قەیرانی ئۆکرانیا: زیانە کوشندەکانی ناتەبایی ناوخۆیی و بەرژەوەندییە دەرەکیەکان

قەیرانی ئۆکرانیا: زیانە کوشندەکانی ناتەبایی ناوخۆیی و بەرژەوەندییە دەرەکیەکان

کێشەی بوونی کەمینەیەکی بەتوانا و گەورەی روس لە ئۆکرانیا گرنگی پێنەدراوە و نەویستراوە کۆنسترەکتیڤانە و دیموکراسیانە سەیری کێشە و بەرژەوەندیەکانی ئەوان بکەن. بوونی کەمینەی بەهێز کۆمەلی ئەرک لەسەر ستات دروست دەکەن، و ستات لەسەریەتی بەرژەوەندی ئەوان لەبەرچاو بگرێت ئەگەر چاوی لە مانەوەی ئەوان لەچوارچێوەی وڵاتدا بێت و ئەگەر بیەوێ هەرەشەکانی سەر بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵات دیموکراسیانە نەهێلێت.

لە ئەنجامی روخانی سۆڤیەت لە دوای کۆتایی جەنگی سارد، ئۆکرانیا لە ڕێگەی ریفەراندۆمدا لە کۆتایی ساڵی 1991 دا لە روسیا جیابووەوە و بووە وڵاتێکی سەربەخۆ. پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و دارشتنەوەی وڵات لەسەر سیستەمێکی نوێی رامیاریدا لە ئۆکرانیادا دەستیپێکرد و هەرلەسەرەتاوە کۆمەڵێ کێشە روویان لە پرۆسەکە کرد، چونکە لە ئۆکرانیادا کەمینەیەکی گەورەی روس هەن کە سەدا 17ی دانیشتوان پێکدەهێنن، هەروەها کۆمەڵێ کەمینەی دیکە لەوڵاتدا هەن کە بەهەموویان سەدا 8ی دانیشتوان پێکدەهێنن، بەمجۆرە بەرژەوەند و ئاواتی جیاواز هەن، کە دەکرێ یەکخستنیان هەروائاسان نەبێ. بەڵام هەرچۆنی بێت ئۆکرانیا هەنگاوەکانی دروستکردنی ستاتی نا، هەوڵیدا لە ژێرتارمایی روسان دەربچێت و سەربەخۆیی خۆی بەتەواوی بەدەست بهێنێت، هەروەها هەنگاو بەرەو سیستەمی فرەپارت و دیموکراسی بنێت. بەڵام ئەوە کارێکی هەروا ئاسان نەبوو، روسیا هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو کە جۆرێک لە کاریگەری بەسەر هەموو ئەو وڵاتانەدا هەبێ کە پێشتر بەشێک بوون لە سۆڤیەت، بەتایبەتی ئەوانەی شوێنی ستراتیژی و گرنگیان لە جوگرافیای ناوچەکەدا هەبوو. لە ئۆکرانیادا ژمارەی روسەکان زۆرە و کاریگەریان لەسەر پۆلیتیکی ئۆکرانیادا هەیە. جگەلەوەی ئۆکرانیا وەکو وڵاتێکی بەرفراوان و گەورە شوێنێکی ستراتیژی گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە کە بۆ روسیا گرنگە هاوپەیمانی بێت، روسیا چاوی لە ناوچەی ستراتیژی نیمچە دورگەی کرم هەبووە و لەبنچینەدا بەهی خۆی دەزانێ، هەروەکو بنکەی دەریایی روسیا بەبەردەوامی لە شاری سیڤاستۆپۆلی نیمچەدورگەی کرم بووە. هەروەها کرم بۆ روسیا وەکو دەروازەیەکە بۆ دەریای رەش و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیارە بەپێی هەڵسوکەوتی بەرپرسەکانی روسیا و هێزە سەربازیەکانیان واپێدەچی کە روسیا هەر بەوەش نەوەستێت. 

نیمچەدورگەی کرم بەر لە ساڵی 1783 لە ژێر چنگی تەتەرەکاندا بوو کە لە سەدەی سێزدەهەمەوە دەستیان بەسەردا گرتبوو. پاشان روسیا دەستی بەسەردا گرت و بنکەی دەریایی دەریای رەشی لێ دامەزراند. جەنگی کرم لە نیوان روس و عوسمانیەکان لە   1853 –1856 لەبەر شوێنی ستراتیژی ناوچەکە بوو. کە رژێمی پادشایەتی روسیا روخا، نیمچەدورگەی کرم بووە بەشێک لە سوڤیەت. لە سالی 1944 دا ستالین تەتەرەکانی نیمچەدورگەی کرم ی بە ناپاکی و هاوکاریکردنی ئەلمان تاوانبارکرد و هەموو تەتەرەکانی بۆ ئۆزبەکستان راگواست و نیمچەدورگەی کرمی لە تەتەر پاککردەوە. لە ساڵی 1954 دا نیمچەدورگەی کرم لەلایەن سەرۆکی ئەوسای سۆڤیەت خرۆشۆڤ پێشکەش بە ئۆکرانیا کرا، دەڵێن خرۆشۆڤ ئەوسا سەرخۆش بووە کە ئەو کارەی کردووە و ئەوسا وەکو کارێکی ناگرنگ و وەکو نوکتە وابوو، بۆیە ئەوسا ئەوە واتایەکی ئەوتۆی نەبوو، چونکە سۆڤیەت یەک پارچە بوو و هیچ کۆمارێکی ناو روسیا خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نەبوون. بەڵام کە لە 1991 دا ئۆکرانیا لە روسیا جیابۆوە، لەپر ئەو نوکتەیەی ئەوسای خرۆشۆف بووە راستیەکی تاڵ. بۆ روسیا دەستبەرداربوون لە ناوچەی نیمچەدورگەی کرم هەروا ئاسان نەبوو. پیویستە ئەوە بیربخەیەنەوە کە لە دوای روخانی سۆڤیەت، نزیکەی 280 هەزار تەتەر لەوانەی کاتی خۆی ستالین ناڕەوا رایگوستبوون گەرانەوە بۆ کرم، بەڵام ئیستا ئەوان کەمینەیەکی بێدەسەڵاتن و کێشەکانی جوداکاری و پەراوێزکردنیان هەیە.

کێشەی ناوخۆیی ئۆکرانیا هەر زوو لە نێوان لایەنگیرانی روسیا و لایەنگیرانی رۆژئاوا لە دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیا خۆی خستەروو. روسیا پشتگیری لایەنگران و دۆستانی خۆی لە ئۆکرانیا کرد و توانی وابکات کە لایەنگرانی خۆی لە دەسەلاتدا بەهێزبکات و بەمجۆرە درێژە بە کاریگەری خۆی بەسەر ئۆکرانیادا چ لە بواری رامیاری یا ئابوریەوە بدات. روسیا لە رێگەی توانای سامانی سروشتی خۆی و فرۆشتنی گاز بە ئۆکرانیا هەمیشە توانیویەتی گوشار بۆسەر ئۆکرانیا دروستکات و کاریگەری خۆی بنوێنیت.

یەکەم تەقینەوەی ناکۆکیە نێوخۆییەکان لە بۆتەی شۆڕشی نارنجیدا لە ساڵی 2004 دا خۆی خستەروو. لە هەڵبژاردنی 2004 دا ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ و دەسەڵاتی فەرمانرەوا بە گەندەڵی و ساختەکاری لەلایەن ڤیکتۆر یوشینکۆوە تۆمەتبارکران و شۆرشی نارنجی سەریهەلدا. دادگای باڵای ئۆکرانیا بڕیاری ژماردنەوەی دەنگەکانی دا و لە ئەنجامدا یوشینکۆ بە براوە دەرچوو. بەمجۆرە بەرەی لاینەگرانی رۆژئاوا سەرکەوتن، بەڵام یوشینکۆ و دەسەڵاتەکەی ئەوە نەبوون کە خەڵک چاوەروانی دەکرد، ئەو بەرەیەش نایەکگرتوو و ناتەبابوون. لە ساڵی 2010 دا لە هەڵبژاردندا ڤیکتۆر یانوکۆڤیچی دۆستی روسیا بەسەرکەوتوو هەژمێردرا و هاتەوە سەر دەسەڵات. تۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری خرایە پاڵ، بەڵام ئەو هەر بووە سەرۆک و دەسەڵاتی گرتەوە دەست. یانۆکۆڤیچ لەدوای دەست بەکاربوونیدا سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن جولیا تیمۆشینکۆی بە تاوانی گەندەڵی و خراپبەکارهێنانی دەسەڵات لە 2011 داخستە زیندانەوە.

یانۆکۆڤیچ هەوڵی نزیک بوونەوەی زیاتری لە روسیا دەدا، ئەوەش دەرزی نێوان دۆستانی روسیا و لایەنگرانی رۆژئاوای زیاتر کرد. لە 21  نۆڤەمبەری 2013 دا یانوکۆڤیچ رایگەیاند کە ئەو رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا مۆرناکا و لە جیاتی ئەوە هاوکاری لەگەڵ روسیادا دەکات. ئەوەش بووەهۆی هەلسان و خۆپیشاندان لەلایەن لایەنگرانی کرانەوە بە رووی رۆژئاواوە. لە دیسەمبەردا ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا رایگەیاند کە روسیا نیازی وایە بەشەسەهمی ستات بای 15 ملیارد دۆلار لە ئۆکرانیا بکڕیت و نرخی گازیش بۆ ئۆکرانیا دابەزێنێت. روسیا نیازی هەبوو لەم رێگەیەوە ئۆکرانیا بخاتە ژێر کاریگەری تەواوی خۆی، هەروەکو ئۆکرانیا زۆر وابەستەی گازە کە لە روسیاوە وەریدەگرێت.

خۆپیشاندانەکان زیادیانکرد و رووبەرووبوونەوە و تێکهەڵپرژانیان لێکەوتەوە. خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەسەڵاتی یانوکۆڤیچیان کرد، بەڵام ئەو هەوڵیدا بەهێز سەرکوتی خۆپیشاندانەکان بکات و لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژران و بریندار بوون. ئەوەی وایانکرد یانوکۆڤیچ لاواز بێت، سوپا لایەنی خۆپیشاندەرانی گرت و هەندێ لە کەسە دەسەلاتدارەکانی (ئۆلیگارشەکانی) دۆستی یانوکۆڤیچ پشتیان تێکرد و بەمجۆرە دەسەڵاتی لاوازکرا.  خۆشاردنەوە و راکردنی یانوکۆڤیچ، لاوازی ئەویان لە هاوکێشەکەدا دەرخست و بەجۆری لە جۆرەکان کۆتایی دەسەڵاتی ئەویان وێنەکرد. پەرلەمان دەسەڵاتی لەو سەندەوە و بریاری ئازادکردنی سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن جولیا تیمۆشینکۆ دەرکرد. یانوکۆڤیچ چووە روسیا و لەوێ خۆی وەکو سەرۆکی فەرمی وڵات پیشاندا و داوای هاوکاری لە روسیای دۆستی کرد. شایانی گوتنە پوتین خۆی لە روسیادا دەسەڵاتێکی ئاوتۆریتێری سەپاندووە و دەسەلاتی خستۆتە ژێر چنگی خۆی، بۆیە روسیا خۆی کێشەی نەبوونی ئازادی و دیموکراسی هەیە. لایەنگرانی روسیا لە ئۆکرانیادا ئەوانیش هێندە دۆستی کرانەوە سیستەمی دیموکراسی نین، بۆیە دیاردەکانی وەکو قۆرغکردنی دەسەڵات بەرێگەی جۆراوجۆر لە رێگەی کۆمەڵێ کەسەوە لەلایەن ئەوانەوە هەبووە.  

لە یەکی مارسدا سەرۆکی روسیا لەلایەن پەرلەمانی روسیاوە رێگەی پێدەدرێت کە هێز لە ئۆکرانیا بەکاربهێنێت و لە رۆژی دواتر هێزە کۆماندۆکانی روس دەست بەسەر کۆمەڵێ ناوچە لە نیمچەدورگەی کرمدا دەگرن و دواتر نیوەدورگەکە بەتەواوی دەخەنە ژێر چنگیان و ئاڵای روسیا لە زۆر شوێندا شەکایەوە. لەگەڵ ئەوەی پوتین و بەرپرسانی روس گوتیان ئەوانە هێزی روسیا نین، بەڵام رۆژنامەوانە بێگانەکان ئەوەیان پشتڕاست کردەوە. ئەوەبوو دەسەڵاتی ناوچەیی هەرێمی کرم رایگەیاند کە لە 16ی مارسدا ریفەراندەم لەسەر جیابوونەوەی کرم لە ئۆکرانیا و لکاندنی بە روسیا ئەنجام دەدا. رۆژئاوا دژی ئەو گشتپرسیە وەستا و بە نایاسایی دانا. شایانی گوتنە زۆرینەی دانیشتوانی کرم بە رێژەی 60 لەسەدا روسن، ئەوەیتر ئۆکرانی و تەتەر و قەفقاسی و خەڵکیترن. ئەو فاکتانە هۆکاری پشتگیریکەربوون بۆ ئەگەرەکانی لکاندنی نیمچەدورگەی کرم بە روسیا.

ریفەراندەم کرا و 96 لەسەدا لە کۆی 83 لەسەدای دانیشتوانی هەرێمەکە روسیایان هەلبژارد. لە رۆژانی دواتر کرم سەربەخۆیی خۆی راگەیاند و پاشان بەرپرسانی کریم داوایان کرد بچنەسەر خاکی روسیا و روسیا پێشوازی ئەو داواکارییەی کرد. لە 18ی مارسدا سەرۆکی روسیا پوتین واژوی رێککەوتننامەکەی لەگەڵ بەرپرسانی نیمچەدورگەی کرم کرد. بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی روسیا وایکردووە کە روسیا چاوببرێتە نیمچەدورگەی کرم و لەو دەرفەتەدا خستیەوە سەر خاکی روسیا. دەکرێ هەوڵەکانی روسیا بەوە نەوەستێت، ئەوەش داهاتوو دەریدەخات.

هەوڵەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بە سەرکردایەتی یەکێتی ئەوروپا و ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە نەگەیشتە هیچ و روسیا وازی لە دەستدرێژیەکەی بۆسەر ئۆکرانیا نەهێنا. وەڵامی رۆژئاوا ئێستا گەمارۆی ئابوری و کەسییە دژ بە کۆمەڵی کەسایەتی پلەباڵای روس. دەکرێ گەمارۆی دیکەی بەدوای ئەوەدا بێن. سەرکردەکانی رۆژئاوا دەستدرێژیەکانی روسیا رووداوەکە وەکو گەورەترین قەیرانی ئەو سەدەیە پێناسە دەکەن و نیگەرانن لە دەرهاویشتەکانی قەیرانەکە.

یانۆکۆڤیچ کە لەلایەن رکابەرانیەوە وەکو رۆبۆتی روسیا سەیری دەکرێت، کە هەڵاتووە و لە روسیایە، دەڵێ من دەگەڕێمەوە کیف و منم سەرۆکی هەلبژێردراوی وڵات، لەبەرامبەردا دەسەڵاتی نوێی ئۆکرانیا بەتۆمەتی کوشتاری خۆپیشاندەران تاوانباری کردووە و بریاری دەستگیرکردنی دەرکردوە، داوا لە روسیا دەکات یانۆکۆڤیچ رادەستی ئۆکرانیا بکەنەوە. ئێستا یانۆکۆڤیچ دەڵێ دەبێ ریفەراندەم لەهەموو هەرێمەکانی ئۆکرانیادا بکرێت، بۆ ئەوەی ساغبکرێتەوە کامە بەش دەیەوێ لەگەڵ ئۆکرانیادا بێت. گوتن و هەڕەشەکانی یانۆکۆڤیچ دەکرێ وەکو بەشێک لە گەمە ڕامیاریەکانی روسیا سەیربکرێت. بەڵام ئەو گوتنەی یانۆکۆڤیچ هەرەشەی راستەوخۆییە لەسەر چارەنوسی یەکێتی خاکی ئۆکرانیا و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئەو وڵاتە. ئاشکرایە هیچ وڵاتێک هەروائاسان ئامادە نییە ریفەراندەم لەسەر چارەنوسی ناوچە و هەرێمەکانی خۆی بکات، کە رەنگە ببێتەهۆی ئەوەی هەندێ شوێن بەخۆڕایی بە وڵاتێکی دیکە ببەخشرێن.

بەهەر شێوەیەک بێت نیـمچە دورگەی کرم کەوتە سەر روسیا و واپێناچێ روسیا هەروا ئاسان دەستبەرداری نیمچەدورگەی کرم ببێتەوە. هەروەها مەترسیەکانی دیکەی سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کۆتاییان نەهاتووە و بە زیندوویی هەن. رۆژئاوای هاوپەیمانی دەسەڵاتدارنی ئێستای کیف ناتوانن لە رێگەی بەکارهێنانی هێزەوە هیچ لەگەڵ روسیا بکەن و ئەو رێگەیە ئەگەرێکی ئەستەمە. گەمارۆ و سانکشیۆن زیان بە روسیا دەگەیەنێت بەڵام سەختە بتوانێ ئەنجام بپێکێت، واتە روسیا ناچاری کشانەوە بکات و وابکات روسیا دەست لە کاروباری ئۆکرانیا تێکەڵ نەکات. لەبیرمان نەچێت، رۆژئاواش پێویستی بە روسیا هەیە و دژایەتی روسیا مەترسی دەخاتەسەر بەرژەوەندیەکانیان.  

بەرلە لەدەستدانی هەرێمی کرم ئۆکرانیا لە نیوان دوو بەرداشدابوو، یا دەبوایە مەرجەکانی روسیا پەسند بکات، کە دەکرا لەدەستدانی جۆرێک لە جۆرەکان سەروەری نیمچەدورگەی کرم بوایە و رێککەوتن لەگەڵ روسیا لەبواری ئابوریەوە بوایە، یا دەبوایە لەژێر کاریگەری روسیا دەربچێت و هەنگاو بەرەو رۆژئاوا بنێت، هەوڵی ئەندامەتی یەکێتی ئەوروپا بدات، ئەوەش زیانی زیاتری لێ رەچاو دەکرا. ئێستا کارلەکار ترازا و بۆ ئۆکرانیای هەوادارانی رۆژئاوا جگەلە لە نزیکبوونەوە لە رۆژئاوا رێگەیەکی دیکە نییە.  دیارە  باجی ئەوەش قورس بووە و دەکرێ دەستدرێژییەی روسیا هەر بەو نەوەستێت کە روویداوە. بەکورتی ئۆکرانیا وەکو چەقەڵێکی زراوبردوو هێشتا تەواو لە چەپەڵۆکی ورچە گەورەکە دەربازی نەبووە.  

دەستەبەسەرداگرتنی نیمچەدورگەی کرم و دەستتێکەڵکردن لە کاروباری ناوخۆی ئۆکرانیا، کە شکاندن و پیشێلکارییە لە رێککەوتنامە نێونەتەوەییەکان و سەروەری ستاتی ئۆکرانیا، زەنگێکی مەترسیە بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ناوچەکە. روسیا لە دوای روخانی سۆڤیەت هەوڵی ئەوەی داوە هەندێ ناوچە لێرەولەوێ بۆخۆی بگێڕێتەوە وەکو ناوچەکانی سنوری جۆرجیا و مۆلدۆڤا بۆنمونە، وە هەوڵیداوە دەسەڵات و کاریگەری خۆی لەسەر وڵاتانی کۆنی سۆڤیەت هەبێت. ئەو هەنگاوەی ئێستای روسیا ئەوروپای تەواو نیگەران کردووە و مەترسی ئەوە دەکرێت، کە دەرئەنجامەکانی کوشندە و زیانبەخش بن. پۆلۆنیا داوای هاوکاری لە ئەروپا و ئەمریکا کردووە، هەروەکو مەترسی راستەوخۆ لەسەر سەروەری خۆیدا دەبینێت. وڵاتانی بەلتیک ترسیان هەیە، هەروەها وڵاتانی دیکە کە سنوریان بە روسیاوە بەندە بەهەمان شیوە مەترسیان هەیە. یەکێتی ئەوروپا هەوڵ دەدات بەرەنگاری هەنگاوەکانی روسیا ببێتەوە و کارێ بکات روسیا بوەستێنیت، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ دەسەڵاتی نوێی ئۆکرانیا دەربڕیووە پیشنیاری رێککەوتن لەسەر بنچینەی ئالووێری ئازاد بۆ ئۆکرانیا کرد و ئەوە واژوو کرا و هەوڵ دەدات ئۆکرانیا لە خۆی نزیکتر بکاتەوە.

ئەو زیانانەی کە بەسەروەری و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئۆکرانیا کەوتوون و دەکرێ بەشێوەیەکی کوشندەتر بکەون، لەبنچینەدا سەرچاوە لە ناتەبایی و نایەکگرتوویی ناخۆییەوە دەگرن. لەماوەی سەربەخۆیی ئۆکرانیادا دوو بەرەیی  یا چەندبەرەییەک باڵی بەسەر بەرژەوەندیەکانی وڵاتدا کێشاوە، کە دەسەڵاتدار و ئێلیتە رامیارەکانی ئۆکرانیا لە توانایاندا نەبووە چارەسەری بکەن و بەمجۆرە یەکگرتووییەکی بنەما ساغ لەسەر بنچینەی بەرژەوەندیە ناسیونالیستیەکانی وڵات دروستکەن و ناسنامەیەکی بەهێزی ستات بەدی بهێنن. بەپێچەوانەوە کێشەکان روویان لە زیادبوون کرد و ئەمرۆ بەکردەوە بەشێکی وڵات دۆڕا و مەترسی لەدەستدانی ناوچەی دیکەش هەیە. رەتکردنەوەی کرانەوە بەرووی پرەنسیپە دیموکراسیەکان و جێبەجیکردنی میکانیزمە دیموکراسیەکان بەمجۆرە چارەسەری کێشەکان لەسەر بنچینە دیموکراسیەکان رەوتێکە کە فاکتەرەکانی پشووتەنگی و رەتکردنەوە بەهێزدەکات، ئاراستەی ئەو رەوتە ئەگەرەکانی قوولبوونەوەی کێشەکان و گیرخواردنیان زیاتر دەکات. لە کۆمەڵگەی فرەدەنگ و رەنگدا کێشەکان کوشندەترن و چارەسەریان سەختترە. پشووتەنگی دەسەڵاتداران و رەتکردنەوەی رێککەوتن لەسەر بەرژەوەندییە جیاوازەکان، پێداگرتن لەسەر سەپاندنی ویست و ئارەزوو بەپێی بەرژەوەندیە ناگشتی و تایبەتەکان، ئەو فاکتەرانەن کە جگەلەوەی چارەسەرە دیموکراسیەکان رەت دەکەنەوە، بەڵکو هەمیشە توانای ئەوەیان هەیە مەترسی لەسەر بەرژەوەندیە گشتی و نیشتیمانیەکان دروست بکەن، وەکو ئەوەی ئیستا لە ئۆکرانیادا دەبیندرێت. دەبێ ئەوەش بیربخەینەوە کە جگەلە دووبەرەکی لە نێوان باڵی دۆستانی روسیا و دۆستانی رۆژئاوا، ناتەبایی و دژایەتی لەنێوان خودی پارتەکانی هەردوو بەرەدا هەیە و پەرتەوازەیی بەرچاو هەیە. هەروەها ئاستی گەندەڵی لە ئۆکرانیادا زۆر بەرزە و ئۆکرانیا لە ریزی وڵاتە زۆر گەندەلەکاندایە بە ڕێژەی 144، ئێراق ڕێژەکەی 171 ـە. ئۆکرانیا وڵاتێکی لاواز و ناسنامە لاوزە لە راستیدا.

روسیا لە دوای سەربەخۆیی ئۆکرانیاوە توانیویەتی کاریگەری خۆی بەسەر ئۆکرانیادا بسەپێنێت بەتایبەتی لەلایەنی ئابوریەوە لە رێگەی ئەو گازەی دەیفرۆشێتە ئۆکرانیا. هەروەکو ئۆکرانیا وابەستەی روسیایە لەم رووەوە. دووبەرەکی ناخۆیی، پەرتەوازەیی رامیاری و گەندەڵی وایانکردووە کە روسیا رۆلی دیار لە کێشەکاندا بنوێنێت و بتوانێت کاریگەری راستەوخۆ لەسەر بڕیارەکانی ئۆکرانیادا دروستکات. زیادبوونی کاریگەری روسیا لەسەر ئۆکرانیا بۆیە روویداوە چونکە روسەکانی ئۆکرانیا و هەروەها لایەنێک لەناو خودی ئۆکرانیەکان رێگەیان بۆ ئەوە خۆش کردووە. روسیا لەهەڵێک دەگەڕا تا بتوانێ هەنگاو بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە ناسیونالیستەکانی بنێت، تەقینەوەی کێشەی ناوخۆیی ئۆکرانیا ئەو هەلومەرجەیان بۆ روسیا رەخساند کە هەنگاوی گرنگی بەکردەوە لەمبارەیەوە بنێت. هەرچۆنی لێکی بدەینەوە لەو بێنەوبەردەیەدا زیان بەر سەروەری و بەرژەوەندی نیشتیمانی ئۆکرانیا کەوت و دەکرێ کوشندەتریش بێت، ئەوەش بەشێوەیەکی سەرەکی ئۆکرانیەکان خۆیان لێی بەرپرسیارن.

پێویستە ئەوەش بگوترێت کە کێشەی بوونی کەمینەیەکی بەتوانا و گەورەی روس لە ئۆکرانیا گرنگی پێنەدراوە و نەویستراوە کۆنسترەکتیڤانە و دیموکراسیانە سەیری کێشە و بەرژەوەندیەکانی ئەوان بکەن. بوونی کەمینەی بەهێز کۆمەلی ئەرک لەسەر ستات دروست دەکەن، و ستات لەسەریەتی بەرژەوەندی ئەوان لەبەرچاو بگرێت ئەگەر چاوی لە مانەوەی ئەوان لەچوارچێوەی وڵاتدا بێت و ئەگەر بیەوێ هەرەشەکانی سەر بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی وڵات دیموکراسیانە نەهێلێت.

بەکورتی ئەگەر ئۆکرانیەکان یەکگرتووبان و خەمخۆری دیموکراتیزەکردنی وڵات بان، ئەگەر کۆنسرەکتیڤانە سەیری کێشە ناوخۆییەکانیان کردبایە، کەلتوری پشووتەنگی و رەتکردنەوەیان وازلێهێنابا، دەکرا بتوانن ستاتێکی بەهێزی خاوەن ناسنامەیەکی بەهێز پێکبهێنن، ئەوە وایدەکرد نە روسیا و نە هیج دەسەڵاتێکی دیکەی زلهێز نەتوانن زیان بەبەرژەوەندی ناسیونالیستانەی ئۆکرانیا بگەیەنن.

شاخەوان شۆڕش
2014-3-14

 

تێبینی:

ئەو وتارە لە بنچینەدا لە 14 ی مارس نوسرا و بۆ رۆژنامەی ئاوێنە نێردرا، ئەوسا هێشتا نیمچەدورگەی کرم ریفەراندەمی نەکردبوو و نەچووبووە سەر روسیا. گوتن لەسەر ئەگەرەکان دەکرا. ئێستا کە 29 ی مانگی مارسە واتە دوو هەفتە دواترە، لەم ماوە کەمەدا نیمچەدورگەی کرم ریفەنراندەمی کرد، سەربەخۆیی خۆی راگەیاند و بڕیاری یەکگرتنی لەگەڵ روسیا دا! بۆیە بەناچاری دەبوایە دەستکاری ئەو وتارە بکەم و رووداوە نوێکانی بخەمەسەر.

 

سەرچاوەکان: