خارە سەید کاکە بە سەربەزریی سەری نایەوە
لە کاتی هەرەسی خەباتی چەکداریی ئەیلول لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥دا، یەکێ لە فەرماندە سەربازییە دیارەکان بوو کە دژی وەستاندنی شەڕ بوو و بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی نەغەدە و مەهاباد لەگەڵ کادیر و فەرماندە ناڕازیەکاندا وەکو دکتۆر خالید و عەلی عەسکەری، عەلی هەژار، سەید سەلیم، قادر شۆڕش، مەلا ناسیح، ڕەحمان گۆمەشینی، سەید مەجید و زۆری دیکە کردووە. سەید کاکە بەهیوای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی (شۆڕش) دەگەڕێتەوە ئێراق و بە خۆی منداڵەکانی بۆ شاری ڕومادی دوور دەخرێنەوە.
سەید کاکە ئەو مرۆڤە بوو کە لە هەڕەتی لاویدا دژی زوڵم و زۆری ئاغاکانی دەشتی هەولێر وەستایەوە و گوتی “سوغرە بۆ ئاغا ناکەم!” چەند جارێک ئاغا لە گوند دەری کردن. سەید کاکە هەر لەسەر ئەو دژایەتیەی ئاغاکان بەردەوام بوو ئەوەبوو دواتر لەگەڵ ڕاپەڕینی جوتیاران لە دژی ئاغاکاندا ئەوان دەستەیەکی چەکداریان بۆ لێدانی ئاغاکان و دارودەستەکانیان بە ناوی یاخی سوور لە سەرەتای پەنجاکاندا دروستکرد و هێرشیان دەکردە سەر ماڵە ئاغاکان و دارودەستەکانیان.
لە ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ ئەو هێزەدا بوو کە ڕێگەی کەرکوک و هەولێریان گرت و کە لەلایەکیتر لەلایەن هێزێکی دیکەوە ڕێگەی هەولێر موسڵ گیرا. زۆر لە ئەندامە کۆنەکانی ئەوسای پارتی بەشدارییان لەو چاڵاکیەدا هەبوو.
لە ساڵی ١٩٦٣ دا فەرماندەیەکی دیاری ئەو شەڕانە بوو کە دژی حەڕەس قەومیە شۆڤینیەکان لە دەشتی هەولێردا ئەنجام دران. لە شەڕەکاندا دەیان جاش و حەڕەس قەومیان کوشتووە.
لە سەرهەڵدانی دووبەرەکیەکەی جەلالی و مەلایی لە ٦٤دا ئەو لەگەڵ باڵی مەلایی دەمێنێتەوە. ئەویش لە شەڕ و ململانێی بارزانی و تاڵەبانی دەئاڵێندرێ و شانسی هەبووە نەبۆتە سوتەمەنی ئەو ململانێیە.
سەید کاکە شان بە شانی فەرماندەی کۆچکردوو فارس باوە ئەو دوو فەرماندە دیارەی دەشتی هەولێر بوون کە لە زۆرترین شەڕەکاندا بەشدای کاریگەریان هەبوو و لە زۆربەیاندا سەرکەتوو بوون. سەید کاکە لە سەرەتای خەباتی چەکداریی ئەیلولدا لە سەرپەلیەوە بۆ سەرلقی و دوایی لە کۆتاییدا بۆتە فەرماندەی بەتالیۆن، لە دەیان شەڕدا وەکو فەرماندە بەشداری کردووە.
لە کاتی هەرەسی خەباتی چەکداریی ئەیلول لە بەهاری ساڵی ١٩٧٥دا، یەکێ لە فەرماندە سەربازییە دیارەکان بوو کە دژی وەستاندنی شەڕ بوو و بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی نەغەدە و مەهاباد لەگەڵ کادیر و فەرماندە ناڕازیەکاندا وەکو دکتۆر خالید و عەلی عەسکەری، عەلی هەژار، قادر شۆڕش، مەلا ناسیح، ڕەحمان گۆمەشینی، سەید مەجید و زۆری دیکە کردووە. سەید کاکە بەهیوای دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداریی (شۆڕش) دەگەڕێتەوە ئێراق و بە خۆی منداڵەکانی بۆ شاری ڕومادی دوور دەخرێنەوە.
لە بەغدا پەیوەندی بە دکتۆر خالید و سەعدی گچکە هەبووە و پەیوەندیشی لەگەڵ فارس باوە هەر هەبووە. سەید کاکە بڕیاری داوە چیتر ژێردەستەیی قبووڵ نەکات و بچێتە دەرەوە. بەڵام فارس باوەی برادەری نەیوویستووە بچێتە دەرەوە چونکە پێیوابووە دووبارە “جەلالی و مەلاییەکە” دروست دەبێتەوە.
بزوتنەوەی سۆسیالستی کوردستان لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٦دا لە بەغدا دادەمەزریت، بەشدارانی کۆبوونەوەکە سەیدا ساڵح یوسفی، رەسول مامەند، تایەر عەلی والی، مەلا ناسیح، عەلی هەژار و نورەدین عەبدوڵڕەحمان دەبن. سەید کاکە زوو پێیان دەڵێت ئەو ڕێکخستنی پێ ناکرێت و دەیهەوێ بۆ خەباتی چەکداریی بچێتەوە شاخ. کە بەیانی بزوتنەوە لە ٨ی ئابی ١٩٧٦دا دەردەچێت ژمارەیەک لەوان لەوانە دکتۆر خالید، تایەرعەلی والی، عەلی عەسکەری، عومەر دەبابە، سەید کاکە، سەعدی گچکە، ڕەسول مامەند، قادر عەزیز و یاسین قادر دەچنە شاخ. سەید کاکە لەگەڵ سەعدی گچکە، قادر عەزیز و یاسین قادر بەیەکەوە لە هەولێرەوە بۆ چیای ئاوەگرد دەردەچن.
سەید کاکە دژی هەڵگیرسانەوەی دووبەرەکی جەلالی و مەلایی بووە، بەڵام کە دەچێتە دەرەوە ئەوسا مام جەلال کۆبوونەوەیەکی بە ڕەسول مامەند، دکتۆر خالید و عەلی عەسکەریی و ملازم تایەر و سەعدی گچکە کردووە، ڕازی کردوون کە وەکو “برابچوکێک” بە سکرتێری یەکێتی قبووڵی بکەن. دووبەرەکیەکەی نێوان یەکێتی و قیادەی موەقەتە وردە وردە دروست بۆتەوە. چونکە ئەوانەی کۆمەڵە و کۆنە جەلالیەکان دژایەتی بنەماڵەی بارزانیان کردووە و وە بەپێچەوانەوە. ئەوانەی بزوتنەوە ئەوەیان پێ خۆش نەبووە. بزوتنەوە و کۆمەڵە لەسەرەتاوە دوو سەر بوون بە زۆر خرابوونە ناو مەنجەڵی یەکێتیەوە. مام جەلال لایەنگیریی لە کۆمەڵە کردووە و ئەوەش بۆ سەرکردەکانی بزوتنەوە ئاسان نەبووە.
لە سەردەمەدا سەید کاکە دەکرێتە فەرماندەی هەرێمی سەفین، لە شەڕی دەشتێۆ ساڵی ١٩٧٨دا بەشداری کردووە، کە لە لایەن دوژمنەوە دەوریان دەگیرێت و فەرماندەی دەشتی هەولێر سەعدی گچکە و١٤ هاوڕێی گیانبەخت دەکەن و چوار پێشمەرگەش دەگیرێن و لە سێدارە دەدرێن.
لە کارەساتی هەکاری لە ساڵی ١٩٧٨دا بەشداری کردووە، هەرچەندە لەسەرەتاوە دژی ئەوە بووە بۆ چەک هێنان بچیتە سوریا، چونکە نەیوویستووە لە دەشتی هەولێر دووربکەوێتەوە و پێیوابووە بە مەبەست بوو. بەڵام لەلایەن سەرکردایەتی بزوتنەوە داوای لێکراوە بچێت. هەرچۆنی بێ بەدەردی سەری و زگی برسی دەگەنە ناوچەی “بازێ” کە لەلایەن قیادەی موەقەتەی پارتیەوە هێرشیان دەکرێتەسەر. بۆ؟ چونکە وایان تێگەیەندراوە کە ئەوانە “جەلالین و سەر بە سەدامن، هاتوون تاڵانتان دەکەن و منداڵتان دەبەن!” دەبێتە شەڕ و هێزەکان تووشی پەرتەوازەیی و لێکدابڕان دەبن. سەید کاکە لەگەڵ پێنج پێشمەرگە و دوو بریندار دادەبڕێن. دوایی خۆیان دەدنە دەست، لەلایەن خەڵکەکەوە جوێنیان پێ دەدرێ و بەردیان تێ دەگرن گوایە “جەلالی و پیاوی سەدامن”. دەیانبەن بۆ بارەگای سامی عەبدولڕەحمان کە سکرتێری قیادە بوو و خاوەنی بڕیار بووە. دواتر سەید کاکە لەگەڵ پێشمەرگەیەکیتر ڕادەکەن و دەرباز دەبن. هێزەکە ٨٠٠ کەس بووە نزیکەی هەمووی پێشمەرگەی بزوتنەوە بوون، ژمارەیەکی کەمی لێ دەرباز دەبێت ئەوەیتر یا دەکوژرێت یا بە دیل دەگیرێت، یا لە برسا دەمردن یا خۆیان دەدەنەوە دەست ڕژێم. لەگەڵ دکتۆر خالیددا زیاتر لە ١٢٠ پێشمەرگە کە نایانەوێ زیاتر شەڕ بکەن و خەڵکی سەر بە هۆزەکان بێهودە بکوژن، خۆیان دەدەنە دەست. ئەوانە هەموویا لەلایەن قیادەی موەقەتەوە گولەباران دەکرێن.
کاتێ لە ساڵی ١٩٧٩ بزوتنەوەی سۆسیالست لە نیمچەبەرەی یەکێتی دێنە دەر، سەید کاکە لەگەڵ بزوتنەوەدا دەبێت. مام جەلال ئەوەی بۆ هەزم ناکرێت و هەوڵی دژایەتی و لێدانی بزوتنەوە دەدات. چەند شەڕ و پێکدادانێک ڕوو دەدات، ئەو دژایەتیە و بوغزاندنە لە نێوانیاندا بەردەوام دەبێ هەرچەندە شەڕ و پێکدادانیش دەوەستێت. شەڕ و پێکدانان دووبارە دوای کوشتنی شیرکۆ شێخ عەلی لە ساڵی ١٩٨١ لەلایەن یەکێتیەوە، هەروەها دوای گرتنی کاکەسوور لە ساڵی ١٩٨٢ لەلایەن یەکێتیەوە، دەستپێدەکاتەوە. ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە و پێشمەرگە دەبنە سووتەمەنی ئەم شەڕە ناوخۆییانە.
لە داستانی سماقوڵی سەروچاوەدا لە زستانی ساڵی ١٩٧٩دا لە بەرەی سماقوڵی سەروچاوەدا بەشداریی شەڕەکەی کردووە و لە بەرەی ئەواندا سەرباز و ئەفسەرێکی زۆر لە گەری مارانی سماقوڵی سەروچاوە دەکەونە بۆسەی ئەوان و دەکوژرێن. لە بەرەی سماقوڵی گرتکیش بەهەمان شێوە لەلایەن عەوڵا سوور و شینەی بۆڵی زیانی زۆر بە دوژمن دەگەیەنن. ئەم داستانە بەخوێنی سەید سەلیم و شینەی بۆڵی دوو فەرماندەی ئازا نەخشێندرا.
لە ساڵی ١٩٨١ لە کۆنگرەی یەکەمی حزبی سۆسیالستدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت، دەکرێتە بەرپرسی مەکتەبی عەسکەری.
لە ساڵی ١٩٨٦ دا دوای ئاشتبوونەوە لەگەڵ یەکێتی، وەکو بەرپرسی لقی هەولێری سۆسیالست دەگەڕێتەوە ناوچەی خۆشناوەتی و دەشتی هەولێر.
دوای ڕاپەڕین سۆسیالست لەگەڵ پارتی گەل و پاسۆک یەکدەگرن و پارتی یەکگرتن پێک دەهێنن، بەڵام یەکگرتن هەڵبژاردندا سەرکەتوو نابێت، دوای ئەوە پارتەکە دەبێتە دوو بەش بەشێکیان بە سەرپەرشتی ڕەسول مامەند دەچنە ناو یەکێتی، بەشەکەی دیکە دەچنە ناو پارتی. سەید کاکە لەگەڵ ئەو لایەنە دەبێت کە دەچنە ناو پارتی. بەمجۆرە سۆسیالسیتەکان خۆیان مۆری لەناوچوونی ئەو حزبە دەکەن کە هەزاران کەس لە ڕیزەکانیدا گیانیان بەختکرد.
سەید کاکە لە شۆرشی گوڵان بەشدار نەبووە وەکو پارتیەکان بڵاوی دەکەنەوە، بەڵکو ئەو لەگەڵ بزوتنەوە و سۆسیالست بوو و دوور لە پارتی دەستی بە خەبات کردەوە.
ئەگەر بیرەوەریەکانی سەیدا کاکە بخوێنیەوە، کە من چاپی دووهەمم خوێندۆتەوە، ئەگەر تیبینی و ڕەخنەکانی لێ دەرکەین، ئەوا خوێنەر مێژوێکی دوورودرێژی پڕ لە جەربەزەیی و خەبات و شەڕ و شۆڕ دەخوێنێتەوە. جێگەی سەرسوڕمانە ئەو مرۆڤە لەم هەموو شەڕ و پێکدادانەدا بەشداریی هەبووە. سەید کاکە بە سادەیی ئاماژە بە باش و خراپ دەکات و ڕووداوەکان دەگیڕێتەوە. لە شەڕ شکا بێت دەنووسێت شکاین و هەڵاتین، سەرکەتوو بووبێت دەنووسێت سەرکەوتین. سەید کاکە قسەی دڵی خۆی دەکات و ڕەخنەکانی ناشارێتەوە. دەکرێ ئەو لە هەندێ هێرشی بۆ سەر هەندێک لە کادیر و فەرماندەکان ناهەق بێت چونکە تاوانبارکردنی بێ بنەما پەسند نییە، بەڵام ئەو بۆچوون و تێگەیشتنی خۆی ناشارێتەوە، ئەوەش وادەکات خوێنەر تێگەیشتنێک لەگەڵ ژینگەی ململانێکان پەیدا بکات.
سەید کاکە لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا گەلێ شەڕی دژ بە جاشەکانی ناوچەی دەشتی هەولێر و خۆشناوەتی وەکو حەمەی سابیر، شێمەی هاڕون، ئەنوەربەگی بێتواتە، قاسم ئاغای کۆیە، کانەبی چاوشین، عومەر سۆفی و ئەوانیتر کردووە. ئەو پێیوابووە کاتێ کورد ڕزگار بوو دەبێ ئەوانە سزا بدرێن. بەڵام ڕێک بە پێچەوانەی تێیەگیشتنی ئەو کەوتەوە. دیارە ئەو تاکە سەرکردەی حزبەکان بوو کە لە پەرلەمان هەڵسایەوە و دژی پشتگیری و بەرزکردنەوەی سەرۆکجاشەکانی وەکو ماڵی ئەنوەر بەگی بێتواتە وەستا و ڕەخنەی لە مەسعود بارزانی و پارتی گرت. ئەو لەسەر هەڵوێستەکانی پەڕاوێزخرا، بەڵام ئەو سەربەرزی هەڵبژارد. لە دوا دیداریدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی ئێ ئار تیدا، سەبارەت بە بێزاریی خەڵک لە پارتە دەسەڵاتدارەکان و ئەوانی دی، سەیدا کاکە زۆر ڕاشکاوانە دەڵێ، سەرۆکی هەرێم حزبیە خەرک نایەوێ… ئەگەر لە میللەتی کورد دەپرسی، میللەتی کورد ئەوەی حزبی بی نایەوێ، وە چاک حزبەکانی ناسیە وە چاک دەزانن پیاوی دوژمنی کوردن، وە چاک دەزانن ئەو خەرکەیان لە شاخی بەکوشتن دایە، وە چاک دەزانن ئەو کۆشک و تەلارانەیان دروست کردیە و میللەتیش وا دەمری لەبرسان… نەوشێروان لەگەڵ تاوانەکاندا بوو، ئەگەر پیاوەکی باش هەرستابا، خین لەو کوردستانەی هەرستابا جارەکی دی نەیاندەهێشت یەک حزب لەو کوردستانەی بی… ئەو میللەتە کو تفو نەعلەتی لە سەدامی دەکرد کە لە تەلەڤزیۆنی دەردەچوو، کە یەکەک لەوانە ل ەتەلەڤزیۆن دەردەچی هەموو تفو نەعلەتیان دەکەن…
گیانی خارە سەید کاکە شاد و ئارام بێت
سەرنج بنێرە