کودەتا یان پلان و پاکسازی

ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەی سەر سوپا و دەسەڵاتی داوەری و بوارەکانی دیکە، ئاماژە بە پاکسازی پلانبۆداندراو لە دەسەڵاتی سەربازی و دادوەریدا دەکەن. گرتنی بەهەزاران دادوەر و کەسانی یاسایی لە دوو ڕۆژی یەکەمدا ئاماژە بە هەلمەتێکی ڕێکخراو و پلانبۆداندراو دەکەن. ئەو ئاراستەیە هێما بۆ ئەوە دەکات کە لە شوێنی ئەفسەرە لادراوەکاندا ئەفسەری دیکە لەسەر بنچینەی دڵسۆزیان بۆ سەرۆک لە جیاتی توانا دابندرێن. هەروەها لە جیاتی دادوەرە لادراوەکاندا دادوەر و کەسانی یاسایی لەسەر بنچینەی دڵسۆزی و لایەنگیریان بۆ سەرۆک دابندرێن. هەروەها لە بوارەکانی دیکەش بە هەمان شێوە. ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، سیناریۆی کودەتاکە زیاتر پشتڕاست دەبێتەوە.      

کودەتا یان پلان و پاکسازی

شەوی هەینی ١٥ی ژوڵای ٢٠١٦ هەواڵی کودەتا دژ بە دەسەڵاتی ئەردۆگان ڕاگەیەندرا، زۆری نەبرد بڵاوکرایەوە کە سوپا دەستی بەسەر وڵاتدا گرتووە و گوترا کە سەرۆکی تورکیا ئەردۆگان داوای پەنابەری کردووە. سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ڕاگەیاندرا کەوا ئەردۆگان لە فەیستایمەوە داوای ڕاپەرینی خەلکی دژی کۆدەتاچیەکان کردووە و گوترا کە کودەتاکە شکستی هێنا و ژمارەیەک لە کودەتاچییەکان کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش خۆیان داوەتەدەست. جەگەلەوە دەسەڵاتی تورکیا بەهەزاران کەسی لە سوپا دەستگیرکرد و بەهەزاران دادوەر بڕیاری دوورخستەنەوەیان لە پۆستەکانیاندا درا. رۆژی یەکشەم ڕاگەیەندرا کەوا وڵات ئارامە و هەموو دەسەڵاتێک لە ژێر کۆنترۆلدایە و ژیانی ئاسایی دەستیپێکردەوە. لەکاتێکدا دەسەڵات هەروا خەریکی گرتن و دوورخستنەوەی ئەفسەر و دادوەر و کەسانی دیکەیە.

لە دەرەوەی تورکیا لە ڕۆژی شەمەدا ئەوانەی سەر بە ئەردۆگانن و بەرژەوەندیەکانیان بە تورکیای ئەردۆگانەوە بەندە، دوعای سەرکەوتنیان بۆکرد، فەتوایان دژ بە کۆدەتا دەرکرد، پیرۆزبایی سەرکەوتنی سەرۆکیان کرد، خۆشحالێ خۆیان لە سەرکەوتنی ئاغاکەیاندا ڕاگەیاند. وڵاتانی زلهێزی جیهانیش پشتگیری خۆیان بۆ پرۆسەی دیموکراسی راگەیاند و هەڵوێستی خۆیان دژی کودەتای سەربازی وەکو کردارێکی دژ بە دیموکراسی ڕاگەیاند.

ئەوەی لە دوو ڕۆژدا لە تورکیا ڕوویدا، بووە مایەی کۆمەڵی پرسیار و وەگەڕکەوتنی تیۆریە گومانگەراکان. لەنێو تورکیادا دەگوترێت ئەوەی روویدا بە پلان بوو و ئەردۆگان خۆی دروستی کرد. یا لەلایەن هەندێکەوە لە ناوەوە و دەرەوەدا دەگوترێت ئەمەریکا هاوکاری ئەردۆگانی کرد و کۆمەڵێ فرۆکەی ف ١٦ ی نارد و کۆنترۆلێ بارودۆخەکەی کردەوە. هەندێکیش دەڵێن نەخێر کودەتاکە بۆیە سەری نەگرت چونکە بەشێکی کەمی سوپای لەگەڵدا بوو و زۆر لە ئەفسەرە پلەباڵاکان لەگەڵ کۆدەتاکەدا نەبوون. دەکرێ ئەو بەشەی سوپا ئاگاداری پلانی ئەردۆگان نەبووبن و خرابنە تەلەوە، بەمەبەستی پاکسازی پلانبۆداندراو.

ئێمە نازانین رۆلێ ئەمەریکا چی بووە، ئەمەریکا خۆی نکۆڵی لە ئەگەری دەستهەبوونی لە کودەتاکەدا دەکات، وە ئەوەی سەبارەت بە دەستێوەردانی ئەمەریکا دەگوترێت زیاتر لە شیکارێکی گومانگەرا دەچێت. ئەگەر ئەوە ڕاست بێت، دەبێ ئەردۆگان پەسندی مەرجەکانی ئەمەریکا بکات و ئەوە بکات کە ئەمەریکا دەیخوازێت. بەڵام کردارەکانی ئەردۆگان لە دوای هەوڵی بەناو “کودەتاکە” زیاتر ئاماژە بە پلانی تایبەت و بەرژەوەندی تایبەتی ئەردۆگان لە دەستبەسەرداگرتنی زیاتری دەسەڵاتدا دەکەن.  

پرسیارەکان کە گونجاون و ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکردەوە ڕوویاندا و ڕوو دەدەن: لەبەرچی ئەو بەشە بەشداربووەی سوپا دوای ئەوەی کۆنترۆلی زۆر شوێنیان کرد، هەروا ئاسان دەستیان هەڵگرت و خۆیان دایەدەست؟ لەبەرچی هەوڵی گرتن و دەستبەسەرکردنی سەرۆک نەدرا، هەروەکو تایبەتمەندیەکی دیاری کودەتایە و لە کودەتادا هەوڵی سەرپانکردنەوەی سەری دەسەڵات دەدرێت؟ لەبەرچی ئەو سوپا پڕچەکە دەستیان نەکردەوە و شەڕیان نەکرد؟ لەبەرچی تانک و زریپۆش و ئەفسەر و سەربازی چەکدار خۆیان دایە دەست ژمارەیەکی کەمی خەڵکی سڤیل و بێ چەک؟ چۆن هەوڵی کودەتا و دەستبەسەرداگرتن و کۆنترۆڵکردن بەپشتگیری ئەو هەموو تانک و ئەفسەر و سەربازە لە شەووڕۆژێکدا کۆتایی دێت؟! بۆ ئەردۆگان لەو کاتەدا لە پشوودابوو و دیار نەبوو، پاشان وەکو پاڵەوان لە فەیستایم دەرکەوت و داوای ڕاپەرینی خەڵکی کرد؟ گرتن و دوورخستنەوەی بەهەزاران دادوەر و کەسانی یاسایی لەبەرچی؟ سوپا و دەسەڵاتی دادوەری وەکو دوو دەسەڵاتی سەربەخۆ لەیەکتر چ پەیوەندیەکیان بەیەکەوە هەیە؟ چۆن زاندرا ئەو هەزاران دادوەر و کەسە یاساییانە لە کودەتاکەدا دەستیان هەیە یا هۆکارن؟  دوورخستنەوەی بەهەزاران کارمەند و کەسانی دیکە لە وەزارەتە جیاجیاکاندا بەو فراوانییە لەبەرچی؟

ئەو هەڵمەتە بەرفراوانەی سەر سوپا و دەسەڵاتی داوەری و بوارەکانی دیکە، ئاماژە بە پاکسازی پلانبۆداندراو لە دەسەڵاتی سەربازی و دادوەریدا دەکەن. گرتنی بەهەزاران دادوەر و کەسانی یاسایی لە دوو ڕۆژی یەکەمدا ئاماژە بە هەلمەتێکی ڕێکخراو و پلانبۆداندراو دەکەن. ئەو ئاراستەیە هێما بۆ ئەوە دەکات کە لە شوێنی ئەفسەرە لادراوەکاندا ئەفسەری دیکە لەسەر بنچینەی دڵسۆزیان بۆ سەرۆک لە جیاتی توانا دابندرێن. هەروەها لە جیاتی دادوەرە لادراوەکاندا دادوەر و کەسانی یاسایی لەسەر بنچینەی دڵسۆزی و لایەنگیریان بۆ سەرۆک دابندرێن. هەروەها لە بوارەکانی دیکەش بە هەمان شێوە. ئەگەر ئەوە ڕوو بدات، سیناریۆی کودەتاکە زیاتر پشتڕاست دەبێتەوە.      

لەو بارەدا دەسەڵاتی سەربازی لە توانای پرۆفیشنالی سەربازی بەتاڵدەکرێتەوە، دەکرێتە دامەزراوێکی سەرکوتکەری داردەستی سەرۆک و بەپێی بەرژەوەندیەکانی سەرۆک دەجوڵێندرێت. بەهەمان شێوە لە بواری دادوەریدا دادگا لە توانای بێلایەنی یاسایی بەلای بەرژەوەندیەکانی سەرۆکدا زیاتر لار دەبێتەوە. بەمجۆرە سەرکوتکردنی ڕەخنەگران ئاسانکاری یاساییانەی پێویستیان بۆ دەکرێت، خەڵکی ئازادیخواز ئاسانتر دەدرێنە دادگا و سزایان بۆ دەبرێتەوە. پیشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتەوە چاوپۆشی زیاتریان لی دەکرێت، بەجۆرێک کە دەسەڵاتی سەرکوتکەر سنورەکانی بەردەمی لە پێشێلکاریدا بۆ فراوان دەکرێت و چی بوێت ئەوە دەکات. لە دیدێکی بێلایەنەوە ئەو هەنگاوە دەسەڵاتی سەربازی و دادوەری لە توانای پرۆفیشنالی خۆیاندا بەتاڵ دەکاتەوە و بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەیانبات. لەلایەکیتر ئەو هەنگاوەی قۆرغکردن و دەستبەسەرداگرتنە، دەرزی کوشندە دەخاتە نێو کۆمەڵگەی تورکی و چارەنوسی لە دواڕۆژدا باش نابێت. کاردانەوەی زوو یا درەنگی ڕادیکالانە یەکێ لە ئەگەرە لەپێشەکانە.     

سەبارەت بە کورد و بەرژەوەندیەکانی لە تورکیادا، کورد هەمیشە ئەوەی لاڕوون بووە، کە دەسەڵاتی سوپا و دادگا بەر لە کودەتاکە و بەدرێژایی مێژووی تەمەنی تورکیا هەمیشە بەلای دەسەڵاتی رەگەزپەرستی تورکیەوە دژ بە کوردان لار بووین. ئەو دەسەڵاتانە هەرگیز دەسەڵاتێک نەبووینە رەچاوی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانیان کردبێت. بۆیە لە دیدی کوردانەوە ئەو دامەزراوە سەربازی و دادوەریە هەرگیز دوو دامەزاروی بێلایەن و ڕەوا نەبووین. بەپێچەوانەوە رۆژانە کەسایەتی و چاڵاکوانانی کورد لە دادگاییکردنێکی لاواز و ناڕەوادا بە تاوانی ناپاکی و تیرۆر سزا دەدرێن، هەروەها سوپا پیادەی هێرشی تیرۆریستانە دەکات و خەڵکی سڤیل و بێتاوان بۆردومان دەکات و بەکۆمەڵ لەناو دەبات. 

واپێدەچێت دوای ئەو پاکسازییە، سوپا و دەسەڵاتی دادوەری سەر بە ڕەوتی ئەردۆگان تووندتر و ناڕەواتر لە پێشوو دژی ئازادیخوازانی کورد ببنەوە، هەروەکو بەدوور نازندرێ کە دەسەڵاتی دیکتاتۆر و لوتبەرز لە جیاتی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتیانە پەنا بۆ سەرکوتکردنی خەستتر و دڕندانەتر ببات. بێگومان ئەوەش جگەلەوەی راکردنە لە چارەسەر، بەڵکو شەقبوونی زیاتر و قووڵتربوونەوەی ناکۆکی ئەتنی زیاتری لێدەکەوێتەوە.     

شاخەوان شۆڕش

2016/7/18