ده‌سه‌ڵات و مه‌لاکان: ره‌وتی دژه‌ئازادی و به‌ئیسلامکردن و به‌عه‌ره‌بکردن
ده‌سه‌لاتی کوردی به‌گشتی بانگاشه‌ی ئازادی و دیموکراسی ده‌که‌ن و ئاماژه به سه‌رکه‌وتوویی مۆدێلی دیموکراسی کوردستان ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها به‌رپرسانی ده‌سه‌لاتی کوردی ده‌ڵێن، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئایین له ستات جیا بکه‌نه‌وه، وه هه‌ول بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی مۆدێرن و پێشکه‌وتووخواز ده‌ده‌ن (بۆنمونه سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له پارله‌مانی ئه‌وروپا ئه‌وه‌ی گوت[1](. “ئازادی” وشه‌یه‌که له لایه‌ن ئۆرگان و دامه‌زراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات زۆر ده‌گوترێته‌وه.
ئازادی، مۆدێرنبوون، دیموکراسی و سیکولاربوون هه‌ریه‌که چه‌مکی سه‌ربه‌خۆن، کۆمه‌ڵێ لێکدانه‌وه‌یان بۆ ده‌کرێت و زۆر لایه‌ن ده‌گرنه‌وه. ئه‌و وتاره ته‌نها به کورتی سه‌رنج ده‌داته هه‌ندێ هه‌نگاو و دیارده که پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بانگاشانه‌ی به‌رپرسانی ده‌سه‌ڵات پیشان ده‌ده‌ن، له هه‌ندێ باردا خراپبه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات له زیاتر له بوارێک پیشان ده‌ده‌ن.
به‌پێچه‌وانه‌ی گوتنی مه‌سعود بارزانی، جگه‌له‌وه‌ی ده‌ستوری پێشنیارکراوی هه‌رێمی کوردستان، ئایین له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کانوندانان تێکه‌ڵ ده‌کات، باڵاده‌ستی ده‌داته ئیسلام و لێکدانه‌وه‌ی ئیسلامی، به‌مجۆره ئاماژه به سیسته‌مێکی ناسیکولار ده‌کات، رۆژانه ئاماژه به بێهاوتایی و دروستی بیروباوه‌ری ئیسلام له بواره‌کانی ژیان و کۆمه‌ڵ ده‌کرێت و له زۆربه‌ی بۆنه‌کاندا لێکدانه‌وه‌ی ئیسلامیانه سهرپشهکه. هه‌روه‌ها زۆر دیارده هه‌ن که رۆژانه له باشوری کوردستان ده‌که‌ونه به‌رچاو، ئاماژه به ئاقاری ناسیکولاری، نادیموکراسی، نائازادی، نایه‌کسانی، پیاوسالاری و کۆنه‌پارێزی ده‌که‌ن. زۆر ڕووداو هه‌ن یه‌کسه‌ر له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵاتداراندا ده‌کرێن، جگه‌له‌وانه‌ی که‌س نایان بینێ یا نایان بیستێ و به ئاسانی به ته‌نکاوی بێئاگایی و ناهوشیاری کۆمه‌ڵگه‌دا تێده‌په‌ڕن.
جگه‌له‌و دیاردانه‌ی که هه‌وڵی به‌هێزکردنی که‌لتوری عه‌ره‌ب ده‌ده‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن زمانی عه‌ره‌بی، ناوی عه‌ره‌بی، چه‌مکی عه‌ره‌بی، ره‌وشتی که‌س و وڵاتانی عه‌ره‌بی، لێکدانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هتد. له کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واریدا و هه‌روه‌ها له ئاستی دامه‌زراو و ده‌سه‌ڵاتدا بره‌وی پێبدرێت. (پێویسته ئه‌وه بگوترێت: هه‌ر دیارده‌یه‌ک یا هه‌وڵێک که هه‌وڵی سه‌پاندنی لێکدانه‌وه، دیارده، به‌ها و چه‌مکی عه‌ره‌بی له هه‌ر بوارێک و ئاستێک‌دا بێت بدات، دیارده، چه‌مک، لێکدانه‌وه و به‌ها کوردیه‌که به‌لاوه بنێت یا وا‌بکات له نرخی که‌مکاته‌وه، هه‌وڵێکه ده‌چێته خانه‌ی به‌عه‌ره‌بکردن). پێویسته ئه‌وه بگوترێت، دیارده‌کانی به‌عه‌ره‌بکردن، به‌ئیسلامکردن، پیاوسالاری و باوکسالاری، کۆنه‌پارێزی، داخراوی، دژ به ئازادی و مۆدێرن بوون، وابه‌سته‌ی بیروباوه‌ڕه کۆنسێرڤهتیوهکانن. کوردایه‌تی که جۆرێکی ناسیونالیزمه داهێنه‌ری ئه‌و دیاردانه نییه وه‌کو هه‌ندێک تێی ده‌گه‌ن، ده‌کرێ کوردایه‌تی ڕێک دژی هه‌موو ئه‌م دیاردانه بێت، ئه‌وه په‌یوه‌ستداره به جۆری لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و روانگه و ئایدۆلۆژیایه‌ی ده‌روانێته دیارده‌کان. بۆنمونه کوردستانیه‌کی لیبرال یا چه‌پ دژی هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌یه. بۆیه جۆری لێکدانه‌وه‌ی ئایدۆلۆژیا و بیروباوهرهکانه ڕاده، ئاست و جۆری ئازادی، یه‌کسانی و کراوه‌یی دیار ده‌که‌ن.
لێره‌دا سه‌رنج ده‌ده‌مه هه‌ندێ له‌و ڕووداو و دیاردانه‌ی له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی، به‌تایبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ولێر یا پارتی دیموکراتی کوردستان ڕوو ده‌ده‌ن. ئه‌وانه‌ی لێره‌دا نوسراون، ته‌نها چه‌ند نمونه‌یه‌کن، نمونه‌ی ئه‌و دیارده و ڕووداوانه زۆرن.
– وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف پاره‌یه‌کی زۆری ته‌رخانکردووه، که له پشووی هاویندا له قورئان خوێندن و په‌روه‌رده‌ی ئایینی منداڵان خه‌رج بکریت. ئه‌و بڕیاره هه‌ندێ لایه‌نی مه‌ترسیداری دیاره هه‌یه. یه‌که‌م: مافی منداڵبوون له منداڵه‌که ده‌سه‌نێته‌وه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له کاتی پشووی هاویندا منداڵ چێژ له منداڵبوونی خۆی وه‌ربگرێت و له‌گه‌ڵ هاورێکانی یاری بکات، ئه‌زموونی سه‌ره‌تایی ژیان ورده ورده سروشتیانه خڕبکاته‌وه و ههربچنی، منداڵه‌که دێنن به شتێکه‌وه ناچاری ده‌که‌ن که نه له توانای دایه تێی بگات، نه له ئاستی ته‌مه‌نی ئه‌و دایه، نه له‌گه‌ڵ حه‌ز و ئاره‌زووه‌کانی ئه‌و گونجاوه. بابه‌ته‌که بۆ منداڵ بابه‌تێکی زۆر وشک و نامۆیه و ده‌کرێ ئه‌و گوشاره‌ی له‌سه‌ریه‌تی کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر دروست بکات و تووشی سه‌رلێشێواوی بیرکردنه‌وه‌ی که‌مماوه یا درێژماوه ببێت. دووه‌م: بناغه‌ی ئیسلامبوون و لێکدانه‌وه‌ی ئیسلامیانه‌ی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنن، هه‌وڵ ده‌درێت ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕ و که‌لتورێکی نامۆی عه‌ره‌بی و پاڵه‌وانانی سه‌رده‌می ئیسلامی عه‌ره‌بی په‌یدا بکات. وه‌کو بۆنمونه فێرکردنی مندال له ڕووداوه مێژوویه‌کانی دورگه‌ی عه‌ره‌بی وه‌کو: که‌ی شه‌ڕی به‌در روویدا؟ باسی ئازایه‌تی عومه‌ری کوری خه‌تاب بکه. پێغه‌مبه‌ر سه‌ر به چ خێڵێکه؟ خه‌لیفه‌کانی ڕاشیدی کێ بوون؟ هتد. یا فێری ههلسوکهته کۆمهڵایتهییه کۆنه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ده‌که‌ن که له دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا روویداوه و ئێستا له ئیسلامدا وه‌کو نمونه ده‌هێندرێنه‌وه، هتد. ئه‌وه هه‌وڵدانه بۆ کۆنسێرڤهتیوکردن و کۆنه‌پارێزکردنی منداڵه‌که، سه‌رنجی بۆلای دابونه‌ریتی دواکه‌وتوو و کۆنی دورگه‌ی عه‌ره‌بی سه‌رده‌می ئیسلام ڕاده‌کێشن و وا له منداڵه‌که ده‌که‌ن وه‌کو نمونه‌ی پاکی، باشی و ڕه‌وشتبه‌رزی سه‌یری ئه‌و دابونه‌ریت و دیاردانه بکات، به‌جۆرێک هه‌ر له منداڵیه‌وه شوره‌یه‌کی پارێزه‌ری کۆنه‌پارێزی بۆ دروست ده‌که‌ن. ئه‌وه ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی که منداڵ دژ به بیروباوه‌ڕی دیکه‌ی ژیان سڵبکاته‌وه یا ره‌تیان بکاته‌وه، چونکه ئه‌و وا تێده‌گه‌یه‌ندرێت هیچ بیروباوه‌رێک له‌وه‌ی ئیسلام نه باشتره نه پیرۆزتره، به‌مجۆره بیرکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه ئاو ده‌درێت. ئه‌و هه‌وڵه پرۆسه‌یه‌کی مێشكشوشتنهوهیه، که جه‌خت له‌سه‌ر کۆنه‌پارێزی ده‌کاته‌وه، دژی فره‌باوه‌ڕی، کراوه‌یی و ئازادییه. ئه‌و کاره کاردانه‌وه‌ی خراپی له‌سه‌ر ژیانی منداڵه‌که له گه‌شه‌کردنی لێکدانه‌وه و تێگه‌یشتن له ژیان و چه‌مکه‌کانی ژیان ده‌بێت. جگه‌له‌وه‌ی ساویلکه‌یی و بێئاگایی دایک‌وباوکی منداڵ و مندال بۆ مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت سوودی لێوه‌رده‌گیرێت و خراپ به‌کارده‌هێندرێت. ئه‌وه وه‌کو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی مێشکشتنهوهی منداڵی کورده که گروپ و ڕێکخراوه ئیسلامیسته‌کان ده‌یکه‌ن. جیاوازیه‌که ئه‌وه‌یه ئیسلامیسته‌کان ئامانجیان دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی ئیسلامییه و کار بۆ ئه‌و ئامانجه ده‌که‌ن، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی کوردییه بانگاشه‌ی فره‌باوه‌ڕی و مۆدێرنبوون ده‌کات، به‌ڵام به‌کرده‌وه دژی ئه‌و گۆتانه هه‌نگاو ده‌نێت. له‌هه‌ردوو باردا منداڵه‌که قوربانیی دوو ره‌وتی کۆنه‌پارێزی ئایینپهرسته. دیاره بیروباوه‌ڕ سه‌باره‌ت به ژیان هه‌ر بریتی نییه له بیروباوه‌ڕی ئیسلام، به‌ڵکو ئیسلام ته‌نها بیروباوه‌رێکه له نێو هه‌زاران بیروباوه‌ری ئایینی و نائایینی، هه‌روه‌ها کۆن و نوێ له گه‌ردوونی بیروباوهرهکاندا. شایانی باسه ئایینی ئیسلام و بیروباوه‌ره کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئیسلام نه‌یتوانیووه له هیچ کونجێکی جیهانی ئیسلامی‌دا ئازادی و یه‌کسانی بۆ خه‌ڵک مسۆگه‌ر بکه‌ن. ئه‌گه‌ر به واتا سه‌رده‌میانه و راشیونالهکه سه‌یری ئازادی و یه‌کسانی که‌س بکه‌ین.
– رۆژانی هه‌ینییان له خودبهدا گه‌لێ له مه‌لاکان، جگه‌له جه‌ختکردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر مێژووی عه‌ره‌ب و دیارده کۆمه‌ڵایه‌تییه عه‌ره‌بیه‌کان که به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ن له ئایینی ئیسلام، ناوه ناوه په‌یره‌وی هه‌ندێ دیارده‌ی به‌عه‌ره‌بکردن ده‌که‌ن، وه‌کو بۆنمونه له رۆژی 6 ژونی 2008 دا له ته‌له‌ڤزیۆنی ئاسمانی نه‌ورۆزدا مه‌لایه‌ک ڕاکشاوانه داوای ده‌کرد ناوی عه‌ره‌بی له منداڵه‌کانیان بنێن. دیاره خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی چ ناوێک یا به چ زمانێک ناو له منداڵه‌که‌ی ده‌نێت، به‌لام کاتێک به به‌رنامه کار بۆ ئه‌و هه‌وڵه ده‌کرێت، ئه‌وه ده‌چێته خانه‌ی هه‌وڵی ئۆرگانیزه‌کراو و پرۆسه‌یه‌ک که مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئه‌نجامێکی تایبه‌ته که له‌گه‌ڵ ئایدۆلۆژیا یا باوه‌رێکی تایبه‌ت که لێره‌دا ئیسلامه گونجاوه. ڕێگه و کاردانه‌وه به‌رامبه‌ر کارێکی ئه‌وها ده‌کرێ جیاوز بن. ئه‌گه‌ر پ.د.ک بانگاشه‌ی رێزگرتن له فرهباوهری ده‌کات، کاری ئه‌وها و رێگه‌دان به کاری ئه‌وها ده‌بێ بۆ هه‌موو ئایین و برواکان یه‌کسان و کراوه‌بن. پێویسته له‌سه‌ر پارتی و نه‌ورۆز تیڤی یا ئه‌وانی دیکه‌یان ڕێگه‌ی ئه‌و دامه‌زراو و ڕێکخراوانه‌ش بده‌ن که دژی ناولێنانی عه‌ره‌بین و به‌ڵگه‌یان بۆ دروستی و باشی ناوی کوردی هه‌یه. واته ده‌بێ به به‌رنامه وه‌ڵامی دژ یا ئه‌لته‌رناتیڤه‌کان هه‌بن و ڕێگه‌یان پێ بدرێت. ئه‌وه ئه‌گه‌ر بڵێین کوردستان له ئه‌مه‌ریکا و ئه‌وروپا له‌پێشتره و سنوری وڵاتی نه‌ته‌وه‌یی بڕیووه و سه‌دان ساڵه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه دراوسێکان به ئاشتی و ئازادی ده‌ژین. شایانی گوتنه یه‌کدوو وڵاته به‌ناو سۆسیالیسته‌کانی لێده‌رچێ هه‌موو وڵاته‌کانی ئه‌مه‌ریکا و ئه‌ورپا وڵاتی نه‌ته‌وه‌یین، ئه‌گه‌ر ئه‌و باره‌ی کوردستان بگوازینه‌وه هه‌ر وڵاتێک له‌و وڵاتانی بانگاشه‌ی ئه‌وپه‌ری ئازادیخوازی ده‌کات، یا له باری ئێستای پێشکه‌وتووی ئه‌واندا و له‌سه‌رده‌می گلۆبالیزمدا، روودانی کرداری ئه‌وها به‌ئه‌گه‌ری زۆر به کرداری دژ به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌یان و به‌های نه‌ته‌وه‌یی تێده‌گه‌ن، جگه له جوداکاری له پره‌نسیپی ئازادی و پێشێلکردنی ئازادی که‌س. گومانم له‌وه‌دا نییه ئه‌گه‌ر مه‌لایه‌کی ئه‌وها له وڵاتێکی ئه‌وروپا یا ئه‌مه‌ریکا ئه‌و بانگاشه‌یه بکات بێگومان، له کار ده‌رده‌کرێت و ده‌کرێ سزاش بدرێت. مه‌لا به‌و کاره‌ی پێشێلی ئازادی خه‌ڵک ده‌کات، جگه‌له‌وه‌ی هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌ی ناوی عه‌ره‌بی به به‌رنامه و به‌بڕواوه ده‌دات، واته بڕوای به به‌عه‌ره‌بکردنی ناوی کوردی هه‌یه. واته مه‌لا له لایه‌ک ده‌سه‌ڵاتی ئایینی خۆی به‌خراپ به‌کارده‌هێنێت، له لایه‌ک ههنگاوێکی دژ به به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌هاوێت. ئه‌وه ئه‌گه‌ر پێمانوابێ نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندی و به‌ها نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی وه‌کو نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بپارێزێت. جگه‌له‌وه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی نه‌ورۆز که بوونه‌که‌ی له ئه‌نجامی خراپبهکارهێنانهوهیه، ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی خراپ به‌کار ده‌هێنێت.
– کۆمه‌ڵه‌ی مه‌لاکانی کوردستان که له‌ژێر ناوی یه‌کێتی زانایاندا کار ده‌که‌ن، به‌هه‌مان شێوه پشتگیری له ناوی عه‌ره‌بی ده‌که‌ن و خه‌ڵک بۆ ئه‌م ره‌وته هان ده‌ده‌ن (بۆنمونه جارێکیان به شانازییه‌وه له رۆژنامه‌که‌یان ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌یان نووسیبوو که ناوی خۆیان له کوردییه‌وه کردبووه عه‌ره‌بی). ئه‌و یه‌کێتییه خۆی له زۆر کاری رامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ڵده‌قورتێنێت و دژی ئازادی ده‌ربڕین ناوه ناوه ده‌وه‌ستێته‌وه. واته ئه‌و یه‌کێتییه که ده‌سه‌ڵات و بوونی خۆی به‌خراپ به‌کارده‌هێنێت، له لایه‌ک به مافی خۆی ده‌زانێت پێشێلی مافی ئازادی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه بکات، له لایه‌کیتر پشتگیری به‌عه‌ره‌بکردنی ناوی کوردی ده‌کات، هه‌وڵی به‌رزکردنه‌وه‌ی که‌لتور و مێژووی عه‌ره‌ب و پاڵه‌وانانی عه‌ره‌ب له‌سه‌رده‌می ئیسلامدا به به‌رنامه ده‌ده‌ن.
– کۆمه‌ڵه‌ی مه‌لاکانی کوردستان و هه‌ندێ له هاوڵاتیان یاداشتیان دژ به ره‌خنه و دیدی جودا له ئیسلام یا دژ به ئیسلام داوه‌ته سه‌رۆکی هه‌رێم مه‌سعود بارزانی، وه‌کو چاوه‌روان ده‌کرا، سه‌رۆکی هه‌رێم پۆزه‌تیڤانه به‌پیریانه‌وه چووه. سه‌رۆکی پ.د.ک جگه له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ت و پارتیانهکهی، که‌سێکی کۆنسێرڤهتیوه، ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی ژێرده‌ستی ره‌چاوی ئه‌و ره‌وته ده‌کات، بۆیه ده‌کرێ بریار و ئاکامی دژه ئازادی له هه‌وڵه‌کان بکه‌وێته‌وه.
– مه‌لاکان له رۆژانی خودبهی هه‌ینییاندا هانی خه‌ڵک ده‌ده‌ن دژی ئازادی منداڵه‌کانیان له هه‌ڵسوکه‌وت و جلپۆشیندا بجوڵینه‌وه و ڕێگه‌ی کرانه‌وه‌یان بگرن. مه‌لاکان که باوه‌ریان به کۆنه‌پارێزی ئیسلامیانه هه‌یه، واتای ئه‌وه نییه ده‌بێ خه‌ڵک وه‌کو ئه‌وان بکات یا ده‌بێ کۆنه‌پارێز بن. خه‌ڵک ئازاده له‌وه‌ی چی ده‌کات و چی ده‌پۆشێت. ئه‌وه ژیانی تایبه‌تی خه‌ڵکه، کۆمه‌ڵ و ده‌زگاکانی سه‌ر به کۆمه‌ڵگه و ده‌سه‌ڵات بۆیان نییه سنور بۆ ئازادییه سروشتیه‌کانی خه‌ڵک دابنێن، وه‌کو چۆنیه‌تی جلپۆشین، پیاسه‌کردن، نانخواردن، چوونه‌ده‌ر، رابواردن، تام وه‌رگرتن له ژیانی رۆژانه که رێز له ئازادی ئه‌ویتر ده‌گرێت هتد.. مه‌لا وه‌کو کادیرێکی ئایینی له‌سه‌ریه‌تی له خودبهی هه‌ینیاندا بیروباوه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی بۆ موسه‌ڵمانان باس بکات، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بۆی نییه ئه‌و جۆره بابه‌تانه به‌سه‌ر خه‌ڵکدا بسه‌پێنێت یا هانی خه‌ڵک بدات ئه‌و کارانه بکه‌ن. کاتێ مه‌لایه‌ک داوایه‌کی ئه‌وها له خه‌ڵک ده‌کات، له لایه‌ک ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌خراپ به‌کار ده‌هێنێت، له لایه‌کی دیکه پێشێلی ئازادی که‌سه‌کان ده‌کات و خۆی تێکه‌ڵی ژیانی تایبه‌تی ئه‌وان ده‌کات. کاتێ خه‌ڵک ده‌چنه کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئایینی یا کۆمه‌ڵایه‌تی، ئازادن له‌وه‌ی چه‌نده گرنگی به گۆتنهکان ده‌ده‌ن یا نا، وه مافی خۆیانه دژی هه‌ر هه‌وڵێک بوه‌ستنه‌وه که خۆی تێکه‌ڵی بڕیار و ژیانی تایبه‌تییان ده‌کات. که خه‌ڵک ئه‌و هوشیارییه‌ی نییه یا ئه‌و ئازادییه‌ی نییه، ڕێگه‌دان به‌و پیشێلکارییه، خراپبه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن مه‌لا و مزگه‌وت هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی کوردی پیشان ده‌دات.
– که‌ناڵه کوردییه ئاسمانیه‌کانی سه‌ربه پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کو زاگرۆس و نه‌ورۆز و کوردستان تیڤی (که به پاره‌ی داهاتی نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زراون و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پ.د.ک کارده‌که‌ن که خۆی له‌خۆیدا خراپبه‌کارهێنان سامانی گشتییه. ئه‌وه هه‌موو که‌ناڵه ڕاگه‌یاندنه‌کان ده‌گرێته‌وه که به داهاتی نه‌ته‌وه‌یی خه‌رجیان ده‌کرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پارت کار ده‌که‌ن)، به‌تایبه‌تی نه‌ورۆز و زاگرۆس، کۆمه‌ڵێ به‌رنامه‌ی ئایینیان هه‌فتانه و رۆژانه هه‌یه، مه‌لاکانی کورد دێنن و له‌و به‌رنامانه‌دا روونکردنه‌وه و لێکدانه‌وه ئیسلامیه‌کان بۆ خه‌ڵک بڵاوده‌که‌نه‌وه، یا به‌شێوه‌ی دیکه له‌م به‌رنامانه ئه‌و ره‌وته ئیسلامییه په‌خش ده‌کرێت. له‌روانگه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه و بێ ڕه‌خنه‌دا، به بێهاوتایی، دروستی و ڕاستی بێئهملاوئهولای بیروباوه‌ڕی ئیسلامدا هه‌ڵده‌ده‌ن. به‌پێێ ئه‌و به‌رنامانه و ئه‌و مه‌لایانه، گه‌ر بیرباوه‌ڕێکی ڕاست هه‌بێت هه‌ر ئیسلامه و ئیسلام له‌پێش هه‌ر بیروباوه‌رێکی دیکه‌دایه. که ره‌خنه له بیروباوه‌ره‌که له هه‌مان کاتدا ناگیرێت، یا ئه‌لته‌رناتیڤ پیشان نادرێت، ئه‌و بیروباوه‌ره ئیسلامییه یه‌ک لایه‌نه خۆی ده‌سه‌پێنێ و بێهاوتا خۆی ده‌نوێنێت. دیاره ئه‌گه‌ر جووله‌که‌یه‌ک، یا بودیستێک یا که‌سێکی سه‌ر به‌ئایینێکی دیکه بهێنی ئه‌ویش هه‌مان بانگاشه بۆ دروستی و بێهاوتایی بیروباوه‌ره‌که‌ی خۆی ده‌کات. به‌کورتی که‌س به دۆی خۆی ناڵێ ترشه. ئه‌وه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی پ.د.ک ده‌یکه‌ن، له لایه‌ک پێشێلکردنی پره‌نسیپی فرهباوهری، بێلایه‌نی و ئازادییه، له لایه‌کیتر خراپبه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یانه بۆ به‌ئیسلامکردن و به‌عه‌ره‌بکردن.
ئه‌گه‌ر پارتی یا ته‌له‌ڤیزیۆنی نه‌ورۆز و زاگرۆز بانگاشه‌ی فرهباوهری و ڕێزگرتن له ئایین و بیروباوه‌ڕی دیکه ده‌که‌ن. با ڕێگه به ئێزدیه‌کان، کاکه‌ییه‌کان، کریستیانه‌کان یا ئایینه‌کانی دیکه به هه‌مان شێوه بده‌ن و هه‌مان کاتیان بۆ ته‌رخان بکه‌ن، با ئه‌وانیش بێن ریکلام بۆ دروستی و بێهاوتایی بیروباوه‌ری خۆیان بکه‌ن. هه‌روه‌ها به‌هه‌مان شێوه ڕێگه به دامه‌زراو و رێکخراوی سه‌رده‌می و مۆدێرن بده‌ن، ڕێگه به بیروباوه‌ڕه ههموجۆرهکان بده‌ن، هه‌مان کاتیان بۆ ته‌رخان بکه‌ن، با ئه‌وانیش بێن بانگاشه بۆ ئازادی و یه‌کسانی بکه‌ن و بتوانن ره‌خنه ئاراسته‌ی ئایینه‌کان و بیروباوه‌ره کۆنسێرڤهتیوهکان و کۆنه‌پارێزه‌کان بکه‌ن.
به‌کورتی که ڕێگه‌ی ئه‌و به‌رنامانه یه‌کلایه‌نه ده‌درێت، واتای ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵات به به‌رنامه کار بۆ ئه‌و ئاراسته‌یه ده‌کات، بڕوای به جوداکاری، پێشێلی پره‌نسیپی بێلایه‌نی و فرهباوهری، ئازادی که‌سه‌کان و خراپبه‌کارهێنانی ده‌سه‌ڵات هه‌یه. بروای به جوداکاری له‌گه‌ل بیروباوه‌ره ئایینیه‌کانی دیکه‌دا هه‌یه. به به‌رنامه بڕوای به ناسیکولارکردنی و ناراشیونالکردنی کۆمه‌ڵگه له ئاستی که‌س و دامه‌زراوه‌کاندا هه‌یه.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به دیارده‌ی به‌عه‌ره‌بکردن و به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ئازادییه‌ی بۆ ئه‌و هه‌وڵانه ته‌رخانکراون، ده‌سه‌ڵاتی کوردی و ده‌سه‌لاتی هه‌ولێری پ.د.ک به تایبه‌تی به‌به‌رنامه بڕوای به بره‌ودان به به‌ها عه‌ره‌بیه‌کان هه‌یه و هه‌وڵی هێشتنه‌وه و به‌هێزکردنیان ده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌گشتی و ئه‌وه‌ی هه‌ولێر به‌تایبه‌تی ڕاستده‌که‌ن و بروایان به ئازادی ده‌ربڕین هه‌یه، ده‌بێ ملیش بۆ ئه‌وه بده‌ن که خه‌ڵک بۆی هه‌یه بیروبروای خۆی سه‌باره‌ت به هه‌ر بابه‌تێک ده‌رببرێت، ئه‌وجا بیروباوه‌ره‌که یا هه‌لوێسته‌که دژی ئیسلامه یا ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و قادرییه یا هه‌ر بابه‌تێکی دیکه‌ی ئاینیی یا نائایینیه. له‌چوارچێوه‌ی ئازادی گوتندا خه‌ڵک بۆی هه‌یه به گاڵته‌جاریش هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه ڕابگه‌یه‌نێت.
ئه‌رتیکلی 19 له بانگی گه‌ردونی مافه‌کانی مرۆڤدا به‌م شێوه‌یه مافی ئازادی ده‌ربرین ڕوونده‌کاته‌وه[2]: هه‌موو که‌س مافی ئازادی ده‌ربڕین و هه‌ڵوێستی هه‌یه، ئه‌م مافه ڕێگه به ده‌ربڕینی بیروههڵوێست بێ ده‌ستێوه‌ردان (ده‌ستێوه‌ردانی ده‌سه‌ڵات) ده‌دات، وه ڕێگه به گه‌ران، وه‌رگرتن، گه‌یاندنی زانیاری و بیر و بۆچوون له ڕێگه‌ی هه‌ر که‌ناڵێکی راگه‌یاندنه‌وه به‌بێ گوێدانه سنوره‌کان ده‌دات.
دیاره سه‌باره‌ت به ئازادی گوتن و ده‌ربرین له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی دیموکراسی و پێشکه‌وتوودا رۆلێ دادگا و مسۆگه‌ریی دڵنیایی داد له‌به‌رچاو ده‌گیرێت، به‌مجۆره دادگا له پێشێلی مافی که‌س یا دیارده‌ی راسیزم ده‌پێچێته‌وه، ئه‌گه‌ر سکاڵا تۆمار بکرێت. به‌کورتی ئازادی ده‌ربرین ئه‌وه‌یه خه‌ڵکی مافی ده‌ربڕینی بیروباوه‌ری خۆی له‌سه‌ر بابه‌ته جیاجیاکان ئازادانه هه‌یه. ئازادی ده‌ربرین له‌وه ناپێچێته‌وه گۆتن چه‌ند راسته یا چه‌وته.
له کۆتاییدا هه‌ر داموده‌زگایه‌ک یا هه‌ر که‌سێک له هه‌ر داموده‌زگا و دامه‌زراوێکی گشتی، جیا له ئه‌رکی پێ‌سپێردراوی خۆی، ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که له‌سه‌روه‌دا ئاماژه‌یان بۆ کرا له که‌ناڵه دامه‌زراوییه گشتیه‌کان بدات، ده‌سه‌ڵاتی خۆی خراپبهکاردههێنێت، پێشێلی ئازادی مرۆڤ ده‌کات، هه‌وڵی به‌عه‌ره‌بکردن ده‌دات و په‌ره به کۆنه‌پارێزی، داخراوی و دژه‌ئازادی ده‌دات. وه‌کو بۆنمونه مامۆستای خوێندگه‌کان له هه‌ر ئاستێک‌دا بێت، یا فه‌رمانبه‌رێک له هه‌ر داموده‌زگایه‌کدا بێت. که ده‌سه‌ڵات چاوپۆشی له‌و دیاردانه ده‌کات یا پشتگیری له‌و دیاردانه ده‌کات، به‌رپرسیاری ده‌که‌وێته ئه‌ستۆ، ئه‌ویش به‌مجۆره ده‌سه‌ڵاتی خراپبهکاردههێنێت، پێشێلی مافی ئازادی که‌س ده‌کات، پێشێلی پره‌نسیپه‌کانی ئازادی، بێلایه‌نی و یه‌کسانی سه‌باره‌ت به بیروباوه‌ره‌کان ده‌کات.
شاخه‌وان شۆڕش
2008.7.18
[1] مه‌سعود بارزانی له ڕێککه‌وتی 8. مای 2007 دا له پارله‌مانی ئه‌وروپا گوتی: “ده‌بێ ئایین له ده‌وڵه‌ت جیابکرێته‌وه، ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین پشتیوانی له پێکهاتنی پلاتفۆرمێکی بنه‌مایی و نوێ که هێزه مۆدێرنه لیبرال دیموکراته‌کان و ئایینیه‌کان به ڕیکوپێکی کار بکه‌ن.”
[2] سه‌یری په‌یماننامه‌که بکه http://en.wikipedia.org/wiki/Universal_Declaration_of_Human_Rights
سەرنج بنێرە