بەڵێن و پەیمان

بەڵین و پەیمان
وەک هەناسەی منداڵە ڕاکردووەکان
هاکە هاکە لەگەڵتاندام، تا دواین هەوڵ و تەکان

بڕوا بکەن
وەکو بارانی تازە بەهار
تا دوا هەنگاو، بە دەماری هەزری مندا دێنەخوار

……………………….

بەڵێن و پەیمان

بۆ قوربانیانی تاوانی گەلکوژی ئێزدیان

 

خۆشەویستانم        

لانە تێکدراو و ژین دزراوەکان

دەزانم  منی بێ دەرەتان

هەرگیز ناگەمە قوڵایی ئازار و

سەرووی دوندی زامەکانتان

 

من دەزانم لاتان نەبووم

گوێبیستی سکاڵای بەفرین و

دوادێڕی لاوکی خۆزگەکانی ئێوە نەبووم

 

بەڵام بەڵین و پەیمان

وەک هەناسەی منداڵە ڕاکردووەکان

هاکە هاکە لەگەڵتاندام، تا دواین هەوڵ و تەکان

 

بڕوا بکەن

وەکو بارانی تازە بەهار

تا دوا هەنگاو، بە دەماری هەزری مندا دێنەخوار

 

بڕوابکەن

وەکو وزەی بوون و ژیان

لێم ناترازێن، تادوا چرکە لەگەڵ مندان

 

بەڵێنبێ و بڕیار

لە گۆشەیەکی دڵی پڕ و بریندارمدا

بۆ سکاڵا و سەربردەتان، هەڵیبچنم لانە و هەوار

 

شاخەوان شۆرش
3-8-2016