دیوێکی دیکەی کۆمەڵکوژی رۆبۆسکی: قاچاغ بۆ خۆیان رەوایە بەڵام بۆ خەڵکی هەژار تاوانە

بەو مرۆڤانە دەڵێن قاچاغ دەکەن و کارێکی نایاسایی ئەنجام دەدەن، ئەو رژێمانە خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی دەسەلاتی هەرێم رۆژانە بەسەدان تانکەر نەوت و بەنزین نایاسایی لەو سنورانە ئاوادەکەن، کارەکەی ئەوان رەوایە، بەڵام ئەگەر کەسێکی هەژار و ستەمدیدە گالۆنێک نەوت بفرۆشێت، قاچاغ و نارەوایە.

 فرۆکەکانی سوپای تورکیا ٣٦ لاو و مێرمندالی کوردیان دڕندانە لەناوبرد لە زستانی ٢٠١١ دا. ئەو مرۆڤە خێرلەخۆنەدیوانە لەبەر بێکاری و لەبەر نەبوونی و هەژاری ئەو رێگە سەختەیان بۆ پەیداکردنی پاروێ نان گرتبووەبەر. ئەو مرۆڤانە و ئەوانەی دیکە بۆ فرۆشتنی چەند گالۆنێک نەوت و بەنزین رێگەی دژواری چیاکان دەگرنەبەر و گوێ بە هێرش و تاوانەکانی سوپا و جەندرمە تورکەکان نادەن، بەمجۆرە لەپێناوی پەیداکردنی پاروێ نان گیانی خۆیان دەخەنە مەرسیەوە، هەروەکو ئەو ٣٦ مرۆڤە جوانە بوونە قوربانی لەو رێگەیەدا. ساڵانە بەدەیان کەس ناڕەوا و بێویژدانانە لەلایەن جەندرمە و پاسدارانی تورکیا و ئێران دەکوژرێن و لەناودەبردرێن. بێئەوەی کەس بتوانێ بەدوای ئەو تاوانانە بکەوێ و یا بەجۆری لە جۆرەکان تاوانباران راکێشی دادگابکرێن. لەناوبردن و کوشتنی ئەو مرۆڤانە هیچ لێپێچانەوەیەکی لێناکرێت و ئەو قوربانیانە لە کیسی خۆیان و ماڵومنداڵیان نارەوا دەڕۆن. ئەوەی نرخی لای رژێمەکانی تورک و ئیسلامی نییە ئەو مرۆڤانەن.

بەو مرۆڤانە دەڵێن قاچاغ دەکەن و کارێکی نایاسایی ئەنجام دەدەن، لەجیاتی ئەوەی بیرلەباشترکردنی گوزەرانی ئەو خەڵکە هەژارە بکەنەوە، کە ئەرکی سەرشانی ئەو رژێمانەیە. ئەو رژێمانە خۆیان لەگەڵ بەرپرسانی دەسەلاتی هەرێم رۆژانە بەسەدان تانکەر نەوت و بەنزین نایاسایی لەو سنورانە ئاوادەکەن، بەملیۆن دۆلار لەو نیوەندەدا قازانج دەکەن، کارەکەی ئەوان رەوایە، بەڵام ئەگەر کەسێکی هەژار و ستەمدیدە گالۆنێک نەوت بفرۆشێت، قاچاغ و نارەوایە.

دیارە کوشتن و لەناوبردنی ئەو ٣٦ لاوەی رۆبۆسکی پەیوەندی هەربەوەوە نییە، بەڵکو بەبیانووی ئەوەی گوایە ئەوانە چەکداری پەکەکەن لێیاندراوە، ئەوە تۆڵەیەکی نارەوای تورکە فاشیستەکان بوو لە کوردان لەبەرامبەر کوشتنی هەندێ سەربازی تورک کە بەدەستی شۆڕشگێرانی کورد کوژرابوون.

شاخەوان شۆڕش

2013-12-18