باشوری کوردستان: سه‌رۆکایه‌تی یا په‌رله‌مانتاری

ئه‌م وتاره‌ له‌  10 مای 2005 دا بلاوکرایه‌وه‌، له‌به‌ر گونجاوی بابه‌ته‌که‌ جارێکیتر بلاوده‌کرێته‌وه‌.

زۆر گرنگە هەنگاوی ئێستا بە مەبەستی گۆڕان بەرەو کراوەیی و دیموکراسی بێت. بۆنمونە گرنگە پەرلەمان دەسەڵاتی سەرەکی بدرێتێ و ئەو لەسەرووی پارت و سەرکردەکانەوە بێت. دەستەی بەڕێوەبردن ملکەچی پەرلەمان بێت و لەژێر کەنترۆلی پەرلەماندا بێت. ماوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و دیموکراسیانە ئەنجام بدرێت. لەئەگەری بوونی سەرۆک، پێویستە ماوەی مانەوەی بەیاسا دیار بکرێت و مافی خۆپاڵاوتنەوەشی سنوردار بکرێت و لەقۆناغی ئەمڕۆدا کەم بێت باشترە. چونکە کۆمەڵگەی باشور دەمێکە تووشی چەقین بووە و پێویستی زۆری بەگۆڕان و دەربازبوون هەیە، پێویستە ئەو سەرکردە کۆنانەش بەڕێگای دیموکراسیانە بگۆڕردرێن و خەڵکی نوێ شوێنیان بگرنەوە.

لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم کەمێ لەسەر کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی و بارودۆخی باشور بدوێم. هەروەها بەکورتی گوزارشتی سیستەمی پەرلەمانتاری و سەرۆکایەتی وەکو دوو سیستەمی جیاواز بکەم و لایەنی لاواز و بەهێزی ئەو دوو جۆرە سیستەمە بەکورتی بخەمەڕوو. پاشان بەکورتی هەروەستەیەک بەرامبەر بە باروودۆخی تایبەتی باشور، هەروەها پێویستبوونی گۆران بەرەو کراوەیی و دیموکراتیزەکردن دەکەم.

سێ مانگ زیاتر بەسەر هەڵبژاردنی کوردستاندا تێپەڕیوە، هێشتا پەرلەمانی نوێ هەڵبژاردراوی کوردستان نەیتوانیوە کۆبوونەوەی یەکەمی خۆی بکات. ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوو پارتی دەسەڵاتداری باشور ناتەبان لەسەر چۆنیەتی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان (وەکو خۆیان دەیڵێن).

لەهەر شوێنێکدا دیموکراسیەت هەبێت دوای هەڵبژاردن، ئەندامانی هەڵبژێردراوی خەڵک لە پەرلەمانی نوێدا کۆدەبنەوە و سەرۆکی پەرلەمان (ئەوجا ئەوەی پێشوو یا لەنوێ دیاریکراو) سەرپەرشتی کۆبوونەوەکە دەکات. ئەو پارتەی یا پارتانەی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمانیان لەپشتدا بێت یا توانیان زۆرینە پێک بهێنن، مافێ پێکهێنانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی نوێیان پێدەدرێت. ئەگەر نەیانتوانی بیکەن، دەبێ بیر لە زۆرینەیەکی دیکە و هاوپەیمانیەتی دیکەی نێوان پارتەکانی پەرلەماندا بکەنەوە بۆ دروستکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن. ئەو پرۆسەیە لە هەموو وڵاتێکی دیموکراسیدا بەشێوەیەک لە شێوەکان بەوشێوەیە بەڕێوەدەچێت و کێشە بشبێ بەڕاشکاوی و کراوەیی هەر لەپەرلەمان چارەسەر دەکرێت.

بەڵام ئەگەر لەبەر ناتەبایی دوو پارتی دەسەڵاتدار لەسەر بابەتێک پەرلەمان نەتوانێ کۆبێتەوە، ئەوا واتای ئەوەیە ئەو پەرلەمانە هەڵبژێردراوە قورساییەکەی لە قورسایی ئەو پارتانە کەمترە و ئەندامەکانیشی وەکو نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵک هەڵسوکەوت ناکەن، بەڵکو وەکو نوێنەری پارتەکەیان وابەستەی بڕیاری پارتەکەیانن. بەو واتایە ئەوان بەرژەوەندی پارتەکەیان لەسەرووی هەر شتێکی دیکەوە دادەنێن. کەواتە ئەوان چۆن ئێستا لەبەر ناتەبایی پارتەکانیان ئامادەنین کۆببنەوە، دەکرێ ئەوهاش لە داهاتوودا وابەستەی بڕیاری پارتەکانیان بن و هیچ بیریش لەوە نەکەنەوە ئەو خەڵکە بۆ دەنگیان بۆیان دا یا بۆ نوێنەری گەلن.

بەداخەوە ئەوەی لەباشور دەبینرێت پێچەوانەی پرۆسەی ئاسایی و دیموکراسیانەی دروستکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنە و بە ڕاشکاوی دیارە پارتی ڕامیاری لەسەرووی هەموو دەزگا و یاساکانەوەیە.

یەکێتی و پارتی بەر لە هەڵبژاردن لەنێوان خۆیاندا و لە ژوورەداخراوەکاندا ڕێکەوتنێکیان بەئەنجام گەیاند. شوێنەکانی پەرلەمانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکرد و ڕێکەوتنیان لەسەر پۆستەکانی کوردستان و ئێراقدا کرد. هەریەکەی 41 شوێنی پەرلەمانیان گڕدا و بڕیاریاندا پۆستی سەرۆکی ئێراق بۆ جەلال تاڵەبانی بێت و پۆستی سەرۆکی کوردستانیش بۆ مەسعود بارزانی بێت. هەروەها پۆستی سەرۆک وەزیرانی کوردستان بۆ پارتی بێت و سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی بێت. ئەوە بەرلەوەی هەڵبژاردن کرابێت، بەداخەوە ئەوە درێژەدان بە شێوە بیرکردنەوەی داسەپێنەرانەی پێشوویان بوو و بنکۆری هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراتیزەکردن بوو لەڕاستیدا.

یەکێتی و پارتی هەموو کۆبوونەوەکانی ڕێکەوتنەکەی بەر لەهەڵبژاردنیان لە ژوورە داخراوەکاندا کرد و خەڵکیان لەناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکەیان و لە خاڵی تەبا و ناتەبای خۆیان ئاگادار نەکردەوە، خۆیان چۆنیان لەبەرژەوەنددا بوو واڕێکەوتن. کە ڕێکەوتنەکەش کرا کەس تێکستی ڕێکەوتنەکەی نەبینی و تەنها سەردێڕەکانی ڕێکەوتنەکە بە گشت ڕاگەیاندرا، کە وەکو ئاماژەمان بۆیکرد دابەشکردنی پۆستە سەرەکیەکان بوو. ئێستا ناتەبایی لەسەر چۆنیەتی پۆستی سەرۆکایەتی کەوتۆتە نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار و هەریەکەیان لەئاشێک لێدەکەن. بەکورتی ئەوە واتای ئەوەیە ئەوان لەڕێکەوتنەکەیاندا باسیان لە وردەکاریەکان نەکردووە، کۆنکریتیانە و وردانە لەسەر بابەتی بەتایبەتی پۆستی سەرۆکی هەرێم هیچ ڕێکەوتنێکیان نەکرووە. ئەو ڕێکەوتنە جگەلەوەی کارێکی نادیموکراسیانە بوو، وەکو دەرکەوت ئەوان لە ڕێکەوتنەکەیان سەرکەوتوو نەبوون. لە دیتنی ئێستاوە دەکرێ بلێین ئەوان وەکو زۆر جاری دیکە ڕێکەوتنێکی خێڵەکیانەیان لەنێوان خۆیاندا کردووە و هەندێ خاڵ و لایەن هەر لەبنی هەستی پێنەکراوە.

ئەوەی ئێستا بۆمان ئاشکرایە و دەبینرێت لەلایەن پارتیەوە هەوڵ دەدرێت پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەدەسەڵات و گرنگ بکرێت هەروەها گەورە پیشان بدرێت، هەرچی لایەنی یەکێتییە هەوڵ دەدات سەرۆکی هەرێمی کوردستان بێدەسەڵات بێت. گومانم لەوەدا نییە ئەگەر پۆستەکە بۆ یەکێتی تەرخان کرابایە وێنەکە بەپێچەوانەی ئێستا دەبوو، واتە ئەوسا یەکێتی دەیویست گەورەی بکات و پارتیش لێی کەمدەکردەوە. سەیر دەکەین تێڕوانینی ئەوان بۆ پۆستەکە ڕەنگ لە تێڕوانین و بەرژەوەندی خۆپەرستانەی سەرکردە و پارتەکانی خۆیان دەداتەوە. واتە ئەوان لەڕوانگەیەکی نیشتیمانیانەی ناسیونالیستانەوە سەیری پۆستەکە ناکەن. ئەوان لەڕوانگەیەکی مۆدێرن و دیموکراسیانەوە سەیری پۆستەکە ناکەن. ئەوان ئەوها سەیری پۆستەکە ناکەن کە بۆچی بۆ باشووری کوردستان ئەو پۆستە هەبێ باشە؟ بەرژەوەندی گەلی کوردستان لە کوێی سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی یا ئەو پۆستەدا خۆی دەدۆزێتەوە؟  بوونی ئەو پۆستە و بەهێزی و بێهێزی ئەو پۆستە چەند سوودی بۆ دیموکراسی و ئازادی هەیە؟ یا زیانی بۆ دیموکراسی و ئازادی چییە؟

لایەنی پارتی هەوڵ دەدات پۆستەکە بەهێز بێت و سەرۆکی کوردستان وەکو “مەرجەع” سەیری بکرێت. سەبارەت بە چەمکی مەرجەع، پێموایە کورد پێویستە لەوە بگات کە دەبێ خۆی لە نەتەوەی داگیرکەر و کەلتورەکەی جودا بکاتەوە، ئەوە ئەگەر چاوی لە دروستکردنی کەسایەتیەکی سەربەخۆی ئازادە. مەرجەعیەت چەمکێکە بە کەلتوری ئیسلامی و بەتایبەتی شیعەکانەوە بەندە، چەمکەکە جگەلەوەی ئیسلامی و ئایینیە، بەڵکو دیاردەیەکە کەلتوری دواکەوتووی خێڵەکیزم لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی. ئێستا لەسەدەی بیستویەکدا و لەکاتێکدا بانگاشەی دیموکراتیزەکردن لەکوردستاندا دەکرێت، لەکاتێکدا بانگاشەی ڕزگاری کوردستان دەکرێت، چۆن گونجاوە هەوڵی دروستکردنی مەرجەع لەکوردستان بدرێت. پێوستە کورد بەهەموو شێوەیەک خۆی لە دیاردەی ئیسلامی و خێڵەکیانە و کۆنەپەرستانە بەدوور بگرێت، ئەوە ئەگەر چاوی لە دیموکراتیزەکردن و پێشکەوتنە. لە ستاتە ئازاد و دیموکراسیەکانی جیهاندا، تەنها پەرلەمان و گەل خاوەنی دوابڕیارن. پێویستە کوردیش هەوڵی گەیشتن بە پەرلەمانێکی خاوەن دەسەڵات بدات و بڕیارە چارەنوسسازەکانیش بداتە دەست گەل، نەک بیر لەمەرجەع و سیستەمی خێڵەکیانە و ئیسلامیانە بکاتەوە و بۆ پاشەوە بگەڕێتەوە.

خاڵێکی دیکە کە شایانی تێبینی کردنە و پەیوەندی بە کەسی دیاریکراوی پۆستی سەرۆکایەتیەوە هەیە، لە چاوپێکەوتنێکدا مەسعود بارزانی  گوتی: “من هیچ پۆستێک بە تەعینکردن وەرناگرم”، واتە دەبێ هەڵبژاردن بکرێت و ئەو بە هەڵبژاردن دەربچێت. ئەوە یەکێکە لەو خاڵانەی کە لە ڕێکەوتنەکەی نێوانیاندا ئاماژەی وردی بۆ نەکراوە. دیارە ئەوان یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو پۆستە ڕێکەوتنیان کردووە و هەڵبژاردن بکرێ یا نەکرێ هەر بارزانییە سەرۆکی داهاتووی هەرێم، ئەوە ئەگەر هەردوولا وابەستەی ڕێکەوتنەکەیان بن. ئەوجا پێویست بەوە ناکات ئەو هەموو سەرئێشەیە بۆ خەڵک دروست بکەن و بۆ دەنگدان ماندوویان بکەن. ئەگەر هەڵبژاردن بشکرێ پرۆسەکە نابێتە دیموکراسی و بەشداری خەڵک لە دەنگدان تەنها شانۆگەریە و هیچ لە ئەنجام ناگۆڕێت.

دیارە سیستەمی سەرۆکایەتی لە سیستەمی پەرلەمانتاری جیایە و دوو پرۆسەی لەیەکتر جیاوازی دامەزراندنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنن. ئەگەر ئەوان لەلایەن خۆیانەوە سیستەمی سەرۆکایەتیان پێ باش بوو، دەبوایە بیریش لەوە بکەنەوە کە دەبوایە هەڵبژاردنی سەرۆک بەجیا و لەکاتی هەڵبژاردنی پەرلەماندا بێت و ڕێکەوتنیش لەسەر پۆست بەڕێگای نادیموکراسیانە نەدەبوایە بکرێت.

شایانی باسکردنە هەردوولا پێیانوایە کەوا سەرۆکەکانیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کوردستان باشترین و شیاوترین کەسێکن. ئەگەر یەکێتی پەسندی سەرۆکایەتی بارزانی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە، ئاشکرایە لەبەرئەوە نییە کە ئەویان پێ لە تاڵەبانی شیاوترە، بەڵکو ئەوە ئەنجامی ڕێکەوتنەکەی نێوان خۆیانە. دیارە ئەوان لە پێداهەڵگوتنی سەرۆکەکانیان ماندونابن و هەروەکو لە چەندین بۆنەدا ئەوەیان کردووە و دووبارە و سەدبارەی دەکەنەوە. بەڵام پێویستە هەردولایان لەو ڕاستیە بگەن، کەوا هیچ یەکێک لەوان ناتوانن ببنە سەرۆکی خاوەن متمانەی زۆرینەی ڕەهای گەل، چونکە ئەوان بەشی پێویست ناحەز و دژیان بۆ خۆیان دروست کردووە و ڕابردوویان لەمبارەیەوە هێندە یارمەتیدەر نییە. ڕێکەوتنی دووقۆڵیان لەسەر پۆستی سەرۆکایەتی نابێتەهۆی ڕەشکردنەوەی ڕابردوویان و بەدەستهێنانی متمانەی گەل. لەلایەکیتر ئەو سەردەمەش نەما کەسێ بتوانێ ببێتە سەرۆکی هەمیشەیی و پیرۆزی گەل، ئەوە لە سیستەمی دیموکراسیانەدا جێگای نابێتەوە و سەرۆک هەرچەندی بەتوانا و پیرۆز بێت، دەبێ لەکاتی بەسەرچوونی ماوەی ئەرکەکەیدا بگۆڕدرێت و لابچێت. ئەگەر یەکێتی یان پارتی تاکە پارتی سەرەکی گۆڕەپان بانایە و زۆرینەی خەڵکیان لەگەڵ بایە، ئەوا سەرۆکی پارتەکەیان ئەو بوارەی بۆ دەڕەخسا بەمیتۆدی نادیموکراسیانە خۆی بەسەر گەلدا بسەپێنێ و چەندین دەیە لەسەرکار بمێنێتەوە، وەکو ئەوەی ڕۆبەرت مۆگابەی زیمبابۆ، ئەسەدی سوریا یا کاسترۆی کوبا یا هیدیکە کردیان و دەیکەن. ئەو جۆرە خۆداسەپاندنە کارێکە تەنها خەڵکی نادیموکراسی، خۆبەزلزان و دیکتاتۆر پیادەی دەکەن و ئەنجامەکەشی زیان گەیاندنە بە گەل و بەرژەوەندیەکانی. بەڵام وەکو دەزانین لە باشوری کوردستاندا هیچ پارتێک زۆرینەی ڕەهای خەڵکی لەگەڵدا نییە. هەرچۆنی بێت و ڕادەی پشتگیری ئەوان هەرچیەک بێت، پێویستە ئەوان واز لە مەنتالی مۆنۆپۆلکردن بێنن و لەپێناوی بەرژەوەندی گەل پەسندی بێ یەکودووی دیموکراسی و پرۆسەی دیموکراتیزەکردن بکەن.

ئەگەر بەشێوەیەکی “ئایدالانە” سەیری پۆستی سەرۆکایەتی بکەین و ئەگەر ئەو پۆستە بۆ کوردستان بە پێویست پەسند بکەین، ئەوا ئەو سەرۆکە یا ئەو کەسەی بۆ ئەو پۆستە خۆی دیاردەکات، پێویستە یەکەم: ئەو کەسە ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ بەشداری لە کورد کوشتن و براکوژی نەکردبێ. دووەم: ئەو کەسە هاوکاری داگیرکەرانی کوردستانی بە هیچ شێوەیەک نەکردبێ و پێشی داگیرکەر نەکەوتبێ. سێیەم: ئەو کەسە دژی بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان بەجۆرێ لە جۆرەکان نەجوڵابێتەوە. چوارەم: ئەو کەسە سامانی نەتەوەی بەخراپ بۆ بەرژەوەندی خۆی یا پارتەکەی بەکارنەهێنابێت. پێنجەم: سەڵمێندرابێت ئەو کەسە بەرژەوەندی نەتەوە و گشتی لاگرنگە نەک پارت و دەوروبەرەکەی. شەشەم: ئەو کەسە بەهیچ شێوەیەک بەشداری ساختەکاری و گەندەڵی نەبووبێت. هتد. ڕاستە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا دۆزینەوەی کەسێک لەناو سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی، کە بتوانێ ئەو مەرجانە پڕکاتەوە زۆر سەختە، بەڵام ئەوەیە ئەو کەسەی کە شایانی پۆستی سەرۆکی کوردستان یا سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کوردستان بێت. ئەوەی لێرەدا گوتراوە و خوازراوە زیاتر نییە لەوەی گەلانی هوشیار و  پێشکەوتووی جیهان بەرامبەر بە بەرژەوەندی ناسیونالیستانەیان پیادەی دەکەن. هەوڵدان بۆ پرکردنەوەی ئەو مەرجانە واتای بەرزڕاگرتنی بەرژەوەندی گەلە.

ئەگەر هاتوو هەر کەسێکیش کرایە سەرۆک، ئەوجا ئەگەر ئەو سەرۆکە بەدەسەڵات بێ یا نا، ئەوا ئەو پۆستە هەتاهەتایی نییە و خۆپاڵاوتنی سەرۆک سنوردارە و دەبێ سنوردار بێت، ئەوجا یەکجارە یا دووسێ جارە ئەوە پەیوەندی بە شوێنە و بارودۆخی ئەو شوێنەوە هەیە. گرنگ ئەوەیە ئەو سەرۆکە دەبێ ئەوە بزانێت کە ڕۆژێک دێت ئەو سەرۆک نییە و ناشتوانێ چیدیکە خۆی بپاڵێوێ. واتە خەڵک هەمووی ئەوەیان لا ڕوون دەبێت کەی ئەو سەرۆکە نامینێ و یەکێکی دیکە دێتە شوێنی ئەو. لە دیموکراسیدا ئەوهایە و کەس بۆی نییە بەسەر گەلەوە ببێتە سەرۆکی هەمیشەیی. بوونی ئەو سیستەمە وادەکات ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک وانەزانێ لەسەرووی یاسا و گەلەوەیە، نەکا پێیوابێت کەس لەو ڕەواتر و شیاوتر نییە، هەروەها ئەو سەرۆکە تێدەگات کە ماوەی سەرۆکایەتی سنوردارە و ڕۆژێک دێ دەبێ چۆڵی بکات.

سەبارەت بە باشوری کوردستان پێویستە درێژخایەنانە بیر لەیاسا و سیستەمی سەرۆکایەتی بکرێتەوە و تەنها بیر لە گرنگی سەرۆکبوونی بارزانی یا تاڵەبانی نەکرێتەوە. چونکە دوای ئەوان کەسی دیکە دێن و دەبنە سەرۆک، پێویستە یاسای سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتیش لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نەتەوە و گشتدا بێت. سنوری دەسەڵاتی سەرۆک بە ڕوونی دیار بکرێت، سنوری ماوەی سەرۆکایەتی بە ڕوونی دیار بکرێت. پێموایە بەهۆی ئەوەی باشوری کوردستان لەو بارەی ئەمڕۆیدا کۆمەڵگەیەکی پارچەبووە، ژمارەی مافی خۆپاڵاوتن چەندی کەم بێ باشترە. مانەوەی درێژخایەنی هیچ سەرۆکێک بۆ ڕاگرتنی ئاسایشی باشور یارمەتیدەر نییە و ڕێگاش لە گۆڕانکاری، پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن و نوێکاری دەگرێت.

سیستەمی سەرۆکایەتی یا پەرلەمانتاری

سەبارەت بە نەبوونی سەرۆک یا ڕەخنە لە سیستەمی سەرۆکایەتی، ئەوەندەی من ئاگاداربم و تێبینیم کردبێت، تائێستا هەردوولا ئەوەیان بۆ خەڵک ڕوون نەکردەوە، نەهاتن خەڵکێکی شارەزا بێنن و دەمەتەقێ لەسەر لایەنە نەگەتیڤەکانی بوونی ئەو پۆستە لەلایەنی بەڕێوەبردنەوە یا دیموکراسی و ئازادیەوە بکەن، یا لەڕوانگەیەکی کوردستانیانە و لەو بارەی ئەمڕۆی باشوری کوردستانەوە ڕەخنەگرانە سەیری بکەن و تێی بڕوانن. دیارە ڕاگەیاندنی پارتی یەکلایەنە و لایەنگرانە هەوڵیداوە گرنگی ئەو پۆستەی سەرۆکی هەرێم بخاتەڕوو، بەڵام ئەوان هەرگیز نەهاتن بەچاوی ڕەخنە دەمەتەقێ لەسەر ئەو پۆستە بکەن. ئاخر خۆ لەخۆڕا نییە، هەندێ ستات سیستەمی پەرلەمانتاریان پێ لەسیستەمی سەرۆکایەتی چاکترە. بەڵام تا ئێستا بەکەسیان نەگوت ئەو سیستەمە کە ئەوان لێی دەدوێن چیە، ئەگەر سیستەمی پەرلەمانتاری یان جۆرە سیستەمێکی دیکەیان پێ باش نییە  هۆکەی چییە.

ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی سەیری سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵاتانی دیموکراسی جیهان بکەین، ئەوا سەیردەکەین بەشێوەیەکی سەرەکی بەسەر دوو جۆری سیستەمدا دابەش دەبن ئەوانیش، سیستەمی پەرلەمانتاری و سیستەمی سەرۆکایەتین. دیارە سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتیش هەیە.

سیستەمی پەرلەمانتاری یا پەرلەمانتاریزم، جۆرە سیستەمێکی ڕامیاری دیموکراسیە بنچینەدەگرێ لەسەر کەنترۆلی پەرلەمان لەسەر ئەوەی کێ میری دادەمەزرێنێت. ناوکی پەرلەمانتاریزم ئەوەیە میری (دەسەڵاتی بەڕێوەبردن) ناتوانێ لەسەر کار بمێنێتەوە ئەگەر زۆرینەی پەرلەمان دژی بن. ئەگەر میری پشتگیری زۆرینەی لەپەرلەماندا لەپشتدا بوو ئەوا بوونی “پەرلەمانتاریزمی پۆزەتیڤ” خۆی دەخاتەڕوو. ئەگەر میری زۆرینەی لەپشتدا نەبوو، بەڵام زۆرینە دژی مانەوەی نەبوون، ئەوە بوونی “پەرلەمانتاریزمی نەگەتیڤ” خۆی دەخاتە ڕوو. پەرلەمانتالریزم دەرهاویشتەی بیرۆکەی سەروەری گەل و نوێنەرایەتی گەلە. بەشێوەیەک پەرلەمان جگەلەوەی دەسەڵاتی یاسادانانە، دەسەڵاتی زۆری بەرامبەر بە دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بەدەستە و وەکو چاودێر و کەنتڕۆل بەرامبەر بە میری بوونی هەیە. پەرلەمان دەتوانێ لێپرسینەوە لەگەڵ مینیستەرەکان یا سەرۆکی مینیستەر بکات و دژی مانەوەیان بوەستێت .

دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە دێتەدی و بەجودا هەڵنابژێردرێت. لەپەرلەمانتاریزمدا دامەزراوەکانی یاسادانان و بەڕێوەبردن بەیەکەوە پەیوەستدارن و زۆر ڕک لەیەکتر جودا نەکراونەتەوە. کەسەکانی بەڕێوەبردن یا مینیستەرەکان ئاسایی ئەندامانی هەڵبژێردراوی پەرلەمانن و سەر بە پارتی خاوەن زۆرینەن ( بەڵام دەکرێ خەڵکی دەرەوەی پەرلەمان بەشداری میری بکەن). دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بەرامبەر پەرلەمان بەرپرسیارە و گەر متمانەی پەرلەمان لەدەست بدات دەبێ لابچێت. سەرۆکی میری توانای هەیە پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی نوێ ڕابگەیەنێ، ئەوەش ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار پێشبینی دووبارە هەڵبژاردنەوەی بکات یا بیەوێ پشتگیری خۆی لە پەرلەمان بەهێزبکات یا دەکرێ لەبەر هۆکاری تایبەتی دیکە ئەوە ڕوو بدات .

لەسیستەمی بەڕێوەبردنی پەرلەمانتاریدا سەرۆکی میری (سەرۆکی وەزیران)، دەسەڵاتی زۆری بەدەستە و سەرپەرشتی ستات کاریگەرانە دەکات. میریی بەرپرسیار و خاوەن متمانە، لەزۆربەی بارەکاندا دەتوانێ پشتگیری بۆ بڕیار و پێشنیارەکانی خۆی بەدەست بێنێت.

ڕەخنە لەو سیستەمە گەلێجار لەوەوە دێت کەوا دەسەڵاتی بەڕێوەبردن بەسەر پەرلەماندا زاڵن و چیان بوێ وادەکەن، ئەوە لەکاتێکدا کە میری پشتگیری دیاری پەرلەمانی لەپشت بێت، بەو شێوەیە میری خۆی وەکو دەسەڵاتێکی هەڵبژێردراوی دیکتاتۆریانە دەخاتە ڕوو. دیارە لەکۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا کەمجار وایە باری وا بێتە ئاراوە. کێشەیەکی دیکەی پەرلەمەنتاریزم ئەوەیە کە دەکرێ ئەو سیستەمە ببێتەهۆی لاوازی و کەم توانایی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لەکاتێکدا میری نەتوانی پشتگیری زۆرینەی سەقامگیر بەدەست بێنێت و وابەستەی چەند دەنگێکی سەر بە پارتی دیکەی بەرژەوەند جودا بێت. نمونەی ئەو سیستەمە و بەڕێوەبردنی کاریگەرانەی پۆزەتیڤ وەکو بریتانیا، سوید، دانیمارک هتد.

سیستەمی سەرۆکایەتی سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤی پەرلەمانتاریزمە، لەو سیستەمەدا لەیەکترجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەڕکی و ڕاشکاوی لەگۆڕێدایە. بەو جۆرە دەسەڵاتی یاسادانان و بەڕێوەبردن لەیەکتر سەربەخۆن و بەجیا هەڵدەبژێردرێن.

لەو ستاتانەی پیادەی ئەو سیستەمە دەکەن، هەندێ خاڵی هاوبەش لە هەموویاندا بەدی دەکرێت لەوانە: یەکەم، بوونی سەرۆکی وڵات. دووەم، سەرۆک جێگای جێگیرە و بە بوونی پشتگیری زۆرینە و کەمینەی پەرلەمان لانادرێت، واتە سەرۆک پشتگیری زۆرینەی پەرلەمانی هەبێ یا نەبێ تا تەواوکردنی ماوەی خۆی لەسەر کار دەمێنێتەوە. سێیەم، دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان لەیەکتر جودان، سەرۆک و ئەندامانی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن ئەندامی پەرلەمان نین و لەپەرلەمان دانانیشن.

لایەنی بەهێزی ئەو سیستەمە بە بۆچوونی گەلێ لە شارەزایان و تاقیکردنەوەکان بۆنمونە ئەوانەن: یەکەم، سەرۆک ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت، بەمجۆرە بەپێی بۆچوونی هەندێ شارەزا بوونی ڕەوایەتیەکی بەهێزتری هەیە لەوەی لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە دیاربکرێت. دووەم: لەیەکترجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان بەشێوەیەکی ڕاشکاو. بەپێی هەندێ بۆچوون ئەوە وادەکات ڕێگا لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بگیرێت. سێیەم، بەپێی هەندێ بۆچوون پەسندکردنی پێشنیار و بڕیار لەئەگەری بوونی سەرۆکێکی بەدەسەڵاتدا کاریگەر و خێراترە. هەندێکیش دەڵێن بەپێچەوانەوە جوداکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بڕیاردان لەسەرخۆ دەکات، ئەوەش دیاردەیەکی باشە. چوارەم: بەهۆی ئەوەی سەرۆک شوێنی جێگیرە و بەهۆی پشتگیری کەمینەی پەرلەمان لاناچێت، ئەوە سوودی بۆ سەقامگیری وڵات هەیە.

ڕەخنەکانی کە ئاراستەی ئەو سیستەمە دەکرێن لەوانە، یەکەم، بەپێی بۆچوونی هەندێ پۆلیتۆلۆگ سیستەمی سەرۆکایەتی لەڕوانگەی بنچینەیاساییەوە (دەستوریەوە) سەقامگیر نییە و دەکرێ سەرۆکایەتی بەرەو ئاوتۆریتاری و دەسەڵاتی داسەپێنەرانە بچێت. دووەم: سیستەمی سەرۆکایەتی، دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادانان وەکو دوو سترەکتوری تەریبی لەیەکترجودا دادەمەزرێنێت. ئەوەش دەکرێ ببێتەهۆی گیرخواردن و چەقینی ناخوازیارانە، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی پێشنیار بکات و یاسادانان ڕەتیکاتەوە. ئەوە لەئەگەری نەبوونی پشتگیری زۆرینەی پەرلەمان بۆ سەرۆک. سێیەم: سەختی لابردنی سەرۆکی خراپ لەسەرکار پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواوبێت .

ناسراوترین سیستەمی کلاسیکیانەی سەرۆکایەتی، سیستەمی ئەمەریکایە و لەو سیستەمەدا دادگای باڵا، کۆنگرێس و سەرۆکایەتی دامەزراوی لەیەکتر جیاکراوە و سەربەخۆن. ئەو سێ دامەزراوە دەسەڵاتی یەکتر سنوردار دەکەن و کاریگەریان بەسەر یەکەوە هەیە. کۆنگرێس یاسا دادەنێ، سەرۆک دەتوانێ ڤیتۆی بکات، بەڵام کۆنگرێس دەتوانێ ڤیتۆکە تێپەڕێنێ ئەگەر توانێ دوولەسەر سێی زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمانی لەپشت بێت. سەرۆک دەتوانێ دەستنیشانی داوەر بۆ دادگای باڵا بکات و ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبردن دیارکات، بەڵام دەبێت لەلایەن سیناتەوە (پەرلەمانی سەروو) پەسندبکرێن. سینات و کۆنگرس بەیەکەوە دەتوانن سەرۆک لەسەرکار لابدەن.

بەپێی بۆچوونی پۆلیتۆلۆگ و شارەزای ئەمەریکایی (ئارێند لیپهارد)، سیستەمی پەرلەمانتاری بۆ کۆمەڵگەی فرەنەتەوە و کەلتوری کێشەئامێز لە سیستەمی سەرۆکایەتی باشترە. لە سیستەمی پەرلەمانتاریدا بڕیارەکان و جێبەجێکردنی بڕیارەکان هاوبەشییە و ئەوش بۆ دیاردەی دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان گروپە جوداکاندا بەکەلکترە لەوەی بڕیار لەلایەن یەک سەرۆکەوە و دامەزراوەکەی سەرۆک بدرێت. پەرلەمانتاریزم پێویستی بە هەڵبژاردنی سەرۆک نییە کە لەسروشتدا دیاردەی پرەنسیپی زۆرینەیە. ئەوەش بۆ ستاتێک کە لە چەند ناوچەی سەربەخۆ پێک هاتووە، باش نییە و دەسەڵاتی زۆرینە سنوردارکراوە. پرەنسیپی زۆرینە لەقازانجی کەمینەکاندا نییە و ئەنجامەکانی بەقازانجی ڕاشکاوی زۆرینە تەواو دەبێت. هەروەها ئەو پێیوایە کەسایەتی سەرۆک تارمایی دەخاتەسەر پارتەکان و ئەو پەیوەندیە پێویستەی کە لە نێوان پارت و دەنگدەراندا هەیە. هەروەها لیپهارد هەردوو کێشەی ناسراوی سیستەمی سەرۆکایەتی دووپاتدەکاتەوە کە ئەوانیش ململانێی نێوان دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادان، هەروەها جێگیری شوێنی سەرۆک (وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کردن). بەپێی لیپهارد زۆربەی شارەزایان کۆکن لە پشتگیری سیستەمی پەرلەمانتاری بۆ کۆمەڵگەی فرەنەتەوە و شەقبوو. هەروەها ئەو پێیوایە ئەگەر سەرۆک هەشبێ، پێویستە سەرۆکایەتی سیمبۆلی بێت یا هێندە دەسەڵاتی نەبێت و باشترە لەلایەن پەرلەمانەوە دیار بکرێت. هەروەها ئەو ئاماژە بەوە دەکات کەوا گۆڕان لە سیستەمی ئاوتۆریتاری و نادیموکراسی بۆ سیستەمی پەرلەمانتاری وەکو شەقاوێکی گەورە دێتەبەرچاو، بۆیەش لە زۆر شوێنی بە ترادیسیۆن سەرۆکایەتی، سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتی یا سەرۆکایەتی پیادە دەکرێت .

دیارە ئەوەی لیپهارد دەیڵێت بۆ کۆمەڵگەیەکە کە تیایدا ناوچەی ئۆتۆنۆمی یا فیدرالی جیاوازی تێدا هەیە. ئایا دەکرێ ئەوها سەیری باشوری کوردستان بکەین؟ ڕاستە کۆمەڵگەکە بە هۆی ململانێی دوو پارت پارچە بووە و دوو ناوچەی ئۆتۆنۆم و بەڕێوەبردنی جیاواز هەن، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئارەزووی بەهێزی خەڵکی باشور لەگەڵ یەکخستنەوە و یەکێتی خاکی باشورە. هەردوو بەڕێوەبەرایەتیەکەش ئەو ویستەیان دەربڕیووە و بەڕێگای تایبەتی خۆیان کاریان بۆی کردووە، بۆیە دەبێ بەوریایەوە سەیری ئەو بیر و بۆچوونانەی شارەزایان بکەین. هەروەها باشوری کوردستان وڵاتێکی سەربەخۆی فیدرال نییە، بەڵکو ناوچەیەکی فیدرالە لە چوارچێوەی ئێراقدا. دەکرێ لەناوچەی فیدرالیدا ناوچەی ئۆتۆنۆمی هەبن، وەکو ئەوەی لەهەندێ ناوچەی فیدرالی ڕوسیا ئەوە هەیە، بەڵام ئەوان لەسەر بنچینەی ئێتنی و ڕەگەزین و جیاوازن لەو بارودۆخەی باشور. هەروەکو (چێیم کاوفمان) شارەزای نوێڕیالیست ئاماژەی بۆ دەکات، وابەستەیی بۆ پارت یا ئایدۆلۆژیا بگۆڕە و دەکرێ کەس بە ئاسانی وابەستەیی خۆی لەپارتێکەوە یا ئایدۆلۆژیایەکەوە بۆ یەکی دیکە بگۆڕێت، بەڵام وابەستەیی ڕەگەزی و ئێتنی زۆر بەهێزە و گۆڕانی زۆر سەختە . ئەوەی باشوریش ئەگەری گۆڕانی زۆرە و گەر سەرکردەکان واز لە بەرژەوەندی تایبەتیان بێنن، خەڵک هیچ کێشەیان لە بەیەکەوە ژیاندا نییە. دیارە ئەوە واتای ئەوە نییە کەوا سیستەمی پەرلەمانتاری بۆ باشور دەست نادات، یا بوونی سەرۆک پێویستیەکی بێ ئەملاو ئەولایە، لەزۆر لە وڵاتە دیموکراسیە سەقامگیرەکان سیستەمی پەرلەمانتاری پەیڕەو دەکرێت و هیچ پێویستیشیان بە بوونی سەرۆک نییە. بەکورتی ئەوەی لیپهارد دەیڵێت دەکرێ لەو بارودۆخە هەنوکەییەی باشور سوودی لێوەربگیرێت.

باشوری کوردستان و سیستەمی بەڕێوەبردن

کێشە و مشتومڕی پارتی و یەکێتی لەسەر چۆنیەتی دەسەڵات و شوێنی سەرۆکە، بەو واتایە هەر پارتە وابیردەکاتەوە، “کێ دەبێتە سەرۆک و ئەگەر سەرۆک لە ئێمە نییە، دەبێ لاواز بێت”. بنچینەی ڕێککەوتنەکەی ئەوان لەسەر ئەوەبووە تاچەند هەریەکەیان دەتوانێ باشترین و بەهێزترین پۆست و دەسەڵات بۆخۆی بباتەوە. ئەگەر لایەنێک پۆستێکی گرنگی بەرنەکەوت، ناشیەوێ ئەو پۆستە بەهێز بێت، ئەوە ئەگەر دەستی بەسەردا بشکێت. کێشەکەی ئەوان لەسەر ئەوە نییە کە ئایا دەبوایە سیستەمی پەرلەمانتاری یا سەرۆکایەتی بۆ کورستان پەسند بکرێت یا نا. چونکە ئەگەر کێشەکە ناتەبایی لەسەر ئەو دووجۆری سیستەمە بوایە، ئەوا دەبوو هەر لەسەرەتاوە دوو دیدی جودا سەبارەت بە دوو جۆری جودای بەڕێوەبردن بخەنەڕوو، لەئەنجامدا دەبوو لەسەر یەکیان ڕێککەون یا جۆرە ڕێکەوتنێکی مامناوەندی بکەن.

هەردوو پارتی دەسەڵاتدار و کەسانی سەرکردایەتی ئەو دوو پارتە لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردووەوە پێشبڕکێی تووندوتیژیان لەسەر نوێنەرایەتی و سەرۆکایەتی باشوری کوردستاندا هەبووە. هەروەها ئەوان هەردوولایان بوونی سەرۆکیان بۆ کوردستان هەر لە 92 ـەوە بەپێویست زانیوە. واتە بوونی سەرۆک لای ئەوان گرنگ بووە نەک سیستەمی بەڕێوەبردنی سەرۆکایەتی کە کۆمەڵێ دیاردە و تایبەتمەندی خۆی هەیە. هەر لەسەرەتاوە هەردوو پارت لە ڕوانگەی پارتی پێشەنگەوە سەیری خۆیان و ئەو چەمکەیان کردووە و لای هەر یەکێکیان بۆچوون ئەوەبووە کە سەرۆکەکەی ئەوان تەنها کەسی شیاوی سەرۆکایەتیە. هەر لەسەرەتاوە یەکێ بە ڕابەری بزووتنەوەی کوردایەتی ناوی براوە، یەکێ بە سەرۆکی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ناوی براوە. لەهەمان کاتدا هەردوولا ئەوەندی پێیانکراوە یەکتریان ڕەتکردۆتەوە و دانیان بە مێژووی یەکتر نەناوە. بەکورتی شەیدابوونی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە ڕوانگەی حەز و ئارەزووەکانی ئەوان و سەرکردەکانیانە و لە بنچینەدا لەوەوە سەری هەڵداوە. ئەوەش بیرکردنەوەیەک نییە کە بنچینەی لەسەر تایبەتمەندی، پێداویستی و بەرژەوەندی باشوری کوردستانەوە گرتبێت. بۆیە سەیر نییە کە دەبینین ئەوان دوای چەندین ساڵ هەر ناتوانن بگەنە یەک و هەر قەوانە کۆنەکە لێدەدەنەوە. ئەوان هەر لایەکیان لەناوچەکەی ژێردەستی خۆیاندا مۆنۆپۆلی دەسەڵات و سەرچاوەی ژیانیان کردووە، ئەوەش ئەنجامی مەنتالێکی داسەپێنەرانەی ڕامیاریە کە دەیان ساڵە پەرەوەردە دەکرێت. دابەشکردنی باشور ئەنجامی ئەو مەنتالەیە، ئێستا ئەوان دەبێ بەشێوەیەک لەشێوەکان واز لەو دابەشکردنە بێنن و ڕادەی مۆنۆپۆلکردنەکەیان بەرتەسک بکرێتەوە و وردە وردە ئەو دۆمینانس و مۆنۆپۆلیەی پارت بەسەر دامودەزگاکانی کۆمەڵگەدا نەمێنێت، ئەوەش نامۆیە لەگەڵ کەلتور و تێگەیشتنی ڕامیاری لەمێژینەی ئەوان، بۆیەش یەکگرتنەوەی باشور ئەو هەموو کۆسپ و کێشەیەی لەبەردەمدایە.

وەکو گوترا ئەوەی ئەوان داوای دەکەن بوونی سەرۆکێکی بەدەسەڵات یا بێدەسەڵاتە، ئەوەش بەشێوەیەک لە شێوەکان ئاماژەیە بۆ یان سیستەمی پەرلەمانتاریی بەبوونی سەرۆکێکی بێدەسەڵات یان بوونی سەرۆکێک لەشێوەی سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتی بەشێوەیەکی تایبەتی “کوردی”. واتە پێشتر لەسەر پۆستی سەرۆک ڕێکەوتن کراوە و پاشانیش هەڵبژاردنێکی شانۆگەریانەی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدرێت.

ئەوەی لە ئێراق پیادە کراوە سیستەمێکی زیاتر پەرلەمانتارییە  و لاسایی دیاری سیستەمی سەرۆکایەتی ئەمەریکای تێدایە، سەرۆکی وڵات سیمبۆلیە و کاریگەری بەسەر دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەوە نییە. ئەرکەکانی ئەو سەرۆکە سیمبۆلیەی ئێراق بەشێوەیەک لە شێوەکان لە ئەرکەکانی بۆنمونە پادشاکانی سوید یا دانیمارک دەچێت (دیارە بەکەمێک جیاوازی و دەسەڵاتی زیاتر). یەکێتی و پارتی دەبوایە لەسەرەتای ڕێکەوتنەکەیان ئەوە یەکلاکەنەوە کە ئایا چ سیستەمێک پەسند بکەن و وردەکاریەکانی چۆن بێت. ئەگەر دەیانەوێ سیستەمێکی پەرلەمانتاری دابمەزرێنن، ئەوا بوونی سەرۆک هیچ پێویست نییە و سەرۆک مینستەر سەرۆکی باشوری کوردستانە. ئەگەر سەرۆک بشبێ پێویستە سیمبۆلی بێت و بەکاری سەرەمۆنی و بۆنەکاری هەڵسێت.

ئەگەر ئەوان بەشێوەیەک لەشێوەکان لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی ڕێککەون، ئەوا بێگومان سەرۆک دەسەڵاتی تەواوی بەسەر دەزگای بەڕێوەبردنەوە دەبێت، بەڵام واپێناچێ ئەوە بکەن. ڕەنگە لەسەر جۆرێکی “تایبەتی” سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتی ڕێککەون. دیارە لە سیستەمی بەڕێوەبردنی نیمچەسەرۆکایەتیدا دەکرێ سەرۆک دەسەڵاتی زۆری هەبێت، وەکو بۆنمونە لە فەرەنسا هەردوولا واتە سەرۆکی هەڵبژێردراو و دەستەی بەڕێوەبردن کە لە پەرلەمانەوەیە و بەرپرسیارە بەرامبەر بە پەرلەمان، بەیەکەوە و بەهاوکاری یەکتر وڵات بەڕێوە دەبەن و سەرۆکیش خاوەن دەسەڵاتی ڕەهایە. یان دیارکردنی هەندێ دەسەڵات بۆ سەرۆک وەکو بۆنمونە سیستەمی نیمچەسەرۆکایەتی لە فینلاند، کە سەرۆکی فینلاند بەشێوەیەکی سەرەکی ئەرکی کاروباری دەرەوە دەگرێتە ئەستۆ و کارەکانی دیکەی بەڕێوەبردن بۆ ئەنجومەنی بەڕێوەبردن جێهێشتراوە .

ئەگەر بهاتایە باشوری کوردستان تەبایی تێدا هەبوایە و هەموو پارتە ڕامیاریەکان بەکردەوە پیادەی دیموکراسیان کردبایە، ئەوا هەر دوو جۆرە سیستەمی کەباسکران، بۆ کوردستان دەکرا شیاو بن، بەڵام وەکو ئاماژەمان بۆیان کرد، هەر سیستەمە و کێشەی خۆی هەیە. دەکرێ ئارگومێنتی پشتگیری بۆ هەردوو سیستەمەکە بهێنرێتەوە، چونکە هەردوو سیستەم لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە بە سەرکەوتوویی پیادە دەکرێن و گونجاوی خۆشیان بەکردەوە سەڵماندووە. بەکورتی دەکرێ سەرۆک ببێ و دەشکرێ نەبێ.

دیارە زۆرینەی ڕەهای دانیشتوانی باشوری کوردستان کوردن، بەڵام ئەو کۆمەڵگەیە لەنێوان دووپارتی دەسەڵاتداری کوردستان شەقکراوە و پارچەکراوە. پارچەکردنەکە مێژوویەکی درێژی هەیە و خۆی کوشەندە سەپاندووە، بەجۆرێک کە لەکەس شاراوە نییە، بۆنمونە هەندێ لە شارەزا بێگانەکان ئاماژە بەدوو بەشی باشوری کوردستان دەکەن و کۆمەڵگەی کورد بە شەقبوو دادەنێن. هەروەکو پێشتر گوترا، ئەو دابەش بوونەی یا کەرتبوونەی باشور لەسەر بنچینەیەکی ئێتنی نییە، بەڵکو لەئەنجامی ململانێی دوو پارتی ڕامیاریەوە لە ناو کۆمەڵگەیەکی زۆربە کورددا دروستکراوە. کوشندەیی پارچەبوونەکە وای کردووە خۆی مەترسیدارانە پیشان بدات. دابەشبوون و پارچەییەکە هەیە و ناتوانرێ نکۆڵی لێبکرێت. ئەوەش دووپاتکردنەوەی ئەو ڕاستیەیە کە دەکرێ پارتی ڕامیاری یا ئایدۆلۆژیا ببنەهۆی پارچەکردنی کۆمەڵگە. وەکو بۆنمونە پارچەبوونی نیمچە دورگەی کۆریا لەنێوان دوو ئایدۆلۆژیای جیاوازدا، ئەوە بۆ ماوەی نیو سەدە دەچێ. ئەنجامی ئەو دابەش بوونە بووەتەهۆی دروستکردنی دوو کۆمەڵگەی کەلتور لەیەکتر جودا و تاڕادەیەک لەیەکتر نامۆ. ئەوەجگەلەوەی گەورەترین زیانی بەو کۆمەڵگەیە و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کۆریا گەیاندووە. دیارە هۆکاری پارچەییەکەی باشوری کوردستان ئایدۆلۆژیا نییە و ئەو تایبەتمەندیەی ناکۆکی کۆریای نییە، هیوادارم ئەو پارچەییە هێندە نەکێشێ و بەزووترین کات کۆتایی پێ بهێنرێت.

هەردوو پارتی دەسەڵاتدار بۆ چارەسەری (یا دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ پاراستنی دەسەڵاتیان) ئەو پارچەییە پەنایان بردۆتە بەر ڕێگای نادیموکراسیانەی ڕێککەوتن، ئەوە لەجیاتی پەسندکردنی دیموکراتیزەکردن و پیادەکردنی دیموکراسی. ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەوان، لەلایەک نایانەوێ دەستبەرداری مۆنۆپۆلی ڕامیاری و ئابوری لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتیاندا بن، لەلایەکی تر ناتوانن پەسندی سەرداری یەکتر بکەن، ئەگەر بەڕێگایەکی دیموکراسیانەش بێت. پێویستە بگوترێت ئەگەر لەپێشکەوتووترین ستاتی جیهاندا دوو پارتی لەو شێوەیەی ئەوان پەیدا بن و مل بۆ پرەنسیپی دیموکراسی نەدەن و ڕەتی یەکتر بکەنەوە، ئەوا بێگومان چارەنوسی ئەو ستاتە یا کۆمەڵگەیە کەرتبوون و شەڕی ناوخۆیە.

هەرچۆنی بێت، ئەوان لەسەر دەسەڵات ڕێکەوتنیان کردووە و پۆستەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەشکردووە. بەڵام وەکو دیارە هێشتا کێشەیان هەیە، لەلایەک ئامادەنین مینستەریە گرنگەکان بکەنەوە یەک، لەلایەکی دیکە لەسەر چۆنیەتی پۆستی سەرۆک تەبا نین. گریمان ئەوان کێشەکانی نێوان خۆیان کۆتایی پێهێنا و لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان ڕێکەوتن. لەو بارەدا سەقامگیری یا بەتوانایی و بێتوانایی ئەو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنە پەیوەندی بەجۆری ڕێکەوتنەکەی ئەوان و وابەستەیی ئەوان بە ڕێککەوتنەکەوە هەیە. ڕەنگە زۆر نەخایەنێ ڕێککەوتنەکەیان هەڵبوەشێتەوە و کۆمەڵگە بەرەو چارەنوسێکی نادیار ببەن. یا دەکرێ ئەوان بەشێوەیەک لە شێوەکان وابەستەی بەڵێنەکانیان بن و تاماوەیەک بەیەکەوە درێژە بە دیاردەی ڕێککەوتن و تەبایی بدەن، بەڵام ئەوەش دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کۆتایی پێ بێت. ئەو کۆتاییەش یا پەسندکردنی دیموکراتیزەکردن و سیستەمی دیموکراسیە، یانیش دیسان تێکچوونەوەیە. بۆیە ئەوەی ئەوڕۆ ئەوان دەیکەن تەنها دواخستنی چارەسەری دیموکراسیانە یا ناکۆکییە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بێدەنگی و پشوودرێژی گەل تا چەند لەگەڵ ئەو یاریەی ئەوان دەتوانێ هەڵبکات.

بوونی سەرۆک ئەوجا بەدەسەڵات یا بێ دەسەڵات، وەکو دەزانین ئەو سەرۆکایەتیە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی دیموکراسیانەوە دروست نەبووە، بەڵکو لە ئەنجامی ڕێکەوتنی دوولایەنی ڕکابەر دروست بووە. بۆیە ئەوە شوێنی یا بوونی ئەو پۆستە زیاتر هەستیار دەکات و ئەرکی قورستر دەکات. ئەو سەرۆکە کاتێک دەتوانێ متمانەی لایەنی بەرامبەر بپارێزێت، ئەگەر بتوانێ خۆی لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆی و پارتەکەی بپارێزێ و لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی هەردوولا هەڵسوکەوت بکات. ئەوە جگە لە ئەرکی ئاسایی خۆی کە دەبێ بە بەرپرسیاریەوە ئاگاداریان بێت.

لەو بارودۆخەی ئەمڕۆی باشوردا پێویستە هەست بە بەرپرسیاریەتی گرنگی قۆناغەکە بکرێت، کە لەلایەک بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان لەبەرچاو بگیرێن، لەلایەکی دیکە هەنگاو بۆ گۆڕان بەرەو کراوەیی و دیموکراتیزەکردن هەڵبهێنرێت. ئەو دوو لایەنە زۆر گرنگن و پێویستە وەکو یەک لەبەرچاو بگیرێن. بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان لەوەدایە کورد یەکگرتوو و یەک دەنگ بن، بۆ ئەوەی بتوانن مسۆگەری داواکاریەکانیان و بەرژەوەندیەکانیان بکەن. ڕەنگە بگوترێت، باشتربوو ئەگەر سەرۆکێکی بەهێز و خاوەن دەسەڵات هەبوایە، چونکە کورد هێشتا مسۆگەری مافەکانی نەکردووە و لە خەباتدایە، ئەوەش سەرۆکی بەهێز دەخوازێت. ئەوە دەکرا گونجاو بێت، ئەگەر کورد یەکگرتوو و تەبا بان و بڕواو متمانە لەنێوان پارتە سەرەکیەکاندا هەبووایە. ئەوە وانیە’، بۆیە بوونی سەرۆکی بەهێز و خاوەن دەسەڵات، ڕەنگە زۆر بەئاسانی ببێتەوەهۆی ناکۆکی و ئاژاوە لەباشور. بۆ یەکخستنەوەی باشور وەکو گوترا ڕێگای ڕێکەوتن گراوەتەبەر، بەداخەوە ڕێگاکە دیموکراسیانە نییە، بۆیە مەترسی سەرنەکەوتنی یەکخستنەوەکە هەیە. لەلایەکی تر ئەو دوو لایەنە لە ڕابردوودا چەندین جار ڕێکەوتنیان کردووە، بەڵام تێکچوونەتەوە و ئاژاوە و ناکۆکی دروست بووە. هیوادارم ئەمجارەیان وانەبێت.

لایەنی دووەمی گرنگ، پرۆسەی کرانەوە و دیموکراتیزەکردنە، ئەو پرۆسەیە گەلێ گرنگە و پێویستە بەهەموو شێوەیەک و لەهەموو بوارێکدا هەوڵی بۆ بدرێت. چونکە ئەگەر ئەوە هاتەدی ئیتر نەکێشەی دابەشبوونی باشور دەمێنێ و نەکێشەی ئەوە دەمێنێ ئاخۆ کێ دەبێتە سەرۆک. بۆئەوەی خەڵکی کوردستان لە پارچە پارچەیی دەربازبن و بەرژەوەندی گشت بەرز ڕابگیرێت، پێویستە لایەنە سەرەکیەکانی کوردستان دان بە دیموکراتیزەکردن بنێن و هەوڵًی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و سڤیل بدەن. ئەگەر ئەوان بتوانن ئەو هەنگاوە بنێن، ئاسایی دەتوانن دۆڕان و سەرکەوتنی خۆیان لە پرۆسەی دیموکراسیانەی هەڵبژاردندا لا پەسند بێ و ملکەچی بڕیاری گەل بن. خەڵک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا ئەوها دەکات و لاساییکردنەوەی ئەوان تەنها قازانجە بۆ کۆمەڵگە و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی باشوری کوردستان.

زۆر گرنگە هەنگاوی ئێستا بە مەبەستی گۆڕان بەرەو کراوەیی و دیموکراسی بێت. بۆنمونە گرنگە پەرلەمان دەسەڵاتی سەرەکی بدرێتێ و ئەو لەسەرووی پارت و سەرکردەکانەوە بێت. دەستەی بەڕێوەبردن ملکەچی پەرلەمان بێت و لەژێر کەنترۆلی پەرلەماندا بێت. ماوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا و دیموکراسیانە ئەنجام بدرێت. لەئەگەری بوونی سەرۆک، پێویستە ماوەی مانەوەی بەیاسا دیار بکرێت و مافی خۆپاڵاوتنەوەشی سنوردار بکرێت و لەقۆناغی ئەمڕۆدا کەم بێت باشترە. چونکە کۆمەڵگەی باشور دەمێکە تووشی چەقین بووە و پێویستی زۆری بەگۆڕان و دەربازبوون هەیە، پێویستە ئەو سەرکردە کۆنانەش بەڕێگای دیموکراسیانە بگۆڕردرێن و خەڵکی نوێ شوێنیان بگرنەوە. گۆڕان دەتوانێ ببێتەهۆی بەجێهێشتنی ناکۆکی و پارچەپارچەیی ڕابردوو و کردنەوەی دەرگای نوێی پێشکەوتن و تەبایی بەڕووی باشوری کوردستاندا. ڕەنگە بگوترێت ئەوە خەونە، بەڵام ئەوەی لێرەدا گوتراوە، دەیان و سەدان ساڵە لە کۆمەڵگە هوشیارەکاندا بەکردەوە پیادە دەکرێن.  ئەگەر ویست هەبێ ئەو خەونە بەڕیالیزە دەکرێت.

شاخه‌وان شۆڕش

2005.5.10

سه‌رچاوه‌کان

Leksikon i Statskundskab, 1997: 166.

Andrew Heywood, 1997, Politics: 295, 297.

http://en.wikipedia.org/wiki/Presidential_system بؤ زانياري زياتر سةيري ئةو سايتة بكة:

Arend Lijphard, 2004, Constitution for Devided Society, in  Jornal of Democracy, vol. 15, no. 2. 102-105

Kaufmann, Chaim. (Spring 1996) Possible and Impossible Solutions to Ethnic Civil Wars”, International Security, Vol. 20. No. 4, pp. 136-175.