لە نادیموکراسیدا جۆری دەنگدان ئاوێنەی راستیەکان نییە

کەسێک لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە موچەی بۆ بڕاوەتەوە یا بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر ‌هەڕەشەدایە، ئازادانە دێت و دەنگ  دەدات، چاودێران تەنها دەتوانن ئەوە ببینن و بگێڕنەوە کە لەبەر چاویاندا روودەدات، ئەوان نازانن ئەو کەسە بۆ بەو جۆرە دەنگی دا کە دای.

لە نادیموکراسیدا جۆری دەنگدان ئاوێنەی راستیەکان نییە

کاتێ هەلبژاردن لە وڵاتە نادیموکراسیەکان یا تازە دیموکراسیەکان دەکرێ، لە لایەن دەسەڵاتدارە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانەوە گرنگی زۆر بە راپۆرت و رۆڵی چاودێرانی بێلایەنی هەلبژرادن دەدرێت، زۆرجار لەو روانگەیەوە هەڵوێست لەسەر سەرکەوتوویی و ناسەرکەوتوویی یا پاکی و ناپاکی هەلبژاردن وەردەگرن. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە چاودێرانی هەلبژاردن هەرچەندی بێلایەن و دەستپاک بن، ناتوانن زۆر لەو فاکتەرانە ببینن و ئاشکرا بکەن کە پەیوەندیان بە جۆری دەنگدانی هاوڵاتیانەوە هەیە. پێشێلکاریەکان کە وادەکەن دەنگدەر بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا بڕوات و دەنگ بدات دەکرێ زۆر لەماوەی هەلبژاردن کاریان بۆ کرابێت، هەروەها دەکرێ لەکاتی هەلبژاردن و دەنگداندا کاری بۆ بکرێت.

پێشێلکاریەکانی دەنگدان دەکرێ لە ژێر دوو خاڵدا کۆبکرێنەوە

1.  پێشێلکاریەکانی بەر لە رۆژی دەنگدان

2.  پێشێلکاریەکانی رۆژی دەنگدان لە شوێنی دەنگداندا

یەکەم:  پێشێلکاریەکانی بەر لە رۆژی دەنگدان. هەموو ئەو کار و کردەوانە دەگرێتەوە کە دەچنە خانەی بەرتیل و هەڕەشەوە کە بەکاتی زۆر بەر لە ماوەی دەنگداندا لە کاتی جیاجیادا روو دەدەن. ئەو کردارانە بەپێی پلان و نەخشەی درێژخایەن و کورتخایەنەوە لە چەندین ساڵەوە تا رۆژی بەر لە هەلبژاردنەکە روو دەدەن. نمونەکان: لەلایەن پارتی دەسەڵاتدراوە بڕینەوەی موچەی خۆرایی، خانەنشینکردن، دامەزراندن، زەوی و خانودابەشکردن، دەرنەکردن لەکار بەرامبەر بە لایەنگیری، بەڵیندان بە خەڵات و بردنەپێشەوە، ناسنامەدەرهینان بۆ کەسانی ناهاوڵاتی، دروستکردنی لیست بە ناوی مردوان، ئاماری ساختە، دروستکردنی لیست بۆ هەندێ کاندید لە ژێرناوی دیکە و بەکارهێنانیان بەر لە دەنگدان و لە رۆژی دەنگداندا، بەرتیل پێدان و کرینی پارتی بچوک. نایەکسانی لە بڕینەوەی بودجە بۆ پارت و کاندیدە بەشدارەکان، نایەکسانی و نابەرابەری لە پروپاگەندەکردن بەجۆرێک دەسەڵاتدار زۆرترین و بەرفراوانترین بواری پێدەدرێت، بەکارهێنانی دەزگاو دامەزراوە حکومیەکان بۆ پارتی دەسەڵاتدار، رێگەگرتن لە پارت و کاندید لە چوونی بۆ شوێنی تایبەت بۆ پروپاگەندەکردن هتد. چاودێران یا کۆمیسیۆنی هەلبژاردن ناتوانن زۆربەی ئەو پێشێلکاریانە ببینن یا بە بەڵگەوە هەروا ئاسان ئاشکرایان بکەن.

دووەم: پێشێلکاریەکانی رۆژی دەنگدان. هەموو ئەو پێشێلکاریانەی لە رۆژی دەنگداندا و لەکاتی دەنگداندا ئەنجام دەدرێن. نمونەکان: دەورگرتنی بنکەی دەنگدان بە هێزی چەکداری لەژێرناوی پاراستنی ئاسایش بەمجۆرە ترساندنی دەنگدەری سەربە لایەنی رکابەر، ریکلامکردنی کاندید و لایەنێک لە رۆژی دەنگداندا و لە نزیک یا لە شوێنی دەنگداندا، بەجۆرێک لە جۆرەکان هەرەشەکردن لە دەنگدەر بۆ ناچارکردنی لە دەنگدان بەلایەنێکی تایبەت، پرکردنەوەی فۆرمی دەنگدان لەلایەن لایەنی دەسەڵاتدارەوە، دووبارە و سێبارە دەنگدان، دەستبەسەرداگرتنی شوێنی دەنگدان و دەستکاری لە فۆرمی دەنگدان، یا زیادکردن و کەمکردنی جۆری دەنگەکان، ئاراستەکردنی خەڵک بۆ دەنگدان بە لیستیكی تایبەت، رێگەگرتن و بوارنەدان بە دەنگدەر لە دەنگداندا، دروستکردنی کێشەی تەکنیکی لە رۆژی دەنگداندا. چاودێرانی هەلبژاردن لەئەگەری روودانێ ئەو جۆرە پێشێلکاریانەدا دەتوانن زۆر لەو پیشێلکاریانەی کە راستەوخۆ و داراماتیکیانە روودەدەن ببینن، بەڵام ئەو پێشێلکاریانە نابینن کە ناراستەوخۆ ئاراستە دەکرێن.

بەشێوە کلاسیکیەکە چاودێران لە شوێنی دەنگدان و نزیکی شوێنی دەنگدان دەوەستن و چاودێری بارودۆخەکە دەکەن، ئەگەر کێشە رووبدات و ببینن ئەستەنگ لەبەردەم دەنگدەران دروست دەکرێت، ئاماژە بە پێشێلکاری دەکریت. بەپێچەوانەوە کاتێ دەبینن دەنگدەر بێکێشە دێت و دەنگی خۆی دەدات، کاتێ هیچ بارێکی نائاسایی لە شوێنی دەنگداندا نابینن، پێیانوایە دەنگدانەکە زۆر بە ئاسایی و بێ کێشە بەڕێوەچووە. بەڵام ئەو گوتنە کێشەی زۆرە چونکە بەئەگەری زۆر هیچ لەسەر هۆکارەکانی جۆری دەنگدانەکە ئاگادار نییە. بۆنمونە لە هەلبژاردنی ولاتی زیمبابۆ لە ئۆگۆستی ئەمساڵدا دا کە رۆبەرت مۆگابای دیکتاتۆر فەرمانرەوایی دەکات، خەڵک بە ئارامی و بێكیشە لە زۆر شوێنی دەنگداندا توانیان دەنگی خۆیان بدەن. سەبارەت بەو شوێنانە گوترا دەنگدانەکە ئاسایی و بێکێشە بووە، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی لایەنی ئۆپۆزیسیۆن رەخنەی گرت و ئاماژەی بە ساختەکاری لایەنی دەسەڵاتدار کرد، بەلام لای چاودێرانی وڵاتانی ئەفریکا هەلبژاردنەکە لەگەڵ کەموکوریەکانی کە هاتنەپێش بە پەسند داندرا. لەو هەلبژاردنەدا راگەیەندرا کە مۆگابە ٦١% دەنگەکانی بردەوە و بۆ جاری حەوتەم بووەوە سەرۆکی وڵات. دەسەڵات بە سەرکەوتوویی پرۆسەکەیدا هەڵگوت و ئاهەنگی بردنەوەی گیرا. بەڵام ئایا ئەگەر خەڵکی زیمبابۆ ئازاد بان و ژیان و گوزەرانیان بە پارت و بنەماڵەی دەسەڵاتدار وابەستە نەبا یا بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر گوشاردا نەبان، دەنگیان دەدایە رۆبەرت مۆگابە کە لە هەشتاکانەوە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە؟

سەبارەت بە باشوری کوردستان لە رۆژی هەلبژاردن لە ٢١ مانگی سەپتەمبەردا لە زۆر لە شوێنەکانی دەنگدان رووداوی دراماتیکی و تووندووتیژی روویان نەدا، هاوڵاتیان بێئەوەی كێشەیان بۆ دروست بکرێت هاتن و دەنگی خۆیان دا. چاودێران سەبارەت بەو شوێنانە دەڵێن هەلبژاردن ئازادانە و بێکێشە بووە. بەڵام ئەو گوتنە هیچ سەبارەت بە هۆکارەکانی جۆری دەنگدانەکە ناڵێت و هیچ زانیاریەک نادات بەدەستەوە. سەبارەت بە تەواوی پرۆسەی هەلبژاردنەکە ئاماژە بە سەرکەوتنی پرۆسەکە دەکرێت و دەگوترێت پێشێلکاری هەبووە بەڵام پرۆسەکە سەرکەوتوو بووە. هەندێ زیاتر دەڕۆن و دەڵێن کوردستان وەکو وڵاتە دیموکراتیە پیشکەوتووەکان هەلبژاردنی سەرکەوتووانە ئەنجامدا. بەلام ئەوەی لە شوێنەکانی دەنگدانەکەدا بیندرا و روویاندا وێنەیەک لەسەر هۆکارەکانی پشتی جۆری دەنگداندانەکە نادەنە دەست، بۆیە ئەو گوتنە ناتەواوە و کێشەی بێلایەنی و تێگەیشتنی هەیە. ئەو گوتنە تەنها دەتوانێ ئاماژە بەرووداوەکە لە رۆژی دەنگدانەکە بکات و ئاگاداری لایەنە بیندراوەکان بێت، بۆیە دەبێ لە گوتنەکەدا ئاماژە بەبێئاگایی خۆی لە هۆکارەکانی پشتی جۆری دەنگدانەکە رابگەیەنێت و ئەوە بەروونی دەرببرێت، ئەگەرنا ئەو گوتنە ناتەواوە. بۆنمونە کەسێک لەلایەن پارتی دەسەڵاتدارەوە موچەی بۆ بڕاوەتەوە یا بەجۆرێک لە جۆرەکان لەژێر ‌هەڕەشەدایە، ئازادانە دێت و دەنگ بە پارتی دەسەلاتدار دەدات، چاودێران تەنها دەتوانن ئەوە ببینن و بگێڕنەوە کە لەبەر چاویاندا روودەدات، ئەوان نازانن ئەو کەسە بۆ بەو جۆرە دەنگی دا کە دای. لە شوێنێکدا دەسەڵاتدار لەرێگەی دامەزراوە نائاسایی و نادیموکراسیەکان کۆمەڵگە بخاتەژێر چنگی خۆی و مەرجئامێزانە بەشێکی زۆری خەڵک وابەستەی خۆی بکات  (بۆنمونە ناوچەکانی ژێردەستی پارتی)، خەڵک لە زۆربەی بارەکاندا جگە لە هێشتنەوەی باری ستاتوس کۆ (هیشتنەوەی بار وەکو خۆی) رێگەیەکی دیکەی لەبەردەمدا نییە، چونکە نایانەوێ رووبەڕووی کێشە ببنەوە.

شاخەوان شۆرش

٢٢ی سێپتێمبەری ٢٠١٣