تورکیا و گەمەی پشتکردن لە کارتی سوتاوی داعش

دیارە هەر زوو دەرکەوت کە داعش لەناو دەبردرێت و پاش ماوەیەکی دیکە تێکدەشکێندرێت، بۆیە کارتی داعش کارتێکی دۆڕاو و سوتاوە. بەڵام تورکیا جگە لە هاوکاریکردنی ئەمەریکا و رۆژئاوا لە دژی داعشدا رێگەیەکی دیکەی لەراستیدا لەبەردەمدا نەبوو، چونکە مەترسیەکانی سەر بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی تورکیا کەم نەبوون. تورکیا وەکو ئەندامێکی گرنگی هاوپەیمانی ناتۆ، سەختە بێزیان بتوانێ دژی هاوپەیمانانی بوەستێت. تورکیا نایەوێ ئەو هەڵەیەی ساڵی ٢٠٠٣ دووبارە بکاتەوە و خۆی لەو پرۆسە رامیارییە گرنگەدا تەریک بکات.

تورکیا و گەمەی پشتکردن لە کارتی سوتاوی داعش

لەسەرەتای ڕاپەرینی خەڵک دژی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس لە سوریا لە بەهاری ٢٠١١ وە تورکیا هاوکاریی گرنگی بەرهەڵستکارانی سوریای کرد و لەوساوە ئەستەمبۆل وەکو بنکەی سەرەکی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بووە. هەر لەسەرەتاوە تورکیا هەوڵی داوە رۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە سوریا بگێرێت و بڕیاردەربێت، بۆیە لە دژی رژێمی ئەسەد چووە بەرەی وڵاتانی رۆژئاوا و رۆڵی بەرچاوی پێشاندا، کە توانی لەرێگەی ئەو هاوکاری و پشتگیریەیدا سەرنجی رۆژئاوای بەلایخۆیدا ربکێشێت. تورکیا لەلایەک نەیدەویست ئەو هەڵەیە دووبارە بکاتەوە کە لە دەستێوەردانی ئێرقدا لە ساڵی ٢٠٠٣ دا روویدا، هەروەها مەبەستی هەبوو بتوانێ لەو رێگەیەوە بارەکە بەلایەکدا بشکێنێتەوە کە سود بە بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی تورکیا بگەیەنێت. واتە لەلایەک دوای ئەسەد سوودی رامیاری و ئابوری لەسوریا وەرگرێت، لەلایەکیتر بتوانێ سەرکوتی ئاواتە نەتەوەییەکانی کەمینەی کورد لە سوریادا بکات. لەو روانگەیەوە هەولیدا لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریا کە لەژێر ناوی سوپای ئازادا کۆبونەوە لە چەپ و ناسیونالیستەوە تا دەگاتە ئیسلامیستەکان دژی داواکاری کوردەکان هان بدات و لەژێر دروشمی “ئێمە هەموومان سوریایین بۆ سوریایەکی ئازاد تێدەکۆشین” لایەنە سەرەکییەکانی کورد و داواکاریەکانی ئەوانی پەرواوێزکرد.

پارتی یەکێتی دیموکراتی (پ.ی.د) کە هێزی سەرەکی رۆژئاوای کوردستانە بەڵگەی گونجاوی هەبوو نەچیتە ناو بەرەی سوریای ئازاد و هاوکاریان نەکات، چونکە کاتێ سوپای ئازاد دان بە کورد و داواکاریەکانی نەنێت، هاوکاری کردنی ئەو سوپایە بەهیوای گەیشتن بە جۆرێک لە ئازادی دوای رزگاربوونی سوریا فێل لەخۆکردن و فریوخواردنە، وە دووبارەکردنەوەی هەلەکانی مێژووە لەوانە هاوکاری کوردەکان بۆ مستەفا کەمال لەسەرەتای دروستبوونی تورکیادا لەسەرەتای بیستەکاندا. بۆیە پ.ی.د هەڵوێستی دروستی نواند کە نەچووە ژێرباری داواکاریەکانی تورکیا و سوپای ئازاد.

هەر لەسەرەتاوە تورکیا و رۆژئاوا بەیەکەوە هاوکاری سوپای ئازادیان کردووە. وڵاتانی رۆژئاوا پشتی سوپای ئازادیان گرت و وەکو تورکیا دەیخواست گوێیان بەداواکاریەکانی کورد نەدا، ئەوەش لە کۆنفرانسی ئەستەنبۆل، کۆنفرانسی ژنێڤی یەک و دوو خۆی بەڕوونی دەرخست. وەڵامی کورد لەبەرامبەردا رێکخستن و پێکەوەنان و راگەیاندنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری بوو لە سێ کانتۆندا، ئەوەش وەڵامێکی گونجاو بوو، هەروەکو سەڵماندنی بوونی کورد وەکو هێزێکی گرنگی سوریا لەسەر زەویدا گرنگ بوو. سەڵماندنی بوون لەسەر زەوی گرنگە و ناتواندرێ هەروائاسان پشتگوێ بخرێت. کورد توانی لە سوریادا تاکە هەرێمی تارادەیەک ئارام بەیەکەوە بنێت و بەرگری لێ بکات.  ئەو هەرێمە بووە ئارامگەی ئاوارە کرستیان و عەرەبەکان کە لەدەستی شەڕی ناوخۆ روویان لەوێ کرد.

دیارە هاوکاری و یارمەتی وڵاتانی رۆژئاوا گەیشتۆتە ئیسلامیستە تووندرەوەکانی وەکو بەرەی نوسرە و داعش چونکە ئیسلامیستەکان بەشێک بوون لە ئۆپۆزیسیۆنی سوریا و سوپای ئازاد. وڵاتانی رۆژئاوا کە دژی رێکخراوی تووندرەوی قاعیدەن لەسەرەتاوە گوتیان نایانەوێ هاوکاری گروپە ئیسلامیەکانی سەربە قاعیدە یا هاوسۆزی قاعیدە بکەن، بەڵام سەختە ئەوە بسەلمێندرێت کە ئەو هاوکارییەی ئەوان ئەگەر هەرچی بووبێت بۆ سوپای ئازاد نەگەیشتۆتە ئیسلامیستە تووندرەوەکان. هەروەها هاوپەیمانانی رۆژئاوا لەبەرەی دژی ئەسەددا وەکو تورکیا، سعودیە، قەتەر و وڵاتانی دیکەی سوننە بەخەستی یارمەتی و هاوکاریان گەیاندە ئیسلامیستەکان. وڵاتانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەوەدا کێشەیەکیان پیشان نەدا.

لەسەرەتاوە تورکیا یەکێ لە پاڵپشتە سەرەکیەکانی تیرۆریستانی داعش بووە، کە بەپێی ئەو هەواڵ و بەڵگانەی هەن تورکیا هاوکاری تەندروستی، رامیاری و ئابوری رێکخراوی داعشی کردووە. رێگەی داوە داعشیەکان لەتورکیاوە شەڕکەرە بیانیە هاتووەکان ئامادەبکەن و بیانێرن بۆ سوریا بۆ رێزی هێزەکانی داعش. چاوپۆشی کردووە لە گەشە و بڵابوونەوەی ئەندامانی ئەو رێکخراوە لە شارەکانی تورکیدا. داعش خەڵکی لە تورکیادا هێناوەتە ڕیزەکانی و بەبیری تووندڕەوی ئیسلامیستی پێیگەیاندوون و ناردوونیەتی بۆ سوریا، بەمشێوەیە تورکیا زەمینەیەکی لەباربووە بۆ گەشەکردنی رێکخراوی داعش. هەروەها تورکیا هاوکاری تیرۆریستانی داعشی لە شەڕیاندا لە دژی کورداندا لەلایەنی سەربازیەوە بەجۆرێ لە جۆرەکان کردووە، هەروەکو تێکشکانی هەرێمی ئازادی رۆژئاوای کوردستان لەبەرژەوەندی راستەوخۆی تورکیادایە و بۆ تروکیا واتای زۆری هەیە.  

رێکخراوی ئیسلامی تووندڕەوی داعش لە ساڵی ٢٠١٣ دا گەشەی بەرچاوی کرد و لە هاوینی ٢٠١٤ دەستی بەسەر هەرێمی سونەکان لە ئێراقدا گرت. داعش جگە لەتاوانی کۆمەڵکوژی و دژ بەمرۆڤایەتی کە دژی خەڵک و نەیارانی ئەنجامی دا، ٤٩ کەسی تورکی دەستگیرکرد. تورکیا وای پیشاندا کە زۆر نیگەرانی ئەو  ٤٩ کەسەیە. داعش هەموو ئەوانەی کە نەیاری بوون و دەستگیری کردن و دڕندانە لەناوی بردن، ئەوانەی کە گوێرایەڵی نەبوون لەناوی بردن، بەڵام سەبارەت بەو تورکانە شتێ رووی نەدا، ئەوەش سەیر نەبوو، بەلکو سەیر لەوەدا بوو بۆ داعش ئەو کەسە تورکانەی لای خۆی هێشتەوە، لە کاتێکدا تورکیا بەپێی شوێنە جوگرافیەکەی گرنگترین و سەرەکیترین وڵاتی یارمەتیدەری داعش بوو. هەرئەوەنا بەڵکو بەپێی هەواڵەکان نەوتی داعش لە رێگەی تورکیاوە فرۆشراوە، بۆیە گێرانەوەی ئەو بارمتانە پرسیار و ڕامان لە راستیدا دروست دەکەن. بەئەگەری زۆر ئەو بارمتانەی تورکیا لە مەترسیدا نەبوون، بەڵکو زۆر واپێدەچێ گێرانەوەی ئەوان سیناریۆیەکی نێوان تورکیا و داعش بووبێ. تیرۆریستانی داعش سەری خەڵکی بێتاوان دەبڕن و شانازی پێوە دەکەن، کەچی ئەو بارمتانە بەرێزەوە لە سنور رادەستی تورکیا کرانەوە، بێ ئەوەی کەسیان لوتی خوێنی لێهاتبێت. سەرۆکی تورکیا سەبارەت بە هاتنەوەی بارمتەکان گوتنی لەسەر ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی بارمتەکان کرد و بەمجۆرە هەوڵیدا گومانەکان لەسەر پەیوەندی تورکیا بە داعشەوە بڕەوێنێتەوە.

کاتێ داعش هێرشی بۆسەر باشوری کوردستان لە دەڤەری شەنگال هێنا و تاوانی گەلکوژکارانە و پاکتاوکردنی دژی ئێزدیەکان ئەنجامدا، بەرەو هەولێر هات و هەرەشەی لەسەر هەولێر دروست کرد، رۆژئاوا هاتە ناو شەڕەکە و هێرشی ئاسمانی کردەسەر داعش. ئەمەریکا و فەرەنسا و بەریتانیا داوای هاوکاری نێونەتەوەییان لە دژی داعشدا کرد و بەرەیەکی نێونەتەوەییان دژی داعش پێکەوەنا، تورکیا بوونی ئەو ٤٩ کەسەی کردە بیانوو و نەچووە بەرەکە. لەراستیدا ئەوەی لە مانگی ئۆگست روویدا وەرچەرخانێک بوو کە تورکیا پیشبینی نەکردبوو و بەئارەزووی تورکیا نەبوو. لەلایەنی رامیاریەوە بارودۆخەکە بە سودی کورد شکایەوە و ئاستی کوردی بەرزکردەوە ئەوەش بەدڵی تورکیا نەبوو. کارتی داعشی تورکیا تووشی شکستێکی گەورە هات و ئێستا تورکیا کەوتە دیلامایەکی ئاڵۆز، لەلایەک پشتکردن لە بەرەی رۆژئاوا شکستێکی گەورەی سیاسی دیکە دەبوو وەکو ئەوەی لە ئێراق لە ٢٠٠٣ روویدا، لەلایەکیتر کارتی داعش کاردانەوەیەکی پێچەوانەی نواند، کە ئێستا دەبوایە دەستبەرداری ئەو لایەنە بێت، دوای ئەو هەموو یارمەتی و هاوکارییە دەبوایە دەستبەرداری ئەو ئاوات و دەرهاویشتانە بێت کە بەهۆی داعشەوە چاوەروانی دەکردن.

دیارە هەر زوو دەرکەوت کە داعش لەناو دەبردرێت و پاش ماوەیەکی دیکە تێکدەشکێندرێت، بۆیە کارتی داعش کارتێکی دۆڕاو و سوتاوە. بەڵام تورکیا جگە لە هاوکاریکردنی ئەمەریکا و رۆژئاوا لە دژی داعشدا رێگەیەکی دیکەی لەراستیدا لەبەردەمدا نەبوو، چونکە مەترسیەکانی سەر بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی تورکیا کەم نەبوون. تورکیا وەکو ئەندامێکی گرنگی هاوپەیمانی ناتۆ، سەختە بێزیان بتوانێ دژی هاوپەیمانانی بوەستێت. تورکیا نایەوێ ئەو هەڵەیەی ساڵی ٢٠٠٣ دووبارە بکاتەوە و خۆی لەو پرۆسە رامیارییە گرنگەدا تەریک بکات. هەروەها تورکیا تەنها لەرێگەی بەشداریکردنی لە هاوپەیمانیەکە دەتوانێ بەشیوەیەکی گونجاو کاریگەری لەسەر ئاراستەی پرۆسەکەدا هەبێت، بۆنمونە وابکات سنور بۆ ئازادی کوردەکان دابنێت و وابکات زیان بە بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی نەگات.  بەئەگەری زۆر رەتکردنەوەی کاتیی ئەمەریکا و هێنانەوەی بارمتەکان لەکاتێکدا بوو کە تورکیا بڕیاری خۆی دابوو کە پشت لە داعش بکات و بچێتە نێو بەرەی دژ بە داعشەوە.

ئەو هێرشە بەرفراوانەی تیرۆریستانی داعش دژ بە کانتۆنی کۆبانی کە لە ١٥ ی سەپتەمبەرەوە لە سێ لاوە دەستیپێکردووە، تەواو لەبەرژەوەندی تورکیا دایە، بەئەگەری زۆر تورکیا لەو هێرشە بێبەری نییە. ئەگەر داعش بتوانێ کۆبانێ داگیرکات، بۆ تورکیا سەرکەوتنە لە ئامانجێکی گرنگدا و پاشان هەموو هەوڵێک دەدات کورد دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا نەگرێتەوە، بۆنمونە شارەکە داگیردەکات و داعش وەدەردەنێ و پاشانیش هێزەکانی لەو شارەو دوروبەریدا دەهێڵێتەوە. هەروەها ئەگەر داعش لەو کارەیدا سەرکەوتوو نەبێت، ئەوا تورکیا جووڵەی داعش وەک ‌هەڕەشە دژ بە ئاسایشی خۆی بەکاردەهێنێت و ئەوەش لە پلانێکی داڕێژڕاودا پیادە دەکات.  هێنانی هێزەکانی تورکیا بۆ نزیک کۆبانی ئاماژە بە نیازباشی تورکیا ناکەن، دەکرێ تورکیا لەهەر بارێکدا لەژێرناوی بەربەستکردنی داعش بچێتە ناو رۆژئاوای کوردستان و کۆبانی داگیربکات. دیارە وڵاتانی رۆژئاوا بەئاسانی باوەڕ بەتورکیا دەکەن کە تورکیا هەرەشەی لەسەرە، چونکە سنوری بە سنوری سوریاوەیە.

تورکیا لە رێگەی بەشداریکردنی لەهاوپەیمانیەکەدا هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی دەنێت. لای تورکیا گرنگە شکست بە بەهێزبوونی پەکەکە بهێنێت و لاوازی بکات. وەکو هەنگاوی گرنگ و لەپێش هەوڵ دەدات بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی کوردی لە رۆژئاوا و بەمجۆرە ملکەچکردنیان بۆ داواکاریەکانی بەشێوەیەک لە شێوەکان. ئێستا تورکیا پێشنیاری ناوچەی قەدەغەکراو و تەریککراو بە درێژایی سنوری سوریا دەکات، بەمجۆرە لەلایەک دابڕینی باکور و رۆژئاوای کوردستان لەیەکتر، لەلایەکیتر لاوازکردن و تێکشکاندنی هەرێمی بەڕێوەبەری کوردان لە رۆژئاوای کوردستاندا. تورکیا ئەوە ناشارێتەوە کە پەکەکە هەرەشەیە لەسەر تورکیا و دەیەوێ رێگە لەو هەڕەشەیە بگرێت. گومان لەوەدا نییە تورکیا گرنگی خۆی هەیە لای ئەمەریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکان، وە ئەوان هەمیشە بەرژەوەندی تورکیایان لەسەرووی ئاوات و خواستەکانی کورد داناوە، هەروەها لای ئەوان پەکەکە  تائێستا ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە. بۆیە دەبێ ئەو هەوڵەی تورکیا بەگرنگ وەربگیرێت و لەلایەن کوردەوە هەموو هەوڵێک بۆ ژێرخستنی ئەو هەنگاوەی تورکیا بنرێت. لەلایەک هەوڵی دیپلۆماسی و هەوڵدان بۆ کارتێکردنی کەناڵە دەسەڵاتدارەکانی جیهان گرنگی زۆریان هەیە کە نابێ فەرامۆش بکرێن، لەلایەکیتر بەهیزمانەوەی کورد لە رۆژئاوای کوردستان فاکتەرێکی گرنگە بۆ شکستپێهێنانی هەوڵەکەی تورکیا.  

 

شاخەوان شۆڕش

30-9-2014