لە یادی 33 ساڵەی گیانبەختکردوان فەرماندە تەحسینە شەل، سەردار، ڕزگار و ئاراسدا

لە یادی 33 ساڵەی گیانبەختکردوان فەرماندە تەحسینە شەل، سەردار، ڕزگار و ئاراسدا
لە ڕۆژی ١٠ ی ئەپریلی ١٩٨٧ دا فەرماندەی هەرێمی سەفین تەحسینە شەل، سەرداری مام یونس، عوسمان ناسراو بە ڕزگار، مستەفا گوندەژور ناسراو بە ئاراس لەنزیک گوندی ونکە و عەلیاوە لەلایەن کۆپتەرەکانی ڕژێمی بەعس و جاشەکانی ڕژێم هێرشیان دەکرێتەسەر و گیانبەخت دەکەن. هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی ئەو پارتیزانە شۆڕشگێرانە و هەموو گیانبەختکردوانی رێگەی ڕزگاری کوردستان.


گێرانەوەی بەسەرهاتی شەڕەکە لەلایەن بەڕێز کاک حەمەدەمین عەوڵا سور
یادەوەری …داستانی رێگای کویه – هەولێر
له 10ی4ی 1987 دا لە روژی هەینی ئێمه هیزەکانمان له حزبی سوسیالستی سەر بە لقی هەولێرو هه ریمەکانی 8و9و10 قوەتەکانی دیدەوان و هەیبەسولتان و بەنده کەرتی ناودەشت بەمەبەستی دانانی کەمین و گەران به دوای پیاوان بەعس جادەی گشتی کویە- دیگه- هەولیرمان کۆنترولکرد. بەم شیوەیه شەهیدان سمکۆ مەنتک و شەهید سابیر لاته له قۆلی کۆیه و به نده بەره و رێگای هەولێر جادەکەمان گرت. ئوتومۆبیلێکی زۆرمان ڕاگرت بەدوای پیاوانی رژیمدا دەگەراین. کات 10ی بەیانی بوو شەرله قولی ناوبراوان ده ستی پێکرد. ئیمه 12 که س بووین له کۆنه ڕەبیەکی سەربازی خۆمان قایمکرد.
له قولی ئێمەوە هەندێ دەبابە بەرەو رووی ئێمە هاتن، یەکدوو گولە ئارپیچیمان تێگرتن گەرانەوە، زۆری پێنەچوو چەند کۆپتەرێک هاتن، زۆر نزم بوون، بۆردومانی ئێمەیان نەکرد، وایانزانی جاشین. لەوکاتەدا شەهید کاروانە سور بە سواری ماتۆڕێک هات، گوتی کاکە برادەران گەرانەوە بەرەو شاخ، بێ ئەوەی ئێمە ئاگاداربکەنەوە. لەوکاتەدا ئێمە بەرەو شاخ جوڵەمان کرد، ئەوجا کۆپتەرەکان زانیان ئێمە پیشمەرگەین و بۆردۆمانیان کردین، بەڵام زیانمان بەرنەکەوت. گولەیەک ئارپیچیمان بە کۆپتەرەکەوەنا، گولەئارپیچیمان کەم بوو. کاتێ گەیشتینە سەرشاخەکە جاش و سەرباز پشتی ئێمەیان گرتبوو، لەوێ لەگەڵ کاک محەمەد عەبدوللا فەرماندەی هەرێمی ٨ یەکمان گرتەوە. ئەو شارەزابوو، رێگەکەی گۆڕی، ئەگەرنا کۆپتەرەکان زیانی زۆریان پێدەگەیاندین. ئەوانەی لەسەر شاخ کە پێشتر وەکو هێزی پێشتیوانی دامەزرابوون لەژێر سەرپەرشتی قادر جەباریدا بوون کە بەرپرسی گشتی هێزەکە بوو، ئەوان کشابوونەوە و شوێنی خۆیان چۆڵکردبوو. تەنها لەتیفی شەهید حاجی رەسول لەشوێنی خۆیدا مابوو، بە قەناسەکەی شەڕی باشی دەکرد.
کاتێ ئێمە سەرکەوتین شیهید تەحسین گوتی پێشمەرگەم دیار نین، گوتمان کاک تەحسین ئیمە ئاخیر کەسین، کەس لە خوارەوە نەماوە، دوو پێشمەرگەی لەگەڵ بوون، بەرەو رۆژهەڵاتی گوندی ونکە رۆیشت. هێزێک دیاربوو، گوتم ئەوانە جاش و سەربازن، بەڵام ئەو بەقسەی ئێمەی نەکرد. لەوکاتەدا چەند کۆپتەرێک هات و بۆردومانی نزیک ئێمەی کرد، شەڕ گەرم بوو و تاکو ئێوارە بەردەوام بوو.
بەداخەوە لەو نەبەردیەدا کاک تەحسین محەمەد ساڵح ناسراو بە تەحسینە شەل فەرماندەی هەرێمی ١٠ ی سەفین و دوو لە پێشمەرگەکانی بەناوەکانی سەردار مام یونس لە هەریمی ١٠ سەفین، ڕزگار لە هەریمی ٩ ی باڵەک، مستەفا ژوری ناسراو بە ئاراس شەهید بوون.
شەر سەرکەوتن و شکستە، بەڵام زیانەکانی پێشمەرگە هۆکەی قادر جەباری بوو کە شوێنەکانی خۆیان چۆڵکردبوو. بەداخەوە شەهید تەحسین بەبرینداری کەتبووە دەست دوژمن و کە هەولێر شەهید کرا. شەهیدان سەردار، ئاراس و ڕزگار لە گوندی سوسێدا بەخاک سپێردران.
دوای گەڕانەوەمان بۆ سماقوڵی سەروچاوە کە بارەگای سەرەکیمان لەوێ بوو، رۆژی دواتر کۆبوونەوەمان کرد، زۆربەمان رەخنەمان لە قادر جەباری گرت، کە کشابووەوە و پشتی هێزەکەی چۆڵکردبوو. دوای گەرانەوەمان بۆ سەرکردایەتی کە لە گوندی کاولانی سەر سنور بوو، راستیەکانمان دەربارەی شەڕەکە گەیاندە مەکتەبی سیاسی حزب. ئەوەبوو قادر جەباری ماوەیەک تەجمیدکرا.
لەم یادە دڵتەزێنەدا سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهید تەحسینە شەل و هاوڕێ شەهیدەکانی و تەواوی شەهیدانی گەل.

من (شاخەوان) ئەوسا لە رێکخستنی نهینی سۆسیالست لە هەولێر کاری سیاسیم دەکرد و سەرپەرشتی ڕێکخراوێکی ڕێکخستنم دەکرد. ئەوسا دوای جیابوونەوەی زەحمەتکێشان ئێمە لە رێکخستەکانی سۆسیالست تەواو لاوازبووین، وردە وردە خەریک بوو لە ناوەوە و دەرەوە کەمێک خۆمان دەگرتەوە. ئەو هەواڵە لەو ساتەدا زۆر جەرگبڕبوو، چونکە کاک تەحسین بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سۆسیالست بوو لە سنوری لقی هەولێردا. ئێمە هەواڵەکەمان وابۆهات، کە بۆسەکە خۆی بۆ سەرۆکی فەیلەق دانداربوو کە لەو کاتەدا بەوێدا دەهات، بەڵام یەکێ لە سۆفیەکانی ئۆردوگای دێگەرە بەهەڵە بە ترومبێل بەرەو بۆسەکە دێت و دەگەڕیتەوە، پێشمەرگەش تەقەی لێدەکەن و بریندار دەبێ، دوای ئەوە هێزێکی زۆری جاش و سەرباز بە تانک و هێزی سەربازیەوە دێن و هێرش دەکەن. قادر جەباری کە بەرپرسی گشتی هێزەکە بوو و هێزی پشتیوانی بوو لەقەد شاخەکەدا، کە دەبوایە ئەو هێزەی سەر جادە وەرگرێتەوە و بیانپارێزی، زوو شوێنی خۆی چۆڵکردبوو و رۆیشتبوو، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە لە خوارەوە بە شەڕ پاشەکشە دەکەن و پەرتەوازە دەبن. لە دیوی گوندی ونکە و عەلیاوە کۆپتەر و هێزی جاشەکان زیان بە کاک تەحسین و پێشمەرگەکانی دەهێنن. پاشان بیستمان لەوێدا سەردار و ڕزگار شەهید دەکرێن و کاک تەحسین بریندرار دەبێت، کە جاشەکان دێنەسەری تەقەدەکات و جاشێک دەکوژێت، بەڵام جاشێک تەقەی لێ دەکاتەوە و لەوێدا کاک تەحسین شەهید دەبێت.
هەزاران سڵاو لەگیانی پاکی گیانبەختکردوان هاوڕێیان تەحسین، ئاراس، ڕزگار و سەردار. ئەو مرۆڤە شۆڕشگێرانە هەمیشە لە دڵی ئێمەدا دەژین.

تێبینی: بە دوو جۆر باس لە جۆری گیانگەشبوونی کاک تەحسین دەکرێت، هۆکەی بیستنی هەواڵەکەیە لەلایەن دوو سەرچاوەی جیاوە. ئێمە کە لە ڕێکخستن بووین لەنزیکەوە پێمان گەیشت کە کاک تەحسین لە شەڕەکەدا گیانگەشبوو و تەرمەکەی کەوتە دەست دوژمن. پێموایە ئەوەیان گێڕانەوە تەواوەکەیە.