نا بۆ ئێراقی درۆ، بەڵێ بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ

ئەگەر نەیانویست ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕابگەیەنن یا ڕیفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی بکەن،  ئەگەر گوێیان لە گەل ڕانەگرت و ڕێگای بەغدایان گرتەبەر، دەبوایە هەنگاویان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بێت و مافی چارەنوس بە ڕاشکاوی لە دەستوردا بسەپێنن. بەمجۆرە یاساییانە و بە پێی بنچینەیاسا دیموکراسیانە مافی جیابوونەوە لە ئێراق مسۆگەر بکەن.

نا بۆ ئێراقی درۆ، بەڵێ بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ

دوای سەدان ساڵ لە ژێردەستی داگیرکەریدا، لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم کوردستان جارێکی تر بەسەر چەند وڵاتی دیکەدا دابەشکرا و زۆر کوشندە ئیفلیج کرا. هەر لەو ساتەی کوردستان دابەشکرایە سەر داگیرکەرە کۆن و نوێکان مەینەتی خەڵکەکەی زیاتری کرد.

لەوساوە کۆنسێپتی نکۆڵیکردنی مافی ئازادی کوردستان لەلایەن زلهێزەکان و وڵاتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە پیادەکرا. بەڵێنی سەربەخۆیی کوردستان و ڕێکەوتنامەی نیوچڵی سیڤەر لەگۆڕنران. لەوساوە هەموو هەوڵێک بۆ هەڵدانەوەی ڕاستیە مێژوویەکان لەگۆڕنران و کێشەی خەڵکی کوردستان کرایە کێشەیەکی لەبیرچوو و لەلایەن هەمووانەوە پشتگوێ خرا.

وەکو بەشەکانی دیکە، باشوری کوردستان بە ناڕەوا و دوور لەویستی خەڵکەکەی بە ئێراقی عارەبیەوە لکێندرا. خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان بێ هیچ تاوانێک خرانە ژێردەستی عارەبان و سەرداری ئێراقیان بەسەردا سەپێندرا.

لەو ماوەیەدا ڕاونان، گرتن، کوشتن، لەسێدارەدان، ڕاگواستن، سوتاندنی خاک، تەقاندنەوەی کانیاوەکان، بۆمبباران کردن، تیرۆرکردن، جوداکاری، سامان زەوتکردن، خاک زەوتکردن، بەعارەبکردن، تواندنەوە، پاکتاو، کیمیاباران و گەلکوژی و زۆریتر هەمووی بەرامبەر بەو خەڵکە هەژارەی کوردستان کران. هەموو ڕژێمەکانی ئێراق پیادەی پۆلیتیکی توانەوەی کوردیان کرد. چونکە کورد عارەب نەبوون و دەبوایە لە بۆتەی کۆمەڵگەیەکی ئێراقی و عارەبیدا بتوێنرێنەوە.

خەڵکی کوردستان سەدان ساڵە ژێردەستەن، لە مێژووی نوێدا خاوەنی ستاتی سەربەخۆ و دانپێنراوی خۆیان نەبوون. بەڵام ئەوە بە هیچ جۆرێک واتای ئەوە نییە، کەوا کورد مافی سەربەخۆیی نییە. یا سەربەخۆیی کوردستان خەون و ئەندێشەیە. بوونی مێژووی هاوبەش، خاکی هاوبەش، زمانی تایبەت و هاوبەش و هەستی هاوبەشی نەتەوایەتی خەڵکەکەی لەکەس شاراوە نییە. کوردستان لە ڕابردوودا مافی سەربەخۆیی هەبوو، ئێستا زۆر زیاتر ئەو مافەی هەیە.

سترەکتور و پێکهاتەی ناوچەکە بەگوێرەی بەرژەوەندی داگیرکەران و ئیمپریالیزم داڕشترا، ئەوەش دژی خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا، ئەوە سترەکتورێکە بەسەر کوردستاندا سەپێندراوە. بەڵام واتای ئەوە نییە هیچی لەگەڵدا ناکرێت، بەپێچەوانەوە کورد دەتوانێ لەگەڵ ئەو پێکهاتەیە هەلسوکەت بکات و سوود لە پرەنسیپە نێونەتەوەییەکان سەبارەت بەمافی چارەنوسی گەلان لەو چوارچێوەیە وەرگرێت. مافی سەربەخۆیی لەو چوارچێوەیەدا دەتوانرێ دەرگای لەسەر بکرێتەوە و ئەمڕۆ دەکرێ و دەکرا بەڕیالیزەبکرێت. لەگەڵ هەلوەشانەوەی ئێراق، کورد لەبەردەم دەرفەتێکی زێڕیندا بوو و دەبوایە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی بنێت و وردە وردە خۆی لە ئێراق بترازێنێ.

دەسەڵاتدارانی کورد نەدەبوایە ڕوو لە بەغدا بکەنەوە و جارێکی دیکە لەگەڵ عارەبان دابنیشنەوە. ئەو چوونەی ئەوان بۆ بەغدا هەڵە بوو. دەبوایە لەهەموو کەس زیاتر هەوڵی پارچەکردنی ئێراق بدەن، نەک دروستکردنەوەی.

ئەگەر نەیانویست ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕابگەیەنن یا ڕیفەراندەم لەسەر سەربەخۆیی بکەن،  ئەگەر گوێیان لە گەل ڕانەگرت و ڕێگای بەغدایان گرتەبەر، دەبوایە هەنگاویان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی بێت و مافی چارەنوس بە ڕاشکاوی لە دەستوردا بسەپێنن. بەمجۆرە یاساییانە و بە پێی بنچینەیاسا دیموکراسیانە مافی جیابوونەوە لە ئێراق مسۆگەر بکەن. ئەوان نە ئەمیان کرد و نە ئەویتریان پێکرا.

ئەوان نەیانتوانی مافی چارەنوس بسەپێنن و بەمجۆرە ڕێگای سەربەخۆیی لەکورد گیرایەوە، کێشەی سنور و کەرکوک دواخرا. بەو پێییە کورد دەبێ بچێتەوە ناو چوارچێوەی ئێراق و دەبێ ئەو جۆرە فیدرالیەی کە عارەب دوای هەموارکردنی دەستور پەسندی دەکەن، پەسند بکات.

ئەگەر پەسندی مافی چارەنوس نەکرا، دەبوایە دەسەڵاتدارانی کورد بەغدا بەجێ بهێڵن و بێن هەوڵی دروستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ بدەن. کەچی ئەوان نەک ئەوەیان نەکرد بەڵکو سازشیان لەسەر کێشەچارەنوسسازەکان هەمووی کرد و بەدڵی ئەمەریکا، شیعە و سوننە جوڵانەوە. ئاخر نەتەوەی کورد کە مافی سەربەخۆیی هەیە، بۆ دەبێ مل بۆ کەمتر بدات! بۆ دەبێ بچێت لەگەڵ عارەب دابنیشێ و وڵاتی عارەبان، وڵاتی کەلتوری ئەنفال دروستکاتەوە و یەکێتی خاکەکەی بپارێزێت. دروستکردنەوەی ئێراق کەی کاری کورد بوو. کاری کورد جودابوونەوە و دروستکردنی ستاتی سەربەخۆی کوردستان بوو.

دەسەڵاتدارانی باشور خۆیان بەوە هەڵدەدەنەوە و دەڵێن: “زمانی کوردی لەگەڵ زمانی ئەنفال لە هەموو ئێراقدا زمانی فەرمییە”، بەڵام ئەوان لەوەناگەن یا خۆ گێل دەکەن لەوەی، بوونی زمانی عارەبی لە کوردستان واتای بە زیندووهێشتنەوەی مێنتال و کەلتوری عارەبی و بەعارەبکردنە لە کوردستاندا. بۆ دەبێ زمانی داگیرکەر بخزێتە ناو خەوی بێگەردی منداڵانی کوردەوە. بۆ دەبێ زمانی کەلتورەکەی ئەنفال رۆژ و شەو لەگەڵ مرۆڤی کورددا بکاتەوە.

دەسەڵاتدارانی کورد بەچوونە بەغدا و لەگەڵ مۆرکردنی یاساکاتیەکە خۆیان دایەدەست و گرەوی ئەوجارەی مێژوویان دۆڕاند. ئەوسا گوتم نا بۆ ئێراق، ئێستاش دەڵێم:

نا بۆ یاسای ئیسلامی لە کوردستان

نا بۆ زمانی عارەبی لە کوردستان

نا بۆ ئێراقی درۆ

بەڵێ بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ

 

شاخەوان شۆڕش

2005.10.14