی. تاوانی کۆمەڵکوژی و وێرانکاریەکەی هێرۆشیما لەگەڵ ئەوەی زۆر گەورەتر و کوشندەتر بوو لە تاوانی کیمیابارانی هەلەبجە، بەڵام لەرووی یاساییەوە وەکو تاوانی گەلکوژی نابیندرێت.