تاوانبارێکی ئەنفال لە وڵاتی هۆڵاند مرد بێئەوەی بەرەوڕووی دادوەری ببێتەوە

ئێمە گەواهی جوداکارین لە گرتن و دادگاییکردنی تاوانبارانی ژینۆساید، لەکاتێکدا تاکو ئێستا دوای ٧٥ ساڵ حکومەتەکان یارمەتی گەلی جولەکە دەدەن، تاوانباریی کەمبایەخی تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست لەژێر چاودێرییەکی چڕی میدیای ڕۆژئاوادا دەستگیردەکەن، بەڵام تاوانبارێکی گرنگ ماوەی 17 ساڵ لە هۆڵەندا ژیاوە  بەمردنی خۆی دەمرێت، وە کەسیش باکی بە دەربازبوونی ئەو لە دادوەریی نییە! بەداخەوە مەلا عوزێر دوا نمونەی ئەو تاوانبارانە نییە کە لە دادگاییکردن و سزای دادوەرانە دەربازدەبن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا تاوانباری دیکە دەژین و بەئازادی دەسوڕێنەوە.

تاوانبارێکی ئەنفال لە وڵاتی هۆڵاند مرد بێئەوەی بەرەوڕووی دادوەری ببێتەوە

تاوانباری گەلکوژی مەلا عوزێر فەرماندەی فەوجی ١٣٠ بەرگری نیشتیمانی سەر بە رژێمی بەعس لە رۆژی ٥ی مانگی دووی ٢٠٢١دا لە وڵاتی هۆڵاند مرد بێئەوەی بەرەوڕووی دادگاییکردن ببێتەوە. مەلا عوزێر لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دەچێتەپاڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و دواتر لەترسی ژیانی خۆی لەساڵی ٢٠٠٣دا دەچێتە وڵاتی هۆڵاند. لەژێرناوی عەزیز کۆیی لەوێ دەژی. بۆماوەی ١٧ ساڵ لەوڵاتی هۆڵاند دەژی بێئەوەی لەلایەن پۆلیسی هۆڵاندیەوە بگیرێت و لەسەر تاوانەکانی بدرێتە دادگا.

لەساڵی ٢٠٠٧ ـەوە پۆلیسی هۆڵاندی لێ ئاگادارکراوەتەوە و ئاماژە بە تاوانەکانی دژ بە پێشمەرگە و بەشداریی لەتاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کراوە. پۆلیسی هۆڵاندی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لەبابەتەکە کرد، بەڵام کەیسی لەسەر دروستنەکرد. ساڵێک بەر لەمردنی دووبارە دەست جمووجۆڵ لە دژی تاوانبار مەلا عوزێر کرایەوە و ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ کوردستان لێ گیرا، بەڵام بەرلەوەی کەیسی تەواوی لەسەر دروست بکرێت، مەلا عوزێر مرد.

چۆن دەکرێ تاوانبارێکی لەم شێوەیە لەساڵی ٢٠٠٣ ـەوە لە وڵاتی هۆڵاند بژی و نەدرێتە دادگا؟ لەگەڵ ئەوەی لەلایەن دادگای عێراقیەوە داواکراوە و پۆلیسی هۆڵاندی لێ ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام هەر نەبۆتەهۆی ئەوەی بدرێتە دادگا!

کاتێ بازرگانی چەکی کیمیایی فرانس ڤان ئەنرات لەلایەن داواکاری گشتی هۆلاندیەوە کەیسی لەسەر دروستکرا و درایە دادگا، هۆڵاند ڕەچەیەکی گرنگی شکاند و ئەگەری دادگاییکردنی بازرگانانی چەکی کیمیایی یا تاوانبارنی هەڵاتووی تاوانی گەلکوژی لە عێراقدا هاتە ئاراوە و لەم لایەنەوە هیوایەک پەیدا بوو. بەڵام ئەو ئەزموونە دووبارە نەبووەوە لەبەر ساردی وڵاتان و خۆگێلکردنیان لە کەیسەکە. لەوڵاتی دانیمارک تاوانبار نەزار خەزرەجی ئاشکرا بوو و لە ٢٠٠٢ دا لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەرکرا، بەڵام لەخەمساردی دانیمارک هەڵات و ئێستاش بزرە. لەم کەیسەی مەلا عوزێردا کە لەدیدی کەسوکاری قوربانیانەوە تاوانبارێکی ئاشکرای تاوانی گەلکوژی بوو، دووبارە هیچ نەکرا و نائومێدیەکی زۆر لای کەسوکاری قوربانیان دروست دەبێت.

ئێمە گەواهی جوداکارین لە گرتن و دادگاییکردنی تاوانبارانی ژینۆساید، لەکاتێکدا تاکو ئێستا دوای ٧٥ ساڵ حکومەتەکان یارمەتی گەلی جولەکە دەدەن، تاوانباریی کەمبایەخی تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست لەژێر چاودێرییەکی چڕی میدیای ڕۆژئاوادا دەستگیردەکەن، بەڵام تاوانبارێکی گرنگ ماوەی 17 ساڵ لە هۆڵەندا ژیاوە  بەمردنی خۆی دەمرێت، وە کەسیش باکی بە دەربازبوونی ئەو لە دادوەریی نییە! بەداخەوە مەلا عوزێر دوا نمونەی ئەو تاوانبارانە نییە کە لە دادگاییکردن و سزای دادوەرانە دەربازدەبن. لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا تاوانباری دیکە دەژین و بەئازادی دەسوڕێنەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین دادگاییکردنی تاوانبارانی تاوانی گەلکوژی پەیوەستە بەوەی تاوانباران سەر بە کام تاوانی گەلکوژین! بەداخەوە هەندێک تاوانی گەلکوژی کاریگەری گەورەتریان هەیە و بەگرنگتر دادەندرێن، بەڵام قوربانیانی تاوانی گەلکوژی هەمووی مرۆڤن، بەبێ گوێدانە ڕەنگ و ئایین و نەتەوە.

ئەم ساردییەی لە هۆڵاند خۆی وێنەکرد، بەداخەوە لەوڵاتانی دیکەش هەروایە. ئەوەش پەیوەندی بەئەگەری زۆر بە بەرژەوەندی سیاسی ئەو ولاتانەوە هەیە، لەلایەکیتر ئەو وڵاتانە نایانەوێ خەرجیەکی زۆر لە دادگاییەک بەکاربهێنن کە بۆ ئەوان هێندە گرنگ نییە.

دەکرێ بگوترێت لەبەرچی گلەیی لە وڵاتی هۆڵاند بکرێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتی هەرێم بەدەیان تاوانباری پەناداوە و دژی بەداداگییگەیاندنیان وەستاوە؟ گومان لەوەدا نییە کەوا کەسوکاری قوربانیان لەمێژە دەستیان لە سەرانی پارتی و یەکێتی واتە دەسەڵاتی کوردی شوشتووە، بۆ گەیشتن بەدادوەریی ئومێدێکیان بە وڵاتانی ڕۆژئاوا هەبوو بەڵام لێرەشدا نائومێدکران. بەداخەوە خۆشەویستانی ئەوان قوربانیی گەلکوژیێكی هەڵە بوون.

شاخەوان شۆڕش