سه‌رچاوه‌ی سروشتی نه‌وت و خاوه‌نداریه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل
شاخه‌وان شۆڕش
2007.12.08
سه‌رچاوه‌ی سروشتی
نه‌وت وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی وزه و سوته‌مه‌نی بوونی له هه‌ر
ناوچه‌یه‌کدا مایه‌ی باشترکردنی ژیان و گوزه‌رانی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه که له
ناوچه‌که‌دا ده‌ژین. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ناوچه‌که خۆیان له سامانی سروشتی
ژێرزه‌وی وڵاته‌که‌یان سه‌ربه‌خۆبن. بوونی نه‌وت له هه‌ندێ وڵاتی جیهاندا
وایکردووه ئه‌و وڵاتانه ستاتوسی ئابوریان به‌رزبێته‌وه و وه‌کو ولاتی
ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌یر بکرێن. به‌ڵام مه‌رج نییه ئه‌و ستاته خاوه‌ن نه‌وته
سامانه‌که بخاته‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و به‌مجۆره ئاستی ژیانی خه‌ڵکی
وڵات به‌رزبکاته‌وه و باشتر بکات. به‌کارهێنانی سامانی سروشتی له
به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌ل دا و بۆ باشتر کردنی گوزه‌رانی خه‌ڵک ته‌نها له
وڵاته دیموکراسی و پێشکه‌وتووه‌کاندا ده‌کرێ به به‌ڵگه بسه‌ڵمێندرێت.
به‌پێی ئه‌زموونه کۆن و نوێکان له وڵاته نه‌وتاویه ده‌وڵه‌مه‌نده
نادیموکراسیه‌کاندا سامانی نه‌وت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل به‌کار نایه‌ت،
به‌ڵکو له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی پارتی ده‌سه‌ڵاتدار یا خێزانی
ده‌سه‌ڵاتدار به‌کارده‌هێندرێت. ده‌کرێ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ڵگری
ئایدۆلۆژیایه‌کی فراوانخواز و په‌رگیری سنورشکێن بێت، به‌مجۆره سامانه
سروشتیه‌که بۆ مه‌رامی ئایدۆلۆژیانه‌ی خۆی زۆر به‌رفراوانتر
به‌کارده‌هێنێت. هه‌روه‌کو یه‌کێتی سۆڤیه‌ت له ڕابردوودا ئه‌وه‌ی کرد،
سعودیا و وڵاتی‌تر له ڕابردوو و ئێستادا ئه‌وه ده‌که‌ن و به‌رده‌وامن له
پیاده‌کردی هه‌ناردنی بیروباوه‌ڕی تایبه‌ت به ئایدۆلۆژیاکه‌یان بۆ
ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کانی خۆیان له هه‌ر شوێنێکی جیهاندا. سامانی سروشتی
نه‌وت وایکردووه ئه‌و وڵاتانه توانای ئابووری ئه‌وهایان ببێت که بتوانێ
ئه‌و داخوازیه فراوانخوازییه جووڵه‌بکات. ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌و کاره
ده‌که‌ن، ده‌سه‌ڵاتدارانیان سامانی خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یان به بێ پرسی
خه‌ڵکه‌که و به ئاره‌زووی خۆیان به‌سه‌ر پرۆژه‌ی دیکه‌ی دوور له
به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل ته‌خشان و په‌خشان ده‌که‌ن. ئه‌وه جۆرێکه له
تاڵان‌کردنی سامانی نه‌ته‌وه‌یی گه‌ل که له‌مێژه بوونی هه‌یه.
سامانی سروشتی ئه‌و
ناوچانه‌ی ژێرده‌سته‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه له زۆربه‌ی باره‌کاندا، بووه‌ته
مایه‌ی ماڵوێرانی و نه‌هامه‌تی بۆ گه‌لی ژێرده‌سته، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی
خاکه‌که‌یان داگیر و کۆلۆنی بکرێت و بخرێنه ژێر ڕکێفی ده‌سه‌ڵاتی
کۆلۆنیالیزم یان رژێمی دیکتاتۆر و چه‌وسێنه‌ر. نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ر
له‌به‌ر سامانه سروشتیه‌که هه‌وڵ و میتۆدی جۆراوجۆر بۆ که‌نترۆلی
درێژماوه ده‌گرێته‌به‌ر، که ده‌کرێ له خراپترین باردا تاوانی پاکتاوی
ڕه‌گه‌زی و گه‌لکوژی لێبکه‌وێته‌وه.
سامانی سروشتی نه‌وت
وه‌کو هه‌ر سامانێکی سروشتی دیکه‌ی وڵات خاوه‌نداریه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ گشت ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له ناو ئه‌و وڵاته‌دا گه‌ل پێکده‌هێنن. ئه‌وه
ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته داگیرکه‌ر نه‌بێت، یا که‌نترۆلی خاکی گه‌لێکی دیکه‌ی
به جۆرێ له جۆره‌کان نه‌کردبێت. وڵاتی داگیرکه‌ر تاڵانی سه‌رچاوه‌ی
سروشتی گه‌لی ژێرده‌سته ده‌کات و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی
ده‌سه‌ڵاتدار و باڵاده‌ست به‌کاری ده‌هێنێت. هه‌موو ئه‌و ڕێککه‌وتنانه‌ی
که نه‌ته‌وه‌ی لاواز یا ژێرده‌سته ناچارده‌کات به‌شێک له سه‌رچاوه‌ی
سروشتی بداته خه‌ڵکی دیکه، یا سه‌روه‌ری له‌و بواره‌دا به ده‌سه‌ڵاتێکی
باڵاتر که له زۆر باردا ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌ی زاڵه یا زۆرینه‌یه،
ببه‌خشێت و له‌ژێر ناوی ڕێکه‌وتنی ئازادا مۆر ده‌کرێت، ڕێکه‌وتنی ئازادانه
و ئاره‌زوومه‌ندانه نین، به‌ڵکو ئه‌و ڕێککه‌وتنانه کۆمه‌ڵێ هۆکار و
فاکته‌ری ناچارکه‌رانه و داسه‌پێنه‌رانه ده‌گرنه خۆیان. چونکه ئه‌گه‌ر
ئه‌و نه‌ته‌وه ده‌سه‌ڵات لاوازه یا که‌مینه‌یه بواری هه‌بێت له‌ژێرچنگی
نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ر و چه‌وسێنه‌ر یان زۆرینه‌دا نامێنێ و ئازادی
هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌مجۆره له‌و جۆره ڕێکه‌وتنانه‌ش ده‌ربازی ده‌بێت که
له‌ژێر ناوی ڕێکه‌وتنی ئازادانه‌دا به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێندرێت.
تائێستا نه‌بیندراوه هیچ گه‌لێکی ئازادی
خاوه‌ن سه‌روه‌ری نه‌ته‌وه‌یی سامانی نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌گه‌ڵ گه‌لی
دیکه‌دا دابه‌ش بکات یا ماف بداته گه‌لێکی دیکه بڕیار له‌سه‌ر چۆنیه‌تی
دابه‌شکردنی ئه‌و سامانه بدات.
گه‌ل له وڵاتی
خۆیدا خۆی سه‌رپشکه له‌وه‌ی چۆن ئه‌و سامانه سروشتیه ده‌خاته‌به‌ر
به‌رژه‌وه‌ندیه گشتییه‌کانی خه‌ڵک، دیاره له‌به‌رڕۆشنایی پرۆسه‌یه‌کی
ڕاشیونال، ئازاد و دیموکراسیانه‌دا ده‌تواندرێ ئه‌و ئامانجه گونجاوانه
بپێکرێت. هه‌روه‌ها سامانی سروشتی وڵات هی هه‌موو خه‌ڵکی ناو ئه‌و
وڵاته‌یه، نه‌ک توێژێک، پارتێک، گروپێک یان چه‌ند گروپێکی دیاریکراو.
کاروکرده‌وه‌کانی گروپێکی دیاریکراو مافی دابڕینی ئه‌و سامانه نابه‌خشێ
به گروپه‌که، ئه‌گه‌ر گروپێک یا چه‌ند گروپێکی دیاریکراو له‌ژێر هه‌ر
بیانوویه‌کدا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و سامانه‌دا بگرن و هه‌موو یا به‌شێکی زۆر
یا که‌می ئه‌و سامانه له ژێر بانگاشه‌ی جیاوازدا و له‌ژێر ناوی گه‌لدا
(هه‌روه‌کو له وڵاته دیکتاتۆر و نادیموکراسیه‌کاندا هه‌یه) بۆ
به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاربهێنن و به ئاره‌زووی خۆیان بیخه‌نه‌به‌ر
به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌کانی خۆیان، ئه‌و گروپانه پێشێلی مافی
خاوه‌نداریه‌تی گشت ده‌که‌ن و تاڵانی سامانه‌که ده‌که‌ن. ئه‌وه تاڵانی
ناوخۆیی سامانی سروشتییه که له لایه‌ن گروپێکی یا چه‌ند گروپێکی
ده‌سه‌ڵاتداری ناو خودی ناسیۆنه‌که ئه‌نجام ده‌درێت.
سامانی سروشتی گه‌ل
ده‌بێ به‌ر له‌هه‌ر شتێک له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی ڕاشیونال و
تاوتوێکراودا بۆ باشترکردنی ئاستی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک به‌کاربهێندرێت،
پێویسته وه‌کو هۆکارێکی ئابوری گرنگ ئاستی ئابوری گه‌ل به‌رزبکاته‌وه و
له پێشبڕکێ و ئالوگۆره‌کانی بازاڕی جیهانیدا به هێزی بکات و وایلێبکات
خۆی له‌به‌ر نسکۆ ئابوریه‌کاندا ڕابگرێت، بتوانێ به‌رگه‌ی ناکۆکی و کێشه
بازرگانی و ئابوریه‌کان بگرێت. هه‌روه‌ها وه‌کو هۆکارێکی گرنگ بۆ مسۆگه‌ری
ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی به‌رگریکار به‌کاربهێندرێت، ئه‌وه‌ش نه‌ک له‌سه‌ر پشتی
ژیان و گوزه‌رانی گه‌ل. واته هه‌میشه ده‌بێ ژیان و گوزه‌رانی گه‌ل
له‌به‌رچاو بگیرێت و به‌شێکی که‌می داهاتی نه‌ته‌وه‌یی له بواری به‌رگری و
ئاسایش‌دا به‌کار بهێندرێت.
شایانی جه‌خت
له‌سه‌رکردنه‌وه‌یه ده‌بێ سامانی سروشتی وڵات بتوانێ ستات به‌هێز بکات و
ڕه‌وایه‌تیی ناوخۆیی به‌هێز به ستات ببه‌خشێ، به‌هێزی ستات به‌و واتایه‌ی
پشتگیری ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردن و کانوندانان له لایه‌ن خه‌ڵکی
وڵاته‌که‌وه تۆکمانه هه‌بێت، به‌مجۆره ستات خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌کی
ناوخۆیی به‌هێز بێت. سامانی سروشتی و دابه‌شکردنی ڕه‌وایانه‌ی داهاتی
نه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ر دانیشتواناندا، فاکته‌رێکی گرنگی به‌ده‌ستهێنان و
په‌سندکردنی ڕه‌وایه‌تی ناوخۆیی ستاته، به‌مجۆره به‌هێزکردنی ناسنامه‌ی
نه‌ته‌وه‌یی ستاته. چونکه دابه‌شکردنی نایه‌کسان و ناڕه‌وا ده‌بێته‌هۆی
نه‌مانی پشتگیری ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن چین و گروپه‌کانی ناو وڵات،
به‌مشێوه‌یه ده‌بێته هۆی لاوازکردنی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (national
identity) و
ڕه‌وایه‌تی ناوخۆیی ستات (state
legitimacy).
ستات کاتێک خاوه‌نی ناسنامه‌یه‌کی به‌هێزه، ئه‌گه‌ر له لایه‌ن گشته‌وه
پشتگیری تۆکمه‌ی هه‌بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی سامانی
سروشتی نه‌که‌وێته ده‌ست گروپێک یا پارتێک یا خێزانێک، ده‌بێ
هه‌ڵسوکه‌وتکردن و که‌نترۆلکردنی ئه‌و سامانه و داهاتی ئه‌و سامانه له
چوارچێوه‌ی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی له لایه‌ن ده‌زگایه‌کی بێلایه‌نه‌وه
سه‌رپه‌رشتی بکرێت. له ولاته دیموکراسیه‌کاندا ده‌سه‌لاتی به‌ڕێوه‌بردن
له‌سه‌ریه‌تی به کراوه‌یی و بێلایه‌نی ئه‌و سامانه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل
له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی ئابووریدا به‌کاربهێنێت، دیاره ده‌بێ
بیسه‌ڵمێنێت چۆن و له‌به‌رچی، ئه‌گه‌رنا ناتوانێ ده‌ستی بۆ ببات.
پارله‌مان هه‌میشه له هه‌ڵسوکه‌وت به سامان و داهاتی نه‌ته‌وه
به‌ئاگایه و چاودێری ده‌کات. له ولاته نادیموکراسیه‌کان ئه‌و بێلایه‌نی
و کراوه‌ییه به ئه‌گه‌ری زۆر نییه، نه پارله‌مان یا خه‌ڵک ده‌سه‌لاتیان
له ئاست تاڵان و خراپبه‌کارهێنانی سامانی سروشتی‌دا له لایه‌ن
ده‌سه‌لاتی فه‌رمانڕه‌وادا نییه.
سه‌رچاوه‌ی سروشتی
به‌گشتی و به‌تایبه‌تی نه‌وت، ئه‌گه‌ر له وڵاتێک‌دا هه‌بن، واتای بوونی
گه‌نجینیه‌یه‌کی نیشتیمانی ژێرزه‌وییه. به‌کارهێنان و ده‌ست بۆ بردنی ئه‌و
سه‌رچاوه‌یه ده‌بێ له به‌ر ڕۆشنایی پێداویستییه نیشتیمانیه‌کان بێت.
واته مه‌رج نییه، ئه‌گه‌ر نه‌وت هه‌بوو ده‌بێ ده‌ربهێندرێت و بفرۆشرێت،
به‌ڵکو ته‌نها ئه‌گه‌ر باری ئابوری گه‌ل ئه‌وه‌ی خواست، ده‌بێ
ده‌ربهێندرێت. بۆنمونه وڵات پێویستی به داهاتی زیاتری ناسیونالانه‌یه بۆ
ئه‌وه‌ی بتوانێ خه‌رجی پێداویستیه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی پێ بدات، یان داهاتی
نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز بکات و قه‌رزی سه‌ر ولات سوک بکات. ئه‌گه‌ر ستات به‌بێ
بوون و فرۆشتنی ئه‌و نه‌وته بالانسی نێوان هه‌نارده و هاورده، خه‌رجی
سالانه‌ی وڵات گونجاوانه ڕابگرێت، پێویستی به به‌کارهێنانی ئه‌و
سه‌رچاوه‌یه نابێت، به‌ڵکو بۆ دواڕۆژ وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی یه‌ده‌گ
هه‌ڵده‌گیرێت. به‌مشێوه‌یه ئه‌گه‌ر نه‌وت ده‌رهێندرا ده‌بێ ڕاده‌ی
ده‌رهێنانی به‌گوێره‌ی پێداویستییه ئابوریه‌کانی ستات بێت. بۆنمونه
نه‌رویژ یه‌کێکه له ستاته هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی جیهان و خاوه‌نی
سامانی سروشتی ژێر زه‌وییه، به‌ڵام ته‌نها به‌گوێره‌ی پێویست نه‌وت
ده‌رده‌هێنیت، له‌وه زیاتر ده‌رناهێندرێت که ستات پێویستی پێیه‌تی.
نه‌رویژ بیر له دواڕۆژ و نه‌وه‌کانی داهاتوو ده‌کاته‌وه، واته ئه‌م
گه‌نجینه‌یه به‌جۆرێک به‌کارده‌هێندرێت که بتوانێ بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به
باشترین شێوه سوود به گه‌ل بگه‌یه‌نێت.