شەڕ لەسەر پارەی دزراوی خەڵک!

ئایا ئەگەر دامەزراوێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی سەرپەرشتی سامانە سروشتیەکان و کۆنتراکتی ئەوها چارەنوسساز نەکات و پەرلەمان لە وورد و درشتی کارەکانی ئاگادار نەبێت، ئەو کۆنتراکتە نیشتیمانی و نەتەوەییە؟! ئایا ئەو کۆنتراکتە لەپشتی خەڵکەوە نەکراوە؟! بۆ ڕوونکردنەوەیەک بۆ خەڵک نادرێت و کێشەکان ڕوونناکرێنەوە؟!

شەڕ لەسەر پارەی دزراوی خەڵک!

بەپێی گوتنی دانا گاز، کۆنتراکتی دەرهینانی نەوتی لە ساڵی ٢٠٠٧ دا لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتیەکاندا مۆرکردووە. دەڵێ ئێمە گەورەترین کۆمپانیای دەرهێنانی نەوتین لە هەرێمی کوردستاندا و ١ بلیۆن دۆلارمان خستۆتەکار و.. دانا گاز لەگەڵ دوو کۆمپانیایتر سکاڵایان لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، دوای ئەوەی هەوڵەکانی ناوبژیکردن سەریان نەگرت.. ئیستا دادگا لای ئەوانی گرت و حکومەتی هەرێم دەبێ ١٠٠ ملیۆن دۆلار بژمێرێت!؟

کێشەکان چین؟ بۆ “حکومەتی هەرێم” قەرزاری دانا گاز و کۆمپانیاکانیترە؟ کۆنتراکتەکان چین و چۆن کراون؟ ئایا مافی خەڵک نییە بزانێ چۆن و لەسەر چ بنچینەیەک نەوتەکەی فرۆشراوە و مامەڵەی پێکراوە؟ بۆ هیچ سەبارەت بە داهاتی سامانی سروشتی نازانن و لە کێشەکان ئاگادار ناکرێنەوە؟ جگە لە چەند کەسێک کە ئاگاداری کۆنتراکتەکانن، کەس بەوردی نازانی کێشەکان چین!؟ چۆن دەکرێ سامانی سروشتی نەتەوەیی لەلایەن چەند کەسێکەوە بە پێی بەرژەوەندییە تایبەتیەکان هەڵسوکەتی پێبکرێت؟

دانا گاز کۆمپانیایەکی ئیماراتییە، کۆمپانیا لەو وڵاتانەی کەنداو تا گەردنیان کەوتوونەتە گەندەڵی و هەروەکو گەندەڵی میتۆدێکی ڕوواندنی کارەکانیانە. لەبەرچی دەبێ کۆمپانیا لە وڵاتانی کەنداوی گەندەڵ و پێشێلکار بێت و نەوتی کوردستان دەربهێنی و گەندەڵی پێوە بکات!؟  واپێدەچێ بەرژەوەندییە تایبەتیەکان رۆڵی گرنگیان لەو خاڵەدا هەیە.

سەرۆکی حکومەت نێچیرەوان بارزانی و وەزیری سامانە سروشتیەکان ئاشتی هەورامی ئەو کۆنتراکتەیان مرۆکردووە، وەکو دەگوترێت مەسعود بارزانی و چەندکەسێکیتر ئاگاداری کۆنتراکتەکانن. کۆنتراکتەکە لە ژێرناوی “حکومەتی هەرێم” مۆرکراوە. وەزیر سەر بە بنەماڵەی بارزانییە و لەوان بەولاوە کەسیتر ناناسێت. کۆنتراکتەکانی دیکەش واپێدەچێ هەمان دەستپێک و کۆتاییان هەیە.

دامەزراوێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بێلایەن و شارەزا بۆ بواری سامانی سروشتی تەرخان نەکراوە و لەوێشەوە بڕیاری ستراتیژی سەبارە بە نەوت و بەرژەوەندی ناسیونالیستانەی کوردستان بوونیان بۆیە نییە. جگەلەوە بێ ئاگاداری وبڕیاری تاوتوێکراوی پەرلەمان هەنگاوی چارەنوسسازانە پشتگیری گەلی نییە.

ئایا ئەگەر دامەزراوێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی سەرپەرشتی سامانە سروشتیەکان و کۆنتراکتی ئەوها چارەنوسساز نەکات و پەرلەمان لە وورد و درشتی کارەکانی ئاگادار نەبێت، ئەو کۆنتراکتە نیشتیمانی و نەتەوەییە؟! ئایا ئەو کۆنتراکتە لەپشتی خەڵکەوە نەکراوە؟! بۆ ڕوونکردنەوەیەک بۆ خەڵک نادرێت و کێشەکان ڕوونناکرێنەوە؟!

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا کۆمەڵێ کێشە و سکەنداڵ ناوە ناوە دەرکەوتوون، بەڵام تا ئێستا نەکەس لێپرسینەوەی لێکرا و نەکەس درایە داگا! هەرزوو بابەتەکان دادەپۆشرێن و تێدەپەڕێندرێن.

شاخەوان شۆڕش

٢٢/١١/٢٠١٥