لەبەرچی وڵاتانی ئەڵمانیا و هۆڵاند رێگەیان نەدا وەزیرکانی تورکیا لە وڵاتەکانیاندا ریکلام بۆ دەستورەکەی رەجەب بکەن؟

لەبەرچی وڵاتانی ئەڵمانیا و هۆڵاند رێگەیان نەدا وەزیرکانی تورکیا لە وڵاتەکانیاندا ریکلام بۆ دەستورەکەی رەجەب بکەن؟
ئایا هۆکارەکەی رەگەزپەرستیە وەکو رەجەب و مەلا عەلی قەرەداغی و هەوادارانیان دەیڵێن!؟

هۆکارەکەی لە دوورو نزیکەوە پەیوەندی بە رەگەزپەرستیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە:
یەکەم: پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی دەربڕین لەلایەن دەسەڵاتی رەجەبەوە دژ بە ئازادیخوازان و مافەپەروەران. گرتنی بەهەزاران ئەندامی هەدەپە، نوسەر و رۆژنامەنوسانی رەخنەگر. گرتن و زیندانیکردنی بەهەزا…ران کەس لە نەیارانی بەتۆمەتی کودەتاچی.

دووەم: لێدان و سەرکوتکردنی ئەو کەسایەتی و رێکخراو و پارتانەی دژی سیستەمی سەرۆکایەتین، وەکو گرتتنی هاوسەرۆکەکان و ئەندامانی هەلبژێردراوی هەدەپە.

سییەم: کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی چەندین شاری کوردستان لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە. ئەو تاوانانەی دژ بە خەڵک و دانیشتوانی ئەو شارانە کران، بە دەکومینت هەیە و وڵاتانی ئەروپاش لێی ئاگادارن.

چوارەم: بەکارهێنانی کارتی پەنابەران دژ بە وڵاتانی ئەوروپا و ناچارکردنیان بە ژماردنی بڕەپارەیەکی زۆر. تورکیا بەردەوامیش هەرەشە بە پاشگەزبوونەوە دەکات.

پێنجەم: تورکیا لە ناوخۆی وڵاتدا سەرکوتی نەیارانی دەستوری سەرۆکایەتی کردووە، سەرکوتی نەیارانی لەژێرناوی کودەتا کردووە، هەربەوەش نەوەستا لە وڵاتانی ئەوروپاش هەوڵی داوە نەیارانی کە بە لایەنگرانی گولەن ناوزەدیان دەکات، پەراوێزبخرێن و سزابدرێن. بێشەرمانە داوای هاوکاری لە ولاتانی ئەوروپاش کردووە، بێئەوەی بیر لەوە بکاتەوە، کە لە ئەوروپا ئازادی جودایی بیروباوەر هەیە و ئەوەی ئەو دەیکات پیشێلکاریە. ولاتانی ئەوروپا مەترسی گەورەبوونی ناکۆکیەکانی نێوان تورکەکانیان هەیە و ئەوەش بەمەترسی لەسەر ئاسایش دەبینن.

شەشەم: خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات. رەجەب وەکو دەسەڵاتدار دەسەڵاتی خۆی بەخراپ بەکاردەهێنێت و نیازی وایە وەزیرەکانی بێنە ئەو وڵاتانە تورکەکانی ئەو وڵاتانە بۆلایخۆیان ڕاکێشن بێئەوەی رێگەبدات لایەنی نەخێر گوتنی خۆی هەبێت. ئەگەر تورکیا وەکو بەرپرسیار لە گرنگی دەستورگۆڕین، رێگەی بدابوایە لایەنی بەڵێ و نەخێر وەکو یەک و بە پشتگیریەکی یەکسان بێن بەشداری لە کۆبوونەوە گشتیەکان بکەن و هەرلایەنە ریکلام بۆ خۆی بکات، لەو بارەدا بۆ وڵاتانی ئەوروپا کێشەیەک نەدەبوو و پرۆسەکە رەوایەتی وەردەگرت.

حەوتەم: سیستەمی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی زۆر دەداتە سەرۆک و تورکیا بەرەو سیستەمێکی ئاوتۆریتاری نادیموکراسی دەبات، ئەوەش ئاراستەیەکە کە هیچ ولاتێکی ئەوروپا پشتگیری ناکات.