کۆبوونەوەی ژنێڤی ٣ سەرگەردانیە لە گێژاودا

ئەگەر مەبەست بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئاشتیخوازە، دەبێ پشتگیری لایەنە دیموکراسیخوازەکان بکرێت و گرنگی بەوان بدرێت. بەشداری لایەنە ئیسلامیەکان، وڵاتانی ئیسلامی و خودانی تیرۆر لە ناوچەکەدا، هەرگیز لە توانایدا نییە سوریا بەرەوە دیموکراسی و ئارامی ببات. بەپێچەوانەوە بە دەردی سیستەمە دژبەیەکە ئیسلامیەکان دەیبات و وێرانی دەکات، لە باشترین باردا سیستەمێکی دیکتاتۆری ئیسلامی دروست دەکات.. ئێران، سودان، سعودیە هتد. هەندێ لەو نمونانەن کە سیستەمی ئیسلامی دروستی کردوون.

کۆبوونەوەی ژنێڤی ٣ سەرگەردانیە لە گێژاودا

ئەگەر مەبەستی راستەقینە هەبێت لە چارەسەری کێشەی ناوخۆیی سوریادا، ئەگەر ڕێز لە بەرژەوەندی گەلانی سوریا بگیرێت، ئەوە بەر لە هەر کەسێ نوێنەرانی خەڵکی سوریا بە هەموو کەمینە نەتەوەیی و ئەتنیەکانەوە دەبێ بەشداری راستەوخۆیان هەبێت، خۆیان ئازادانە بتوانن گوزارشت لە ئاوات و چارەنوسیان لە سوریای داهاتوودا بکەن. ئەگەر یەکێ لە لایەنە گرنگەکانی کۆمەڵگەی سوری بەشدار نەبێت کەلێنێکی گەورە لە خودی کۆبوونەوەکە دروست دەکات و دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوە ناتەواو و ناڕەوا دەبن، بۆیە چارەسەری نیوەچل لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ و دەکرێ دەرئەنجامی خراپ دروست بکات.

لەو جۆرە کێشانەدا دەستێوەردانی دەرەکی بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێی خاوەن بەرژەوەندی دژ بەیەک و دژ بە خودی ولاتە خاوەن کێشەکە وەکو تورکیا و سعودیا یا ئێران کە هەر یەکەیان لایەنگرێ بەشێ لە گروپە ناکۆکەکانن و بێلایەن نین، هەمیشە زیان بە بەرژەوەندی خەڵک و وڵاتەکە دەگەیەنێت، ئەوانە هەرگیز لێناگەرێن ئەو وڵاتە ئارام بگرێت. بۆیە بەشداریان لە کۆبوونەوەی چارەسەری هەلەیەکی کوشندەیە و دژ بە بەرژەوەندی خەلکی سوریایە. لەرووی یاسایی سەروەری وڵاتەوە ئەوانە مافی بەشداریان نییە، ئەگەر دژایەتیان لەگەڵ کەمینەیەکی ناو سوریا هەبێت و لایەنگیربن لە کێشەکەدا، ئەوا خراپتر و بەشداریان تەنها بارەکە خراپتر دەکات.

لەلایەکیتر ئەگەر مەبەست بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و ئاشتیخوازە، دەبێ پشتگیری لایەنە دیموکراسیخوازەکان بکرێت و گرنگی بەوان بدرێت. بەشداری لایەنە ئیسلامیەکان، وڵاتانی ئیسلامی و خودانی تیرۆر لە ناوچەکەدا، هەرگیز لە توانایدا نییە سوریا بەرەوە دیموکراسی و ئارامی ببات. بەپێچەوانەوە بە دەردی سیستەمە دژبەیەکە ئیسلامیەکان دەیبات و وێرانی دەکات، لە باشترین باردا سیستەمێکی دیکتاتۆری ئیسلامی دروست دەکات.. ئێران، سودان، سعودیە هتد. هەندێ لەو نمونانەن کە سیستەمی ئیسلامی دروستی کردوون.

بەشداری نەکردنی کورد وەکو کەمینەیەکی گرنگی سوریا وەکو لایەنێکی بەهێزی سیکولار، زیانی کوشندەیە و هۆکاری گرنگە کە وادەکات کۆبوونەوەی ژنێڤ ٣ کێشەی دیاری هەبێت وەکو لەسەرەوە ئاماژەمان بۆکرد.

شاخەوان شۆڕش

30-1-2016