ئیسلام لە ستاتی داهاتووی ئێراقدا

ئەو وتارە لە هاوینی ٢٠٠٢ دا بەر لە دەستبەکاربوونی پرۆسەی دروستکردنەوەی ئێراقدا نوسراوە و لێکۆڵینەوەیەکە لەمبارەیەوە، ئەوسا لەبەررۆشنایی دەستوری کاتی ئێراقدا هەروەستەم لەسەر مەترسیەکانی بوونی ئیسلام وەکو سەرچاوەی یاسادانان و خۆتێکەڵکردنی دین لە دەسەڵاتی یاساداناندا کردووە ، کە وادەکات سیستەمێکی ناسیکولاری کۆنەپارێز دروستبێت و مەترسی لەسەر کەمینە ئایینیەکان و نائایینیەکان و ئازادیەکان دروست دەکات. من ئەوسا پێموابوو پارتە کوردیەکان حەز بە مۆدێرن بوون و کرانەوە دەکەن، بەڵام وەکو دواتر لە ڕەشنوسی دەستوری کوردستاندا دەرکەوت لەوەدا هەڵەبووم.  

ئیسلام لە ستاتی داهاتووی ئێراقدا

شاخەوان شۆڕش

2002.7.2

سەرەتا

مشتومڕی رۆڵی ئیسلام لە سیستەمی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی داهاتووی ئێراق بەگەرمی لەئارادایە و هەر گروپە بەشێوەیێک لێکیدەداتەوە و پێناسەی بۆ دەکات. ئەو دەمەتەقێیە هاوکاتی هەوڵەکانی دیموکراتیزەکردنی ئێراقە کەلەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لەناوەوە و دەرەوەدا بانگاشەی بۆ دەکرێت.

مشتومڕی رۆڵی ئیسلام دوای هەڵبژاردن و بردنەوەی هەڵبژاردنەکە لەلایەن لیستی شیعەکانەوە، زیاتر پەرەیسەند بەهۆی ئەوەی هەندێک لەوان ئاماژەیان بە هەوڵیان بۆ چەسپاندنی یاسای شەریعە بەڕاشکاوی کردووە.

ئەو لایەنەی کە نایەوێت ئایین تێکەڵی ستات بکرێت و بەئاواتی سیستەمێکی سیکولارن، کوردەکان و هەندێ لایەنی پێشکەوتوخوازی دیکە دەگرێتەوە، ئەوانە وەکو شیعەکان بەژمارە زۆرنین و ئەو هێزەی ئەوانیان نییە. لەنێو کوردەکانیشدا واپێدەچێ لە سەدا 5 تا 10 ی دانیشتوان لەگەڵ رژێمێکی ئیسلامیدان و دەیانەوێت ئیسلام ڕۆڵی لە سیستەمی نوێدا هەبێت .

لەهەمان کاتدا ئەمەریکا و هەوادارانی خەریکی پرۆگرامی “دیموکراتیزەکردن” و دروستکردنەوەی ئێراقن، لەسەر بنچینەیەکی نوێ و بەشێوەیەک کە رژێمە نوێکە بتوانێ نوێنەرایەتی هەموو گروپە جیاوازەکانی ئێراق بکات. دیارە پلانی ئەمەریکا هەر بەئێراق ناوەستێ و مەبەستی گۆرانکاری لەهەموو ناوچەکەدا، کە تیایدا رژێمی دیکتاتۆر و ئاوتۆریتێر و  ئیسلامی دەسەڵاتیان هەیە، هەیە.

ئەوەی ئەمەریکا دەیکات، لەژێر ناونیشانی دیموکراتیزەکردن و ئازادی گەلاندا دەیکات، ئەوە جەنگێکی ئایدۆلۆژیانەیە کە تێکەلی جەنگی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی کراوە و بەیەکەوە بەستراون. ئەوان وەکو دەڵێن پێیانوایە دیموکراتیزەکردن و پێکهێنانی سیستەمی دیموکراسی لە ناوچەکە و شوێنی دیکەی جیهاندا، چارەسەرێکی گونجاوە بۆ کێشەی تیرۆریزم و دەتوانێ جیهان بەرەو ئاشتی گونجاو ببات. واتە بەدیموکراتیزەکردن و مۆدێرنکردن، ئەو فاکتەرانەی کە دەبنەهۆی تیرۆرزم و کرداری ناڕاشیونالانە لەناودەچن یا لاواز و بێکەلک دەکرێن.

ڕەخنەگران و زۆری دیکە، ئەو ڕەوتە نوێیەی ڕۆژئاوا بە شێوازێکی نوێی کۆلۆنیالیزم دەبینن و پێیان وایە ئەوەی ئەمەریکا و ڕۆژئاوا دەیکەن، مەبەست دەست بەسەرداگرتنی بازاڕی ئابوری جیهانە. ئەوانە دژی دەستێوەردانی سەربازی و بوونی ئەمەریکان لە وڵاتانی دەستێوەردراودا. ئەوە بابەتێکە و زۆر هەڵدەگرێ، لێرەدا نامەوێ زیاتری لەسەر بڕۆم.

پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن، پڕۆسەیەکی سەخت و پڕ لەکێشەیە. لە هەندێ باردا و لە هەندێ شوێندا پڕۆسەکە خوازیاری گۆڕانە لە سیستەمی ڕامیاری، ئابوری و کەلتوریدا. وەکو گۆڕانکاریەکانی لە هەندێ لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا کران. لەهەندێ شوێندا پڕۆسەکە تەنها پێویستی بە گۆڕانی سیستەمە ڕامیاریەکە هەیە. وەکو بۆنمونە وڵاتێکی ئەمەریکای لاتین بۆنمونە مەکسیک. هەروەها دەکرێ دیموکراتیزەکردنی هەندێ شوێن ئاسانتر بێت لە هەندێ شوێنی تر. ئەوەش بە زەمینەی پێشوازیکردنی گۆڕانکاریەکە لە شوێنە جیاجیاکاندا پەیوەستدارە. دیموکراتیزەکردن بەئەگەری زۆر بەرەوڕووی کێشە و کۆسپی زۆر دەبێتەوە، کاتێ کۆنسێرڤەتیزمی ئاینی لە کۆمەڵگەدا زاڵە و دەسەڵاتی بەدەستە. هەروەکو ئیسلامیستەکان لە ئێراقدا ڕۆڵی دیاریان هەیە و دەسەڵاتدارن، بۆیەش چاوەڕوان دەکرێت، کاریگەریان لەسەر پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنەکە و ئاراستەکەی ببێت.

ئەزموونەکانی ڕابردوو ئەوە دەسەڵمێنن، کەوا دیموکراتیزەکردنی وڵاتە موسڵمانەکان زۆر سەختە و تائێستا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە توانیویانە زیرەکانە خۆیان لە دیموکراتیزەکردن بپارێزن و لەدژیدا بوەستنەوە.

لەئێراقدا کۆمەڵێ گروپی لەیەک جودای بەرژەوەند دژبەیەک هەن، ئیسلامیستەکان بەگشتی و شیعەکان بەتایبەتی ڕۆڵ و دەسەڵاتیان هەیە، بۆیەش واچەواڕوان دەکرێت کەپڕۆسەی دیموکراتیزەکردن تووشی کێشەی زۆر ببێت و بەدیهێنانی ئاسان نەبێت. دیارە لە هەمان کاتدا جێگەی خۆیەتی بزانین ئەمەریکا و هەوادارانی چیان لەمبارەیەوە کردووە، هەروەها ئایین خۆی لەکوێی پرۆسەکەدا دەدۆزێتەوە؟ ئاشکرایە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بانگاشەی هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و مۆدێرن لە ئێرقدا دەکەن، کۆمەڵگەیەک کەتیایدا ئازادی ئایین هەبێت و ڕێزی مافەکانی مرۆڤ بگیرێت. پێیانوایە هەنگاوی گرنگیان لەمبارەیەوە ناوە و بۆ پێشەوە دەچن.

لە یاساکاتیەکەدا کە لە 8ی مارسی 2003 دا مۆرکرا، ئیسلام ڕۆڵی دراوەتێ. بەئەگەری زۆر شیعەکان و ئیسلامیستەکان بەگشتی لەوە کەمتر پەسند ناکەن، بۆیە واپێدەچێت بەلایەنیکەم ئەوەی لەیاساکاتیەکەدا هەیە دەمێنێتەوە، ئەگەر زیاتر نەکرێت.

ئەو لێکۆڵینەوەیە کەسەبارەت بە پێویستی جیاکردنەوەی ئایین لە ستاتە، بۆ ئەوەیە کەوا زانیاریەک لەسەر ئەو بابەتە بەشێوەیەکی بابەتیانە بخرێتەڕوو. واتە ئەگەر ئاماژە بە جیاکردنەوەی ئایین لە ستات بکرێت واتای چییە؟ چۆن دەتوانرێ لە سیستەمی سیکولار Secular و پەیوەندی لەگەڵ ئایین بگەین؟

دیارە لە لێکۆڵینەوەکەدا، بەچڕی بوونی ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی یاسادانان لەم ڕوانگەیەوە سەیری دەکرێت و شیکار دەکرێت. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئازادی و یەکسانی ئایین و مافەکانی مرۆڤ بوونیان لەکۆمەڵگەی داهاتووی ئێراقدا تا چ ڕادەیەک دەبێت، لەکاتێکدا ئیسلام شوێنێکی دیاری لەیاسادا پێدراوە؟

سەبارەت بەوەڵامی ئەو پرسیارانە ئاماژە بەتایبەتی بۆ ئەرتیکلی 7 بڕگەی (ا)ی یاسای کاتی لە قۆناغی گواستنەوەدا دەکەین. بۆیەش ئەو ئاماژەکردنەم لاگونجاوە، چونکە ئیسلامیستەکان لەوەکەمتر پەسند ناکەن، واشپێدەچێ ئەوە بەلایەنیکەم دەچەسپێت.

هەوڵدەدەم شیکار و دەمەتەقێ تیۆریەکە لە ڕوانگەی بۆچوونەکانی لێکۆلەری سیکولار (رۆبەرت ئاودی) یەوە دابڕێژم.

وام بەباشزانی بەیارمەتی بیروبۆچوونەکانی (رۆبەرت ئاودی) تیشک بخەمەسەر پرەنسیپەکانی یەکسانی، ئازادی و بێلایەنی سەبارەت بە رۆڵی ئایین لەکاتی بوونی سیستەمێکی سیکولاردا. دیارە ئاودی گرنگی بوونی ئەو پرەنسیپانە لە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی ڕەوا لەڕوانگەیەکی سیکولارەوە سەیر دەکات. ئاودی بەوردی گوزارشتی ئەو پرەنسیپانە دەکات و پێویستبوونیان ڕوون دەکاتەوە. بەمشێوەیە ئەوە یارمەتیمان دەدات کە رۆڵ و شوێنی ئیسلام بەرامبەر بەستات بتوانین ڕوونکەینەوە. ڕاستە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی ئێراقی لە ڕوانگەیەکی تەواو سیکولارەوە لەلایەن هەموو گروپەکانەوە پشتگیری نییە، بەڵام وەکو ئاشکرایە لەلایەک ئەمەریکا کە داینەمۆی گۆڕانکاریەکانە و ئەوان لە ڕوانگەیەکی دیموکراسیانەی لیبرالانەوە کارەکە دەکەن، لەلایەکی دیکە لەلایەن زۆربەیان بانگاشەی ئەوە دەکرێت کەوا هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و ڕەوا کەتیایدا مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ئایین ڕێزیان هەیە، دەدرێت. بۆیەش گونجاوە لەڕوانگەی تیۆریەکەی ئاودی کە گۆشەنیگایەکی سیکولارانەی لیبرالانەیە سەیر و شیکاری پرسیارەکان بکەین.

 

بەرلەهەر شێتێک واباشە دەقی ئەرتیکلی 7 بڕگەی (ا) بخەینەڕوو، ئەرتیکلەکە دەڵێت:

ئیسلام ئایینی فەرمی ستاتە و وەکو سەرچاوەیەکی یاسادانان تەماشادەکرێت، هیچ یاسایەک گەر لەگەڵ پرەنسیپە گەردوونیەکانی ئیسلام، پرەنسیپەکانی دیموکراسی یان ئەو مافانەی لە چاپتەری دوودا کە لەم یاسایەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، ناتەبا و ناکۆک بێت، لەقۆناغی گواستنەوەدا پەسند ناکرێت. ئەم یاسایە ڕێزی ناسنامەی ئیسلامی زۆرینەی خەڵکی ئێراق دەگرێت و گەرەنتی مافی تەواوی ئایینی مرۆڤەکان لە ئازادی و پراکتیزەکردنی بڕوای ئایینی دەکات.

تیۆریەکەی رۆبەرت ئاودی و پرەنسیپە بنچینەییەکان لە کۆمەڵگەیەکی سیکولاری دیموکراسیدا

رۆبەرت ئاودی لە کتێبەکەیدا کە لەسەر هۆشمەندی سیکولاری و بڕوای ئایینی نووسیویەتی ، دەمەتەقێ و تاوتوێی پێویستبوونی جیاکردنەوەی ئایین لە ستات دەکات. جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە بۆ پاراستنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن، دیموکرات و ڕەوا پێویستە ئایین لە ستات جوداکرێتەوە. ئەوە لە کۆمەڵگەیەکدا پێویستە کە مەبەستیەتی ڕێزی پرەنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی بگرێت. فەرمانڕەوایی دیموکراسی بە خەڵکەوە بەندە، لە ستاتێکدا ئەو خەڵکە دەکرێ لە کۆمەڵێک گروپی ئێتنی ئایینی و نائایینی پێکهاتبن، بۆیە کۆمەڵگەیەکی پلورال کە تیایدا شوێن بۆ هەموان و ڕێزی هەموان هەیە، پێویست دەکات. کاتێ دیموکراسیەت گەشە دەکات، گەر بڕیارە ڕامیاریەکان لەسەر ڕێزگرتنی بەرامبەر، پێشبڕکێی ڕەوا لەنێوان مرۆڤەکان و دامەزراوەکان، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی بیر و هەڵوێست و کەسایەتی مرۆڤەکانی کومەڵگەدا بنچینە بگرن. لەهەمان کاتدا ئاودی هۆشیاری سەبارت بە ئەگەری بوونی کێشە لە کۆمەڵگەی دیموکراسیدا دەدات، وەکو، بوونی فراکسۆنی رکابەر کە دەبنە هۆی نابوتکردنی. یەکڕەنگی کە دەبێتەهۆی بنکۆرکردنی. یا کاتێ ڕێکەوتن لە نێوان چەند گروپێکدا دەبێتە هۆی دیکتاتۆریەتی زۆرینە . 

سەبارەت بە تێگەیشتن و پێناسەی ئایین، ئەو بڕوای ئایینی و مۆرالی لەیەکتر جیادەکاتەوە. ئەو پێی وانییە، هەر بڕوایەکی مۆرالی یەکسانە بە ئایینێک. هەروەها ئەو ئایینی خوایی و بێخوایی لەیەکتر جیادەکاتەوە  (دەکرێ بڵێین ئایینە ئاسمانیەکان و نائاسمانیەکان). پێی وانییە ئایینە بچوکە بێخواکان بتوانن کێشەیەکی ئەوتۆ بۆ کۆمەڵگە دروست بکەن وەکو ئەوەی کە ئایینە خواییە ڕێکخراوەکان دەتوانن بیکەن. ئایینە ئاسمانیەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان هەوڵی دەسەڵات لەکۆمەڵگەدا دەدەن، بەڵام ئایینە بچوکە نائاسمانیەمان وانین. بۆیەش ئاودی خۆی بە ئایینە ئاسمانییە ڕێکخراوە دامەزراویەکان خەریک دەکات و سەبارەت بە بابەتی پەیوەندی نێوان کەنیسا و ستات ئەو ئایینانەی لاگرنگە. ئەوەش ئایینە ناسراوەکانی وەکو کریستیانی، ئیسلام و جوو و بودیزم دەگرێتەوە .

رۆبەرت ئاودی لە ڕوانگەی چوار پرەنسیپی بنچینەییدا تێگەیشتنی خۆیی و پێویستبوونی جوداکردنەوەی ستات و کەنیسا (ئایین) دەخاتەڕوو، ئەوانیش: پرەنسیپی ئازادی، پرەنسیپی یەکسانی، پرەنسیپی بێلایەنی و پرەنسیپی بێلایەنی کەنیسا.

پرەنسیپی ئازادی:

هەموو ئایینەکان مافی پەیرەوکردنی بڕواکان و رێتوالەکانی خۆیان لەچوارچێوەیەکدا کە ستات دایدەنێ و ڕێگای پێدەدات، دەبێ هەبێت. ئەوە پرەنسیپی تۆلەرانسە (پشوودرێژی) . کۆمەڵگە بەبێ بوونی ئازادی ئایین، کۆمەڵگەیەکی تەواو ئازاد نییە. هەروەها دیموکراسی بەبێ بوونی ئازادی، دیموکراسی نییە. ئەوە داخوازی خەڵکە، چونکە خەڵک دیموکراسی دروستکردووە و بۆ خەڵکیشە.

ئەگەر مەبەستی ئایدال دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئازادە، پێویستە ئەو کۆمەڵگەیە چوارچێوەیەکی کۆمەڵایەتی وای هەبێت کە بەلایەنی کەم مسۆگەری سێ جۆری ئازادی ئایین بکات: یەکەم، ئازادی بڕوای ئایینی. واتە ستات و دەزگای دیکە پێشیان پێبگیرێت لە دەستێوەردان لە بوارە ئایینیەکان، ئەوە گەر بیانەوێت پێشێلی ئایینەکە بە زۆرداری بکەن. بۆنمونە مێشک شووشتنەوەی منداڵ لە خوێندگە یا پێگەیشتوان بە شێوەی دیکە. دووم، ئازادی پەیڕەوکردنی بڕوای ئایینی بەشێوەیەک کە پەیڕەوکەرانی مافی ئەوەیان هەبێت کۆببنەوە، پەیڕەو و پێشکەشی رێتوالەکانی خۆیان ئاشتیانە بکەن. سێیەم، دەبێ خەڵک مافی بەشداری و پراکتیزەکردنی ئایینی هەبێت. دەبێت خەڵک ئازاد بێت لەوەی منداڵەکانی خۆیان فێری بڕوا و رێتوالەکانی خۆیان بکەن. بەڵام دەبێت بەشێوەیەک بێت کە پێشێلی هیچ مافێکی دیاریکراوی مۆرالی نەکەن .

 

پرەنسیپی یەکسانی:

میری یا ستات دەبێ بەرامبەر بە ئایینە جۆراوجۆرەکان بێلایەن بوەستێت. پرەنسیپی یەکسانی بۆ پارێزگاری خەڵک سەبارەت بە جوداکاری میری یا ستات بەرامبەر بە ئایینی بچوک، ئایینی تایبەتی و کەم ناسراو، یا گروپی نائایینی، پێویستە. لەگەڵ ئەوەی پرەنسیپی ئازادی دانی پێنراوە.

ستات نابێت خۆی تێکەڵی هەڵبژاردنی خەڵک لە دیارکردنی ئایین و بڕوادا بکات. هەروەها نابێت لەلایەن ستاتەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان هێما بۆ ئایینێکی دیاریکراو بکرێت. چونکە ئاماژەی ستات بۆ ئایینێکی دیاریکراو دەکرێ ببێتە هۆی سەرلێشێوانی خەڵک لە هەڵبژاردنی رێچکەی ئایینی. یا  دەکرێ گوشار بخاتە سەر خەڵک و وابکات ئەوان ئایینە ئاماژە پێکراوەکە هەڵبژێرن و بگرنەخۆیان.

کاتێ ئایینی ئاماژە بۆکراو هی زۆرینە بوو، مەترسی ئەوە هەیە خەڵکی سەر بەو ئایینە دەسەڵاتی زیاتریان لە خەڵکی دیکەی سەر بەئایینی دیکە دەستکەوێت. لەگەڵ ئەوەی ئەو لارییە پێشێلکاریەکی ڕاستەوخۆی ئازادی مرۆڤێک نییە، بەڵام ئەوە هەر زیان بە دیموکراسی دەگەیەنێت. ئەو دیموکراسیەی کە دەبێ تیایدا ئەگەر و بواری یەکسان بۆ پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی ڕامیاری لەسەر بنچینەیەکی ڕەوادا هەبێت. ئاماژەکردن بۆ ئایینی دیاریکراو، هەڕەشە لە ئازادی ئایین دەکات. بەهەمان شێوە دەکرێ کاربکاتەسەر یاسا و بڕیاری ستات، بەشێوەیەک کە یاساکە یا بڕیارەکە مۆرکی ئایینە ئاماژە بۆکراوەکەی پێوە دیارە یا لە یاسای و نۆرمێکی ئایینەکە وەرگیراوە یا بەو دەچێت.

دەبێت خەڵک بواری ئازاد و یەکسانیان لە هەڵبژاردن لەنێوان بڕوائایینیە جیاوازەکاندا هەبێت. سنوردارکردن بەهۆی وابەستەیی ئایینی مرۆڤێک لە کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و لیبرالدا جێگەی نابێتەوە و جێگەی پەسندکردن نییە، چونکە ئەوە ستانداردی ئازادی و یەکسانی تێکدەدات .

پرەنسیپی بێلایەنی:

نابێت میری یا ستات ئایینێک پێش ئایینی دیکە بخەن، یا خەڵکی سەربە ئایینێک پێش خەڵکی سەربە ئایینی دیکە بخەن یا گرنگی زیاتریان پێبدەن. بەهەمان شێوە نابێت خەڵکی ئایینی بەسەر خەڵکی نائایینیدا زاڵکەن و گرنگی زیاتریان پێبدەن.

پرەنسیپی بێلایەنی پێویستە، چونکە ڕێگا لە ستات  لە پێشخستن و جوداکاری دەگرێت. ئەو پرەنسیپە بە بێلایەنی ستات بەرامبەر بە ئایینەکان پەیوەستدارە. پرەنسیپەکە دەخوازێت هەڵسوکەوتێکی ئایدیالی میری بەرامبەر گروپە ئایینی و نائایینیەکان و هەموو هاوڵاتیان هەبێت. بۆیە کاتێ ستات ئایینێک پێش ئایینی دیکە دەخات، ئەوە جوداکارییە.

ئەگەر پێشخستنی ئایینێک لەلایەن ستاتەوە بکرێت، ئەوە جگەلەوەی دەسەڵات دەداتە کەسایەتی ئایینی ئەو ڕێچکەیە، پەیرەکردنی ئازادیش سنوردار دەکات. هەرچەندی پەیڕەکردنی ئازادی سنوردار بێت، ئارەزووی ئەو پەیڕەوکردنەش لای خەڵک کەم دەبێتەوە.

نابێت ستات هەربەتەنها پارێزگاری پەیڕەوکردنی ئازادی دانپێنراو بکات، دەبێت لەهەمان کاتدا ئەوەی پێویستە بۆ مسۆگەرکردن و بەئەنجامگەیاندنی پەیڕەوکردنەکە بیڕەخسێنێت.

پێشخستنی ئایینێک لەلایەن ستاتەوە دەبێتەهۆی بەلایەنی کەم سێ کێشە کە سیستەمی دیموکراسی بنکۆر دەکەن. یەکەم: لەکاتێکدا کە ئایینە پێشخراوەکە سەربە زۆرینەن. ئەوە وادەکات هەڵوێست و بۆچوونی ئەوان کاربکاتە سەر یاسا و بڕیاری ڕامیاری. ئەوەش بۆ نمونە زیان بە ئایینە بچوکەکان دەگەیەنێت. دووەم: دەکرێ ناتەبایی ئایینی ببێتەهۆی پۆلارکردنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوا سەبارەت بە یاسا و بڕیار لەسەر پرسیاری ئایینیدا. سێییەم: کاتێ میری ئایینێک پێشدەخات، ئەوە وادەکات میری لایەنگریی بۆ ئایینەکە لە بڕیارە رامیارییە کۆمەڵایەتیەکاندا بنوێنێت. واتە میری بڕیار و یاسا دەردەکات یا پیادە دەکات کە گونجاوە لەگەڵ تێگەیشتنی ئایینە پێشخراوەکەدا. ئەوە دەکرێ ببێتەهۆی خۆتێکەڵکردنی ئایین لە کاروباری ستات و بەپێچەوانەوە. ئەوەش جێگای نیگەرانییە .

پرەنسیپی بێلایەنی کەنیسا:

نابێت پشتگیری یاسا، بڕیار و کاندیدی وابکرێت، کە دەبنەهۆی پێشێلکردنی ئازادی ئایینی یا ئازادی بنچینەیی کە بناغەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لیبرالە. هەمووکات هەڵسوکەوتی پیاوانی ئایینی تەنها لەڕوانگەی ئایینیەوە نییە. دەکرێ هەڵوێستێکی مۆرالی ببێتەهۆی هەڵوێستێکی ڕامیاری. بەهەمان شێوە هەمووکات پیاوانی ئایینی لەڕوانگەیەکی ئایینی هۆشەمەندانەوە ناجوڵێنەوە. بۆیەش پرەنسیپی بێلایەنی کەنیسا گونجاوە و پێویستە هەبێت. ئەوە واتای ئەوەنییە، ئەو پرەنسیپە ڕێگا لەپیاوانی ئایینی لە پشتگیریان لە ئازادی لەکاتی ژێردەستیدا، بگرێت.

ئاودی چاواەڕوانی ئەوە دەکات، مرۆڤە ئایینیەکان ڕاشیونالانە و تێگەیشتوانە بەرامبەر بە پرەنسیپە دیموکراسیەکان لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا بجوڵێنەوە. کەنیسا/مزگەوت دەتوانێ کار بۆ پێشخستنی پرەنسیپە دیموکراسیەکان بکات. دەکرێ ئاییندارەکان  هەڵوێستی مۆرالیی وایان هەبێت کە یارمەتی کۆمەڵگە بدات، لەگەڵ ئەوەی دەکرێ ئەو هەڵوێستە کێشەئامێز بێت، بەڵام نابێت بەشێوەیەک بێت کە ببێتەهۆی تێکدان و یاخیبوون .

 

ئیسلام و ستات لە ئێراقی داهاتوودا

لەخوارەوە هەوڵ دەدەم ڕۆڵی ئیسلام لە کۆمەڵگەی ئێراقدا لەبەر رۆشنایی پرەنسیپەکانی ئازادی، یەکسانی و بێلایەنی کە لەسەرەوەدا بەکورتی لێیان دوام، بخەمەڕوو. گەلێ لەو ڕستە و گوتانەی سەرەوە دووبارە دەبنەوە، ئەوەش لەبەر باشتر تێگەیشتنی شیکارەکە کراوە. لە شیکار و تاوتوێکەدا ئاماژە بەتایبەتی بۆ ئەرتیکلی 7 بڕگەی (ا)ی یاساکاتیەکە دەکەم. چونکە ئەوەی لە ئەرتیکلەدا هەیە ئەوە لایەنی کەمی ئەوەیە کە ئیسلامیستە دەسەڵاتدارکانی ئێراق دەیانەوێ بیسەپێنن.

ئیسلام و پرەنسیپی ئازادی

ئاودی جەخت دەخاتەسەر ئازادی وەکو یەک بۆ هەموو ئایینەکان، واتە دەبێ هەموو ئایینەکان ئازادبن لە پەیڕەوکردنی بڕوا و ڕێتوالەکانیاندا. ئەرتیکلی 7 بڕگەی (ا) لە بەشێکی دوا ڕستەدا ئاماژە بە ئازادی ئایین دەکات. ئەرتیکلی 13 بڕگەی (ه)ی یاساکاتیەکە پشتگیری ئەوە دەکات. ئەگەر ڕستەکە تەنها ئەوە بوایە و چیتر نەگوترابایە، ئەوە کەمتر ڕەخنەی هەڵدەگرت. بەڵام کەتەواوی ڕستەکە دەخوێنیتەوە، بەناچاری لێکدانەوەی دیکە خۆیان قیت دەکەنەوە. لەڕستەکەدا جەخت لەسەر گرنگی ئایینی ئیسلام  وەکو ئایینی زۆرینە دەکات، پاشان دەیەوێ گەرەنتی ئازادی ئایین بۆ کەسەکانی کۆمەڵگە بکات. لەو ڕستەیەدا دووڕووییەک خۆی دەخاتەڕوو، لەلایەک بەگرنگی دەزانێ جەخت بخاتەسەر ناوهێنانی ئیسلام وەکو ئاییینی زاڵ. لەلایەکی دیکە داندەنێت بە هەبوونی مافی کەسەکانی کۆمەڵگە لە ئازادی تەواوی پەیڕەوکردنی ئاییندا. گومان لەوەدا هەیە، خەڵک بتوانن بەتەواوی ئازادی خۆیان پەیڕەوی ئایینی دیکە بکەن، لەکاتێکدا ئایینی سەرەکی زاڵکراوە.

کێشەیەکی دیکە ئەوەیە، ئەرتیکلەکە جەخت دەخاتەسەر گرنگی ئایینی زۆرینە، بەڵام خۆی لادەدات لە ناوهێنانی ئایینە بچوکەکان کە لەلایەن کەمینەی جیاوازەوە پەیڕەودەکرێن و بوونیان لە ئێراقدا هەیە. لێرەدا تەنها ئاماژە بە تاکەکانی کۆمەڵگە لەجیاتی کەمینەکان دەکرێت، واتە خۆلادەدرێت لە ناوهێنانی ئازادی ئایینی بەکۆمەڵ، کاتێ بابەتەکە بە کەمینەکانەوە بەندە. بەبۆچوونی زۆر لە شارەزایان لەوانە (ویل کیملیکا) ، جیاوازی لەنێوان ئازادی تاک و بەکۆمەڵ هەیە، هەڵەیە بڵێیت ئازادی تاکەکان واتای ئازادی کەمینەکانی کۆمەڵگە دەگەیەنێت. بۆیە دیارنییە مافی کتومتی ئەرک و ماف سەبارەت بە کەمینەکان چییە. هەروەها میری چی دەکات، ئەگەر ئەو کەمەئایینانە داوای پارێزگارییان لەدژی ئایینی زاڵی ئیسلامدا کرد.

ئەو ناسەنگییە کە لە ئەرتیکلەکەدا هەیە، بنکۆری وەکویەکی ئازادی ئایینەکان دەکات، لەکاتێکدا ئایینێک زاڵە و پێشدەخرێت، کەچی کەمەئایینەکان ناویان ناهێنرێت و بۆ ئاستی تاک بچوک دەکرێنەوە. ئەگەر هەموو ئایینەکان وەکویەک بۆ ئاستی تاک بچوک کرابانەوە و پێشخستن نەبوایە، ئەوا نەدەگوترا جوداکاری کراوە.

ئەرتیکلەکە هەر بە جەختکردنەوە لەسەر زاڵی ئیسلام ناوەستێ، بەڵکو دەیکاتە سەرچاوەیەکی یاسادانانیش. واتە ستاتوسێکی شاز دراوەتە ئایینی ئیسلام. پێشخستنێک کە بەئەگەری زۆر ئایینەکانی تر هەراسان دەکات. ئایینەکانی دیکە مافی ئەوەیان نییە ببنە سەرچاوەیەکی یاسادانان، واتە سەبارەت بە کەمەئایینەکان ئەو مافە لەگۆڕێدا نییە. ئایینەکانی تر لەلایەن زۆرینەوە پەیڕەو ناکرێن، بۆیەش ئەو قەوارە و بواری ئازادییەی بە ئیسلام ڕەوا بینراوە، بەوان ڕەوا نەبینراوە.

رۆبەرت ئاودی ئاماژە بە مەترسی مێشک شووشتنەوە لە کۆمەڵگەیەکی ئازاددا دەکات، بەمجۆرە دەبێت کەسەکانی کۆمەڵ ئازادبن و ناچار نەکرێن بۆ فێربوونی ڕێچکەیەکی ئایینی تایبەت و دیاریکراو، یا ناچاربکرێن واز لەبڕوای خۆیان بهێنن. دیارە داڕێژەرانی یاساکاتیەکە بانگاشەی هەمان شت دەکەن. بەڵام لەکاتێکدا ستات پیادەی یاسا و بڕیاری تەبا لەگەڵ پرەنسیپەکانی ئیسلامدا یا پەیڕەوی یاسای کتومت وەک یاسای ئیسلامی دەکات، ڕاگرتن و بەدیهێنانی ئەو بانگاشەیە سەختە. مرۆڤەکانی کۆمەڵ لەسەریانە ڕێزی یاسا بگرن، دەکرێ یاسایەک لەلایەن تاک و گروپە نائیسلامەکان ناحەز بێت، لەکاتێکدا ئەو یاسایە مۆرکی ئیسلامی پێوەبێت. یا دەکرێ لەبواری دیکەی پراکتیکیدا ئەو ناحەزییە لەلایەن کەمینەکانەوە سەرهەڵبدات، بۆنمونە کاتێ منداڵ شێوەیەکی تایبەتی مێژوو کە تیایدا بە گەورەیی و بێهاوتایی ئیسلامدا هەڵدەدرێت، لە خوێندگە فێردەکرێت. منداڵانی ئیسلام فێری مێژووێکی لایەنگیر و ناڕەخنەئامێز دەبن، لەکاتێکدا منداڵانی سەربە ئایینی دیکە ناچاری فێربوونێک دەکرێن، کە بەوان و ژینگەکەیان نامۆیە. ئەوە دەکرێ ببێتەهۆی قێزلێکردنەوەی ئایینی زاڵکراو و بێبڕوایی بەرامبەر بە سیستەمی فێرکردن بەگشتی. کێشەکە گەورەترە ئەگەر زۆرینە ئەو پێشخستنە و بەرزکردنەوەی کە هەیەتی بەخراپ بەکاربهێنێت و بیقۆزێتەوە. ئەوە دەکرێ ببێتەهۆی خۆتێکەڵکردنی دەسەڵاتی ئیسلامی لە جێبەجێکردنی یاسا و بڕیاری دیاریکراودا لەئاستی جیاوازدا بەتایبەتی ناوچەییدا.

سەبارەت بە ئازادی پەیڕەوکردن، کۆبوونەوە و پێشکەشکردنی رێتوالی ئایینیدا، دیسان دووڕییەک بەرچاو دەکەوێت. ئیسلامەکان دەتوانن ئازادانە پەیڕەو و پیادەی رێتوالی خۆیان بێ کێشە و پێشگرتن بکەن، وەکو ئازادی ئایین ڕێگایان دەدات و ئەو مافەیان پێدەدات. بەڵام ئەوە دیار نییە و مسۆگەر نییە  کە کەسانی سەربە کەمەئایینەکان بتوانن پراکتیزەی ئەو ئازادییەی کە پێیان ڕەوا بینراوە، بکەن. ئەگەری ئەوە هەیە ئەوان کۆسپیان بۆ دروست بکرێت و پێشیان لە پەیڕەوکردنی بڕوا ئایینیەکەیاندا پێبگیرێت. ئەگەری ئەوە هەیە کەسانی سەربە ئایینی زۆرینەی زاڵ بەم کارە هەستن، ئەگەر حەز بەو بڕوا و ئایینە نەکەن. مەترسی ئەو دیاردەیە لەکۆمەڵگەی فرەئایین و کەلتور کە لەزۆر شوێنی ئێراقدا دەبینرێن، هەیە. بۆنمونە ئێستا کەوا نائاسایشی باڵی بەسەر هەندێ ناوچەی ئێراقدا کێشاوە، خەڵکی سەربە ئایینە بچوکەکان ڕاودەنرێن یا دەکوژرێن لەبەر وابەستەیی ئایینیان. لە ئەگەری نەمانی ئاژاوە لە وڵاتی ئێراقدا دەکرێ ئەو راونانە بەشێوەی دیکە درێژەی ببێت.

هەروەها دەکرێت مافی دایکوباوکان لە پەروەردە و فێرکردنی منداڵەکانیان بە بڕوا و ئایینی خۆیان بەرەوڕووی کێشە ببێتەوە، لەکاتێکدا ئایینێک بەسەر ئایینەکانی دیکەدا بەرزکراوەتەوە.

پێشخستنی ئایینێکی تایبەت دەکرێ ببێتەهۆی زیادەڕۆیی لە لێکدانەوە و تێگەیشتنی ئایینەکە. ئەوە دەکرێ وابکات بەکەم سەیری ئایین و بڕواکانیتر بکرێت و ئەوە تێکهەڵکێشی پەروەردەی منداڵ بکرێت. لەکاتێکدا گروپە ئایینیەکانی دیکە هەوڵی ئەوە دەدەن پەروەردەی منداڵەکانیان بەشێوەیەک بکەن،  کە بتوانێ تۆڵەی ئەو کەم سەیرکردنە و بێنرخکردنە بەشێوەیەک لە شێوەکان بکاتەوە. ئەوەش بەئەگەری زۆر پەروەردەکردنێکە کە بێبڕوایی و ناحەزی بەرامبەر بە ئایینی بەرزکراوە دەگرێتەخۆی.

بەکورتی دەتوانین بڵێین کەوا ئەرتیکلی 7 بڕگەی (ا)، ئایینی زۆرینە بەرزدەکاتەوە و پێشدەخات، ئەوەش دەکرێ ببێتەهۆی نابووتکردنی پرەنسیپی ئازادی ئایین بەتایبەتی و ئازادی بەگشتی. ئەو پێشخستن و بەرزکردنەوەیەی ئیسلام، پاڵ بە کەمەئایینەکان بۆ دواوە دەنێت و مافی یەکسانیان لێدەستێنێتەوە.  

ئیسلام و پرەنسیپی یەکسانی:

هەروەک پێشتر ئاماژەمان بۆکرد ئاودی جەخت لەسەر پێویستبوونی بێلایەنی ستات بەرامبەر بە ئایین و بڕوا جیاوازەکان دەکاتەوە. بەڵام ئەرتیکلی 7 (ا)، شتێکی تر دەڵێت. ستات بێلایەن نییە و پشتیگری ئیسلام دەکات و بەرزی دەکاتەوە وەک ئایینی زاڵ. لێرەدا ستات بەچاوی جودا سەیری ئایینەکانی وڵات دەکات و شوێنی تایبەت دەداتە ئایینی زۆرینە، لەکاتێکدا ئایینەکانی دیکە هەمان شوێن و ستاتوسیان نادرێتێ.

کە ئیسلام سەرچاوەیەکی یاسادانانە، واتە بەشێکە لەو سەرچاوانەی کەلەبەر دەستی دەزگای یاسادانان دایە. ئەوە بۆ ئایینەکانی دیکە وانییە و بەمجۆرە ئەوان هەمان هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا ناکرێت و بۆیان نییە سەرچاوەی یاسادانان بن.

ئاودی پێیوایە، بوونی پرەنسیپی ئازادی بەس نییە، بۆیە دەبێ شوێن بۆ پرەنسیپی یەکسانی بکرێتەوە. ئەو پرەنسیپەش دەبێ بنچینە لەسەر بێلایەنی بگرێت. میری نابێ خۆی تێکەڵی هەڵبژاردنی بڕوای ئایینی لەلایەن خەڵکەوە بکات. ئەگەر بەپێچەوانەوە بێت، خەڵک تووشی سەرلێشێوان دەبن و فشاریان لە لەخۆگرتنی ئایینی پێشخراوی ستاتەوە بۆ دێت. واتە ئەوە وادەکات ئەوان بەلای وەرگرتنی ئایینی بەرزکراوەی ستاتەوە بچن. ئەو بارە دەکرێت سەبارەت بە مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی شوێنێکی ئێراق ڕووبدات.

ئەرتیکلی 7 (ا)، پیشانی دەدات کە ئیسلام ئایینی پشتگیریکراوی میرییە. لەکاتێکدا ئیسلام ئایینی زۆرینەیە و تێکەڵی دەزگای یاسادانان کراوە، ئەگەری دەسەڵاتداری ئیسلامیستەکان زۆرە. ئەو کەسانەی کە ئیسلام نین یا هێندە گرنگی بە ئایین و بیروڕای ئیسلامی نادەن، دەکرێ ناچاری ئەوە بن کە خۆیان لەگەڵ ژینگەیەکدا بگونجێنن کە ئیسلام تێیدا زاڵە.

مەترسی سنورداریی سەبارەت بە وابەستەیی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە بەئایینەوە لەئارادایە، کاتێ ئایینێک لەسەر نرخی ئایینی دیکەی بچوک پێشدەخرێت. ئاودی پێیوایە، ئەو لاسەنگییە پێشێلکردنێکی ڕاستەوخۆی ئازادی مرۆڤەکان نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زیان بە دیموکراسی دەگەیەنێت. لەکۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا دەبێت بواری یەکسان بۆ پراکتیزەکردنی دەسەڵاتی ڕامیاری لەسەر بنچینەیەکی ڕەوادا هەبێت. لاوازکردن و زیان گەیاندن بەو بنچینە ڕەوایە، زیانگەیاندن و پێشێلکردنی ئازادی و ستانداردی یەکسانییە. ئەرتیکلی 7 (ا)، بنکۆری ئەو بنچینە ڕەوایە دەکات، بنچینەیەک کە تیایدا کەس بە ئازادی پراکتیزەی دەسەڵاتی ڕامیاری خۆی و تواناکانی بەیەکسانی لەگەڵ کەسەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا دەکات. واتە ئەو پێشخستنەی ئیسلام زیان بە دیموکراسیەت لە ئێراقدا دەگەیەنێت، کاتێ کەسەکانی کۆمەڵ بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ گوشاریان دەکەوێتەسەر بەشێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن، کە لەگەڵ ژینگە زاڵەکەدا گونجاوە. ئەوە بەهەمان شێوە دەتوانێ زیان بە ئازادی ئایین بگەیەنێ هەروەکو پێشتر لێیدواین.

ئاودی پێیوایە ئەگەر ستات ئایینێک پێشبخات و بەرزبکاتەوە ئەوا مەترسی ئەوە هەیە ئەو ئایینە پێشخراوە کاربکاتەسەر یاسا و بڕیارەکانی ستات. دیارە بەگوێرەی ئەرتیکلێ 7 (ا)، نەک هەر تەنها ئایینی ئیسلام بەرزکراوەتەوە، بەڵکو ئەو بەشێکی تێهەڵکێشکراوی دەزگای یاسادانانە. بەمجۆرە کاریگەری ڕاستەوخۆی ئیسلام لەسەر یاسادانادا چاوەڕوان دەکرێت، چونکە ئیسلام ڕێگای یاسایی دراوە.

ئیسلام و پرەنسیپی بێلایەنی:

ئاودی سەبارەت بەو پرەنسیپەش نزیکەی وەکو پرەنسیپی یەکسانی جەخت لەسەر گرنگی بێلایەنی ستات بەرامبەر بە ئایینە جیاوازەکانی کۆمەڵ دەکات.  لێرەدا بەتایبەتی جەخت لەسەر بێلایەنی ستات بەرامبەر گروپە ئایینی و نائایینیەکان وەکویەک دەکاتەوە. واتە چۆن ستات بەرامبەر بە ئایینە جیاوازەکان بێلایەنە، دەبێ ئەوهاش بەرامبەر بە گروپ و کەمینە نائایینیەکان هەڵسوکەوت بکات.  چۆن نابێت ئایینێک بەسەر ئایینەکانی دیکە زاڵ بکات، ئەوهاش نابێت ئایینێک یا گروپی سەربە ئایینێک بەسەر خەڵک یا گروپی نائایینیدا بەرزبکاتەوە. وەکو گوتمان ئەرتیکلی 7(ا)، ئیسلام پێشی ئایینەکانی دیکە دەخات و گرنگی تایبەتی پێدەدات، بەهەمان شێوە ئەو پێشخستنە وادەکات کەمینە و گروپە نائایینیەکان جوداکاریان لەگەڵدا بکرێت. ئەوەش شکاندنی پرەنسیپی بێلایەنیە. بۆنمونە بەرپرسان و ئیلیتە ئیسلامیستەکان کە پشتگیریەکی دیاریان لە ناو دانیشتوانی خواروو و ناوەڕاستدا هەیە، واپێدەچێت دەسەڵاتی دیاریان لەبوارەکانی یاسادانان و جێبەجێکردندا بکەوێتە دەست. هەرچی کەسانی نائایینی یا سەربە گروپی نائایینیە ئەو دەسەڵاتەیان نابێت و بۆ نالوێت. هەروەها ئەوە وادەکات بۆ ستات ئاسان نەبێت،  بێلایەنی بەرامبەر بە گروپە نائایینیەکان بنوێنێت. لەکاتێکدا ئیسلام و ئێلیتە ئیسلامیەکان ڕاستەوخۆ تێکەڵی دەزگاکانی ستات دەکرێن، ئەگەری دەسەڵات زۆری ئەو کەسە ئیسلامیستانە بەڕاشکاوی هەیە. بەمشێوەیە ئەوان دەتوانن ئەو دەسەڵاتەیان بۆ مەبەستی خۆیان بەکاربێنن، یا هەڕەشە لە دابەشکردنی دەسەڵات بەشێوەیەک لە شێوەکان بکەن.

ئاودی پێیوایە کاریگەری گروپێکی دیاریکراو دەکرێ ببێتەهۆی سنوردارکردنی ئازادی، بەمشێوەیە بواری پیادەکردنی ئازادی. دەکرێ زاڵی ئیسلامیستەکان ببێتەهۆی ئەو دیاردەیە، لەکاتێکدا ئەوان بەهێزن و هەڵوێستی ئایینی ڕۆڵی هەیە. هەروەها ئەوان دەتوانن دژی بیروبۆچوون و هەڵوێستی نائیسلامی بوەستنەوە، یا بەرەنگاری بیروهزری وای ناگونجاو لەگەڵ نۆرم و پرەنسیپەکانی ئیسلام ببنەوە. دیارە ئەوە بەگوێرەی ئەرتیکلی 7(ا) بەشێوەیەک لە شێوەکان بەیاسایی کراوە. بەمجۆرە کەسەکانی کۆمەڵگە ئارەزووی پیادەکردنی ئازادییان هێندە نامێنێ. ئەو مەترسیە گەورەترە ئەگەر هەڕەشە هەبێت یا نزیک بێت. دەکرێ ستات هەڵوێستی پاسیڤانە لەمبارەیەوە بنوێنێت، چونکە بەشێکی گرنگی دەسەلات لە ئیسلامیستەکان پێک دێت. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کەوا میری سستی لە دروستکردن و ڕێکخستنی میکانیزمەکانی ڕەخساندنی ئازادی بنوێنێت. واتە ئەو میکانیزمانە کە بۆ پراکتیزەکردنی ئازادی گرنگن، بوونیان وەکو پێویست نابێت. ئەو مەترسیانە هەمووی هەن لە ئەنجامی دەسەڵاتداریی ئیسلام و ئیسلامیستەکان لە ئێراقدا.

ئاودی پێیوایە هۆکاری تریش هەن کە پێویستی بوونی پرەنسیپی بێلایەنی دەکەن لەوانە: یەکەم: لەبارێکدا کە ئایینەکە هی زۆرینەیە، مەترسی ئەوە هەیە کاریگەری بکاتەسەر هەڵسوکەوت، بڕیار و یاسادانان. هەروەکو پێشتر ئاماژەمان بۆیکرد، ئیسلام ڕاستەوخۆ تێکەڵاوی یاسادانان کراوە. بۆیە ئەگەری زیانگەیاندن بە کەمەئایینەکان یا کەسانی ناموسوڵمان هەیە. بۆنمونە مەترسی هەیە کەوا کچێکی بەبێ لێچەک و چارشێو لە شوێنێکی زۆرینە ئیسلامیستدا (ئەوجا سەربە هەر ئایینێک بێت)، تووشی جوداکاری بۆنمونە لە خوێندگەدا ببێت، لەکاتێکدا جوداکاریەکە پشتگیریەکی یاساییانەی ئایینی یا ڕامیاری دەکرێ بەپێی یاسا و نۆرمی ئیسلام بۆ بکرێت. دووەم: بوونی مەترسی پۆلاریزەبوون، کە لە ئەنجامی ناتەبایی ئایینی سەبارەت بە یاسا و بڕیاری پەیوەستدار بە پرسیاری ئایینەوە دەکرێ بێتەدی. ئەوە لەکۆمەڵگەیەکی فرەکەلتور و ئایینی وەکو ئێراق ئەگەری ڕوودانی هەیە. بەئەگەری زۆر ئیسلامیستەکان کار بۆ جۆرە بڕیار و یاسایەک دەکەن کە لەگەڵ پرەنسیپە ئایینیەکانی ئەوان تەبا بێت، ئەوەش بەپێی ئەرتیکلێ 7 (ا) ڕێگەی پێدراوە. ئەوە دەبێتەهۆی پۆلارکردن، کاتێ هێزی سیکولار هەوڵی دیئیسلامیزەکردنی یاسا و بڕیارەکان دەدات. ئەوە زیاتر مەترسیدارە کاتێ کە گروپێک خۆی بێدەسەڵات ببینێت، کە دەکرێ وابکات ئەو گروپە هەڕەشە بە کشانەوە بکەن و ببێتەهۆی پارچەیی. سێیەم: مەترسی تێکەڵکردنی ئایین و ستات. وەکو گوترا ئەوە بەپێی ئەرتیکلی 7(ا) کراوە. بۆیەش ئەوە لە کۆمەڵگەی ئێراقدا بوونی هەیە. ئیسلام ڕێگای پێدراوە کاربکاتەسەر ئەو بڕیار و یاسایانەی کە لەگەڵ پرەنسیپە “گەردوونیەکانی” ئیسلامدا تەبانین. واتە نەک ئەگەری دەستێوەردان و کاریگەری ئایین هەیە، بەڵکو ئەوە لەئارادایە. بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت کە ئیسلامیستەکان کاریگەریان لەسەر بوارەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریدا تاڕادەیەکی دیار ببێت. ئەوەش کێشەیە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی.

لەکۆتاییدا دەکرێ جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کەوا ستات بەرامبەر بە گروپی ئایینی و نائایینی بێلایەن نییە، لەکاتێکدا ئیسلام لەڕاستیدا یاساییانە تێکەڵی کاروباری ستات کراوە.

ئیسلام و پرەنسیپی بێلایەنی کەنیسا (مزگەوت)

سەبارەت بە بێلایەنی کەنیسا/مزگەوت لەکاروباری ستات، ڕۆبەرت ئاودی پێیوایە، وەکو بنچینەیەکی گرنگی پاراستنی ئازادی ئایینی لە کۆمەڵگەیەکی لیبرالی دیموکراسیدا بوونی ئەو بێلایەنیەی کەنیسا پێویستە. لەو ڕوانگەیەوە کاندیدی ئایینی یا یاسا و بڕیاری وا کە پێشێلی ئەو بنچینەیە دەکەن نابێ پشتگیری بکرێن .

لە کۆمەڵگەی/کۆمەڵگەکانی ئێراقیدا کە تیایدا ئایینی ئیسلام زاڵە و کاریگەری هەیە، ڕێزگرتنی ئەو پڕەنسیپە ئاسان نییە و ڕەنگە نەتوانرێ بکرێت. ئەرتیکلی 7(ا)، ئیسلام بەسەر ئایینەکانی دیکەدا بەرزدەکاتەوە، هەروەکو ئەوە دەکرێ بە جوداکاری و بەرزکردنەوە و پێشخستن دابندرێت. مەترسی سنوردارکردنی ئازادی تاکەکانی کۆمەڵگە و گروپە نائیسلامەکان هەیە، لە کاتێکدا کاندیدی ئیسلامیستی دەسەڵاتدار هەن کەوا کار بۆ چەسپاندنی یاسا و بڕیاری وادەکەن کە کێشەئامێزن و لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا ناتەبان.

لەکۆمەڵگەیەکی دیموکراسیدا کە تیایدا ئایین و ئێلیتە ئایندارەکان واتایان بۆ خەڵک هەیە، دەکرێ بۆ سەرکردە ئایینیەکان سەخت بێت، کە تەنها لە ڕوانگەیەکی ڕووتی ئایینیەوە هەڵسوکەوت بکەن. واتە دەکرێ ئەوە ڕووبدات، کەوا ئەوان خۆیان پێ نەگیرێت و تێکەڵی بواری گشتی و ڕامیاری بەشێوەیەک ببن، کە زیان بە پرەنسیپی بنچینەیی ئازادی (کە کۆمەڵگە بنچینەی لەسەرگرتووە) بگەیەنێت . دەکرێ لە ئێراقدا ئەوە ڕوبدات. ئەگەری لاڕێبوونی یا لادانی سەرکردە ئیسلامیەکان زۆرە، لەکاتێکدا کە ئیسلام یاساییانە تێکەڵی بوارەکانی ستات کراوە.

هەروەکو ئاودی دەڵێ، “سەرکردە ئایینیەکان مافی پشتگیری خەباتی ئازادیان لە سەردەمی زۆرداریدا هەیە”. زۆر لە سەرکردە ئیسلامیە ئێراقیەکان پشتگیری خەباتی دژی سەدامیان کردووە. ئێستا ڕژێمی سەدام نەماوە و زۆر لە سەرکردە ئیسلامیەکانی، کە دژی سەدام بوون، کاریگەری ڕامیاریی دیاریان هەیە. کێشەکە ئەوەیە، دەکرێ ئەوان پێیان وانەبێ کە دەبێ خۆیان لە پۆلیتیک دووربخەنەوە. لەڕاستیدا زۆریان هەوڵی دامەزراندنی رژێمێکی ڕامیاری وا دەدەن کە بنچینە لەسەر یاسا و نۆرمەکانی ئیسلام بگرێت. لە کاتێکدا ئەوان نەتوانن ئەوە بەدەست بهێنن، خەبات بۆ ئەوە دەکەن کە سیستەمی ڕامیاری ئێراق پێشێلی پرەنسیپەکان و نۆرمەکانی ئیسلام نەکات، وەکو ئەوەی لە یاساکاتیەکەدا هاتووە. ئیسلامیستەکان بەلایەنی کەم توانیویانە ئیسلام بکەنە یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسادانان. لەباری ئێستادا ئەوان دەتوانن کاریگەریان لەسەر بڕیار و یاسای ڕامیاری ڕاستەوخۆ هەبێت.

ڕۆبەرت ئاودی لەگەڵ لایەنگیری سەرکردە ئایینیەکانە لە خەباتی ئازادیدا، بەڵام زۆر سەختە بتوانرێ دوای ئازاد بوون، بێلایەن بکرێن و یا بتوانن لە پۆلیتیک دوور بکەونەوە. دەکرێ زۆرسەخت بێت بتوانی پێش بە کاریگەری ئەو سەرکردە ئیسلامیانەی ئێراق بۆ سەر پرەنسیپەکانی ئازادی و دیموکراسی بگریت، لەکاتێکدا ئەوان وەکو پاڵەوان و ڕزگارکەر سەیر دەکرێن. ئەوان پشتگیریەکی مۆرالانەی بەهێزیان لە ناو دانیشتواندا هەیە.

ئاودی چاوەڕوانە لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و لیبرالدا، ئەو سەرکردە ئایینیانە ڕاشیونال بن و تێگەیشتنیان بەرامبەر بە پرەنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی هەبێت. شایانی گوتنە هێشتا ئێراق گۆمەڵگەیەکی دیموکراسی و لیبرال نییە. ئێراق لە ژێر پڕۆسەی دیموکراتیزەکردن دایە و ڕەنگە ئاراستەیەکی گونجاو بگرێت. ئەمەریکا و هەوادارانی بانگاشەی پێشکەوتن لەمبارەیەوە دەکەن. یاساکاتیەکە، هەڵبژاردن و دامەزراندنی میری وەک بەڵگە دەهێننەوە. کێشەکە ئەوەیە دەکرێ زۆر سەخت بێت یا هەرگیز نەتوانرێ والە سەرکردە ئیسلامیەکان بکەیت بڕوا بە پرەنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی بەو شێوە گەردوونیەی کە هەیە بکەن. زۆر لە ئیلیتە ئیسلامیستەکان لێکدانەوە و تێگەیشتنی جودایان بۆ پرەنسیپەکانی ئازادی، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ هەیە .

 

ئەنجام

لەو لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵمدا تیشک بخەمە سەر بوونی یا نەبوونی پرەنسیپەکانی ئازادی، یەکسانی و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی، هەروها پرەنسیپەکانی ئازادی و یەکسانی ئایینی بەتایبەتی. هەروەها ڕۆڵی ئیسلام بەرامبەر بە ستات لە کۆمەڵگەی داهاتوو و چاوەڕوانکراوی ئێراقیدا.

بەپێی ئەو کورتە شیکارەی سەرەوە دەتوانین بڵێین: ئەرتیکلی 7 (ا)، ئاماژە بە خۆتێکەڵکردنی ڕاستەوخۆی ئیسلام لە یاسادانان و پەیوەندیەکانی ستاتدا دەکات. ئایینی ئیسلام شوێنی تایبەتی دراوەتێ و بەرزڕاگیراوە، ئەوە وادەکات کەوا پێگەیەکی بەهێزی هەبێت و وەکو ئایینێکی خاوەن دەسەڵات لە کۆمەڵگەدا خۆی بنوێنێت. ئایینەکانی دیکەی ئێراق ئەو شوێنەی ئیسلامیان نەدراوەتێ و ئەو مافانەیان پێ ڕەوا نەبینراوە کە بە ئیسلام دراوە. ئەو ئایینانە هەمان ئازادی و بواری ئایینی ئیسلامیان نییە. سەبارەت بە ئایینە بچوکەکان، ئازادی ئایین بۆ ئاستی تاک نزمکراوەتەوە و بچوک کراوەتەوە. ئەوە بۆ ئیسلام وانییە و وەکو ئایینی گروپێکی دەسەڵاتداری زۆرینە سەیری کراوە. بەوجۆرە کەسە موسڵمانەکان وەکو تاک هەموو مافێکی ئایینیان هەیە و لەهەمان کاتیشدا ئایینی ئیسلام وەکو ئایینی گروپێک شوێنی زاڵی پێدراوە. سەیرکردنی ئازادی ئایینی لە ڕوانگەی ئازادی تاکەوە و بچوکردنەوەی بۆ ئاستی کەس، دەکرا کێشەی نەبێ ئەگەر هەموو ئایینەکان بەو چاوە سەیریان بکرابایە، بەڵام کە بارەکە وانییە، ئەوە دەکرێ ببێتەهۆی ئەوەی ئەو ئایینە بچوکانە کێشەیان بۆ دروست ببێت، چونکە دیارنییە ئەوان وەکو کەمینە و گروپ چۆن لە دەستدرێژی پارێزگاری دەکرێن.

ئازادی ئایینی کەس لە مەترسیدایە، لە کاتێکدا ئایینی زاڵ کاریگەری زۆری هەیە، ئەوە وادەکات کەوا بواری ئازادی کەسەکان لە هەڵبژاردنی ئایین سنوردار دەکات و لە خراپترین باردا پێشگریان دەبێت.  بوونی کاریگەری دیاری ئیسلام لە ستاتدا دەکرێ بۆ موسڵمانان ببێتەهۆی مێشک شوشتنەوە و زیادەڕۆیی و پێداهەڵدان، لەهەمان کاتدا ببێتەهۆی دوورخستنەوەی ناموسڵمانان و ناچارکردنیان بە کاردانەوە و ڕق پەیداکردن بەرامبەر بە دەسەڵات و ئایینە زاڵەکە.

ئایینی ئیسلام و ئایینەکانی دیکە یەکسان نیین و بەیەکسانی سەیریان ناکرێت، بۆیە دەسەڵاتی میری لایەنگرە و لایەنگرانە سەیری ئایینەکانی ئێراق دەکات. ئیسلام سەرچاوەیەکی یاسادانانە، بەڵام ئایینەکانی دیکە ئەو مافەیان نییە. میری ئێراق ئیسلام پێشدەخات و بەسەر ئاینەکانی دیکەدا بەرزی دەکاتەوە. ئەوەش بەئەگەری زۆر دەبێتەهۆی پێدانی شوێنی بەدەسەڵات بە سەرکردە ئیسلامیەکان لە کۆمەڵگەدا، ئەوەش دەکرێ زیان بەئازادی گروپەکانی دیکەی کۆمەڵ، ئایینی و نائایینی بگەیەنێت. چونکە سەرکردە ئیسلامەکان لەو بارەدا دەسەڵاتیان هەیە و دەکرێ بتوانن دژی هەر هەڵوێست، بڕیار و یاسایەک بوەستن کە ئیسلامی نەبێت. بەهەمان شێوە دەکرێ ستات بکەوێتە ژێر کاریگەری زاڵبوونی ئیسلامیستەکان. بەوشێوەیە ستات پاسیڤ دەبێت سەبارەت بە ڕەخساندنی هەڵومەرجی گونجاو بۆ کەسەکانی کۆمەڵگە لە پەیڕەو و پیادەکردنی ئازادی و بڕوای دیکە. واتە ستات لە زۆر باردا نایەوێ خۆی تووشی کێشەی ئیسلامیستە خاوەن دەسەڵاتەکان بکات، یا بەمەبەست خۆی دەپارێزێت لە دروستکردنی ئەو پێداویستیانەی بۆ پیادەکردنی ئازادی بیروباوەڕی ئایینی و نائایینی پێویستن.

بەدەسەڵاتی ئیسلامیستەکان و واتایان لە بوارەکانی بەڕێوەبردن و یاساداناندا، دەکرێ ببێتەهۆی پۆلارکردنی کۆمەڵگە لە نێوان هەوادارانی ئیسلام و ئەوانەی دیکە کە حەز بە ئیسلامیزەکردن ناکەن.

لە ستاتی ئێراقدا بێلایەنی مزگەوت بوونی نییە، چونکە ئیسلام و ئیسلامیستەکان یاساییانە تێکەڵی پەیوەندی و بوارەکانی ستات کراون. ئەوەش بەئەگەری زۆر دەبێتەهۆی کارتێکردنی ئەوان لەسەر بڕیاری ڕامیاری گرنگ و چارەنوسساز بۆ خەڵک.

سەبارەت بە تیئۆریەکەی ڕۆبەرت ئاودی: تیۆریەکەی ئاودی سودبەخشە بۆ هەڵسەنگاندن و ڕوونکردنەوە و تاوتوێکردنی ڕۆڵی ئایین لە ستاتدا، بەتایبەتی سەبارەت بە چەمکەکانی ئازادی و یەکسانی، هەروەها تێکەڵیی و پەیوەندی ئایین پێیانەوە. توانرا لەو ڕوانگەیەوە سەیرێکی ڕۆڵی ئیسلام لە کۆمەڵگەی داهاتووی ئێراقدا بکرێت (بەپێ یاسا کاتیەکە). بەڵام سەبارەت بە تیۆریەکە چەند تێبینیەک هەیە و پێویستە ئاماژەیان پێ بکرێت، لەوانە، یەکەم: تیۆریەکە زیاتر بۆ کۆمەڵگەی دیموکراسی پێشکەوتوو و سەرکەوتوو داڕشتراوە. کۆمەڵگەی ئێراقی هەرگیز دیموکراسی نەبووە و ئێستاش وانییە. دووەم: ڕۆبەرت ئاودی چاوەڕوانە کەوا سەرکردە ئایینیەکان ڕاشیونالانە هەڵسوکەوت بکەن و ڕاشیونال بن، هەروەها لە پرەنسیپە دیموکراسیەکان بگەن. ئەوە سەبارەت بە سەرکردە ئایینیەکانی ئێراق وانییە. ئاشکرایە زۆر لە سەرکردە دەسەڵاتدارە ئیسلامیەکان دژی پرەنسیپە دیموکراسیەکانن و بە دڕدۆنگی سەیریان دەکەن.

وەکو سەرەتا گوترا ئەو تێڕوانینە لە ڕوانگەی گۆشەنیگایەکی سیکولاری لیبرالانەیە، ئەو تێڕوانینە بڕوای بە ئازادی و یەکسانی ئایینەکانی کۆمەڵگە هەیە. ئەوەش ئەوەیە کە بنیاتنەرانی ئێراق بانگاشەی بۆ دەکەن. بەڵام ئەوەی مۆرکراوە شتێکی دیکەیە و ئاماژە بەپێچەوانەی ئەوە دەکات. بەمشێوەیە دەکرێ بگوترێت کەوا لە ستاتی ئێراقدا، ئازادی و یەکسانی ئایینی، هەروەها ئازادی و یەکسانی کەس بوونیان بەئەگەری زۆر نابێت، بە بێ بوونی سیستەمێکی سیکولار کە تیایدا ئایین و ستات لەیەکتر جودا دەکاتەوە، کە تیایدا ستات بێلایەنانە سەیری ئایینەکان دەکات. ئەوەی لەیاسا کاتیەکەدا هاتووە ئەوە نییە، بۆیە ناتوانێ ئازادی و یەکسانی ئایینی مسۆگەر بکات یا بەدەست بێنێت.

شاخەوان شۆڕش

2002.7.2

 

سەرچاوەکان

لەهەڵبژاردنەکەی 30 ژانیوەریدا رێکخراوە ئیسلامیەکانی کوردستان دەوروبەری لەسەدا 10ی دەنگەکانیان هێنا. هەروەها لە ڕاپرسیەکدا کە رۆژنامەی ئەمڕۆ لە مانگی مارسی 2005دا سازیکردبوو سەدا 28ی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی پشتگیری سیستەمێکی ئیسلامی دەکەن.

  Robert Audi، Religious Commitment and Secular Reason (Cambridge: Cambridge University Press، 2000)

  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە 3.

  ئایینی خوایی: لە ئایینێکدا خوایەک یا چەند خوایەک دەپەرسترێن. ئایینی بێخوایی کاتێ لەئایینێکدا خوای تێدا نییە و هیچ خوایەک ناپەرسترێن.

 هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە 35.

  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە 32.

 هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە 34.

  هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە 36.

 هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە 38-39.

 42-43. هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەرە

  Will Kymlicka 2003، Multicultural Citizenship، Oxford، pp 34.

 ئاودی: لاپەرە 42.

  هەمان سەرچاوە و لاپەڕە.

  Simonsen، Jørgen Bæk، 2001: Det retfærdige samfund، om Islam، muslimer og etik، samleren 2001.