Kadir Shorsh                                                  Links                  Gallery              Nasini Shorsh           Kontakt            Malewe      


 

بڕینی یارمه‌تی و پشتگیری ڕۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆکان لێدانی ئازادی ده‌ربڕینه‌

شاخه‌وان شۆڕش

26.09.2007

ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌رێمی کوردستان بڕیاری داوه‌ یارمه‌تی و پشتگیری رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆکان ببڕێت، چونکه‌ پێیوایه‌ ئه‌و رۆژنامانه‌ ده‌بێ خۆیان بژێوی خۆیان په‌یدا بکه‌ن. ده‌سه‌لات ئه‌وه‌ به‌ ئه‌رکی خۆی نازانێت و به‌ خه‌رجیه‌کی زۆری داده‌نێت. جێبه‌جێکاری (حکومه‌ت) هه‌رێم ناڵێت ڕۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ نابێ هه‌بێت، به‌لام ده‌ڵێ ده‌بێ خۆیان خۆیان بژیێنن. هه‌روه‌کو ئه‌وه‌ له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوادا ده‌کرێ نمونه‌ی هه‌بێت. به‌ڵام بابزانین حکومه‌تی کوردستان چه‌ند به‌ ته‌نگ ئازادی و ئازادی ده‌ربڕینه‌، هه‌روه‌ها ئایا ئه‌و رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ بۆ پێویستن؟

له‌ لایه‌کیتر به‌پێی گۆتنه‌کان ساخته‌کاریی له‌ یارمه‌تیدانی رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکێکه‌وه‌ کراوه‌ و ئه‌وه‌ش وه‌کو هۆکارێکی ئه‌و بڕیاره‌ واپێده‌چێ به‌کار هاتووه‌. سه‌باره‌ت به‌ خراپبه‌کارهێنانی یارمه‌تی له‌ لایه‌ن خه‌ڵکی گه‌نده‌ڵه‌وه‌، ئه‌و دیارده‌یه‌ ته‌نها کاتێک ده‌کرێت گه‌شه‌ بکات ئه‌گه‌ر خودی ده‌سه‌لات له‌ گه‌نده‌ڵیه‌که‌دا به‌شدار بێت. دیاره‌ ده‌سه‌ڵات نوقمی گه‌نده‌ڵییه‌ و ئه‌و بواره‌ش له‌ گه‌نده‌لیی ده‌سه‌ڵات بێبه‌ش نییه‌. بوونی ئه‌و دیارده‌یه‌ به‌رپرسیاریه‌که‌ی به‌ر له‌ هه‌ر که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌و ده‌سه‌لاته‌یه‌ که‌ بڕیاری بڕینی یارمه‌تی داوه‌. خه‌ڵکه‌ باشه‌که‌ که‌ به‌ کرده‌وه‌ بوونی خۆیان سه‌ڵماندووه‌ به‌ ئاگری خه‌ڵکه‌ ساخته‌کاره‌که‌ ده‌سوتێندرێن. به‌ڵام ئایا، بڕینی یارمه‌تی هه‌ر به‌ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌؟

له‌و ولاتانه‌ی پیاده‌ی بازاڕی ئازاد ده‌کرێت، به‌تایبه‌تی وڵاته‌ دیموکراسی و پێشکه‌وتووه‌کان، ڕۆژنامه‌ و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن گه‌ر هه‌موویان نه‌بێت ئه‌وا زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان سه‌ر به‌ که‌رتی تایبه‌تن و ده‌بێ خۆیان بژێو و قازانج په‌یدا بکه‌ن، دیاره‌ له‌و باره‌شدا له‌ گه‌لێ وڵاتدا جۆره‌ یارمه‌تیه‌ک له‌ لایه‌ن ستاته‌وه‌ ده‌درێن، به‌لام ئه‌و یارمه‌تییه‌ ته‌نها ده‌ستگرتنێکه‌ و ده‌بێ خۆیان مشوری خۆیان بخۆن و هه‌وڵی قازانج بده‌ن. له‌و وڵاتانه‌دا رۆژنامه‌کان وه‌کو کارگه‌یه‌ک له‌ بازاڕدان و ده‌بێ بیر له‌ مانه‌وه‌ و ستراتیژی مانه‌وه‌ و به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های خۆیان بکه‌نه‌وه‌. ده‌بێ بیر له‌ جۆری به‌رهه‌م و داواکاریه‌کانی بازاڕ بکه‌نه‌وه‌ و له‌ ئاستی ئه‌و داخوازیانه‌دا بن. بۆیه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ کاری پرۆفشیۆناڵانه‌ی ده‌وێ و ئه‌و ململانێیه‌ ئاسان نییه‌، له‌ کاتێدا ده‌بێ بیر له‌ زۆر لایه‌ن سه‌باره‌ت به‌ کۆمه‌ڵگه‌ و بازاڕه‌ رۆژنامه‌گه‌ریه‌که‌ی بکرێته‌وه‌. هه‌میشه‌ ئه‌و رۆژنامانه‌ ده‌توانن درێژه‌ به‌ ته‌مه‌نی خۆیان بده‌ن که‌ ئاستێکی باشی خوێنه‌ریان هه‌یه‌ و ئاستی فرۆشتنی رۆژنامه‌که‌یان گونجاوه‌. ئه‌وه‌ی نه‌توانێ ئه‌و ئاسته‌ بپارێزێت، به‌ناچاری ده‌بێ وازبهێنێت و له ‌بازاڕ بکشێته‌وه‌. دیاره‌ له‌و وڵاتانه‌ ئازادی ده‌ربڕین هه‌یه‌ و کێشه‌ و ڕووداوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ ناشاردرێنه‌وه‌، ڕه‌خنه‌ به‌ ئاشکرا و به‌ زمانی زبر ئاراسته‌ی ده‌سه‌لاتداران و ده‌زگاکانی ستات ده‌کرێن.

ئه‌وه‌ی جێبه‌جێکاری هه‌رێمی کوردستان ده‌یکات وه‌کو بڵێی ده‌یه‌وێ هێما بۆ رۆژنامه‌ ئازاده‌کان بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ بکات و پێیان بڵێت، له‌ بازاری ئازاددا ده‌بێ خۆتان خۆتان بژیێنن و ئه‌وه‌ کاری ستات نییه‌. هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ بانگاشه‌ی په‌یڕه‌وی سیسته‌مێکی مۆدێرن و ئازاد بکات و ئه‌وه‌ جێبه‌جی بکات. لێره‌دا به‌ ناچاری هه‌ندێ پرسیار خۆیان قیتده‌که‌نه‌وه‌ له‌وانه‌ ئایا له‌ کوردستاندا بازاڕی ئازاد بوونی هه‌یه‌؟ له‌ کوردستاندا زۆر گۆتن له‌سه‌ر بازاڕی ئازاد ده‌کرێ و ده‌گوترێت کوردستان پیاده‌ی بازاڕی ئازاد ده‌کات. به‌لام له‌ ڕاستیدا بازاڕی ئازاد له‌ کوردستاندا به‌شێوه‌ باوه‌که‌ی خۆی بوونی نییه‌. چۆن؟ یه‌که‌م، بازاڕی ئازاد له‌ ئاستی بازرگانه‌ بچوکه‌کاندا به‌ڕه‌ڵاییه‌ نه‌ک ئازادی، چونکه‌ بازاڕی ئازاد بێ پره‌نسیپ و سنور نییه‌، جگه‌له‌وه‌ی بازرگانه‌ بچوکه‌کان له‌ژێر چنگی ئه‌وانه‌ی سه‌رووترن، هه‌روه‌ها خه‌ڵک به‌گشتی که‌وتۆته ‌ژێر ویژدانی ئه‌و نرخ و کاڵایه‌ی که‌ بازرگانه‌ گه‌وره‌کانی سه‌ر به‌ پارت یا هاوپه‌یمان له‌گه‌ڵ پارت سه‌پاندوویانه‌. له‌ ئاستی بازرگانه‌ مامناوه‌ندی و گه‌وره‌کاندا ئازادی بوونی نییه‌ و گه‌ماڕۆی پارتی ده‌سه‌ڵاتداری له‌سه‌ره‌ و له‌ لایه‌ن ئه‌وان پاوان کراوه‌. بازرگان ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌وان ڕێککه‌وێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وان هاوبه‌شی په‌سند بکات (خاوه‌ بداته‌ ئه‌وان) ئه‌گه‌رنا ڕیگا و مۆڵه‌تی کارکردنی نادرێتێ. بازرگانه‌ گه‌وره‌کان سه‌ر به‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدارن و له‌بازنه‌ی سه‌روودان، ئه‌گه‌ر تاکوتوک هه‌بێ سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵات نه‌بن، ده‌بێ مه‌رجه‌کانی پارتی ده‌سه‌لاتدار په‌سند بکه‌ن، ئه‌گه‌رنا ناتوانن کار له‌وێدا بکه‌ن. به‌کورتی بازاڕی ئازاد بوونی نییه‌ و پارتی ده‌سه‌ڵاتدار مۆنۆپۆلی بازاڕی کردووه‌ و هه‌لسوکه‌وت و کرده‌وه‌کانی له‌ هه‌ڵسوکه‌وتی مافیا ده‌چێت. بۆیه‌ که‌ ئه‌وان هێمای دیارده‌ی بازاڕی ئازاد بۆ رۆژنامه‌کان ده‌که‌ن هێما بۆ دیارده‌یه‌ک ده‌که‌ن که‌ بوونی نییه‌ و خۆیان ڕێگا به‌ بوونی ده‌گرن‌.

له‌و وڵاتانه‌ی پێشکه‌وتوو که‌ پیاده‌ی بازاڕی ئازاد ده‌که‌ن، که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن زۆربه‌یان سه‌ربه‌خۆن و سه‌ر به‌ پارت و ده‌سه‌ڵات نین. له‌ هه‌ندێ باردا که‌ناڵێک یا دوو که‌ناڵی رادیۆیی و ته‌له‌ڤزیۆنی سه‌ر به‌ ستات هه‌ن، ئه‌ویش بێلایه‌نه‌ و ده‌بێ پرۆفیشنالانه‌ بێلایه‌نی خۆی بپارێزێت، ته‌نها له‌ لایه‌ن ستاته‌وه‌ وه‌کو کارگه‌یه‌ک سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت، بۆیه‌ ده‌کرێ داهاتی بۆ ستات هه‌بێت. پێویسته‌ بزانین، له‌و وڵاتانه‌دا ستات ده‌زگایه‌که‌ بێلایه‌ن له‌ بیروباوه‌ره‌ جیاجیاکان و ده‌بێ ئه‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵگه‌ بسه‌ڵمێنێت. ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌یه‌ک سه‌ر به‌ پارتێک یا ڕێکخراوێک بێت، ئه‌وه‌ کێشه‌ی ستات نییه‌ بیژیێنێت، به‌ڵام وه‌کو هه‌ر رۆژنامه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ ده‌کری له‌ چوارچێوه‌ی قانونی دیاریکراودا یارمه‌تیه‌کی سه‌ره‌تایی پێبدرێت.

به‌ڵام ئایا له‌ کوردستاندا ئه‌وهایه‌؟ وه‌کو بازرگانیه‌که‌، ڕاگه‌یاندن له‌ لایه‌ن پارتی ده‌سه‌لاتداره‌وه‌ پاوان کراوه‌ و زۆرترین خه‌رجی له‌ کاسه‌ی ستاته‌وه‌ بۆ میدیای جۆراوجۆری پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌چێت. پارتی ده‌سه‌ڵاتدار که‌ خه‌رجی ستاتی له‌ ژێر چنگدایه‌ خه‌رجی چه‌ند که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی، چه‌ندین رۆژنامه‌ و گۆڤار، چه‌ندین ده‌زگای دیکه‌ی ڕاگه‌یاندن ده‌کات. ئه‌و کانالانه‌ هه‌مووی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی ده‌سه‌لاتدار کار ده‌که‌ن و پرۆپاگه‌نده‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ئه‌و ده‌که‌ن. ئه‌وه‌ی که‌ له‌ کوردستاندا روو ده‌دات له‌ هیچ وڵاتێکی ئازاد و دیموکراسیدا وێنه‌ی نییه‌، به‌لکو ته‌نها له‌ وڵاته‌ دیکتاتۆر و ئاوتۆریتاره‌کاندا وێنه‌ی هه‌یه‌. له‌ باشوری کوردستاندا که‌ 16 ساڵه‌ له‌ ژێر چنگی ی.ن.ک و پ.د.ک دایه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ که‌ناڵێکی نیشتیمانی بێلایه‌ن دابمه‌زرێندرێت و هی خه‌ڵک بێت نه‌ک پارتی ده‌سه‌ڵاتدار. ئه‌وه‌ی جێگای جه‌ختله‌سه‌رکردنه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و پاره‌یه‌ی که‌ له‌ راگه‌یاندنه‌کانی پارتی ده‌سه‌لاتدار چه‌ندین ساڵه‌ خه‌رج ده‌کرێت، هه‌مووی ده‌چێته‌ژێر چه‌مکی خراپبه‌کارهێنانی دارایی ستات، که‌ ده‌کرێ وه‌کو دزیی له‌ ستات و داهاتی گه‌ل سه‌یری بکرێت.

دیاره‌ ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته‌ جێبه‌جێکاری (حکومه‌ت) کوردستان بڵێ چیتر یارمه‌تی ڕاگه‌یاندنه‌کانی پارت ناده‌ین، ئه‌وان په‌کیان ناکه‌وێت، چونکه‌ خاوه‌نه‌کانیان که‌ داهاتی نه‌ته‌وه‌یی کوردستانیان له‌ژێر ده‌ستدایه‌ ئێستا ملیاردێرن و له‌ جیاتی یه‌ک ڕۆژنامه‌ ده‌یان رۆژنامه‌یان پێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌ جیاتی یه‌ک که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی چه‌ندین که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنیان پێ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌وان بڕیاریان داوه‌ یارمه‌تی ڕۆژنامه‌کان و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن ببڕن ده‌بێ وابکه‌ن. ئه‌وان ئێستا هه‌مووی ده‌وڵه‌مه‌ندن و توانای به‌ڕیوه‌بردنی هه‌موو که‌ناله‌کانی خۆیان به‌بێ چیتر خراپبه‌کارهێنانی کاسه‌ی ستات هه‌یه‌. به‌ڵام بۆ وا ناکه‌ن؟! ئایا ئه‌وان مه‌به‌ستیان بازاڕی ئازاد و مه‌رجه‌کانیه‌تی یا مه‌به‌ستێکی تریان هه‌یه‌؟ مه‌رجه‌کانی بازاڕی ئازاد له‌ کوردستاندا له‌ ئارادا نییه‌ و بۆیه‌ ئه‌وه‌ بیانووه‌ و مه‌به‌ستی تری واپێده‌چێ هه‌یه‌.

به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ باشوری کوردستاندا سه‌باره‌ت به‌ ئازادی گوتن رووده‌دات و ده‌بیندرێن وه‌کو قانونی ته‌سک و سنوردار سه‌باره‌ت به‌ نووسین و گوتن، گه‌ماڕۆ نارا‌سته‌وخۆکان، چاوسوورکردنه‌وه‌، هه‌ره‌شه‌ و ئازاردانه‌کان، کۆبوونه‌وه‌ و ڕێککه‌وتن له‌ نێوان ی.ن.ک و پ.د.ک و دوانی نه‌رێنی به‌رپرسه‌کان له‌سه‌ر نووسه‌ره‌ ڕه‌خنه‌گر و سه‌رکێشه‌کان، ئاماژه‌ به‌ دیارده‌یه‌کی به‌رده‌وامی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئازادی ده‌ربڕین ده‌که‌ن. بڕینی یارمه‌تی له‌سه‌ر هه‌ندێ رۆژنامه‌ی سه‌ربه‌خۆ، ده‌بێته‌هۆی واپێده‌چێ داخستنی ئه‌و رۆژنامانه‌، به‌مجۆره‌ نه‌مانی ئه‌و که‌ناڵه‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕی جودا له‌وه‌ی له‌ که‌ناڵه‌کانی پارتدا ده‌رده‌چن، واته‌ داخستنی ئه‌و په‌نجه‌ره‌ جودا و سه‌ربه‌خۆیه‌ که‌ تاڕاده‌یه‌ک توانیویه‌تی ئازادانه‌ و بێ وابه‌سته‌یی به‌ ده‌سه‌لات و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی ده‌نگی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا که‌م یا زۆر هه‌بێت. بۆیه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌کرێ وه‌کو هه‌وڵ و میتۆدێکی دیکه‌ بۆ ته‌سککردنه‌وه‌ی گوتنی ئازاد ببیندرێت. به‌مجۆره‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌یه‌وێ ته‌نها که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی خۆی له‌ گۆڕه‌پاندا هه‌بن و زانیاری و هه‌واڵ و رووداوه‌کان ته‌نها ئه‌وانه‌ بن که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ئه‌واندان.

واپێده‌چێ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار پێیوابێ، چۆن ده‌کرێ ڕۆژنامه‌کان یارمه‌تی له‌ مینسته‌ری ڕۆشنبیری یا ده‌زگای په‌یوه‌ستداری سه‌ربه‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکار وه‌گرن، که‌چی ڕه‌خنه‌ له‌ ده‌سه‌لات و کار و کرده‌وه‌کانی ئه‌و بگرن؟ لێره‌دا پارتی ده‌سه‌ڵاتدار سامانی نه‌ته‌وه‌ و داهاتی گه‌ل به‌هی خۆی داده‌نێت و پێیوایه‌ ئه‌و وه‌کو یارمه‌تی و به‌زه‌یی ده‌یداته‌ ئه‌و ڕۆژنامانه‌. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ تێگه‌یشتنێکی چه‌وته‌‌، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار به‌ هیج جۆرێک مافی ئه‌وه‌ی نییه‌، ده‌ست تێکه‌ڵی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی و سامانی گه‌ل بکات. هه‌روه‌ها ستات و داهاتی ستات به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی پارتی ده‌سه‌لاتدار بڕوات و ئه‌ویش به‌ ئاره‌زووی خۆی دابه‌شی بکات. ئه‌و پاره‌ و یارمه‌تیه‌ی ده‌درێته‌ رۆژنامه‌ یا هه‌ر بوارێکی دیکه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ، هونه‌ری یا هی دیکه‌، ئه‌وه‌ پاره‌ی پارتی ده‌سه‌لاتدار نییه‌ و هی سه‌رۆکه‌که‌ی نییه‌، به‌ڵکو سامانی گه‌له‌. که‌ ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ پرۆژه‌یه‌ک یا کارێک خه‌رج ده‌کرێت ئه‌وه‌ ئه‌رکی سه‌رشانی ده‌سه‌لاتی جێبه‌جێکردنه‌، نه‌ک پیاوه‌تی ده‌سه‌لات یا فلانه‌ به‌رپرس.    

له‌ کاتێکدا کوردستان به‌ سه‌رده‌مێکی هه‌ستیار و گرنگدا تێده‌په‌ڕێت، له‌ کاتێکدا گه‌لی کورد خه‌ریکه‌ به‌ره‌و دروستکردنی ناسنامه‌ و که‌سایه‌تی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌نگاو ده‌نێت، له‌ کاتێکدا که‌ ده‌زگاکانی سه‌ر به‌ پارتی ده‌سه‌لاتدار له‌ ئاستی ئه‌و ئه‌رکه‌دا لاواز و هه‌ژارن، گه‌لی کوردستان زۆر پێویستی به‌ ده‌نگی جیاواز و بیروبۆچوونی جیاواز هه‌یه‌. پێویستی به‌ ڕه‌خنه‌ی ساده‌ و ناساده‌ هه‌یه‌، پێویستی به‌ دیدی جودا و لێکدانه‌وه‌ی جودا هه‌یه‌. هه‌رگیز ناتواندرێ فاکت و ڕاستیه‌کان ده‌ربخرێن ئه‌گه‌ر ئازادی ده‌ربڕین نه‌بێت و له‌ چه‌ندین گۆشه‌نیگاوه‌ سه‌یری بابه‌ت و دیارده‌کان نه‌کرێن.

یارمه‌تی و کۆمه‌کی ئه‌و ڕۆژنامانه‌ی به‌ کرده‌وه‌ بوونی خۆیان سه‌ڵماندووه‌، گرنگی تایبه‌ت به‌خۆیان له‌ بوونیان له‌ ناو کۆمه‌ڵگه‌دا دروست کردووه‌، پێداویستیه‌کی مێژوویی و گرنگه‌. ئه‌رکی سه‌رشانی ده‌سه‌ڵاتی باشوری کوردستانه‌ بوونی ئه‌و رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ که‌ خۆنه‌ویستانه‌ هاتوونه‌ته‌ گۆڕه‌پان، بپارێزێت و کۆمه‌کیان بکات، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێک بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و پێویستییه‌ گرنگه‌ی سه‌رده‌م، وه‌کو داخستنی په‌نجه‌ره‌ی ئازادی ده‌ربڕین سه‌یری ده‌کرێت.