لە یادی ٣٠ ساڵەی گیانگەشبوونی کاک تەحسینی قارەمان

لە یادی ٣٠ ساڵەی گیانگەشبوونی کاک تەحسینی قارەمان، فەرماندەی هەرێمی سەفین، ئەو هۆنراوەیە پێشکەشە بە گیانی پاکی ئەو مرۆڤە پارتیزان و شۆڕشگێڕەی هەرگیز لە بیری ناکەم..

ڕۆژزەردانە،
تارمایی سەفین بەسەر تەواوی دێ ڕاکشاوە
کەسەیری قەدپاڵی چیام کرد
بینیم کۆمەڵێ سوار
یەک یەک، دوو دوو
بەرەو چنار دەهاتنەخوار

خەوێکی گەش

بەئەندێشەی دیاردەکانی ڕۆژگارەوە…
چاوم کەوتەخەو و
خۆم لەبن چنارەکەی نازەنین دۆزیەوە

ڕۆژزەردانە،
تارمایی سەفین بەسەر تەواوی دێ ڕاکشاوە
کەسەیری قەدپاڵی چیام کرد
بینیم کۆمەڵێ سوار
یەک یەک، دوو دوو
بەرەو چنار دەهاتنەخوار

لەپێشیانەوە، عەولڵا شوڕتە بوو
لەدوای ئەو، حەمەڕەشیدو خالید
سەردار، ئیدریس و کرێکار
زۆرینەبرد، کاکەڕەشیش گەیشت
بەدەنگە نەرمەکەی، سڵاوێکی هەڤاڵانەی کرد !

ئیتر هەر پێشمەرگەبوو، دەهاتەخوار
سەرتات، بەردەرکی مزگەوت، ژێرچنار، چایەخانەکە
ئەو ناوەیان تەواو پڕکرد ..

بەڵام من ،
سەرنجم هەرلای ملەی باریکی ڕێچکەکە بوو !
لەدوای هەمووان
پێشمەرگەیێ، بە هەنگاوی ژیرانەی لار
ووردو هێمن، دەهاتە خوار

هەروەک جاران !
گۆچانەکەی لەدەستی ڕاستی و
کلاشینکۆفە، بێقۆنداغە یازدەکەشی
بەشێوە تایبەتیەکەی بەشانوەبوو ..

هەروەک جاران !
بێ باک، چاڵاک، زرنگ دیاربوو
چاو زیت و ووریا
تریسکەی هیوای پێوە دیاربوو ..
ئەم هەڤاڵە
سواری خۆشناوەتی و سەفین
ئەم هەڤالە
کاک تەحسینی فەرماندە بوو ..

هەولێر