تاوانی شەنگال: تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و تاوانی گەلکوژی، رەهەندێکی نوێی لێکۆڵینەوە لە تاوانی گەلکوژیدا

بەڵام ئێمە هەرگیز لە مێژوودا نەمانبینووە رێکخراوێکی تیرۆریستی نێونەتەوەیی تاوانی سیستەماتیکیانەی لەناوبردن دژی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو لەسەر جودایی ئایین لە ناوچەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدات. هێرشی ریکخراوی تیرۆریستی دەولەی ئیسلامی داعش بۆسەر ئێزدیەکان لە ٣ ی ئۆگۆستدا بەمەبەستی لەناوبردنیان بوو، هەروەکو ژن و کچەکانیان وەکو سەبایا و کۆیلەی سکس برد و کور و پیاوەکانیان کە رەتی ئیسلامبوونیان کردەوە کوشتن. بێگومان ئەگەر هەموو ئێزدیەکان کەوتبانەدەستی داعش ئەوانیش هەمان چارەنوسیان دەبوو. لای داعش ئیزدیەکان کافرن و لەناوبردنیان جیهادێکی رەوایە و ئەرکە.

تاوانی شەنگال: تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و تاوانی گەلکوژی، رەهەندێکی نوێی لێکۆڵینەوە لە تاوانی گەلکوژیدا

(وتارێکمە بە زمانی ئینگلیزی کە لە خوارەوە داندراوە، بە کوردی پوختەیەکم لێرەدا نوسیووە) تاوانی گەلکوژی (ژینۆساید)) http://kadirshorsh.com/?p=1131

لەناوبردنی سیستەماتیکیانەی هەموو یا بەشی گرنگی کۆمەلگەیەکی ئامانجکراوە لەسەر جودایی رەگەزی، ئیتنی، ئایین یا نەتەوە (بەپێی پێناسەکەی UN). لە باری تاوانی گەلکوژیدا تاوانکار دەیەوێ کۆمەڵگەی قوربانی لەناو ببات. هۆکار و مۆتیڤی لەناوبردن دەکرێ جیاواز بن، وە تاوانی لەناوبردنی خەڵک بە کۆمەڵ لە مێژوودا کۆنە. کوشتار و وێرانکردن بەمەبەستی لەناوبردن پێشی زاین و دوای زاین، لە ئەگەری ناکۆکییە ئایینیەکان، لە سەدەکانی ناوەڕاست، لەسەردەمی کۆلۆنیالیزم و دوای کۆلۆنیالیزم و تاکو ئێستا لە سەرەتای سەدەی بیستویەکەمدا بوونی هەیە و روو دەدات.

 پێشتر لە مێژووی نوێدا خوێندوومانەتەوە یا بینیومانە تاوانی گەلکوژی لەلایەن دەسەڵاتی کۆلۆنیالی، یا بەتایبەتی ستات (دەولەت) لە دژی کەمینەی ئایینی و نەتەوەیی نەخوازراو ئەنجام دراوە بۆنمونە وەکو تاوانی گەلکوژی دژی ئەرمێنیەکان، دژی کوردانی دەرسیم، دژی جولەکەکان (هۆلۆکۆست)، دژی هوتووەکانی بۆرۆندی، ئەنفالی کوردان، دژی توتسیەکانی رواندا، دژی موسوڵمانەکانی سرەبرەنیسیا، دژی دارفوریەکانی سودان هتد. تاوانەکان زۆریان بەپێی ئایدۆلۆژیای تووندڕەو و پشووتەنگ لەلایەن دەسەڵاتی تاوانکارەوە رەوا کراون. زۆربەی تاوانەکان لەلایەن ستاتەوە ئەنجام دراون. هەروەها پێشتر بینیومانە کە شەری ناوخۆ بووەتە هۆی روودانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی وەکو پاکتاوی رەگەزی یا کۆمەڵکوژی لەو چوارچیوەیەدا وەکو کوشتاری کشمیر لە ١٩٨٨ دا و ناگۆرنۆکەرەباغ لە ١٩٩١دا. هەروەها بینیومانە گروپی تیرۆریستی تووندەڕی ئیسلامی کە هەلگری بیری لەناوبردنن کوشتاری دڕندانە ئەنجام بدەن وەکو خۆ تەقاندنەوە و کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی بێتاوان لەشوێنە گشتیەکاندا وەکو لە پاکستان، ئەفغانستان، وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەریکا، ئێراق و سوریا و هتد.

بەڵام ئێمە هەرگیز لە مێژوودا نەمانبینووە رێکخراوێکی تیرۆریستی نێونەتەوەیی تاوانی سیستەماتیکیانەی لەناوبردن دژی کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو لەسەر جودایی ئایین لە ناوچەیەکی دیاریکراودا ئەنجام بدات. هێرشی ریکخراوی تیرۆریستی دەولەی ئیسلامی داعش بۆسەر ئێزدیەکان لە ٣ ی ئۆگۆستدا بەمەبەستی لەناوبردنیان بوو، هەروەکو ژن و کچەکانیان وەکو سەبایا و کۆیلەی سکس برد و کور و پیاوەکانیان کە رەتی ئیسلامبوونیان کردەوە کوشتن. بێگومان ئەگەر هەموو ئێزدیەکان کەوتبانەدەستی داعش ئەوانیش هەمان چارەنوسیان دەبوو. لای داعش ئیزدیەکان کافرن و لەناوبردنیان جیهادێکی رەوایە و ئەرکە.

 یەکمجارە لەمێژوودا دەبینین، کە کوشتن و لەناوبردنی کۆمەلگەیەکی ئایینی بێ بەرگری وەکو ئێزدیەکان ئەرکە بۆ جیهادیەکانی تونس، میسر، چەچینیا، تورکیا، ئێراق، سوریا، سۆماڵ و نزیکەی ٤٠ وڵاتی جیهان. ئەندامانی داعش لەو وڵاتانەوە دێنە ناو ڕیکخراوی داعش و دێن بەشداری لە کوشتاری ئێزدیان دەکەن، چونکە لەناوبردنی کۆمەڵگەی ئێزدیان وەکو ئەرکی خۆیان دەبینن. رێکخراوی تیرۆریستی داعش ئەندامانی لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا لەرێگەی ئایدۆلۆژیا ئیسلامیەکەی کۆکردۆتەوە، وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی نێونەتەوەیی خۆی وێنە دەکات.

داعش خۆی لە رێکخراوی قاعیدە جیادەکاتەوە بەوەی کە قاعیدە زیاتر و مەبەستی سەرەکی زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندیەکانی رۆژئاوا و هێرشەکانی پەرت و بڵاون و جەخت لەسەر ناوچەیەک یا دروستکردنی دەسەڵاتی خەلیفە لە جیهانی مۆسوڵمانان ناکاتەوە. هەرچی داعشە مەبەستی دروستکردنی دەولەی ئیسلامی و دامەزراندنی سیستەمی خەلیفەیە لە وڵاتانی موسوڵماندا. هەروەها داعش خۆی جیادەکاتەوە لە رێکخراوە ئیسلامییە تووندڕەوەکانی وڵاتانی جیهانی موسوڵمان وەکو شەبابی سۆمال، تالیبانی ئەفغانستان، ئەبو سەیافی فیلیپین یا ئەوانیتر کە تەنها و بەشێوەیەکی سەرەکی ئەندامانیان خەلکی وڵاتەکانی خۆیانن و هێرشەکانینان ئاراستەی دەسەڵاتی وڵاتەکانن. لە وتارەکەدا زیاتر بخوێنەوە.. http://kadirshorsh.com/?p=1131