ڕێککەوتنی هەسەدە و ڕژێمی سوریا و نیگەرانیەکان

Deprecated: Using null as an array offset is deprecated, use an empty string instead in /customers/c/6/0/c8y170zcu/webroots/www/wordpress/wp-includes/class-wp-block-type-registry.php on line 168 Deprecated: Using null as an array offset is deprecated, use an empty string instead in /customers/c/6/0/c8y170zcu/webroots/www/wordpress/wp-includes/class-wp-block-type-registry.php on line 168 Deprecated: Using null as an array offset is deprecated, use an empty string instead in /customers/c/6/0/c8y170zcu/webroots/www/wordpress/wp-includes/class-wp-block-type-registry.php on line 168 Deprecated: Using null as an array offset is deprecated, use an empty string instead in /customers/c/6/0/c8y170zcu/webroots/www/wordpress/wp-includes/class-wp-block-type-registry.php on line 168 Deprecated: Using null as an array offset is deprecated, use an empty string instead in /customers/c/6/0/c8y170zcu/webroots/www/wordpress/wp-includes/class-wp-block-type-registry.php on line 168 Deprecated: Using null as an array offset is deprecated, use an empty string instead in /customers/c/6/0/c8y170zcu/webroots/www/wordpress/wp-includes/class-wp-block-type-registry.php on line 168 Deprecated: Using null as an array offset is deprecated, use an empty string instead in /customers/c/6/0/c8y170zcu/webroots/www/wordpress/wp-includes/class-wp-block-type-registry.php on line 168

گەلەکۆمەکی تورکیا، سوریا، سعودیا و قەتەر لە ڕێگەی گروپە ئیسلامیە تووندڕەوەکانەوە کە ئێستا لەژێر ناوی سوپای سوریادا کۆکراونەتەوە هەموویان بەهزری نەتەوەیی ڕەگەزپەرستانە و ئیسلامیانەی تووندڕەو تەیاربوون و بۆ سەر ناوچە کوردیەکان شاڵاویان هێنا، بەمجۆرە دانیشتوانی ڕۆژئاڤای کوردستان کەوتنە بەردەم هەڕەشەی لەناوچوون. ئەو گەلەکۆمەکییە بە پشتگیریی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا لە ڕێگەی نوێنەرەکەیەوە تۆم باراک ئەنجام درا.

کوردەکان کە ببوونە قەڵغانی دژ بە تیرۆریستانی ئیسلامی داعش و بەرگرییان لە هەموو ڕۆژئاوا دەکرد، ئێستا پشتیان تێکرا و لە لایەن خودی بەڕێوەبەریی تڕامپەوە تیشکی سەوز بۆ لەناوبردنیان هەڵکرابوو. خەریک بوو ئەوەی ئەردۆگان دەیخواست بەتەواوی بێتەدی و کوردەکان لەم بەشەی کوردستاندا ڕاماڵدرێن. بەرلەوە گەلەکۆمەکی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسود لە شاری حەلەبدا دژ بە هێزەکانی هەسەدە و کوردەکان ئەنجام درا، لە کاتی کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە ژمارەیەک تاوان و کۆمەڵکوژیی لە لایەن تاوانکارانی سەر بە سوپای سوریاوە ئەنجام دران.

کاتێ سەرۆکی هێزەکانی سوریای دیموکرات ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی ڕەتی خۆبەدەستەوەدان و داواکاریی تۆم باراکی کردەوە و گوتی تا دوا فیشەک شەڕ دەکەین و بەرگریی لە رۆژئاڤا دەکەین، وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە ڕوویدا. کوردەکان لە کوردستان و ڕۆژئاوا و زۆر لە وڵاتانی جیهان یەک دەنگ و یەکگرتووانە ڕژانە سەرشەقامەکان و داوای بەرگریی و پارێزگارییان لە گەلی کورد لە ڕۆژئاڤا کرد. لە سیناتی ئەمەریکا لینسی گراهام و ڕیتچارد بلەنتال هەستیان بە بەرپرسیاریی کرد و بەپێویستیان زانی کارێ بکەن ئەو هێرشەی سوریا ڕابگرن. هەروەها لە پەرلەمانەکانی وڵاتانی ئەوڕوپادا، سەرۆکی فەڕەنسا و بەرپرسانی دیکەی ئەوڕوپی نیگەرانی خۆیان دەربڕیی و داوای وەستاندنی شەڕ دژ بە کوردەکان و ڕێککەوتنیان کرد. گوشارەکان وایانکرد تۆم باراک و جۆلانی نەرمبنوێنن و ئاراستەی جۆرێک لە ڕێککەوتن بگرنەبەر. لەژێر ئەو گوشارە دەروونی و پڕ لە هەڕەشەیەدا ڕێککەوتنێک لە نێوان سەرکردایەتی هەسەدە و ڕژێمی سوریا لە ٢٩/١/٢٠٢٦دا کرا.

ڕێککەوتنەکە چی دەگرێتەخۆی؟
قۆناغی یەکەم: وەستاندنی شەڕ لە هەموو بەرەکاندا، کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلی بۆ سەربازگەیەکی دیارکراو، لەبەرامبەردا کشانەوەی سوپای سوریا بۆ شاری شەدادی لە خوارووی شاری حەسەکەدا. فیرقەیەکی سوپای سوریا بۆ حەسەکە تەرخان دەکرێت، هێزەکانی هەسەدە سێ لیوا لەم هێزەدا پێکدەهێنن. ئەم هێزەی کۆبانی دەکرێتە لیوایەک لە فیرقەی پارێزگای حەلەبدا.
قۆناغی دووهەم: دامەزراوە بەرێوەبەریی و ئاسایشیەکان: هێزی ئاسایشی سوریا بە شێوەیەکی سیمبۆلی دەچنە نێو شاری حەسەکە و قامیشلی، هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە دەکرێنە بەشێک لە هێزی ئاسایشی وەزارەتی ناوخۆ.  پارێزگاری حەسەکە لەلایەن هەسەدەوە دیار دەکرێت، بەڕێوەبەری ئاسایش لەلایەن حکومەتی سوریاوە دیار دەکرێت. جێگری وەزارەتی بەرگریی لەلایەن هەسەدەوە دیار دەکرێت.
قۆناغی سێهەم: وەرگرتنەوەی دامەزراوە لۆجیستیەکان گرنگەکان. وەزارەتی وزە هەردوو سەچاوە نەوتیەکانی ڕمەیلان و سوەیدا وەردەگرێتەوە. کارمەندەکان لەوێ دادەمەزرێنەوە. فڕگەی قامیشلی دەدرێتە بەڕێوەبەری سڤیلی هاتوچۆی ئاسمانی.
قۆناغی چوارەم: خاڵە سنووریەکانی سمێلکا و نوسەیبین دەدرێتەوە بەڕیوەبەرایەتی گشتی خاڵە سنووریەکان، کارمەندە سڤیلەکان لەوێ دادەمەزرێنەوە.
هەموو دامەزراوە سڤیلەکان لە پارێزگای حەسەکەدا دەخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا. دامەزراوەکانی خۆسەریی ڕۆژئاڤا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت تێکەڵدەکرێن یا دەگونجێندرێن.  کارمەندەکان مافی خۆیان بەپارێزراوی دەمێنێتەوە.
قەدەغەکردنی چوونی هێزی سەربازیی بۆ ناو شار و لادێکان لە ناوچە کوردیەکاندا.
دانپێنان بە بەڵگەنامەکانی قۆناغەکانی خوێندن لە سەرەتاییەوە بۆ ئاستی زانستگە و خوێندگە پیشەییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتی خۆسەریەوە دەرچووە.
مۆڵەتدان بە هەموو دامەزراوە سڤیل و کەلتوری و ڕاگەیاندنەکان “بەپێی ڕێساکانی وەزارەتی وابەستە”.
چارەسەری مەلەفی پەروەردەیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە پەروەردەییەکان.
گەرەنتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ گوند و شارەکان (عەفرین، شێخ مەقسود، سەرێ کانی) وە دامەزراندنی بەڕێوەبەریی ناوچەیی لەو شوێنانە لە میانەی لاشەی بەڕێوەبەریی سڤیلدا.

لەم ڕێککەوتنەدا هەرێمی خۆسەریی هەڵوەشایەوە و دامودەزگاکانی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەستدارەکان یەکدەخرێن. بەڵام ئەوەی کورد لەو ڕێککەوتنە لە دەستیدا مایەوە و وەکو خاڵی ئەرێنی دەبیندرێن، یەکەم لە کۆمەڵکوژیی و وێرانبوونی وڵات ڕزگاریی بوو و کاتی داهاتووی بۆ هەنگاوی داهاتوو دەستکەوت. دووهەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی بۆ جێگە و ماڵی خۆیان لە عەفرین و کۆبانێ و شێخ مەقسود و گوندەکاندا. سێهەم هێزەکانی ئاسایش و بەرگریی دەمێننەوە. چوارەم هێزی سەربازیی ڕژێم بۆ گوند و شارەکانی کوردستان ناچن. پێنجەم دامەزراوە سڤیل و کەلتوریی و میدیاییەکان دانیان پێدەنرێت. شەشەم ڕێگەدان بە خوێندن و پەروەردە بە کوردی، ئەگەر مەبەست لە “معالجە” ڕێگەدان بێت.

ئامانجی تورکیا ئەوەبوو خۆسەریی ڕۆژئاڤا نەمێنێت و هیچ هێزێکی سەر بە خۆسەریش نەمێنێت، وەکو کەمینە دان بە هیچ مافێکی کوردەکان نەندرێت. بەڵام ئەوەی تورکیا بۆی چوو دەستی نەکەوت، هێزەکانی یەپەگە و ئەوانی دی ماون و دەمێننەوە، تەنها ناویان دەگۆڕێت. مافی کەلتوریی و پەروەردەیی و سڤیلی کوردەکان پەسندکراون، ڕەتی بوونی ناوچەی کوردی ناکرێتەوە. ئەم دەرئەنجامە بە دڵی ڕژێـمی ئیسلامی سوریاش نییە، وەکو ڕژێمی نوێی سوریا ڕژێمێکی نەتەوەیی ئیسلامیە کە نە مافی کەمینە دەناسێت نە پەسندی ئایدۆلۆژیای ئازاد و یەکسان و مرۆڤ دۆست دەکات. لەبیرمان نەچێت لە سەردەمی ڕژێمی ئەسەددا کوردەکان هیچ مافێکیان نەبوو و ڕەتی بوونی ناوچەی کوردی لە سوریادا دەکرایەوە.

بەهۆی ئەو جیاوازییە گەورەیەی لە نێوان کورد و ڕژێمی نوێی سوریاوە هەیە ئاستەنگ و کێشەکان لەم ڕێککەوتنەدا زۆرن، بۆیە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە ئاسان نییە. لە لایەنی سەربازیی و ئاسایشەوە تا چەند دەکرێ ئەو هێزانەی کە تا دوێنێ دوژمنی یەک بوون و لە ئایدۆلۆژیادا دژ بە یەکن لە یەک چوارچێوەی سەربازیدا یەکخرێن. لە لایەنی سڤیل و کەلتوری و پەروەردەییەوە دووبارە کێشە و ئاستەنگ دەبیندرێن ئەگەر وەزارەتەکان دەست بخەنە ناو کاروباری کوردەکانەوە. نووسراوە دامەزراوە سڤیل و کەلتوری و میدیاییەکان دانیان پێدەنرێت، بەڵام بەپێی ڕیسا و یاساکانی وەزارەتە پەیوەستدارەکان کە نازانین مەبەست لەوە چییە و چۆن و تا چەند ڕێگە بە ئازادیی ئەو دامەزراوانە دەدرێت، لەکاتێكدا وەزارەتەکانی ڕژێم کۆنەپەرست و نەتەوەیی و ئیسلامین. هەروەها مەبەست لە چارەسەری مەلەفی پەروەردەیی لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە هاوکاریی وەزارەتی پەروەردە چی دەگەیەنێت، لە کاتێکدا وەزارەتی پەروەردەی سوریا وابەستەی پرەنسیبە نەتەوەیی و ئیسلامیەکانە. دۆسیەی پەروەردەی ناوچە کوردیەکان کێشەی نییە تاکو چارەسەر بکرێت، بەڵام بێگومان بۆ دەسەڵاتی ناوەند کێشەیە کە پەروەردە بنچینە لەسەر ئازادی ژنان و مافەکانی مرۆڤ و ژینگەپارێزی دەگرێت و بۆ بنەما کۆنەپارێزەکانی ئیسلام ناگەڕێتەوە.

بەهۆی گوشارە دەرەکیەکان کە لەلایەن بەتایبەتی فەرەنسا و هەندێ لە وڵاتە ئەوروپیەکانەوە دەکرێت، هەروەها کاریگەریی هەندێ لە سیناتۆر و کۆنگرێسمانە دۆستەکان لە ئەمەریکا دەکرێ ببێتەهۆی ئەوەی ڕژێمی سوریا سنووری بۆ دابندرێت و دەست لە کاروباری ناوخۆیی کوردەکان وەرنەدات. بەدەستهێنانی جۆرە ئازادیەکی ناوخۆیی پێگەیەکی زیندوو بە کوردەکان و کەمینەکانی ڕۆژئاڤا دەبەخشێت کە ئەگەری باشترکردن و گەشەپێدانی بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

بەڵام لە لاکەی دیکەدا هەڕەشەکانی سەر ڕۆژئاڤا کۆتاییان نەهاتووە، تورکیا بوونی هێزی کوردی و جۆرێک لە مافی کەمینەی نەتەوەیی بە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەبینێت، هەروەها ئیسلامیەکانی سوریا کە ئێستا لە دەسەڵاتدان لە بنچینەدا وەکو کافر لە کورد دەڕوانن و وەکو دوژمن سەیریان دەکەن، هەردوولا لە دەرفەتێک دەگەڕێن ئەم ئاگربەست و ڕێککەوتنە هەڵبووەشێتەوە و دەرفەتی ئەوەیان دەستکەوێت هێرشی ڕاماڵین و نەهێشتنی هێز و دامەزراوە کوردیەکان بکەن، بەمجۆرە بگەن بە ئامانجی هەمیشەیی ناسیونالیستی و ئیسلامیانەیان.

لە بارێکدا کە هەڕەشەکان هەن گرنگە بەرپرسانی کورد لە ڕۆژئاڤا بە وریاییەکی زۆرەوە سەیری هەنگاوەکانی ڕژێمەکانی تورکیا و سوریا بکەن و ئامادەیی بەرەنگاربوونەوەیان هەبێت. یەکدەنگی و یەک ستراتیژیی ناوخۆیی گرنگن. هەروەها لە ئاستی دیپلۆماسیدا بێ پسانەوە کار بۆ بەدەستهێنان و مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کورد لە ڕۆژئاڤادا بکەن. کورد لە کاری دیپلۆماسیدا لاوازە، پێویستە هەوڵەکان لەم بوارەدا چڕ بکرێنەوە و بە ڕشتی کار بۆ گەیشتن بە شوێنەکانی بڕیاردان بکرێت و کاریگەریی دروستکەن.

شاخەوان قادر شۆڕش

٦/٢/٢٠٢٦