له‌یادی 28 ساله‌ی کۆچی دوایی قادر شۆڕشدا: چه‌ند وشه‌یه‌ک بۆ تێکۆشه‌رێکی له‌بیرکراو

ئه‌و خه‌باتی بۆ ئه‌وه‌ نه‌کرد پاداشت وه‌رگرێ یا ببێته‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌، ئه‌و خه‌باتی به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ده‌زانی و تێکۆشین رێگه‌یه‌ک بوو خۆی هه‌ڵیبژاردبوو. ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ ماوه‌ی ژیانیدا تۆماریکرد، وێنه‌ی که‌سایه‌تیه‌کی ماندونه‌ناس‌ له‌ مێژووی کاروانی خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌که‌ن. ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌ توانایدابوو کردی، به‌مجۆره‌ ویژدانی خۆی ئاسووده‌ کرد، ئه‌وه‌ش لای ئه‌و گرنگ بوو. 

 

28 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئاقاری ئاریانه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی ریخۆڵه‌کوێره قادر شۆڕش بۆ دواجار چاوی لێکنا. به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م چه‌ند وشه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به‌م مرۆڤه‌ لێره‌دا بنووسم.

قادر شۆڕش له‌ ساڵی 1924 دا له‌گوندی قه‌راسنج بۆ یه‌که‌مجار چاوی به ‌سروشتی جوانی خۆشناوه‌تی و بناری سه‌فین هه‌ڵێنا. دوای گه‌شتێکی دوورودرێژی سه‌رکه‌شانه‌ که‌ ته‌ژی بوو له برسیه‌تی و نه‌بوونی،‌ جۆتیاری و کرێکاری، سه‌ربازی و فه‌رمانبه‌ری، ده‌ربه‌ده‌ری و دووره‌وڵاتی، زیندانیبوون‌، ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی، دووری له‌مالومنداڵ و که‌سوکار، پێشمه‌رگایه‌تی و خه‌باتی بێپسانه‌وه‌ی کوردایه‌تی، له‌ئاقاری ئاریانه‌ زۆر دوورنا له‌گوندی قه‌راسنج، له‌باوه‌شی سروشتی جوانی خۆشناوه‌تی له‌ژێر ره‌شماڵی ماڵه ‌ره‌وه‌ندێک له‌ 11ی ژونی ساڵی 1983 دا بۆ دواجار چاوی لێکنا. 

قادر شۆرش له‌ڕیگه‌ی خه‌باتگێره‌ گریکه‌کانی ولاتی قوبرس له‌چه‌وسانه‌وه ‌و ژێرده‌سته‌یی نه‌ته‌وه‌ی کورد گه‌یشت، به‌هاندانی ئه‌وان بیری کوردایه‌تی و خه‌بات بۆ رزگاری کوردستان تێکه‌ڵی بیری رزگاریخوازانه‌ی ئه‌و بوو، بۆیه‌ هه‌ر که ‌له ‌کۆتایی ساڵی 1945 دا دورگه‌ی قوبرسی جێهێشت خولیای خه‌بات له‌ بیری ئه‌و مرۆڤه‌دا ده‌ستی به‌ جووله‌ کرد. له‌بیره‌وه‌ریه‌کانیدا له‌لاپه‌ره ‌20 دا ده‌نوسێ: “به‌کاتی 4ی ئێواره ‌له‌ شاره ‌جوان و سه‌رنجراکێشه‌که‌ی فامه‌گۆسته ‌چووینه‌ناو گه‌مێ و به‌رێکه‌وتین، شه‌پۆله ‌سپیه‌کانی ده‌ریا و دیمه‌نی زه‌ردی خۆرئاوای سه‌ر لوتکه‌ی چیا دڵرفێنه‌که‌، هاوکات له‌گه‌ڵ شه‌ماڵی پاک و بێگه‌ردی ئه‌و ناوه‌ که‌به‌ره‌و ئاسۆی ره‌نگینی ئێواره‌ی دوورگه‌ خنجیلانه‌که‌ی سایپرس ده‌چوو، له‌گه‌ڵ یه‌کتر تێکه‌ڵاو ده‌بوون، سه‌دان بیره‌وه‌ری و بیری داهاتووی خۆم و ولاتی کوردستانی چه‌وساوه‌م ده‌هاته‌میشک”.

قادر شۆڕش له‌ کۆتایی ساڵی 1946 دا په‌یوه‌ندی به‌ رێکخستنه‌کانی پارتی دیموکراتی کورد ده‌کات، له‌ شاری هه‌ولێر یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی له‌ نیوه‌ی دووه‌می چله‌کان و په‌نجاکاندا وه‌کو شۆڕگێره‌کانی شار و ده‌وروبه‌ری شار سه‌یر ده‌کران و رۆڵیان له‌ هوشیارکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک له‌ شار و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر هه‌بووه‌. سه‌ره‌تای کاروانی خه‌باتی‌ به‌ رێکخستن، هوشیارکردنه‌وه‌ و خۆپیشاندان ده‌ستی پێکرد. زۆری نه‌برد له‌سه‌ر کوردایه‌تی بۆ یه‌که‌مجار له‌ ساڵی 1954 که‌وته‌ زیندانی که‌رکوک، دواتر زیندانی باقوبه‌، پاشان به‌ندینخانه‌ی به‌غدا تا له‌ساڵی 1956 ئازاد بوو و گه‌رایه‌وه‌ هه‌ولێر. له‌ ته‌ک خه‌باتی نهێنیدا له‌ کۆتایی ساڵی 1958 دا کتێبخانه‌ی شۆڕش داده‌مه‌زرێنێ که‌ شوێنێکی گرنگی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی رێکخستن بوو. قادر شۆڕش له‌ ناوی ئه‌م کتێبخانه‌یه‌وه‌ ئه‌م نازنا‌وه‌ی شۆڕشی له‌لایه‌ن هاورێکانیه‌وه‌ پێدرا. له‌ سه‌ره‌تای هه‌لگیرسانی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری ئه‌یلول له‌ سێپته‌مه‌به‌ری ساڵی 1961 دا له‌ کاتی به‌شداری له‌ چاڵاکیه‌کدا له‌گه‌ڵ زۆر که‌سی چاڵاکی دیکه‌دا لایه‌ن رژێمه‌وه‌ ده‌ستگیرده‌کرێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک زیندانی دیکه‌ ره‌وانه‌ی زیندانی به‌سرا ده‌کرێت. دوای چه‌ند مانگێک ئازاد ده‌کرێت و ده‌گه‌رێته‌وه‌ هه‌ولێر. ده‌ست به‌ خه‌باتی نهینی ده‌کاته‌وه‌. له‌ شه‌وێکی مانگی مای ساڵی 1962دا له‌ کاتی چاڵاکیه‌کدا له‌ گه‌ره‌کی ته‌یراوه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسه‌کانی ئه‌من ده‌ستگیر ده‌کرێت. پاشان براکه‌ی یه‌حیا حه‌مه‌د ده‌ستگیر ده‌کرێت و به‌ کوشتنی ئه‌و ئه‌منه‌ی که‌ ده‌ستی له‌ گرتنی قادر شؤرش هه‌بوو تاوانبار ده‌کرێت و بێتاوان بیست ساڵ زیندانی بۆ ده‌بردرێته‌وه‌. قادر شۆڕش له‌ دوای کوده‌تای ئه‌فسه‌ر و به‌عسیه‌کان له‌ ساڵی 1963 دا ئازاد ده‌کرێت.  له‌ ساڵی 1964 دا له‌ کاتی دووبه‌ره‌کیه‌که‌ی نێوان مه‌کته‌بی سیاسی و مه‌لا مسته‌فا بارزانیدا، ئه‌و له‌گه‌ڵ زۆر له‌ کادیره‌کانی رێکخستن لای مه‌کته‌بی سیاسی ده‌گرێت. دوای ڕێککه‌وتنه‌وه‌ی هه‌ردولا له‌ ساڵی 1965دا، ئه‌و ده‌چێته‌ شاخ و له‌ هێزی سه‌فیندا ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌. پاشان له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی پارتیه‌وه‌‌ ده‌ستگیر ده‌کرێت و ره‌وانه‌ی زیندانی گه‌ڵاڵه‌ ده‌کرێت. له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی پارتیه‌وه‌ بریاری کوشتنی بۆ ده‌رده‌کرێت. به‌هۆی یارمه‌تی هه‌ندێ له‌ هاورێکانی له‌ کوشتن رزگاری ده‌بێ و دوای 9 مانگ زیندانی ئازاد ده‌کرێت. دوای ئازادبوونی که‌ له‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو باڵه‌که‌ی پارتی نائومێد ده‌بێ، بۆ ماوه‌یه‌ک بێلایه‌ن داده‌نیشێت. له‌م ماوه‌یه‌دا مه‌ترسی کوشتنی له‌ هه‌ردوولاوه‌ له‌سه‌ر دروست ده‌بێت و به‌ کردوه‌ش هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌درێت.  له‌ ساڵی 1967 دا  وه‌کو کادیر و ئه‌ندامی ناوچه‌ ده‌ست به‌ خه‌بات ده‌کاته‌وه. له‌م کاته‌وه‌ وه‌کو به‌رپرسی ناوچه‌ی کۆیه‌ له‌ ساڵی 1970 و به‌رپرسی ناوچه‌ی شه‌قڵاوه‌ له‌ ساڵی 1974 دا تا هه‌ره‌سی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری ئه‌یلول له‌ مارسی 1975 دا، له‌ ریزه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ده‌مێنێته‌وه‌.

قادر شۆڕش وه‌کو زۆری دیکه‌ تێکچوونی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری کورد به‌ هه‌ڵه‌ی سه‌رکردایه‌تی پارتی و به‌تایبه‌تی مه‌لا مسته‌فا بارزانی ده‌زانێ. ئه‌و دژی وه‌ستاندنی بزوتنه‌وه‌ی چه‌کداری بووه‌.‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێ کادیری دیکه‌ بڕیاری گه‌رانه‌وه‌ بۆ شار و ده‌ستکردنه‌وه‌ به‌ خه‌بات له‌ ریزی رێکخراوێکی نوێدا ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ دروستبوونی بزوتنه‌وه‌ی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 1976 دا له‌ ریزه‌کانی ئه‌م رێکخراوه‌ نوێیه‌دا ده‌ست به‌کاری رامیاری ده‌کاته‌وه‌‌. هاوکات له‌گه‌ڵ کرێکاری و به‌ردشکاندن درێژه‌ به‌ خه‌باتی نهێنی ده‌دات، تا له‌ به‌هاری ساڵی 1979 دا له‌ دوای شونبزربوونی عه‌لی هه‌ژار و کاردۆ گه‌ڵالی، ده‌رباز ده‌بێ و ده‌چێته‌ شاخ. له‌ کۆنگره‌ی یه‌که‌می حزبی سسۆسیالستی کوردستان دا که‌ له‌ ساڵی 1981 د به‌سترا، به‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی سۆسیالست هه‌لده‌بژێردرێت، ده‌کرێته‌ به‌رپرسی لقی هه‌ولێر. له‌ ناوچه‌ی باڵه‌کایه‌تی، به‌رانه‌تی، خۆشناوه‌تی، ده‌شتی کۆیه‌ و هه‌ولێردا دوا ساڵه‌کانی ته‌مه‌نی خه‌باتی له‌ ریزه‌کانی پێشمه‌رگه‌دا ساده‌ و ساکار به‌سه‌ر ده‌بات. له‌م کاته‌ی ئه‌و به‌رپرسی لقی هه‌ولێر بوو، حزبی سۆسیالست ‌هێزێکی گه‌وره‌ و چاڵاکی له‌سه‌ر ئاستی هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ریدا هه‌بوو.

دوژمن نه‌یتوانی شکستیان پێبهێنێ، به‌ڵام شه‌ری ناوخۆی کوردکوژی زیانی کوشنده‌ی پێگه‌یاندن. کاره‌ساتی شه‌ری ناوخۆ و کوشتی گه‌لێ له‌ هاورێکانی به‌ده‌ستی کورد زۆر ئازاریاندا، کاریگه‌ریان له‌سه‌ر ته‌ندروسی و باری ده‌رونی ئه‌و زۆر کرد. به‌داخه‌وه‌ که‌ چاوی لێکنا باشوری کوردستان خلتانی خوێنی شه‌ڕی براکوژی بوو له‌ نیوان هێزکانی به‌ره‌ی جود و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستاندا.

قادر شۆڕش که‌سایه‌تیه‌کی خۆشه‌ویستی ناو پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵک بوو، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌ناسن و له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵی ژیان باشتر ده‌توانن له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ئه‌و بدوێن.

ئه‌وه‌ی لێره‌دا گوتم، ته‌نها چاوخشاندنێکی خێرا بوو به‌سه‌ر گه‌لێ له‌ خاڵه‌ گرنگه‌کانی مێژووی خه‌باتی که‌سایه‌تیه‌ک‌ که‌ ئێستا لای ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوری کوردستان له‌بیرکراوه‌. قادر شۆڕش پێی وابوو نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌ی کورد شایانی ئه‌وه‌یه‌ خه‌باتی بۆ بکرێت و ده‌بێ وه‌کو گه‌لانی دی ئازاد بێت، بۆیه‌ ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی هه‌ڵبژارد و تا دوا هه‌ناسه‌ وازی له‌ تێکۆشان نه‌هێنا. ئه‌و خه‌باتی بۆ ئه‌وه‌ نه‌کرد پاداشت وه‌رگرێ یا ببێته‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌، ئه‌و خه‌باتی به‌ ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی ده‌زانی و تێکۆشین رێگه‌یه‌ک بوو خۆی هه‌ڵیبژاردبوو. ئه‌وه‌ی ئه‌و له‌ ماوه‌ی ژیانیدا تۆماریکرد، وێنه‌ی که‌سایه‌تیه‌کی ماندونه‌ناس‌ له‌ مێژووی کاروانی خه‌باتی رزگاریخوازی خه‌ڵکی کوردستاندا ده‌که‌ن. ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌ توانایدابوو کردی، به‌مجۆره‌ ویژدانی خۆی ئاسووده‌ کرد، ئه‌وه‌ش لای ئه‌و گرنگ بوو.

 

- بۆ خوێندنه‌وه‌ی ژیان و بیره‌وه‌ریه‌کانی قادر شۆڕش سه‌یری مالپه‌ری تایبه‌تی قادر شۆڕش بکه‌: http://kadirshorsh.com/KadirShorsh.htm