هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان

 دوای رزگاربوونی باشور لە بندەستی رژێمی بەعس لە بەهاری ١٩٩١ دا تەنها سەربەخۆخوازان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە لەوانە پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) بۆیە ئاڵای کوردستان تاکو تەرا دەردەکەوت. پارتی و یەکێتی  لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵاکە نەبوون و تەنانەت ئامادە نەبوون لە پەرلەمانیش کە دواتر دروستکرا هەڵی بکەن، ئەوان ئاڵای ئێراقیان لا پەسند بوو بەپێی رەوتی ئۆتۆنۆمیخوازی و ئێراقچیانەیان.

هەر شەکاوە بێت ئاڵای کوردستان

دیارکردنی رۆژێکی تایبەت بۆ ئالای باشوری کوردستان و یادکردنەوەی لەو رۆژەدا کارێکی گونجاوە بۆ نەتەوەیەک کە هەمیشە چەوساوەتەوە و مافی زەوتکراوە و ئاڵاکەی لێ قەدەغەکراوە.

دوای رزگاربوونی باشور لە بندەستی رژێمی بەعس لە بەهاری ١٩٩١ دا تەنها سەربەخۆخوازان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردەوە لەوانە پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) بۆیە ئاڵای کوردستان تاکو تەرا دەردەکەوت. پارتی و یەکێتی  لەگەڵ هەڵکردنی ئاڵاکە نەبوون و تەنانەت ئامادە نەبوون لە پەرلەمانیش کە دواتر دروستکرا هەڵی بکەن، ئەوان ئاڵای ئێراقیان لا پەسند بوو بەپێی رەوتی ئۆتۆنۆمیخوازی و ئێراقچیانەیان.

لە بەهاری ١٩٩٢ دا شاعیری ناسراوی کوردستانی عەبدوڵلا پەشێو هاتە هەولێر لە باغی گڵکەند چەند شیعرێکی لە ئاهەنگێکی حیزبی یەکگرتن کە تازە دروستکرابوو و پێکهاتبوو لە سۆسیالیست و پاسۆک و گەل خوێندەوە، لەوێدا گوتی “زۆر خۆشحاڵم کە لێرەدا ئاڵای کوردستان بە بەرزکرایەوەیی دەبینم، ئەوە یەکەمینجارە ئەو ئاڵایە لێرە دەبینم”.

لە ناوەڕاستی نەوەتەکان کە ئێمەی بێلایەن بەشداری خۆپیشاندانەکانمان لە شارەکانی دانیمارک دەکرد هەر ئێمە بووین ئاڵای کوردستانمان هەڵدەکرد، من ئەوسا زۆر گرنگیم بەبوونی ئاڵا دەدا، چونکە جگە لە سەربەخۆخوازان کەسی تر هەڵی نەدەگرت و هەستی کوردستانیانە لاواز بوو، وە لەبەرئەوەی لای پارتی و یەکێتی و پارتە ئێراقچیەکانی دیکە گرنگیەکی ئەوتۆی نەبوو، هەروەکو ئەگەر لایەنگرانی پارتی و یەکێتی ئەگەر بهاتبان ئاڵایان پێ نەبوو ئەگەر بیانهێنابا ئاڵای پارتەکانیان یا وێنەی سەرۆکەکانیان دەهێنا.

سەبارەت بە رۆژەکە، رۆژی ١٧ دیسەمبەر کە بەپێی بڕیاری ژمارە ٤٨ پەرلەمانی کوردستان کە لە ڕێککەوتی ١٩-٦- ٢٠٠٤ دا کراوەتە رۆژی ئاڵا، لەوێ دەگوترێت کە ئەو ڕۆژە ڕۆژی دایکە لە کوردستان بۆیە ئەو ڕۆژە داندراوە چونکە وەکو ڕێزگرتنێکیشە لە دایک کە هەموومان قەرزاری دایکانین. ڕۆژی دایک لە زۆربەی وڵاتان دەکەوێتە مانگی مای (ئادار) لە دووەمین یەکشەمەی ئەو مانگەدا بۆنەکە یادی دەکرێتەوە. نازانم بۆ لە کوردستان لە مانگی ١٢ واتە دیسەمبەرە؟ هەرچۆنی بێت دەکرێ ئەو ڕۆژە گونجاو بێت، بەڵام دەکرێ جێگەی رەخنەش بێت. لێرەدا وازی لێدێنین.

خۆشبەختانە ئێستا ئاڵای کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە پەسندکراوە و خەلکیش لە باشوری کوردستان شانازی پێوە دەکەن. خەڵک بێ یەکودوو و دوو دڵی هەڵی دەگرن و بەرزی دەکەنەوە. بۆیە دەکرێ بڵێین، خەباتی سەربەخۆخوازان بەری خۆی گرت.

شاخەوان شۆڕش

17-12-2014